ئیتر قسە ئەكەم (6)

عەبدولرەزاق شەریف
  2019-06-10     1169


پارتی وەك گای بنە لە خەرمانی ئەوانی تردا
تاڵەبانی‌و نەوشیروان مستەفا، بەجیاو هەریەكەیان كۆمەڵێك مەسئولی پشت دەرگاو ناولە گیرفانیان لەگەڵدابووە، لەسێبەری ئەواندا، هەندێكیان بون بەناوو ناوبانگ، بەڵام لەبەرئەوەی لە بیركردنەوە، خەیاڵی هونەری سیاسەت، پەیوەندی و مونافەسەو ململانێدا، هیچیان لەباردا نەبو، هەرزو لە غیابی ئەو دو زاتەدا، لەسەربارو ژێربار‌و  دەرباری مەسعود بارزانیدا خۆیان دۆزییەوە، عادەتەن لە سیاسەت‌و حوكمڕانیدا، هەر حزب‌و سەركردەیەك خاوەنی بیركردنەوەو بڕیار نەبێت، لەبرسا یان لە ترس‌و نەزانیدا بێ، ئەوەی تر بە هەر رێگەیەك بێت بیری بۆ ئەكاتەوەو بڕیاری بۆ ئەدات.
لەبەرئەوەی مەراسیمی یاسایی‌و رێكاری پەرلەمانی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی‌و حوكمڕانی لە بارزانی باوكەوە بۆ نەوەكانی، هیچ ئەرزشێكی مەعنەوی‌و سیاسی نەبوو، سبەی تەدارەك‌و تەبارەكی ئەو گواستنەوەو جێگیربونە لە شاری هەولێرو بە شێوازی سوڵتانی‌و بەیعەتدان رێكدەخرێت.
داوەتی شاهانە بۆ گشت سەركردە عێراقی‌و كوردستانییەكان، بە ئامادەبوونی نوێنەری وڵاتانی جیهان سازكراوە، ئەوانەی جیاواز لەوان بیردەكەنەوە، حەتمەن ئیحراجی ئامادەنەبون نابن، ئەوانەشی ئامادە ئەبن، پێ بزانن یان نا، وەك مەراسیمی لوتكە عەرەبییەكانی پێشووی سەدام کە بۆ تەوەلی ئوممەی عەرەبی  رێكی دەخستن، بە چەپڵە دەستپێدەكات‌و بە چەپڵە كۆتایی دێت.
لە ئایندەشدا، پارتی‌و نەوەكانی بارزانی بۆ بەشەرعییەتكردنی, ئەوەندەی باسی ئەم بەیعەت‌و تەوەلییە دەكەن باسی یاسا‌و هەڵبژاردن‌و دەنگدان ناكەن، چەپڵە لێدەر‌و ئامادەبوەكانیش، دەبێت وەك حوسنی موبارەك تەنیا وەڵامیان بۆ خۆیان‌و گەلەكەیان، ئەوە بێت، كە جگە لە چەپڵەو میوانداری, هیچی تر تێنەگەیشتن‌و هیچیش لە دەسەڵاتیاندا نەبو( ما فاهمناش حاگە) .
وێڕای ویست‌و بەرنامەی بۆ دەسەڵاتی سوڵتانی هەڵەو تەعنی گەورە لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە، كە لە پاوان و دەسەڵاتی خۆیدا، ئەسپی رایسزەو لە پاوان‌و خەرمانی ئەوانی تردا گای بنەیە, بە موبەڕیڕی نەمانی تاڵەبانی و فرە كوێخایی ناو یەكێتی، رێككەوتنی ستراتیژی بەكردار هەڵوەشاندوەو لە جێگەی, رێككەوتنی پارتی لەلایەك‌و بە جیاواز تاك بەتاكی ئەندامەكانی مەكتەبی سیاسی و بنەماڵەی تاڵەبانی، لە پشتی پەردەوە  كرد‌و جێبەجێكرد، بۆشایی گەورەی نێوان یەكێتییەكان‌و سەركردەكانیان، پابەندبونی ئەو تاكانەیە بەو رێككەوتنە نهێنی‌و ژێربەژێرانەوە، كە لە چوارچێوەی بەرژەوەندی شەخسییداو بە مەبدەئی ( تۆ چیت ئەوێت بۆت ئەكەین) رێكخراوە.
لەدوای مەرگی نەوشیروان مستەفاش، پارتی بۆ كۆنترۆڵكردنی بڕیاری بزوتنەوەی گۆڕان، هەمان نەخشەی پیادەكردو تیایدا سەركەوتو بو، تەنها شتێك كە بووە بە شكست بۆ پارتی و بۆی راست نابێتەوە( كەلاشی گرنگ نیە راستی بكاتەوە) ئەو دەنگە ناڕازییە فراوانەیە، كە لەدژی  لە ئارادایەو لە گۆڕان و یەكێتی و حزبەكانی تر بونەتەوەو رۆژ بەرۆژ رو لە زیادبونە، هەرئەمەش دنەو تەغزیەی گشت دەنگە ناڕازییەكانی كوردستان دەكات، هەر قۆناغێك‌و بەناوێكی جیا خۆی نمایش دەكات، هاوشانی ئەوە، لێكەوتەو كاردانەوەی ئەو سیاسەتەی پارتی، بوەتەهۆی زیادتربونی  کێشەو ناكۆكییە ناوخۆییەکانی حزبە رکابەرەکانی،  بە جیابونەوە‌و بچوكبونەوە مە‌حکومی کردون.

