لەجلخوارەکانەوە بۆ ملخوارەکان

رەزا مەنوچەری
  2019-06-07     2188
لەکاتی‌ شۆڕشەکەی‌ شێخ مەحمودی حەفید لەسلێمانی‌‌و دەوربەریدا، زلهێزەکان کاریان بۆ دیزاینکردنەوەی‌‌و دیاریکردنی‌ سنورەکانی ناوچەکە دەکرد. بەریتانییەکان، فەرەنسییەکان، عەرەبەکان، تورکەکان‌و کوردەکان لەهەوڵی ئەوەدا بون سنوری ژێر دەسەڵاتیان‌و بەرژەوەندییەکانیان بەرفراوانتر بکەن. لەو کاتەدا تورکەکان بەسەرۆکایەتیی مستەفا کەمال لەهەوڵێکی‌ زۆردابون خێڵ‌و خەڵکی‌ جۆراجۆر بەبەڵێنی‌ جۆراجۆری ئایینی‌‌و عیرقی‌و درۆزنانە له‌دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ ئەوەی‌ بتوانن زۆرترین ناوچە داگیربکەن، بۆیە بەتوندی هەوڵیاندەدا ویلایەتی‌ موسڵ (هەمو باشووری کوردستان) نەخرێتە سەر عێراق‌و لەململانێی‌ تونددا بون لەدژی بەریتانییەکان.

تورکەکان بۆ ئەو کارە پێویستان بەکورد بو، بۆیە کەسێکیان بەناوی ئۆزدەمیر بۆ هێنانەدیی‌ داگیرکەرییەکەیان لەناوچەکانی‌ دهۆک‌و هەولێرو رواندزو باکووری سلێمانی‌ ئەرکدارکرد. ئۆزدەمیر لەگەڵ خێڵەکان‌و سەرەک خێڵەکانی ناوچەکەدا لەپەیوەندیدا بوو کاری زۆر بۆ ئەوە دەکرد، کە هەموویان بکاتە خزمەتکاری تورکیای‌ کەمالی. لەوەشدا توانیی‌ هەندێک سەرکەوتن بەدەستبهێنێت‌و ژمارەیەک لەخێڵەکان بداتە پاڵ خۆی‌و لەرێگەیەوە دژایەتیی‌ بەریتانییەکانیان دەکرد.

پێگەی‌ جەماعەتەکەی‌ ئۆزدەمیر لە سلێمانی‌ و دەرووبەری لاواز بوو. سەرباری هەوڵە زۆرەکانیان تەنها توانیبویان تاوەکو ناوچەکانی‌ قەڵادزێ بێن لەوە زیاتر نەیانتوانی‌ ناوچەی‌ تر داگیربکەن. ئۆزدەمیر لە رێگەی‌ چەندین کەسەوە دەیخواست کاریگەری لەسەر شێخ مەحمود دروست بکات، چەندین نامە و پەیک و پیاوی خۆی بۆلای شێخ مەحمود نارد و هەموو هەوڵی ئەوە بوو شێخ و هێزەکەی‌ بدەنە پاڵ تورکەکان و دژایەتیی‌ بەریتانیا بکەن. 

لەناو خەڵکدا شۆڕشی شێخ مەحمودیان لە دژی بەریتانیاکان بۆ مافەکانی‌ کورد بە شەڕی کافر و مسوڵمان دەناساند و هێدهێدی کاریان بۆ ئەوە دەکرد مۆرکی نەتەوەیی‌ و خواستە نەتەوەییەکانی‌ کورد لە ژێر پەردەی ئایندا، کە خودی کەمالییەکان و ئۆزدەمیر هیچ بڕوایەکیان پێی‌ نەبوو، کاڵ بکەنەوە و کورد لە شەڕێکی‌ نەخوازراوی رقاوییەوە بگلێنن. 

