دۆسێی دەستگیرکراوانی (نەوەی نوێ)، سیناریۆی سیاسیی ، یان کەیسێکی یاسایی؟!

نیاز سەعید عەلی
  2019-05-31     258
کەیسی دەستگیرکراوانی سەرۆک و دوو سکرتێری سەرۆک و ژمارەیەک لەکارمەندانی هەردوو ژووری فەرمیی و نافەرمیی پەیجەکانی بەشی سۆشیال میدیای جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) ؛ وەکو کەیسێکی ورووژاوی ناو میدیاو سۆشیال میدیا ، لەدادگای سلێمانی چووە هەفتەی شەشەمەوە .
ئەم کەیسە یەکێكە لەو کەیسانەی کە ڕەهەندی یاسایی و میدیایی و کۆمەڵایەتیی و ڕێکخراوەیی هەیە ، یەکەمجارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتی دادوەریی ڕووبەڕووی کەیسێکی وا فراوانی پەیوەندییدار بەخراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیی و تۆڕەکانی سۆشیال میدیا ببێتەوە ؛ کە لەلایەن ڕێکخراوێکی سیاسیی و لەباڵاترین ئاستی لێپرسراوێتیی  ڕێکخراوەکەوە ئەنجامدرابێت ، تیایدا چەندین تاوان و پێشێلی یاسایی ڕوویداوە ؛ چ لەناو خودی ڕێکخراوەکە ، چ پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی ڕێکخراوەکە ؛ بۆ بەئامانجکردنی کەسانی تر لەنەیارو ناکۆک و ڕەخنەگران لەڕێکخراوەکەو سەرۆکەکەی .
جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) ؛ بۆ بەرەنگاربوونەوەو بەدەمامککردن و  کپکردنەوەو گۆڕینی ناوەرۆک و ڕووخساری ئەم کەیسە ، لەدەسپێکی سەرهەڵدانی کەیسەکەوە ؛ کەوتوونەتە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی دیماگۆکیی فریودەر ،بۆ بەسیاسییکردنی کەیسەکەو کردنی بەکێشەی سیاسیی لەگەڵ (ی ن ک).
بۆ ئەم مەبەستە جووڵانەوەکەو سەرۆکەکەی ؛ لەناو ناوەندە سیاسییەکان و لەناو ڕای گشتیی و لەڕێگەی میدیاو تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە ؛ هەڵمەتێکی چڕی هێرشبەرانەیان خستۆتەگەڕو ئەیانەوێت ؛ ئەم کەیسە ، بەکەیسێکی سیاسیی بناسێنن ،نەک بەکەیسێکی یاسایی!!.


سەرۆک و پاشەکەوتکردنی پاساو!
سەرۆکی جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) ، لەمیتۆدو ڕێبازی کارکردنی خۆیدا ، بەتایبەتیی لەڕێگەی میدیای (NRT)و تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە ، بەبەردەوامیی و بەبێ بۆنەو بەپلان ؛ لێدوانی ورووژێنەرو توندو هەڕەشە ئامێز ، بۆ تووڕەکردن و بێزارکردن و هەراسانکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و پارت و سەرکردەی پارتە سیاسییە فەرمانڕەواکان بڵاوئەکاتەوە .
ئەم دەربڕینە ئاگرینییانەی سەرۆکی جووڵانەوەکە ، لەدژی پارت و سەرکردەکان ، بەهەمانشێوە لەگەڵیدا ئەو ئاراستەی کارکردنەی کە میدیاو سۆشیال میدیاکەی گرتوویەتەبەر ، بۆ هەراسانکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی و پارت و سەرکردە سیاسییەکان ؛ ئەتوانین بڵێین ڕەفتارێکی هەڕەمەکیی و کاردانەوەیەکی ڕێکەوت و هەڵچوونێکی هەڵەشەیی نییە ، بەڵکو ئەو دەربڕینە بەو زمانەی سەرۆکی جووڵانەوەکە ؛ لەلایەک ئامرازو میکانیزمەیەکە بۆ خۆ ڕۆشناییکردن و خۆ کردن بە پاڵەوان ، لەلایەکی تر بۆ دروستکردن و پاشەکەوتکردنی پاساوە ، بۆ هەر ئەگەرو گریمان و پێشهاتێکی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سیاسیی و فەرمانڕەوایی و دادوەریی ، بەتایبەتیی کە سەرۆکی جووڵانەوەکە ؛ هەمیشە کار لەسەر خوڵقاندنی کێشەو گرفت ئەکات ؛ بۆ ئامانجی قۆستنەوەی دەرهاویشتەو دەرەنجام و لێکەوتەکانی کێشەو گرفتە خوڵقێندراوەکان ، بەبەرژەوەندیی خۆی .
