نەوەی نوێ؟

د.هەژار مه‌عروف
  2019-03-16     792

شتەکان‌و دیاردەکان، تاک‌و کۆمەڵ  هیچیان وەک خۆیان نامێننەوەو بەردەوام لەگۆڕاندان٫ بۆیە دروستبونی (نەوەی نوێ) لای من ڕوداوێکی سەیر نەبو بەتایبەتی لەبەر دو هۆ:

۱ ۰ دروستکەرەکەی فرەملیۆنداری سەردەمێکە کە حیزبایەتیکردن تێیدا بەهەبونی پارەیە نەک بەهەبونی دڵسۆزی بۆ خەڵک‌و خاک ٫ نەک بەهەبونی پاکی و ڕەوشتبەرزی و هاوسەنگیی دەرونی وعەقڵی و ڕۆشنبیریی قوڵ و فراوان. کە پارەی زۆرت هەبو بەئاسانی ڕاگەیاندن بەدەست دێنی و بۆ سودی خۆت بەکاری دێنی وچیت ویست بەڕادیۆو تەلەفیزۆن و سایتی ئەلیکترۆنی بڵاوی دەکەیتەوە.   

بەپارە هەرزەکارو گەنجی توڕەو بێئەزمونی زۆرو زەوەندی بێکارو ئایندە نادیارت بەبەڵێنە زێڕینەکان بۆ دەخەڵەتێ، بەپارە کەسانێکت دەسدەکەوێ لەسیاسی و میدیاکار، لەڕۆژنامەنوس‌و ڕۆشنبیر٫ لەپارێزەر وهونەرمەند....  پێکەوە سوپایەک پێکدێنن کە لەژێر پاساوو بەهانەی فیکری‌و فەلسەفی، بەپارە دەبنە هاوڕێ‌و کارمەندو پاککەرەوەو ئارایشکەری ناشیرینی‌و خراپی‌و هەڵەو دەسدرێژی‌و کەتن‌و بگرە تاوانەکانت، مانگی دەستکردو نوێترین دەسگاکانی ڕاگەیاندن دەکەیتە کۆیلەی خۆت‌و بەهەق‌و ناهەق دژەکانتی پێ دەکوتیت.

٢. بەهۆی هەڵەی کوشندەی ڕیفراندۆم نەوەی نوێ توانی بەدروشمی (نەخێر لەئێستادا) ڕیفراندۆم بەکاربێنێ بۆ خۆڕاگەیاندن‌و خۆناساندن لەناو خەڵکدا. بێگومان (نەخێر لەئێستادا) داهێنانی بلیمەتانەی بەهرەمەندان و عەبقەریەکانی نەوەی نوێ نەبو چونکە تەنانەت ئەوانەشی کە دەنگیان بەبەڵێ دا بەعەقڵ و شیکردنەوەی عەقڵانی نەبو بەڵکو بە هەڵچونێکی هەست و سۆز و عاتیفیانە بو و دەیشیانزانی کە هەڵەیە بەڵام بەخۆیان دەوت چۆن دەکرێت دەنگ نەدەیت بە سەربەخۆیی وڵاتەکەت.

شکستە بەردەوام وگەورەکانی پارتی‌و یەکێتی لەبەڕیوەبردنی هەرێم خۆبەخۆ ڕەوایەتیی ئەوە نادات بەنەوەی نوێ کە خۆی بەڕزگارکەری ئەم گەلەو جێگرەوەی پارتی‌و یەکێتی بزانێ. 

دەسپێک‌و ڕەوتی نەوەی نوێ  تا ئێستا زۆر ڕیزپەڕو مەغرورو پەلامەردەرو هارو چەموشانە بوە، لەڕوی سیاسی و بیروباوەڕە وە بەردەوامە لەو هەڵە گەورەو بنەڕەتییەی کە بەیەکچاو سەیری هەمو حیزبەکانی کوردوستان دەکات. 

کەناڵی NRT کە شاسوار عەبدولواحید ئاراستەی دەکات لەگەڵ هەبونی لایەنی باش و دروستکەر بەڵام بەگشتی توندوتیژو هوروژێنەرو پڕلەکێشە بوە. 

لەسەر ئەم ڕەخنانەم  نمونەی (سەرکەوت شەمسەدین) ی ئەندام پەرلەمانی عێراقی نەوەی نوێ دێنمەوە کە لەسایتی (ئاوێنە)ی ڕۆژی ٢٦ ی ٢ ی ٢٠١٩  لە(دو بژاردەو سێیەم بونی نییە) دەڵێت:
"پێتان وانەبێت لەم رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەو لەم مەملەکەتە پر لە بازاری رەشی چەک و مرۆڤی مێرسنەری شتێکی ھێندە زەحمەت بێت خەڵکانی تریش وەک ئێوە ژمارەیەک مێرسنەرییان ھەبێت و بە زەبری ھێز خۆیان بسەپێنن"، دواتر دەنوسێت " وەرنەوە ھۆش خۆتان، ئێمە کە دەڵێین لوتکەی دەسەڵات وەردەگرین یانی وەریدەگرین، ئیتر ئەوە ئێوەن بریاردەدەن بەکام رێگە تەسلیمی دەکەن". 

مێرسینەری وشەیەکی ئینگلیزییە بە واتای چەکداری بەکرێگیراو (جاش) دێت. دیارە سەرکەوت ڕوی لە پارتی و یەکێتیە و هەڕەشەیان لێدەکات کە ئەگەر ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن نەگرن ئەوا نەوەی نوێ یا خەڵکی تریش دەتوانن بە پارە جاش بگرن و بە شەڕ دەسەڵات لە پارتی و یەکێتی بسەنن، لێرەدا سەرکەوت بێبەزییانە و ناڕەوا پێشمەرگەکانی پارتی و یەکێتی بە چەکداری بەکرێگیراو دەزانێ بەڵام  وشەی مێرسینەرییان بۆ  بەکاردێنێ کە زۆربەی خوێنەران واتاکەی نازانن و وایزانیوە بەسەر هەمو خوێنەراندا تێدەپەڕێ! 

 خوێنەری بەڕیز سەیری ئەم فیشاڵبازی و خۆبەزلزانیە (grandiosity) بکە، سەیری ئەم نوێخوازیە عەجایباتیە بکە، سەیری ئەم داماوی و بیرکۆڵیە بکە لە سیاسەت و لەمیژوو لەجوگرافیاو لەکۆمەڵناسیدا، سەرکەوت کە لەنزیکترین یاوەرەکانی شاسواری سەرۆکی نەوەی نوێیە تازە دەمانگێڕێتەوە بۆ هەڕەشەی شەڕی براکوژی بەڵام ئەمجارەیان نەوی نوێ نەخشەداڕێژ و ئەندازیارەکەی بێت! 

ئاخر نەوەی نوێکەمان ئاوایە بۆیە هیشتا سەدان هەزار کەس بەقەناعەتەوە لەگەڵ کفندزەکانی پارتی و یەکێتی دان! 

گەلەکەمان تینوی سەرکردەگەلێکی وەک ئەوانەی هەدەپە بو: دەمیرتاش، بایدەمیر، گوڵتان کشاناک،..... ئێستا لەهەرێمەکەمان کێ دەیەوێ سەرکردایەتیمان بکات و ڕزگارمان بکات، بەداخەوە!
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×