نێچیرڤان بارزانی‌ سەرکەوتو بووە؟

د. محه‌مه‌د عه‌لی‌
  2019-06-07     361

لەسەرو بەندی‌ وەرگرتنی‌ پۆستی‌ سەرۆکی‌ هەرێمدا، گروپێکی‌ تێکەڵ لەکوتلەی‌ حزب‌و وەزیری‌ موستەفیدو میدیای‌ (یەکەمی‌ بێڕکابەر)، خەریکی‌ تەرویجدانن بەو بیرۆکەیە کە گوایە نێچیرڤان بارزانی‌ لەڕابردودا، سەرۆک وەزیرانێکی سەرکەوتوو بووە و دەتوانێت لەپۆستی‌ داهاتووشیدا، پۆستی سەرۆکی ھەرێم، سەرکەوتوبێت. بەڵام: 

یەکەم: ئەگەر قسەکە لەسەر سەرکەوتن بێت، ئەکرێت بڵێین نێچیرڤان بارزانی لە ڕواڵەتدا سەرکەوتو بووە، توانیویەتی خۆی‌ وەک کەسێکی سەردەمییانە نمایشبکات، کە شانبەشانی‌ شیکپۆشی‌ و ڕەفاهیەت و خۆشگوزەرانیەکانی‌ سیاسییە مدیاییەکانی دونیای‌ هاوچەرخ هەنگاودەنێت. بەشێوەیەک ئەم پیاوە زیاتر وەک نمایشکارێکی‌ جوانپۆش دەربکەوێت تا ئەوەی‌ سەرۆکی‌ میللەتێکی چەوساوە و سەرۆکی وڵاتێکی‌ نەوتی‌ کە توانیبێتی لانیکەم لە چلەی زستاندا تەنەکەیەک نەوت بۆ ئەو خەڵکەی حوکمیان دەکات دابین بکات. 

لەبوارێکی‌ ترشیدا ئەکرێت بە دەستکەوت و سەرکەوتن بۆی‌ حسابکرێت: بواری دەستبڵاوی‌ و هەڵڕشتنی‌ پارەیەکی‌ بێشومار بۆ زۆرێک لە وەزیرو بەرپرسەکانی‌ کابینە یەک لەدوای‌ یەکەکانی، تا ئاستی‌ چاو بەرەوژێ پێکردنیان و کڕین و گۆرینی‌ ئینتمای‌ سیاسیان، ئەمەش لەبەرژوەندی‌ خۆی‌ و حزبەکەی‌. هاوکات لەوەشدا سەرکەوتوبووە کە میدیایەکی‌ موسریف و زەبەلاح بۆ ئارایشت و جوانکردنی‌ خۆی‌ دابمەزرێنێت بەپارەی‌ سەرەو نوگمکراوی‌ خەڵک، بەشێوەیەک ئەم میدیایە ڕەشی‌ بۆ بکات بەسپی‌ و سپی‌ بۆ بکات ڕەش. بە کورتی ناوبراو وەک پیاوێکی جوان پۆش و موسریف و وەک کەسێک ھەندێک لە وەزیری حیزبەکانی تر بکڕێت، کەسێکی سەرکەوتووبووە. 

دووەم: خۆ ئەگەر قسە لە دەوڵەتداری‌ بێت، ئەوا شکست و سەرکەوتن پێوەری‌ خۆی‌ هەیە. هەموو کارێکیش بەئەنجامەکەیدا هەڵسەگاندنی‌ بۆ دەکرێت. دوای‌ نزیکەی‌ بیست ساڵ نێچیرڤان بارزانی‌ حکومەتێکی‌ قەرزار و قاسەیەکی‌ بەتاڵ و ئابورییەکی‌ داتەپیو و ناڕوونیەکی‌ گەورە لە داهاتی‌ گشتی‌ جێدەهێڵێت. چەند ساڵێکە حکومەتی ھەرێم بودجەی‌ گشتی‌ نییەو ئەگەر بەغداد نەبێت توانای‌ دابینکردنی‌ نیو مووچەشی‌ نیە بۆ فەرمانبەرەکانی. هیچ دەزگایەکی‌ چاودێریش نییە لە داهات و خەرجی‌ بپرسێتەوە. حکومەتێک خاوەنی‌ هیچ پڕۆژەیەکی‌ ستراتیجی‌ و تەنانەت خزمەتگوزرای‌ گشتی ئەوتۆش نییە. بەو شێوەیەش باس لە کەوتنەژێر قەرزێک ده‌كرێت كه‌ بەبیست ملیارد دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. ئەمە لەکاتێکدا ڕۆژانە دەیان هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی‌ بازاڕەکانی‌ جیهان دەکات، تائێستاش نەمانزانی‌ ئەم (دەوڵەتمەدارە) چەند ساڵە لەگەڵ ئاشتی‌ هەورامی‌ نەوت ئەکڕێت یان ئەیفرۆشێت؟!