ئاراستەی کارکردنی شاسوار عەبدولواحید ، بەمیتۆدی سەرکێشیی و بەرەنگاربوونەوەی بێ باکانەو  زیادڕەوییکردن لەمتمانە بە خۆکردن و پیشاندانی  خەمساردیی و بێ هوودەیی ؛ لەبەرامبەر  هەر کۆسپ و لەمپەرێک ، یان هەر بەهاو یاسایەک ، یان هەر پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەیەک ؛ ئەگەر لەبواری بزنس ، یان لەبواری میدیاو سۆشیال میدیا ، یان لەبواری کاری سیاسییدا بێت ؛ شاسواری پێ ئەکەوێتە ناو کێڵگەیەکی پر لەمینی چێندراو ، ئەو بۆ ئەگەری تەقینەوەی هەر مینێک پیایدا ؛ هانا بۆ بەکارهێنان و خستنەگەڕی پاساوە پاشەکەوتکراوەکان ئەبات ، تاکو مینەکەی پێ پووچەڵ بکاتەوە ، یان بیکاتە هۆکاری تەقینەوەی مینەکە ، لەم سۆنگەیەوە ئەو بەپاساوێکی ئامادەی پێشوەخت ؛ هەوڵی گۆڕینی ناوەرۆک و ڕووخساری هەموو ئەو کێشەو گرفتانە ئەدات کە ڕووبەڕووی ئەبێتەوە .
لەسەر ئەم بنەمایە ؛ هەر مینێک پیایدا بتەقێتەوە ، ئەو بۆ شاردنەوەی هۆکاری تەقینەوەی مینەکە ؛ دەمامکێکی سیاسیی بەسەردا ئەکات ، لەکاتی تەقینەوەی هەر مینێک ؛ یەکسەر پاساوە پاشەکەوتکراوەکان ئەخاتەگەڕو ئەیانکاتە هۆکاری تەقینەوەی مینەکە ، پاساوە پاشەکەوتکراوەکانیش بریتیین لەلێدوانە هەراسانکەرو ئاگریینییە بێ پاڵنەرو  بێ بۆنەکانی ڕابردوو ، بەم شێوەیە سەرۆکی جووڵانەوەکە ؛ پاساوە پاشەکەوتکراوەکان ئەکات بەچوارچێوەی سیاسیی تەقینەوەی هەر مینێک پیایدا ، بەتایبەتیی مینەکانی دادگا !!
لەسەر ئەم بنەمایە ؛ سەرۆکی جووڵانەوەکە بۆ هەموو کەیسێک ، ئەگەر لەئێستا ، یان لەداهاتوودا ڕووبەڕووی ببێتەوە ، ئینجا ئەگەر پێشێلکاریی یاسایی بێت ، یان تاوانی جۆراوجۆر ؛ ئەو یەکسەر هانا بۆ پاساوە پاشەکەوتکراوەکان ئەبات و بەدەمامکێکی سیاسیی ؛ کێشە ڕاستەقینەکە ئەشارێتەوەو وەکو سیناریۆیەکی سیاسیی ، نەیارو ڕکابەر ؛ دژ بەخۆی و جووڵانەوەکەی ئەیناسێنێت ، یان گرێی ئەدات بەپەیام و بانگەشەو لێدوانەکانی ڕابردووی خۆی ، کە پاشەکەوتی کردوون ، بۆ ئەوەی ئەمڕۆو سبەی بیانکاتە پاساو ؛ بۆ هەموو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی یاسایی ، بەتایبەتیی کە خودی سەرۆکی جووڵانەوەکە ؛ بەهۆی ئەو کەیسانەی کە ڕووبەڕووی کراوەتەوە ، یان بەهۆی هەر کەیسێکی تر ؛ کە لەداهاتوودا ڕووبەڕووی بکرێتەوە ، بەردەوام پێویستی بەهانابردن بۆ پاساوی پاشەکەوتکراو هەیە !!.


