سەبارەت بەخنکانی دو مناڵی تر لەناحیەی شەمامکی هەولێر

بەشدار عوسمان
  2019-06-01     872

دانیشتیوانەکەی خەڵکانی راگوێزراوی دەشتی ھەولێرو قەراج‌و کەندێناوەن، بەھۆی حەوانەوەو داڵدەدانی پێشمەرگە لەساڵی ١٩٨٨ دەست بەسەر ماڵەکانیاندا گیراو خانوەکانیان روخێندران‌و رژێمی بەعس رایگواستن بۆ ئەو ناوچەیە .

بەو پێیەی باب و باپیرانمان لەم ناوچەیەدا ژیاون و خۆشم زیاتر لە یانزدە ساڵ لەئامادەیی شەمامک و دواتریش ناوەندییەکانی ناحیە و گوندەکانی مامۆستا بویم و رۆژانە لەگەڵ کێشە و گرفتەکانیان ئاشنا بویم، دەتوانم بڵێم فەرامۆشترین گەڕەک لەھەموو کوردستان،بێ نازترین گەنج لەھەموو عێراق،برسیترین مناڵ لەھەموو ھەولێر،بەدبەخترین ژن لەگوێی زەوی،لەم ناوچەیە دەژین، ناشیرینترین و ناخۆشترین خانو و دیزاین لەھەموو جیھان لێرەدا دەبینرێت !

زیاتر لە ١٠ کارگەی گەچ و کاشی و کەسارەی بەرپرسان ڕێک دەکەوێتە ناو ماڵەکان و گوندەکانی مامزاوە و قەتەوی و سەرکارێز،ھێندە تۆز و خۆڵ ھەڵدەمژن لە ٩٩% خەڵکی ناوچەکە و قوتابیان کێشەی گورچیلەیان ھەیە(یان رملیان ھەیە یان بەرد) وەکو دکتۆرەکانی بنکەی تەندورستیەکە لە راپۆرتی خۆیان بۆ قوتابیەکانمان ئاگاداریان دەکردینەوە ھۆکاری ئەمە بۆ ھەڵمژینی تۆز و خۆڵی کارگەکان دەگەڕێتەوە.

بۆ ئەوەی خەزێنەی چەند بەرپرسێک ئەستوورتر بێت،با پەنجا ھەزار کەس بمرێت و تووشی نەخۆشی دریژخایەن ببێت،ئەوە کەی کێشەی ئیدارەی شارە ..؟!
کارگەیەکی گەورەی ئاسن و شیش رێک لەنێو گوندی (گردمحمد)ی سەر بە ناحیەی شەمامک دامەزێندراوە، لەکاتی کارکردندا دوکەڵەکەی ھێندە چڕە لە پێنج مەتر چاو نابینێت،بەھۆی دوکەڵەکەیەوە قەمیسی سپی قوتابیەکان ھەمیشە مۆر دەردەکەوت !
پاشماوەی ئاوی پیسی نیوەی زیاتری ھەولێر بەناو ئەو ناوچەیەدا دەڕوات،بەبێ ھیچ مەجاری و سەرپۆشێک (بە کەندە پیسی ھەولێر ناسراوە)،ئەمە سەرەڕای بڵاوبوونەوەی دەیان نەخۆشی بەھۆی ئەو ئاوەوە و کۆبوونەوەی مێش و مەگەز و زیندەوەری زیانبەخش،ساڵانە چەندین قوربانی دڵتەزێنی وەکو خنکانی ( شێروان ھۆشیار و سەرکار مازن)ی لێدەکەوێتەوە .

لەکۆی زیاتر(١٥٠٠٠)ھەزار خێزانی نیشتەجێ بووی ناوچەکە،تەنھا بنکەیەکی تەندورستی ھەیە و سەرەتاترین پێداویستی پزیشکی تێدانیە،بیرمان نایەت تەنھا بۆ یەک رۆژ قوتابیەکمان ناردبێتە ئەو بنکەیە چارەسەری وەرگرتبێت! 
بنکەی پۆلیس لە چەقی گەڕەکانی مامزاوە و نازماوە و مزا ئەحمەد و گردمحمد و سەرکارێز نیە، بەڵام لەم لاوە دوو ناوچە و ھەشت رێکخراو و چوار کۆمیتە ھەیە، دووکەڵ و تۆز و خۆڵی کارگەکان زوو زوو رەنگی ئالای سەر بارەگاکانیان دەگۆرێت !

بارەگایەکی گەورەی ئاسایش ھەیەو زیاتر لە کۆی فەرمانبەری دەزگا خزمەتگوزارییەکانی ناوچەکە کارمەندییان ھەیە، رۆژانە چالاکانە ھەڵدەسوڕین بۆ ترسان و تۆقاندنی خەڵکەکەی و کۆکردنەوەی زانیاری تەنانەت قوتابیە نارازییەکانیشمان لەم پەلاماردانە بێ بەش نەدەبوون و خۆمان شاھێدی دەیان حاڵەتی پەلاماردانی قوتابیەکانمان بوین.

نەبوونی ئاوی خواردنەوە، یەکێکە لە گرفتەکانی ئەو ناوچەیە بەتایبەت لە وەرزی ھاوین ھەموو ساڵێک دووبارە دەبێتەوە،بەھۆی پیسی ژینگەکەی و نەبوونی ئاوی پێویست نەخۆشی پێست یەکێکە لە نەخۆشیە بڵاوەکانە .

ماوەتەوە بڵێین، دانیشتیوانی ئەو ناوچەیە نمونەیەکن لە پاکی و دڵسۆزی و راستگۆیی و کۆڵنەدان، بەدەگمەنیش خێزانێک نادۆزیتەوە قوربانی گەورەی گیانی و مالی لەپێناوی ئازادی نەدابێت لەدەستی رژێمی بەعس، کەچی ئێستا ئەوە ژیان و گوزەرانیانە و دەستە بژێرێکیش لەوپەڕی نازو نیعمەتدا دەژین و مناڵ و نەوەکانیان دەستاین بەھەموو پێشکەوتنەکانی سەردەم دەگات و قاچیان ھەر رۆژێک لە وڵاتێکە بۆ گەشتوگوزار .

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×