دیسان یەكێتی خۆی بۆ ساغ نەكرایەوە

ئاری هەرسین
  2019-05-28     1846
لەم دە ساڵەی ڕابوردو موناقەشەیەكی زۆر لەسەر میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كراوە. هەندێك كەس پێیان وابو هەڵبژاردنی سەرۆك لە پارلەمانەوە بێت باشترە، چونكە ئەو میكانیزمە ڕێگە بە پارلەمان دەدات چاودێری دام و دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم بكات. ئێمەش دەمانگوت با هەڵبژاردن لە ناو گەلەوە بكرێت، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم لەڕێی ڕێككەوتنی چەند حیزبێك لەدەرەوەی پارلەمان نەكرێت بۆ دەرچواندنی كاندیدێك كە لەوانەیە ببێتە هۆی زیان گەیاندنێكی گەورە. 

ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێم لە پارلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەبەر ئەوەی هێشتا خۆی لەسەر ڕێكەوتنەكەی لەگەڵ ئێمە ساغ نەبۆتەوە، لەو دانیشتنەی پارلاماندا بەشدار نەبوو. یەكێتی بەم هەڵس و كەوتەی پەیامێكی ڕوون و سادەی گەیاندە خەڵكی كوردستان و ئێمەی پارتیش. ئەو پەیامە ئەمەیە: ئێمەی یەكێتی ساغ نەبوینەتەوە كە ئایا ئێمە بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی (بەو دەسەڵاتانەوە كە قانون بۆی دیاریكردوە) ڕازین، یان نا؟ 

یەكێتی بۆ وایكرد؟

چونكە ئەگەر لە هۆڵی پارلەمان بمانایەتەوە، لە سێ بەربژێر زیادتریان نەبوو:

بەر بژێری یەكەم:  دەنگیان بۆ كاك نێچیرڤان بارزانیبێت. كە ئەمە ئەو ڕێكەوتنەیە كە لە نێوان ئێمەو یەكێتیدا كراوە. لەو حاڵەتەدا باسی فراكسیۆنێك دەكەین كە ساغ بوبێتەوە.

بەر بژێریا دووهەم:  ئەندام پارلەمانەكانی یەكێتی تەعبیر لە بۆچوونی كوتلەیەكی ناو یەكێتی بكەن كە سەر بەون. لەو حاڵەتەدا ئەوەندەی تر بێ سەرو بەرەیی و نەبوونی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتیدا دەچێتە ژێر پرسیارەوە. 

بەر بژێری سێهەم: نە دەنگ بە سەرۆكی هەرێم بدەن و، نە دژیشی دەنگ بدەن. ئەمەشیان مانای ئەوەیە لە ڕێكەوتنەكەیان لەگەڵ ئێمە لایان داوە.

یەكێتی ئەمڕۆ بەربژێری سێهەمی هەڵبژارد، ئیتر لە جیاتی ئەوەی لەناو هۆڵی كۆبونەوەی پارلەماندا ئەو هەڵوێستە وەرگرێت،  لەدەرەوەی ئەو هۆڵە كردی.


یەكێتی بەم هەڵوێستە، دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی لە چوارچێوەی جوگرافیایی (ئەمڕۆی) هەرێمی كوردستان خستە ژێر پرسیارەوە... ئینجا ئەگەر سنوری دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێم لە زاخۆ تا دێگەڵەبێت، ئەوا دیارە یەكێتی بەدیلی ئیدارەدانێكی جیاواز لە ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان بیر لێدەكاتەوە. بەڵام بۆ ئەوەش، پێویستە سەركردایەتی یەكێتی لەپێش ئەوەی لەگەڵ هەر لایەنێك بۆ داوستاند دابنیشێت، جارێ لەناو خۆیدا خۆی ساغ بكاتەوە، ئەگینا وە عد و پەیمانەكانیان لای لایەنەكان و لای خەڵكی كوردستانیش هیچ بەهایەكیان نامێنێت.

دواجار ئێمە لەمڕۆوە سەرۆكێكی نوێمان لە وڵاتەكەماندا هەیە بەناوی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی... لە هەمو خەڵكی كوردستان و لە سەرۆكیش زۆر پیرۆزە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×