١٦ی ئۆکتۆبەر!

ئارێز عەبدوڵڵا
  2019-06-09     1644

لێدوان دەزگا راگەیاندنەکانی پارتی ھێندە بالۆرەی ١٦ی ئۆکتۆبەریان دووبارە کردۆتەوە ئەو رووداوە گەورەیان زۆر لە قەبارەی خۆی بچوکتر کردۆتەوە.


ھەر کە باسی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەکرێ، دەڵێی ٣١ی ئاب دووبارە بۆتەوە. ئەو کوتانەوەیە بە بەرنامەیە ئایا پاکانەیە لە ئۆباڵی ئەنجامی ریفراندۆم یان بۆ ھاوسەنگییە؟


دەگوترێ لە ١٦ی ئۆکتۆبەر خیانەت کراوە، گریمان زانیاریەکی وا لەبەر دەستە، بەڵام خۆ دامودەزگا نیشتیمانیەکان لەبەردەستی پارتیبوون و ئێستاش ھەر لەبەر دەستیدان، ئایا بۆچی لەسەر ئاستێکی باڵا کۆمیتەیەکی لێکۆڵینەوە دانەنراوە تاکو راستییەکان ئاشکرا بکرێن و ئەگەر دەرکەوت کەسێک یان لایەنێک خیانەتی کردووە سزا بدرێ و دواتریش لە ناو کۆمەڵ ریسوا بکرێن؟
١٦ی ئۆکتۆبەر ئەو رۆژەیە کە ھێزی پێشمەرگە لە خانەقینەوە تاکو شنگال بە درێژایی نزیکەی ھەزار کیلۆمەتر لە بەرامبەر سوپای عێراق و حشدی شەعبی پاشەکشەی کرد. ئایا ئەگەر کەرکوک بەھۆی خیانەتەوە کەوتبێ ئەی شنگال، دەشتی نەینەوا، مەخمور و گەرمەسێر بۆ؟


بە کورتی ئەو دۆسیەیە پێویستە یەکلایی بکرێتەوە یان ئەوەتە لەسەر ئاستێکی باڵا لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێ و ئەنجامەکەی دەربخرێ یان چیتر تومەت بۆ ھیچ کەسێک ھەڵنەبەسترێ. 


من پێم وایە ئەگەر کەسانێک ھەبن پەنجەی خیانەتیان بۆ درێژ بکرێ لەوە گەورەتر بە دوادانەچوون و جێبەجێ نەکردنی ئەرکە نیشتیمانی و ئەخلاقی و یاساییەکانە. پێویستە ئەو بابەتە لە بنەڕەتەوە یەکلایی بکرێتەوە.

 

پارتی دەڵێ ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشداربوونە بۆیان نییە پۆستی باڵا وەربگرن !... جارێ لە پێشەوە پرانسیپێکی یاسایی ھەیە دەڵێ تۆمەتبار بێتاوانە تا تاوانەکەی بەسەردا ساغ دەکرێتەوە، ئەی کەواتە ئێوە چۆن لە رەشەوە خەڵک تومەتبار دەکەن و بەبێ ساغ کردنەوەش سزای دەدەن؟! ئەگەر لە رەشەوەش نییە بۆچی بابەتەکە بەشێوەیەکی یاسایی یەکلایی ناکەنەوە؟ 


من دەپرسم ئەگەر لەمەودوا مەرجی یەکێتی بۆ رێککەوتن لەگەڵ پارتی ئەوەبێ کە نابێ ھەر کەسێک بەشداری ٣١ی ئاب کردبێ پۆستی باڵا وەربگرێ، کاردانەوەی پارتی چی دەبێ و چی لەم وڵاتە دەقەومێ؟


لە کۆتاییدا دووبارە دەڵێم ئەرکی سەرۆکی ھەرێم، حکومەت، حزبەکان، داواکاری گشتیە کە راستی و نا راستیەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر دەربخەن، دەنا ناکرێ چیتر یەکێتی لەو تۆمەتە گەورەیە بێدەنگ بێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×