پاشه‌كه‌وت... ئه‌و ئه‌ولیایه‌ی كه‌ كچه‌كه‌ی له‌چاڵی سه‌نعاندا سه‌گ خواردی!

سوپا سه‌لام
  2019-03-10     284
دوای راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌لابردنی ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ ناویان لێنابوو (پاشه‌كه‌وت) له‌8/3/2019، به‌شێكی زۆری رۆژنامه‌نوسان و چاودێران كه‌وتنه‌ هه‌مان هه‌ڵه‌ی زانستی كاربه‌ده‌ستان له‌ به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی (پاشه‌كه‌وت) بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه‌ نزیكه‌ی (3 ساڵه‌) به‌رۆكی مووچه‌ خۆرانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی گرتووه‌، له‌كاتێكدا پاشه‌كه‌وت(Saving) به‌كورترین ده‌ربڕین گوزارشته‌ له‌ ده‌ست هه‌ڵگرتنی كاتی له‌خه‌رجكردنی  به‌شێك له‌ده‌سهاتی ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی ئاره‌زومه‌ندانه‌و به‌گه‌ڕخستنی له‌ئاینده‌دا،جا بۆ به‌كارهێنان بێت (consumption) یاخود بۆ بواری وه‌به‌رهێنان (Investment).

كه‌واته‌ لێره‌وه‌ به‌روونی دوو پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی پاشه‌كه‌وت به‌دی ده‌كرێت كه‌ بریتین له‌:
1- پرۆسه‌یه‌كی كاتیه‌
2- ئاره‌زوو مه‌ندانه‌یه‌ و تاك سه‌رپشكه‌
هه‌روه‌ها تاكی به‌كارهێنی ژیر(Rational consumer ) له‌ تیۆره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی زانستی ئابووریه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌ كه‌ ده‌سهاتی خۆی دابه‌شده‌كات به‌سه‌ر (به‌كارهێنان + پاشه‌كه‌وت)

(Y = C + S ) به‌واتا هه‌ركات به‌كارهێن به‌ ده‌سهاته‌كه‌ی پێداویستیه‌كانی خۆی له‌ به‌كارهێنان پڕكرده‌وه‌،پاشان ده‌ست ده‌كات به‌ پرۆسه‌ی پاشه‌كه‌وت كردن له‌سه‌ر ئه‌و دوو بناغه‌ سه‌ره‌كیه‌ی كه‌ باسكران،به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ هه‌رێم گوزه‌را به‌كارهێن نه‌ك پێدایستیه‌كانی دابین نه‌ده‌بوو به‌ ده‌سهاته‌كه‌ی به‌ڵكو په‌نای بۆ چه‌ندان سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی وه‌ك (قه‌رز، هاوكاری ،فرۆشتنی كاڵاكانی ...هتد) ده‌برد هه‌تا پێداویستیه‌كانی رۆژانه‌ی پڕ بكاته‌وه‌ له‌ كوێ ئه‌م (پاشه‌كه‌وت)ه‌ی بۆ ده‌سته‌به‌ر بووه‌؟

ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوو هیچ وشه‌یه‌ك به‌ هێنده‌ی (پاشه‌كه‌وت) ئه‌تك نه‌كراوه‌،كه‌ به‌بۆچوونی ئێمه‌ به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و فه‌زا نازانستیه‌ی كه‌ كۆی جومگه‌كانی كارگێڕی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌حكومه‌ به‌ جه‌هل و وتنه‌وه‌ی چه‌مكه‌كان توتی ئاسا،چونكه‌ هه‌نووكه‌ له‌كۆی ئه‌و سوپایه‌ له‌ وه‌زیر و په‌ڕله‌مانتار و بریكار و راوێژكار و...هتد به‌ ئه‌ندازه‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ستێك پسپۆڕی ئابووری به‌دی ناكرێت،سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی میدیاكانیشدا غیابێكی ته‌واوی كادری ئابووری هه‌یه‌،  به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ به‌كارهێنانی ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ بۆ به‌لاڕێدا بردنی ئه‌سڵی بابه‌ته‌كه‌،به‌ ئامانجی ئه‌وه‌ی كه‌ پرۆسه‌كه‌ (پاشه‌كه‌وت) جۆرێك له‌ سه‌ربه‌ستی و ده‌ستهه‌ڵگرتنی كاتی پێوه‌دیاره‌ و رۆژێك دادێ كه‌ ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ ده‌توانن بیخه‌نه‌وه‌ گه‌ڕ،كه‌ ئه‌م به‌شه‌یان زیاتر له‌لایه‌ن به‌رپرسانی كابینه‌ی هه‌شته‌مه‌وه‌ ره‌نگه‌ لێزانانه‌ به‌و ئامانجه‌ كاری له‌سه‌ر كرابێت.

هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ به‌ (جهل) یاخود (قصد) زاراوه‌ی پاشه‌كه‌وت بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ كه‌ خراوه‌ته‌گه‌ڕ له‌ ته‌رازووی زانستی ئابووری دا سه‌نگی خۆی نیه‌.ده‌كرێت له‌ بری به‌كارهێنانی (پاشه‌كه‌وت) چه‌مكی (قه‌رزی زۆره‌ ملێی بێ به‌روبوو) به‌كارببرێ كه‌ به‌ هێڵێكی جاڵجاڵكه‌ له‌ باج (Tax) جودا ده‌كرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باج (Tax) هاوشێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ی حكومه‌ت بریتیه‌ له‌ بڕینی به‌شێك له‌ ده‌ستهاتی تاك به‌ شێوه‌ی زۆره‌ ملێ له‌ به‌رامبه‌ر هیچ كاڵا و خزمه‌تگوزاریه‌كدا،ئه‌و هێڵه‌ باریكه‌ش كه‌ باج له‌ هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌ت جودا ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌(باج)دا چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌ ده‌سهاته‌ له‌ ئاینده‌دا ناكرێت،به‌ڵام له‌سه‌ر زاری به‌پرسانی كابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌تا ئێستا به‌ فه‌رمی دانیان نه‌ناوه‌ به‌وه‌ی كه‌ مووچه‌ خۆران چاوه‌ڕیی به‌شه‌ ده‌سهاتی لێبڕاوی ساڵانی رابردوویان نه‌كه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌شێك له‌ په‌ڕله‌مانتاران و كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ بێئاگا له‌وه‌ی كه‌ لابردنی ئه‌و بڕیاره‌ له‌سه‌ر مووچه‌خۆران ده‌ستخۆشانه‌ی ناوێ هه‌تا شه‌ڕ له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی ئه‌م هه‌نگاوه‌ بكه‌ن،چونكه‌ پرسه‌كه‌ و چه‌مكه‌كه‌ هه‌ر دووكیان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ نازانستی به‌كار براون،هاوكات له‌ زانستی ئابووریدا ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌یان هه‌یه‌ هه‌ر ئه‌وانیش هۆكاری بڕینی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌سهات بوون له‌ ماوه‌ی رابردوودا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی مالی (Financial Authority ) هه‌تا ئێستا له‌لای ئه‌وانه‌،بۆیه‌ ناكرێت وه‌ك كابرای ریاباز كۆی بابه‌ته‌كه‌ لنگه‌وقوچ بكه‌ن و پێوه‌ره‌ زانستیه‌كان له‌به‌ر چاو نه‌گرن ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڵێن شتێك له‌ هه‌گبه‌یاندایه‌.

ده‌گێڕنه‌وه‌ كابرایه‌ك ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی ده‌رخا كه‌ گوایه‌ له‌ دین شاره‌زایه‌، چووه‌ وتاری مه‌لای گوند و وتی: مامۆستا ئه‌وه‌ كام ئه‌ولیابوو كچه‌كه‌ی له‌ چاڵی سه‌نعاندا سه‌گ خواردی،مه‌لاش وتی چیت بۆ راستبكه‌مه‌وه‌؟ ئه‌ولیا نه‌بوو ئه‌نبیا بوو،كچ نه‌بوو كوڕ بوو، چاڵ نه‌بوو بیر بوو، سه‌نعان نه‌بوو كه‌نعان بوو، سه‌گ نه‌بوو گورگ بوو، نه‌شی خوارد ئه‌وه‌ حه‌زره‌تی یوسفی كوڕی یه‌عقوب بوو.

سـوپا سـلام (ماجستێر له‌ زانستی ئابووری)
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×