پانۆرامای کەیسی دەستگیرکردنی
سەرۆک و هاوجووڵانەوەکانی !  

پرۆسەی دەستگیرکردنی سەرۆکی جووڵانەوەکەو دوو سکرتێرەکەی و ژمارەیەک لەکارمەندانی ژووری فەرمیی و نافەرمیی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) ؛ سەرەتاو پێشینەیەکی هەیە ، چەندین پەرەسەندن و ڕووداوو قۆناغی بەدوای یەکدا بڕیوەو بەیەکەوە گرێدراون و تەواوکەری یەکترین ، لەخوارەوە بەخاڵ ئاماژە بەپانۆرامای کەیسەکە ئەکەم ، لەڕەگوڕیشەوە بۆ   سەردەرهێنان و نەشونماکردن و قەدو باڵاکردن بەم شێوەیە :
١-لەهەنگاوی یەکەمدا؛ (ڕابوون مەعرووف)ی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) لەپەرلەمانی عێراق ؛ لەهەفتەی سێیەمی مانگی (٤)ی ڕابردوو ، لەدیدارێکی ڕاستەوخۆی کەناڵی تەلەفزیۆنی (پەیام)دا ؛ بەڕوونیی و بەناڕاستەوخۆ ، سەرۆکی جووڵانەوەی (نەوەی نوێ)ی بەخراپیی کردە ئامانج ؛ کاتێک کە ناوبراو باسی سەرهەڵدانی جۆرێکی تری تازەی شەپۆلی گەندەڵیی کرد لەعێراقداو لەو بارەیەوە وتی؛ (من هیچ حیزبێکی سیاسیی لێ بەدەرناکەم ، تەئکید ئەکەمەوە هیچ حیزبێک ، بۆ ئەوەی ببێتە بابەتی گفتوگۆ ، ئەویش ئەوەیە حیزبە گەندەڵەکان بزنسیان ئەکرد ، کۆمپانیایان دادەمەزراند ، لەڕێگەی کۆمپانیاکان و نفوزی حوکمڕانیی خۆیانەوە ؛ گەندەڵییان لەڕێگەی ئەم کۆمپانیایانەوە دەکرد ، ئێمە ڕەخنەمان هەبوو ............... پێمانوابوو کە ئەحزابی سیاسیی نابێ تەداخول بکەن لەبزنس .......بەڵام ئێستا شەپۆلی ئەخیری گەندەڵیی گەیشتۆتە دۆخێک ، دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە ، ئەو ها نییە ؛ حیزب کۆمپانیا دادەمەزرێنێت ، بەڵکو کۆمپانیا حیزب دادەمەزرێنێت ، واتە کۆمپانیاکان دێن دەزگای ئیعلامیی گەورە دادەمەزرێنن ، حیزبێکیش دادەمەزرێنن ، خەڵک دەنێرنە پەرلەمان ، کە ئەمە زاهیرەیەکی یەکجار ناوازەیە لەعەمەلەی گەندەڵیی لە دونیادا ، کە کۆمپانیاکان حیزب بۆ خۆیان دادەمەزرێنن ، وە ئەم پەرلەمانتارانە بەکاردەهێنن ، هەوڵ دەدەن بەکاریان بهێنن بۆ ئیبتیزازکردن و فشارخستنە سەر حکومەت ؛ بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانیان سازش بکەن و بەڕێگەی نایاسایی ، کۆنتراکتیان بدەنێ ، بەمەلایین دۆلار بەدەستبخەن ، وە میدیاکانیشیان بەکاربهێنن بۆ ئیبتیزازکردنی حکومەت و وەزیری پەیوەندییدار ؛ بۆ ئەوەی کۆنتراکت و عەقدیان بدەنێ بەڕێگەی نایاسایی) ، ئەم قسانەی ئەو ئەندام پەرلەمانە ، کە هیچ پارت و ڕێکخراوێکی سیاسیی لێ بەدەر نەکرد ، لەبنەڕەتدا بۆ ڕاکێشانی سەرنج و ڕۆشنایی خستنە سەر  جووڵانەوەی (نەوەی نوێ)و سەرۆکەکەی بوو ، کە لەکۆمپانیاو کاری بزنسەوە ؛ پەلی هاویشتووە بۆ میدیاو دروستکردنی ڕێکخراوی سیاسیی .