سێیەم: سیاسەتی‌ ئابوریی سەربەخۆ دەکرێت وەک کارەستاویترین پڕۆژەی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ و حوکمڕانییەکەی‌ تەماشابکرێت کە تا دەیان ساڵی‌ تریش خەڵکی‌ کوردستان لە ژێر بار و لێکەوتە خراپەکانی دەرناچن. بەهەموو پێوەرێک ئەم شکستە چارەکە سەدەیەک خەڵکی‌ گەڕاندەوە دواە. ئەگەر کوردستان نەبوایە، ئەوا نێچیرڤان و حکومەتەکەی‌ نەک هەر لەکار دەخران، بەڵکو وەک بەڵایەکی‌ نیشتمانییش دەخرانە ناو قەفەزی‌ دادگاوە.

چوارەم: گەندەڵی‌، بەهەدەردانی‌ ماڵی‌ گشتی‌، بەرتەسککردنەوەی‌ ئازادییەکان، ململانێی‌ بەردەوامی‌ هەرێم و بەغداد لەسەر نەوت و سەرەنجامیش سزادانی‌ خەڵکی‌ کوردستان، بڕیاری چارەکە موچە و مامەڵەکردنێکی نامەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران و مامۆستایان لە هەرە سیما دیارەکانی‌ حوکمڕانی‌ نێچیرڤان بارزانییە. وێڕای‌ ئەوە بەهایەکی‌ بۆ پەرلەمان و دەسەڵاتی‌ چاودێریکردن و داداگاکان و داواکاری گشتی نەهێشتەوە. نەک خۆی، بەڵکو ڕێگەی‌ نەدا وەزیرەکانیشی بۆ لێپێچینەوە بچنە پەرلەمان، بەوەش گلۆپی‌ سەوزی‌ بۆ هەڵکردن بۆ برەودان بەگەندەڵی‌ و سەرپێچیکردنی‌ یاسا. 

پێنجەم: یەکێک لەگەورەترین ئابڕوبەرییەکانی‌ سەردەمی‌ حوکمڕانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌: ڕازیبونی‌ بوو بەدەرکردنی‌ وەزیرەکانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە کابینەی‌ هەشتەم و بەئاشکرا بوو بە بەشێک لە پرۆسەی‌ بێڕێزیکردن بەرامبەر بەدامەزراوەی‌ پەرلەمان و سەروەری‌ یاسا لە کوردستان. وێڕای کشانەوەی‌ وەزیرەکانی‌ کۆمەڵ و یەکگرتووش لە حکومەت، لەکۆی‌ پێنچ هێزی سیاسیی تەنها پارتی‌ و یەکێتی‌ مانەوە. بەڵام بۆ درێژەدان بە حکومەتە فاشیله‌کەی‌، زۆرینەی‌ وەزارەتەکانی‌ بەوەکالەت بەڕێوەبرد. 

شەشەم: ڕوون و ئاشکرایە پەیوەندی خوێن و خێزان و بنەماڵە (تەوریسی سیاسی)، ڕۆڵی سەرەکیان ھەبوە لە ھاتنەپێشەوەی نێچیرڤان بارزانی‌ و سەرجەم دەرگاکانی‌ بەڕوودا کراوەتەوە. توانیویەتی‌ لەو ڕێیەوە دەستبەسەر سەرچاوەکانی‌ داهاتدا بگرێت و زۆرێک لەکایەکانی‌ تریشی‌ بۆ مسۆگەر کردوە. وێڕای ئەم دەستکراوەی و ئەو ماوە زۆرەی‌ لەبەردەمیدا بوو، ناوبراو کە جێگری‌ سەرۆکی‌ پارتیش بووە، بەڵام شکستی خوارد بە هەموو پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی حکومڕانیی باش (شەفافیەت، سەروەری یاسا، کۆنترۆڵکردنی گەندەڵی، لێپرسینەوە، عەدالەت و حكومه‌تی هاوڵاتیی، حکومەتی وەڵامدەرەوە، بەشداری پێکردن، لێوەشایی لە بڕیارو کرداردا). 

