رێکەوتننامەیەکی لاستیکی‌و نادیار

سەلام عەبدولقادر
  2019-06-04     1239

خۆ ئەگەر نێوان یەکێتی و پارتی ئاڵۆزی تێنەکەوتایە لەوانەیە هەرگیز ناوەرۆکی ئەم رێکەوتنەمان نەبینیایەو دواتریش هەر گوێبستی (بەگوێرەی رێکەوتننامەکە) دەبووین بێ ئەوەی بزانین بڕگەو خاڵەکانی چین. 


پاش خوێندنەوەی دەقی رێکەوتننامەکەی نێوانیان کە لە 2019/3/4 واژۆ کراوەو رۆژی 2019/6/2 پارتی وەکو کاردانەوەیەک بەرانبەر بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمان لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بڵاوی کردەوە، تێبینی ئەوەم کرد کە زۆرینەی ئەو بڕگانەی تایبەتن بە ئیدارەو کاروباری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لاستیکین و دەکرێت بەشێوازی جیاواز تەفسیر بکرێن و جێبەجێ نەکرێن. ئەو بڕگانە زەمەنێک بۆ جێبەجێکردنیان دانەنراون و چەمکەکان دیاری نەکراون و وشەی لاستیکیان بۆ بەکار هاتووە.
بڕگەی یەکەم لەسەر "یەکێتی خاکی نیشتمان" پێویست بە باسکردن ناکات چونکە ئەوە لە ئەرکە سەرەکیەکانی هەر حیزبێكی کوردستانیە.


بڕگەی دووەم لەسەر "به‌رێوه‌بردن و به‌هێزكردنی‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستووری‌ و یاسایی‌ و كارگێڕییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان" هەردوولا "شەراکەتی راستەقینە" یان دەبێت. بێگومان دیارنیە ئەم شەراکەتە راستەقینەیە چۆن دەبێت و جیاوازی چی دەبێت لە شەراکەتی رابردوویان.


بڕگەی سێیەم لەسەر یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەری کوردستان و هێزەکانی ناوخۆ، هەردوولا "هەموو هەوڵەکانی خۆیان دەخەنەگەڕ". لەرابردووشدا هەردوولا هەوڵیان خستوووەتە گەڕو ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە. لەم خاڵەشدا نە میکانیزمێکی دیاریکراو هەیە نە زەمەنێکی دیاریکراو. 


بڕگەی چوارەم لەسەر چاکسازی و شەفافیەت دووبارە بێ چوارچێوەیەو دیارنیە چاکسازی و شەفافیەت بەدیاریکراوی لە چیدا. 


بڕگەی پێنجەم لەسەر چالاکی ئیداری حکومەتی هەرێم، دووبارە خاڵێکی نادیارو ناروونە.


بڕگەی شەشەم خاڵی (ا) لەسەر دەستوورو لامەرکەزی، هەردوولا "هەوڵدەدەن" و "پاڵپشتی" دەکەن. بەکارهێنانی ئەم وشانە جگە لە دواخستنی ئەو پرۆژانەو بەلاڕێدابردنیان هیچ خزمەتێکی دیکە ناکات. 


بڕگەی شەشەم خاڵی (ب) باسی "سازان" لەسەر ئەو پرۆژە یاسایانەی کە رەهەندی نیشتمانیان هەیە. وشەی "سازان" لاستیکیەو تارادەیەکی زۆریش سواوە لەم وڵاتەی ئێمەدا.
بڕگەی حەوتەم لەسەر "هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کوردستان" هەردوولا "هەوڵ و هەنگاوی باشیان دەبێ". دەبێت هەوڵ و هەنگاوی باش چی بێت؟ تەوەرێکی گرنگی ئابووری وڵات چۆن دەبێت بەم شێوە گشتی و ناروونیە قسەی لەسەر بکرێت.


بڕگەی هەشتەم لەسەر "سندوقی داهاتەکانی نەوت و گاز" دەبێت "پەلە بکرێت". دووبارە وشەیەک بەکارهاتووەو کە دەکرێت بەئاسانی یاری پێوەبکرێت هەروەکو چۆن لە رابردوودا یاری پێوەکراوە.


بڕگەی سیازدە لەسەر "رەخساندنی هەلی کارو باشترکردنی بژێوی ژیانی خەڵک" حکومەتی هەرێم کەهەردوولا تێیدا بەشدارن "بایەخی تەواو" دەدات بەم مەسەلەیە. بێگومان کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمش هەر بایەخی تەوایان بەم مەسەلەیە داوەو هەلی کاریش بەردەوام لە کەمبوونەوەدا بووەو بژێوی خەڵکیش بەرەو خراپتر چووە. ئیتر دەبێت "بایەخی تەواو"ی ئەم جارە چۆن بارودۆخەکە بگۆڕیت؟


بڕگەی پازدە لەسەر "دارایی و داهات و خەرجیە گشتیەکان" هەردوولا "کۆکن" لەسەر ئەوەی کە رێکبخرێنەوە. تەعبیرو وشەی بەکارهاتووی ئەم خاڵەش نامانگەیەنێتە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە. 


خاڵی (ج)ی بڕگەی حەڤدە لەسەر دانانی پارێزگای کەرکوک ئاماژە بە پاشکۆی رێکەوتنێک دەکات لە نێوان هەردوو بەڕێزان کاک مەسعودو کاک کۆسرەت ئەنجامدراوە کە دیار نیە ناوەرۆکی رێکەوتنەکە چی بووە.


ئەم رێکەوتنە بەم شێوەیە ناتوانێت هیچ لەبارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگۆڕێت و هەرێمەکەشمان لەرووی ئیدارەو بەدامەزراوەکردن و شەڕی گەندەڵیەوە هەنگاوێک ناچێتە پێشەوە.               

هیوادارم رێکەوتنی داهاتووی نێوان ئەم دوو پارتە روون بێت و چوارچێوەی ئەرک و کارەکان بەجوانی دیاری بکرێن و نوکتە لەسەر پیت دابنرێت و بۆ هەر بڕگەیەکیش زەمەنێک دیاریبکرێت بۆ جێبەجێکردنی.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×