ئەم دیدارەی (ڕابوون مەعرووف) ، بووە هێماو پەیام ؛ بۆ بوونی کێشەو ناکۆکیی و ململانێی گەورە لەناو جووڵانەوەکە ، هەروەها  بووە هۆشداریی و ئاماژەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ دەرخستنی ئاستی بەرزی تەشەنەسەندنی ناکۆکیی و ململانێی نێوان پەرلەمانتارانی جووڵانەوەکەو سەرۆکەکەیان ، شایەنی باسە ڕاستەوخۆ لەدوای ئەو دیدارە ؛  ڕووداوو پەرەسەندنی تر ، سەریهەڵداو ناکۆکییەکان پەردەیان لەسەر هەڵماڵڕاو تەقینەوە .
٢-لەدوای ئەو دیدارەی (ڕابوون مەعرووف) ، ڕۆژی (٢١/٤/٢٠١٩) ؛ بەیاننامەیەکی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئەنجوومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراکسیۆنی جووڵانەوەکە لەپەرلەمانی عێراق بڵاوکرایەوە ، لەناوەرۆکی بەیاننامەکەدا هاتووە؛ (ئێمە نیگەرانین کە نەوەی نوێ لەجووڵانەوەیەکی سیاسیی جیاواز لەمۆدێلی سیاسیی زاڵ ، بەرەو باندێکی سیاسیی تەنگەبەری ئەوتۆ براوە ،کە هەموو دەزگاو ئۆرگانە گرنگەکانی بڕیاردان تێیدا ؛ پەراوێز خراوەو بڕیاری دەستەجەمعی تێدا نەماوە ، جووڵانەوەکە بەجۆرێک لەگەڵ خێزان و بزنس تێکەڵ کراوە ، ئیتر جیاکردنەوەیان سەخت دەبێت) .
٣-بەدوای ئەو بەیاننامە هاوبەشەی ئەنجوومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراکسیۆنی جووڵانەوەکە لەپەرلەمانی عێراق ؛ ڕۆژی (٢٢/٤/٢٠١٩) ، چوار ئەندام پەرلەمانی فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) لەپەرلەمانی کوردستان ، لەڕاگەیەندراوێکیاندا پشتیوانیی خۆیان بۆ بەیاننامە هاوبەشەکەی فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراق و  ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەکە دەربڕی و تیایدا ئەڵێن؛ (ئێمە پێمانوایە ڕاگەیاندنەکەی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ، ڕووناکیی خستووەتە سەر کێشەو بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.)
٤-دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیاندراوی چوار ئەندام پەرلەمانەکەی کوردستان ؛ ڕۆژی (٢٤/٤/٢٠١٩) ، یەکێک لەو چوار ئەندام پەرلەمانە بەناوی (شادی نەوزاد) ، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند ؛ نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی بۆ هاتووە ،کە ناوەرۆکەکەی بریتییە لەڤیدیۆیەکی مۆنتاژکراوی دەستکارییکراو ، بەمەبەستی ترساندنی ناوبراو ، تیایدا بەم ڕستەیە هەڕەشەیان لێکردووە؛ (چاوەڕێی ڤیدیۆی ڕووتی خۆت بە) ، شایەنی باسە (شادی نەوزاد) لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەی (هاوڵاتی)دا ؛ جەختی لەوەکردۆتەوە کە ئەو نامە هەڕەشە ئامێزە ، بۆ بەشێکی زۆری ئەندامانی فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) نێردراوە ، ئەمە لەلایەک ،لەلایەکی تریش بەهەمان شێوە (سەرکەوت شەمسەدین)ی ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) و ئەندامی فراکسیۆنی جووڵانەوەکە لەپەرلەمانی عێراق ؛ لەوتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا لەڕۆژی (٢٤/٤/٢٠١٩) ، وتی بێجگە لە(شادی نەوزاد) ؛ هاوڕێیانی تریش لەئەندام پەرلەمانەکان ، هەمان نامەی هەڕەشەیان ئاراستە کراوە .
٥-دوای سازدانی ئەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە ؛ (شادی نەوزاد)ی ئەندام پەرلەمان ، سکاڵای یاسایی خۆی لەسەر سەرۆکی جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) تۆمار کرد ،هاوکات فەرمانگەی داواکاریی گشتیی سلێمانیی ؛ بەناوی داواکاری گشتییەوە ؛ سکاڵای یاسایی دووەمی پەیوەندییداریان بەو کەیسە تۆمار کرد .