حەوتەم: لە هەمووی‌ کارەساتتر، لەبری‌ خەڵک و چین و توێژە جیاوازەکان هەڵسەنگاندن بۆ سەردەمی‌ حوکمڕانی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ بکەن، بەوپێەی‌ هەموو هەنگاو و بڕیارەکانی‌ نێچیرڤان بارزانی لە ژیان و گوزەرانی‌ ئەواندا ڕەنگیداوەتەوە، کەچی‌ کۆمەڵێک وەزیری‌ موستەفید ئەو ئەرکەیان داوە بە سەرشانی‌ خۆیانداو کەوتونەتە شایەتیدانی‌ ناهەقی‌. ئەمە جگە لە کەناڵە (یەکەمە بێڕکابەرەکەی ) خۆیشی.

هەشتەم: مەولود باوەموراد و ڕێباز حەملان دەڵێن: نێچیرڤان بارزانی‌ لە حکومەتدا دەوڵەتداریی‌ دەکات نەک حزبایەتی‌. زەحمەت نەبێت دەرکردنی‌ چوار وەزیر و سەرۆکی‌ دەستەیەک و چەندین ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ی لەسەر دەستی‌ نێچیرڤان بارزانی‌، دەوڵەتداریی بو یان حزبایەتی؟

نۆیەم: ئه‌م سه‌رۆكه‌ نوێیه‌ له‌ ماوه‌ی ته‌مه‌نی حوكمڕانیی دوورودرێژی خۆیدا جگه‌ له‌ شكست و جێبه‌جێنه‌كردنی په‌یمانه‌كانی شتێكی تری له‌ كه‌لتوری سیاسیی هه‌رێمی كوردستاندا به‌جێنه‌هێشتووه‌. باڵاترین نموونه‌ش ئه‌و په‌یمانه‌ بوو كه‌ له‌ ده‌وره‌ی پێشوی هه‌ڵبژاردندا به‌ خه‌ڵكی دا، كه‌ گوایه‌ كۆمپانیایه‌ك دروستده‌كات و هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌و كۆمپانیایه‌دا پشكیان له‌ فرۆشی نه‌وتی هه‌رێمدا ده‌بێت. ده‌رئه‌نجامی ئه‌م مژده‌ و په‌یمانه‌ ناڕاستانەش له‌مڕۆدا به‌ڕوونی دیاره‌، چونكه‌ هاوڵاتیانی هه‌رێم به‌ چه‌شنێ بێڕێزکراون وه‌ك منەتکردن بەسەریاندا، چاوه‌ڕوانی مووچه‌كانی خۆیانن. 

ده‌یه‌م: ده‌شێت چه‌ند ڕۆژێكی تر له‌ مه‌راسیمێكی شاهانه‌و گرانبەھادا، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیی و دیپلۆماسییه‌كانی دونیا داوه‌تده‌كرێن و تاجی سه‌رۆكایه‌تی بخرێته‌ سه‌رت، به‌ڵام ئه‌وه‌ت بیرنه‌چێت به‌ ده‌نگی چه‌ند هێزی سیاسیی كرایت به‌ سه‌رۆكی هه‌رێم؟ جه‌نابتان لە ڕۆژی ٢٠١٩/٥/٢٨، بەدەنگی ٦٨ ئەندام پەرلەمان بویت بەسەرۆکی ھەرێم، ئەرێ بەڕاست کاردانەوەی ڕای گشتی کوردستان (جگە لەکادیرەکانی حیزبەکەت، ئەوانیش ھەمویان نا!)، ئیجابی بو؟! یاخود ھەستت کرد ھاوڵاتیان بەگشتی دڵخۆشن؟ بەلایەنی کەمەوە دەبێ دڵخۆشییەکە لە دەنگدەرانی ئەو ٦٨ ئەندام پەرلەمانەدا ڕەنگبداتەوە!
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×