ئۆزدەمیر لە سێیەم قۆناغی شۆڕشەکەی‌ شێخ مەحمودا خۆی گەیاندە بارەگای شۆڕشەکەی‌ شێخ مەحمود لە ئەشکەوتی‌ جاسەنە لە سورداش و لەگەڵ شێخ مەحمود کۆبوەوە. سەرباری گوشاری تورکەکان و پیاوەکانی‌ مستەفا کەمالی ئەتاتورک و ملنەدانی‌ بەریتانیا بۆ داواکانی‌ شێخ مەحمود، بەڵام شێخ ئەوەندە تێگەیشتبوو کە تورکەکانیش هەر وەک بەریتانییەکان و بگرە لەوانیش خراپتر تەنها دەیانەوێت کورد بەکاربهێنن، بۆیە لە ئەنجامدا نەچووە ژێر باری تورکەکان و تورکەکان لە چەند هێرشێکی‌ بەریتانییەکاندا شکستیانهێناو و تاوەکو سنوورەکانی‌ ئێستای نێوان باشوور و باکووری کوردستان پاشەکشەیان پێکرا.

لەو کاتەدا رۆشنبیران، پێشکەوتوخوازان، ئازادیخوازان و رۆژنامەنووسانی سلێمانی‌ بە لایەنگرەکانی‌ تورکیای‌ کەمالییان دەوت جلخوارەکان. ئەو دۆخە و روانینی‌ رۆشنبیران و خوێندەوارانی‌ ئەو سەردەمە بۆ سیاسەتەکانی‌ تورکیای کەمالی و کەشی بێمتمانەیەی‌ بە تورکەکان، بەهۆی ئەزموونیان لە ٥٠٠ ساڵ داگیرکەری و کوشتاری گەلانی‌ ناوچەکە لەلایەن عوسمانییەکانەوە، کاریگەریی‌ لەسەر دوا بڕیاری شێخ مەحمود هەبوو، چونکە جگە لە ژمارەیەک بەرژەوەندیخوازی هەلپەرست نەبێت، کەسی تر بە سیاسەت و خواستەکانی‌ تورکیای‌ نەدەوت ئامین.

لەدوای نزیکەی‌ ١٠٠ ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو رووداوانەدا دیسانەوە نەخشەی‌ ناوچەکە دادەڕێژرێتەوە و گۆڕانکاریی‌ بەسەردا دێت. تورکەکان دەیەوێت بە هەمان سیاسەتی‌ کۆن، هەمان خەونی داگیرکەری، کارتی ئایین و بەکارهێنانی‌ کوردە جلخوارەکان خەونەکانی بهێننە دی و هەموو سنووری میساقی میللی (ویلایەتەکانی‌ حەلەب و موسڵ، ئەوەش دەکاتە هەموو رۆژئاوای‌ کوردستان و باشووری کوردستان) داگیربکاتەوە.

تورکیا بۆ ئەو پرۆژە داگیرکەرییەی‌، لە مێژە کار لەسەر بڵاوەپێکردنی‌ سیاسەتەکانی‌ لە باشووری کوردستان دا دەکات. لەگەڵ بڵاوەپێکردنی‌ هێزی سەربازی و دروستکردنی نزیکەی‌ ٣٠ بنکەی‌ سەربازی‌ و دەیان بنکەی‌ هەواڵگری و سیخوڕی لە ناو باشووری کوردستاندا، لە رێگەی‌ کۆمپانیاکانەوە دەستی‌ بەسەر بەشێکی‌ زۆری ئابووریی کوردستان لە کەرتی نەوتەوە بۆ کشتوکاڵ و جلوبەرگ، پێلاو و شیرەمەنی و زۆربەی پێداویستییەکانی‌ ژیانی رۆژانەی‌ هاووڵاتییاندا گرتووە. 