٦-دەسەڵاتی دادوەریی لەسلێمانی ، بۆ لێکۆڵینەوە لەو دوو سکاڵایە ؛ بڕیاری کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو دوو سکاڵایە دەرکرد .
٧-لەسەر بنەمای تایبەتمەندیی و پسپۆریی ؛ دەسەڵاتی دادوەریی ئەرکی بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوە لەو کەیسەی ، ئاراستەی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش کرد لەدادگای سلێمانی.
بەگوێرەی بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی ؛ ئەرکی لێکۆڵینەوە لەم کەیسە ، بەسەرپەرشتیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ؛ ڕووبەڕووی دەزگای ئاسایشی گشتیی لەسلێمانی کرایەوە .
٨-دەزگای ئاسایشی گشتیی ، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ؛ دۆسیەیەکی بۆ ئەو دوو سکاڵایە کردەوەو کەوتە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی پرۆسەی لێکۆڵینەوەو توانی چەندین بەڵگەو زانیاریی و دۆکیۆمێنتی پەیوەندییدار بەو دوو سکاڵایەو هەندێ تاوانی تر ؛ بەتایبەتیی لەخراپ بەکارهێنانی تۆڕەکانی سۆشیال میدیا بەدەستبێنێت ، لەدرێژەی پرۆسەی لێکۆڵینەوەدا کەیسەکە پەلوپۆی هاویشت و فراوانتر بوو ؛ کێشەی ترو چەندین تۆمەتباری تری تێوەگلاوی ڕاپێچی پرۆسەی لێکۆڵینەوە کرد .
٩-هەر لەدوای یەکەم ساتی دەستگیرکردنی کەسی یەکەم لەم کەیسەدا ؛ میدیاو سۆشیال میدیای جووڵانەوەکەو سەرۆکەکەیان  ، دەستوبرد کەوتنە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی ئاراستەکراو لەدژی دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگای ئاسایشی گشتیی ، لەو هەڵمەتەدا کە تاکو ئێستاش درێژەی هەیە ؛  ئەو دوو دەزگایە بەوە  تاوانبار ئەکەن ، کە  لەبنەڕەتدا سیناریۆیەکی سیاسیی پێشوەختی دارێژڕاوی دەزگای ئاسایشی گشتیی و (ی ن ک) جێبەجێ ئەکەن ، نەک لێکۆڵینەوە لەکەیسێکی یاسایی!!.
جێی ئاماژەیە ، سەرۆکی جووڵانەوەکە لەڕاگەیاندنێکی ورووژێنەرو هەراسانکەری تردا ، ڕووی کردە دەسەڵاتی دادوەریی و دەزگای ئاسایشی گشتیی ؛ ڕاستەوخۆو بەئاشکرا ، بەپیشاندانی ئەوپەڕی بێباکیی ؛ پێی ڕاگەیاندن  ؛ ئەگەر مەردن ؛ هەرچی بەڵگەو شتێکتان لەسەر ئێمە هەیە لەم کەیسەدا ، بێ منەت بن ، بڵاوی بکەنەوە بۆ ڕای گشتیی .
١٠-پاش تەواوبوونی قۆناغێکی گرنگ لەلێکۆڵینەوەکان ؛ دەزگای ئاسایشی گشتیی ، بەڕاوێژ لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی ؛ بۆ بەرچاوڕوونی ڕای گشتیی و ڕەتکردنەوەی پروپاگەندەکانی جووڵانەوەکەو بۆ دەرخستنی ناوەرۆکی ڕاستەقینەی کەیسی دەستگیرکراوان ؛ بڕیاریدا بەشێک لەتۆماری دانپیانانی پێنج کەس ، لەدەستگیرکراوانی جووڵانەوەکە بڵاوبکاتەوە ، کە بریتیی بوون لە: (دوو سکرتێری سەرۆکی جووڵانەوەکە ، سێ کارمەندی ژووری نافەرمیی بەشی سۆشیال میدیای نەوەی نوێ) .
