ژنان دەتوانن ببنە سەرکردە

رێژنە ئەبوبەکر
  2019-03-08     1131
‎لەبارەی ژنی سەركردەوە
‎لەم رۆژەدا "هەشتی مارس" كە بە رۆژی ژنان دیاریكراوە و ناسێنراوە، دەمەوێت لەسەر پرسی بەسەركردەبونی ژنان بدوێم و پێموایە نابێت چوارچێوەی قسەكانمان تەنیا لەبارەی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان و داواكاری بێت بۆ پێدانی دەرفەتی زیاتر بەژنان، ژنان دەبێت هەنگاوبنێن و پەرە بەخۆیان بدەن و بونی خۆیان بسەلمێنن.

كاتێک ژنان باوەڕیان بەخۆیان و ئامانجەكانیان بو ئەوا نابێت وەڵامی ئەو تۆمەتانە بدەنەوە كە لەدواوەیان دەكرێت و دەبێت بەئیرادەوە بۆگەیشتن بەپێگەی شایستەی خۆیان هەنگاوبنێن.

‎لە كۆمەڵگەی ئێمەدا باسكردن لە سەركردە بە زۆری لەبواری سیاسییدا چڕكراوەتەوە بەتایبەتی لە پیاوانی سیاسیی، لەكاتێكدا دەشێت سەركردە لەبواری جۆراوجۆری ئابوری و كۆمەڵایەتیی و پەروەردە و ئیدارییدا...هتد بون و رۆڵی هەبێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی سەركردایەتیی كردنی كۆمەڵ بەشێوەیەكی گشتیی مۆركی پیاوانەی لێدراوە و هەركات باس لەپرسی بەسەركردە بونی ژن دەكرێت چەندین سەرنج و گفتوگۆی لێدەكەوێتەوە، زۆرجاریش دوچاری بەرهەڵستی وبەرەنگاریی دەبینەوە، هۆکارێکی گرنگ بونی کولتور و ژینگە سۆسیۆلۆژییەکەیە کە ژن قبوڵناکات، بۆیە پرسی بەسەركردەبونی ژن پرسێكە پێویستی بەهۆشیارییەكی قوڵ وئامادەگییەكی تەواو هەیە لەلایەن ژنانەوە. پرسی بەسەركردە بون بریتییە لە باوەڕبەخۆبون و سوربون و باوەڕهێنانی كۆمەڵگا بەوەی كە ژنانیش هاوشانی پیاوان دەتوانن ببنەسەركردە وپێشڕەو لەكۆمەڵگەدا.

‎دەتوانین بڵێین سەركردایەتی هونەرێكە كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت كاریگەری بخرێتە سەر تاك و کۆمەڵگا بۆ بەڕێوەبردنیان، بەڵام بێگومان سیفەتی بە سەركردەبونیش لەخۆیەوە یاخود لەهیچەوە نایەت، بەڵكو دەبێت خەسڵەت گەل و توانا و لێهاتویەك لەمرۆڤدا هەبێ لەڕوی بیر و ئەداو كارو كردەوە، كە ئەمەش لەوانی تری جیابكاتەوە. هەمو مرۆڤێك ناتوانێ ببێتە سەركردە بەڵام هەموسەركردەكان لەبوارەجیاجیاكاندا لەكۆتایدا مرۆڤن.

‎لەكۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا بەربەست و لەمپەر هەن لەبەردەم ژنان بۆگەیشتن بە ناوەندە باڵاكانی بڕیاردان و بەسەركردەبونیان، ئەم پرسەش بەسانایی قبوڵ ناكرێت، ئەمەش پەیوەندی بەئەقڵیەتی كۆمەڵگە و دەسەڵاتدار و سیاسییەكانەوەیە، كەتائەم ساتەش زۆربەی زۆری جومگەكانی بەڕێوەبردن و حوكمداری لەكوردستان لەلایەن پیاوانەوە قۆرخكراون. باوەڕێكی پتەو لەنێو پارتەكانی كوردستان و كۆمەڵگەدا بەبونی ژنان نییە لەو پێگەیەدا، ئەمەش بەپێچەوانەی سیستەمە دیموكراسیی و شارستانییەكان كە تەنیا تواناو لێهاتوی مرۆڤەكان دەبنە پێوەر بۆهەڵبژاردنی كەسەكان بۆ جومگەكانی حوكمڕانی نەك رەگەزەكەی، بەڵام لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا دەتوانین بڵێین لەماوەی ئەم چەندساڵەی دوایدا گۆڕانكاریەك لەكۆمەڵگەی كوردییدا رویداوە و بەهۆیەوە رۆژ بەڕۆژ ژنان لە سەرجەم  بوارەجیاوازەكانی ژیان جێ پەنجەی خۆیان دەنەخشێنن، بەشدارن لەبەڕێوەبردنی كۆمەڵگەکەیان.

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین ئەوەیە كە دەبێت ژنان بەردەوام و جەسورانە بەئیرادەیەكی پۆڵایین و سەربەخۆوە روبەڕوی لەمپەر و ئاڵنگاڕییەكان ببنەوە و وزە و تواناكانیان بۆ ئاقاری بەدیهێنانی ئامانجەكانیان و بەڕێوەبردنی جومگەکانی كۆمەڵگە ئاڕاستە بكەن.

دەبینین سەرۆکی وڵاتانی ئەڵمانیا و بەڕیتانیا ژنن، ئەمدو دەوڵەتەش دو لەدەوڵەتە زلهێزەکانی دونیان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×