هاوکات پەنای بردووەتە بەر شێوازێکی تری کارکردن بۆ برەودان بە سیاسەتی‌ سایکۆ پۆلۆتیکی‌ تورکی، ئەوەش لە رێگەی‌ خوێندنگە تورکییەکانەوە بەڕێوەدەبات، کە ماوەی‌ ٢٤ ساڵە لە باشووری کوردستاندا کار بۆ بە تورکی کردنی‌ رۆڵەکانی‌ گەلی کوردستان دەکەن. جگە لە ژمارەیەکی‌ کەم نەبێت، هەزاران کەسی دەرچووی ئەو خوێندنگە و کۆلیژە تورکییانە، کە ئێستا پزیشک، ئەندازیار، بەڕێوەبەر، ئەندامی‌ باڵای‌ بەشێک لە حیزبەکان، مامۆستا، وانەبێژ، رۆژنامەنووس، نووسەر و لێکۆڵەرەن لە هەموو جومگەکانی‌ کۆمەڵگەدا چێنراون و پشتیوانی‌ سیاسەتەکانی‌ تورکیا دەکەن و رۆژانە پاساو بۆ تاوان و داگیرکەرییەکانی‌ دەوڵەتی‌ تورک دەهێننەوە، یان بەرامبەر بە سیاسەتەکانی‌ تورکیا بێهەڵوێستن. تورکیا لەم رێگەیەوە سوپایەک لە خەڵکی‌ لایەنگر و پشتیوانی‌ بۆخۆی دروستکردووە، کە خۆبەخشانە کار بۆ بڵاوەپێکردنی‌ ئەجیندای‌ دەوڵەتی‌ تورکیا دەکەن. ئەنقەرە لەو رێگاکانەوە کاری بۆ ئەوە کردووە، بە کردەوە باشووری کوردستان وەک لیوای ئەسکەندەروون و باکووری قوبرس بکاتە بەشێک لە تورکیا.  ئەو سیاسەتەی‌ تورکیا لەلایەن ژمارەیەک لە حیزبەکان و هێزەکان و چەند گروپێکی جۆراجۆرەوە، کە بەرژەوەندییان لەگەڵ تورکیادا هەیە، پشتیوانیی‌ لێدەکرێت. 

ئەو بێدەنگییە زۆرە بەرامبەر بە کوشتاری هاووڵاتییانی‌ باشووری کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا، دەستدرێژییە بەردەوامەکانی تورکیا، بۆرومانی‌ بەردەوامی‌ خاکی‌ باشووری کوردستان، ئۆپراسیۆنی‌ بەردەوامی دەوڵەتی‌ تورک بۆ سەر ناوچەکانی‌ باشووری کوردستان، داگیرکردنی‌ ناوچەکانی‌ برادۆست و مێرگەسوور و سیدەکان لە ماوەی‌ یەکساڵی رابردوودا و ئێستاش هەوڵی داگیرکردنی‌ خواکورک بۆ هۆکاری بەرژەوەندیی‌ ئابووری و بێ ئیرادەیی‌ سیاسی و سوپا خۆبەخشەکەی‌ تورکیا لە ناوخۆی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە، کە لە جلخوارەکانی دوێنێوە بوون بە ملخوارەکانی‌ ئەمڕۆ. 

تورکیا لە باشوور لە رێگەی‌ ملخوارەکانی‌ ئەمڕۆوە، لە هێنانەدیی‌ خەونەکەی‌ مستەفا کەمال ئەتاتورک بۆ داگیردنەوەی‌ ویلایەتی‌ موسڵ نزیکبووەتەوە. ئەو خەونە، کە لە سەردەمی شێخ مەحموددا لەلایەن جلخوارەکانەوە بەدی نەهات. 

لە رۆژئاوای‌ کوردستانیش ناوچەکانی‌ باب و جەرابلوس و مارع و عەفرینی‌ داگیرکردووە، کە بەشێکن لە ویلایەتی‌ حەلەبی کۆن و هەر وەک موسڵ دەکەونە چوارچێوەی‌ سنوورەکانی‌ میساقی میللی. جیاوازیی‌ دۆخی باشوور و رۆژئاوا ئەوەیە، لە باشوور سوپایەکی‌ ناوخۆی ملخوار پشتیوانی‌ تورکیان و لە رۆژئاوا ئەو سوپایە بوونی نییە. 

دەوڵەتی‌ تورکیا بۆ هێنانەدیی‌ خەونی داگیرکردنی سنوورەکانی‌ میساقی میللی لە چوارچێوەی‌ داڕشتنەوەی‌ نەخشەی رۆژهەڵاتی‌ ناوەڕاست لەم سەردەمەدا، لە عەفرینەوە تاوەکو خانەقین لە رێگەی‌ هێزی سەربازی و ئۆپراسیۆن و بۆردومان و داگیرکەری، کۆمپانیا و بازاڕ، قوتابخانە تورکییەکان و ژمارەیەک لە نووسەران، بەرپرسانی‌ بەشێک لە حیزبەکان، ژمارەیەکی باش لە رۆژنامەنووسان،  بەشێک لە راگەیاندنەکان و سوپایەکی خۆبەخشی ملخوار هەوڵ بۆ رەوایدان بەو داگیرکەرییەکەی دەدات.
 
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×