ڕۆژی (١٠/٥/٢٠١٩) ؛ تۆمارە ڤیدیۆییەکە بڵاوکرایەوەو ماوەکەی (١٩) خولەک بوو ؛ تیایدا هەر پێنج دانپیانەر ؛ دانیان بەتاوانەکانی خۆیان و سەرۆکی جووڵانەوەکە نا ، لەمڕووەوە دانیان بەوەدا نا ؛ کە بەڕێنمایی و بەبڕیاری سەرۆکی جووڵانەوەکە ؛ ئەو کارانەیان ئەنجامداوە ، چ بۆ ناردنی نامە هەڕەشەکە بۆ (شادی نەوزاد)ی ئەندام پەرلەمان ،چ بۆ خراپ بەکارهێنانی پەیجە بندیوارو نهێنییەکانی ژووری نافەرمیی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) ، کە ئامانج لێی ؛ بڵاوکردنەوەی تۆمەت و زانیاریی هەڵەو ناوزڕاندن و سووکایەتییکردن و داتاشینی بووختانە ؛ بۆ نەیارو کەسایەتییە ناکۆک و ڕەخنەگرەکانی جووڵانەوەکەو سەرۆکی جووڵانەوەکە .
١١-هەمان ڕۆژ و دوای بڵاوبوونەوەی تۆماری ڤیدیۆیی دانپیانانی دەستگیرکراوانی جووڵانەوەکە ، هەردوو فراکسیۆنی جووڵانەوەکە لەپەرلەمانی عێراق و کوردستان ؛ بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە ، لەو بەیاننامە هاوبەشەدا ڕایانگەیاندوە ؛ (داوا ئەکەین ئەو کەسانەی دیکەش کە ناویان هاتووە لەم کەیسەداو تێوەگلاون ، لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بکرێ و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن) ، لەکۆتایی بەیاننامەکەشدا جەختیان لەوە کردۆتەوە کە؛ (هاوڵاتیان دنیا ئەکەینەوە کە مۆنتاژکردنی دەنگیی و دروستکراویی بەرنامەی کۆمپیوتەریی و دەستبردبن بۆ ژیانی تایبەتیی کەسایەتییەکان ، پەرلەمانتارە ئازاکانمانی پەشیمان نەکردۆتەوە لەهەڵوێستە ئازاکانیان ، بەهەمان شێوە لەداهاتوودا درێژە بەهەڵوێستەکانمان ئەدەین) .
شایەنی باسە هەر هەمان ڕۆژ و دوای بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییەی دانپیانانەکان ؛ جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) و سەرۆکەکەی ، لەڕوونکردنەوەیەک و کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ؛ ئەو دانپیانانەیان ڕەتکردەوەو بەسیناریۆیەکی سیاسیی داڕێژڕاویان لەقەڵەمدا .
کاتێک کە تۆمارە ڤیدیۆییەکەی دانپیانانەکان بڵاوکرایەوە ، هەندێک پێیان وابوو ؛ هێشتا زووە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دانپیانانەی دەستگیرکراوان ، بەڵام لای سەرۆک و جووڵانەوەکە بەپێچەوانەوە ؛ کاتی بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکە درەنگ بوو ، لەم سۆنگەیەوە خاڵی یەکەمی ڕوونکردنەوەی جووڵانەوەکە ، جەخت لەدرەنگیی کاتی بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکە ئەکات و پانزە ڕۆژ بەماوەیەکی زۆر ئەزانێت ، بۆ دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی ئەو تۆماری دانپیانانەی دەستگیرکراوان و پێیوایە نەئەبوو ؛ ئەوەندە دوا بکەوتایە ، لەمڕووەوە لەخاڵی یەکەمی ڕوونکردنەوەکەدا نووسییویانە؛ (خێرە ئێستا دوای پانزە ڕۆژ ، تەنها کۆمەڵە وتەیەکیان بڵاودەکرێتەوە؟، ئەی پانزە ڕۆژە بۆچی ئەم وتانەتان بڵاونەکردۆتەوە ، گەر ئێوە ڕاست دەکەن ؟)!!.
١٢-پاش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی جووڵانەوەکە لەڕۆژی (١٥-٥-٢٠١٩) ، شاسوار عبدولواحیدی سەرۆکی جووڵانەوەکە ، ڕۆژی دواتر خۆی ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەریی کرد .


دەزگای ئاسایش و کەیسی دەستگیرکراوان
ئەم کەیسە بەبڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی ؛ ڕووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش کراوەتەوە ، دەزگای ئاسایشی گشتیی لایەنی دەستپێشخەرو بڕیاردەر نەبووە ؛ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەو کەیسە ، بەڵکو جێبەجێکەری بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی بووە ؛ بۆ گرتنە ئەستۆی ئەرکی بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوە لەو دوو سکاڵایە .
دەسەڵاتی دادوەریی بەپشتبەستن بەهەردوو یاسای پەرلەمانی کوردستان ؛ یاسای ژمارە چواری ساڵی (٢٠١١)ی تایبەت بەئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و یاسای ژمارە پێنجی ساڵی (٢٠١١)ی تایبەت بەدەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ؛ ئەو کەیسەی ڕووبەڕووی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش کردۆتەوە ، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشیش ،بڕیاری دەستبەکاربوون  بۆ لێکۆڵینەوە لەم کەیسەی ؛ ڕووبەڕووی دەزگای ئاسایشی گشتیی لەسلێمانی کردۆتەوە .
دەزگای ئاسایشی گشتیی ڕۆژی (٢٩/٤/٢٠١٩) لەڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش ، لەڕۆژی (٢٩/٤/٢٠١٩) و بەپشتبەستن بەخاڵی هەشتەم ، لەمادەی سێیەم ؛ لەیاسای ژمارە پێنجی ساڵی (٢٠١١)ی تایبەت بە  دەزگای ئاسایشی کوردستان ؛ بەرپرسیارێتیی لێکۆڵینەوە لەم کەیسەیان ، ڕووبەڕوو کراوەتەوە .
بەگوێرەی خاڵی هەشتەمی مادەی سێی ئەو یاسایە ؛ لێکۆڵینەوە لەکەیسێک کە ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵگەو پێشووتر پلان و نەخشەی بۆ داڕێژڕابێت ؛ ئەکەوێتە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندیی یەکێک لەئەرکەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، لەمسۆنگەیەوە لەخاڵی هەشتەمی مادەی سێیەمی ئەو یاسایەدا ، بەدەق یەکێک لەئەرکەکانی دەزگای ئاسایش  بەمسێوەیە دیارییکراوە؛ (بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامیی کۆمەڵایەتیی و نەهێشتنی تاوانی بەرنامەڕێژکراوەکان بەهەموو جۆرەکانییەوە) .
کەناڵی تەلەفزیۆنی (ڕووداو) ، بۆ ساغکردنەوەی لایەنی بەرپرسیارو پەیوەندییدار بەگرتنەئەستۆی ئەرکی بەڕێوەبردنی لێکۆڵینەوە لە کەیسی دەستگیرکراوانی جووڵانەوەی (نەوەی نوێ) ، لەڕووماڵێکی ئەو کەیسەدا ، کە ڕۆژی (٢٧/٥/٢٠١٩) پەخشکرا ؛ لێدوانێکی دادوەر (عومەر ئەحمەد)ی وتەبێژی دادگای سلێمانی بڵاوکردەوە ، لەو لێدوانەدا ناوبراو بەرپرسیارێتیی دەزگای ئاسایشی گشتیی پشتڕاستکردۆتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کەیسەو لەمبارەیەوە وتی؛ (بەپێی یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، هەروەها یاسای دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، ئەو تاوانانەی کە بەرنامە بۆ دارێژڕاون و کۆمەڵە کەسانێک لەپشت ئەو تاوانەن ، ئەوە لەتایبەتمەندیی دەزگاکانی ئاسایشە لێکۆڵینەوەی تێدا بکات) .
لەلایەکی تر ؛ لەبەر سروشتی ئەم کەیسە ، لەڕووی ڕەهەندی ئەمنیی و یاسایی ؛ هەروەها بۆ ڕێگرتن لەدزەکردنی دۆکیۆمێنت و زانیارییە هەستیارەکانی ناو کەیسی لێکۆڵینەوەکە بۆ گرووپ و کەسانی ڕاوەستاو لەپشت تاوانەکان ، ئەبێ بەوردیی و بەخێرایی ، بەنهێنیی و لەچوارچێوەیەکی کارکردنی تەسکدا پرۆسەی لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێت ، هەروەها لێکۆڵینەوە لەکەیسێک ؛ کە تاوانەکانی بەهۆی ئامێری پەیوەندیی و تۆڕەکانی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە ؛ بەنهێنیی و لەپشتی پەردەوە ئەنجامدرابێت ، پێویستی بەئامرازو هۆکاری پێشکەوتووی تەکنەلۆژیی لەبواری (ئای تی)و گەیاندندا هەیە ، ، تاکو بەئاسانیی بکەری تاوانەکان ؛ بەبەڵگەی ئەلەکترۆنییەوە بدۆزرێنەوەو تاوانەکان ساغ بێتەوە بەسەریاندا ، لەهەمانکاتدا ئەبێ دۆسیەی لێکۆڵینەوەو زانیاریی و دۆکیۆمێنتە هەستیارەکان ؛ ئەوەندە بەتۆکمەیی پارێزراوبن ؛ تاکو دزەیان پێ نەکرێت و بڵاونەکرێنەوەو نەبنە هۆی دروستبوون و لێکەوتنەوەی ؛ چەندین دەرهاویشتەی کۆمەڵایەتیی خراپ و نەخوازراو .


ئەم کەیسە دەرهاویشتەی
کام ناکۆکیی و ململانێیەکە؟

ئەم کەیسە بەچەندین قۆناغدا تێپەڕیوە ، پەرەسەندن و دەرئەنجامی تری لێ کەوتۆتەوە ، سەرەتاو دەسپێکی کەیسەکە ؛ لەناکۆکیی و ململانێ ناوخۆییەکانی ناو جووڵانەوەی (نەوەی نوێ)و لەئاستێکی باڵای فراوانی جووڵانەوەکەدا تەقیوەتەوە ؛ کە بریتیین لەئەندام پەرلەمانەکانی بەغداو هەولێر و بەشێک لەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەکە ؛ کە تێکڕایان بەیەکەوە هەڵوێستێکی یەکانگیریان لەبەرامبەر سەرۆکی جووڵانەوەکە گرتۆتەبەر .
لەم کەیسەداو لەناو هیچ جەمسەرێکی ناکۆکیی و ململانێکەدا ؛ هێزو لایەنی سیاسیی جیاواز ؛ پێگەو بوون و ئامادەیی نییە ، سکاڵاکەرو سکاڵالێکراو ؛ بریتیین لەئۆرگانە باڵاکانی ناو جووڵانەوەکە .
لەناو کارەکتەرە دەستگیرکراوەکاندا ؛ هیچ کارەکتەرێکی نەناسراوو تەمومژاویی ڕاهێنراوو ئامادەکراو بۆ نمایشکردن و ڕۆڵ بینین ، وەکو ئەکتەری ناو شانۆگەریی ؛ بوون و ئامادەیی نییە ،ئەوانەی دەستگیرکراون و تۆماری دانپیانانەکانیان بڵاوکراوەتەوە ؛ کەسانی زۆر نزیک و خاوەن متمانەو جێ باوەڕی سەرۆکی جووڵانەوەکەن ، ئەو پێنج کەسەی کە تۆماری دانپیانانەکانیان بڵاوکرایەوە؛ دووانیان سکرتێری تایبەتیی شاسوار عەبدولواحیدن ، یەکێک لەو دوو سکرتێرە ؛ خزمی نزیکی هاوسەری سەرۆکی جووڵانەوەکەیەو لەهەمانکاتدا بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای (نالیا)یە ، دووان لە سێ دەستگیرکراوەکەی تر ؛ کە بەشداربوون لەبەڕێوەبردنی پەیجە نهێنیی و بندیوارەکانی ژووری نافەرمیی بەشی سۆشیال میدیای (نەوەی نوێ) ؛ یەکێکیان چایچیی تایبەتیی و ئەوی تریشیان وێنەگری تایبەتیی سەرۆکی جووڵانەوەکەیە .
لەوەش گرنگتر ؛ دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و تیمی لێکۆڵینەوە لەدەزگای ئاسایشی گشتیی ، لەبەڕێوەبردنی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکاندا ، خۆیان پاراستووە لەبەلاداچوونی کەیسەکە بەرەو بابەتی سیاسیی و لاوەکیی و دەرەکیی ، ڕەوتی لێکۆڵینەوەکانیان لەچوارچێوەی سکاڵاکانی ناو کەیسەکەدا چڕکردۆتەو وەکو کەیسێکی یاسایی هێشتوویانەتەوە .





زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×