 


خڕ‌و دووپێوانەیی، لادان‌و چەواشەكاریی
نەبونی مەعریفەو فكری سیاسی، گەمژەیی لە كارگێڕی و بەڕێوەبردندا، بێ ئەدەبی لە خوڵق‌و ئەخلاقی حزبیدا، سەنگەرگرتن لە تێكۆشەرانی بزوتنەوەكەو خودی نەوشیروان مستەفا، هەستنەكردن بە بەرپرسیارێتی گشتی، رێز و حورمەتنەگرتنی خۆیان لەخۆیان‌و زۆر رەفتارو كرداری تر كە بۆ هەریەكەیان دەیان نمونەی زیندو هەیە، گەواهیدەری چەواشەكاری‌و لادان و بێ نۆرم و مۆراڵی ئەم گروپەی خڕو دەستوپێوەندەكانیانە،  ئێمەومانانیش لەدوای مەرگی كاك نەوشیروانەوە، بەشێوەیەك شەرمەزار‌و گیرۆدە بوین، لە کۆتاییدا كێشەو ناكۆكیی و جیاوازییەکانمان بە تەقینەوە گەیشت.
ئەمەی روئەدا دەرئەنجامی سوكیی‌و سلوكی ئەوانە، نەك بانگەوازی گۆڕینی دەستوری بزوتنەوەكەو كفری چون یان نەچونە دەسەڵات‌و بەوەزیر بون یان نەبونی فڵان‌و فیسار.
دو پێوانەیی لە هەڵوێست و بڕیاری سیاسی ناوخۆو دەرەوەی بزوتنەوەكەدا، پابەند نەبون ‌و حساب بۆ نەكردنی شكۆو شەخسیەتی ئۆرگان‌و سەركردەو كادرەكان، برەوپێدانی تەفرەقەو لێكترازان، ئەو دەردو نەخۆشیانەیە، كەوایكردووە، سەرانی ئێستای بزوتنەوەكە، وەك ئەو منداڵە دەربكەون، كە خۆی پیس ئەكات‌و روی مەجلیسی نامێنێ‌و تەنها خۆی دەزانێت چ كەتنێكی داوە.
دەركەوت كە سەید عومەرو هاوەڵەكانی لەناو یەكێتیشدا، كە بانگەوازی فرەمینبەری‌و جیاكردنەوەی مینبەری سەربەخۆیان دەكرد، مامۆستاكانی حزبی سۆسیالیستی فەرەنسیان دەعوەتی سلێمانی دەكرد بەو مەبەستە كۆبونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتیان بۆ رێكدەخست‌و مام جەلالیان بەرێگر تۆمەتبار دەكرد، جگە لە دەجال و چەواشەكارێكی سیاسی هیچی تر نەبون، چونكە ئێستا خۆیان، رێگە بە رەخنەیەكی ئازادی ناو ئۆرگانەكانی خۆشیان نادەن، چ جای مینبەر و دەنگ و رێكخستنی جیاواز.
سەید عومەر و هاوەڵەكانی نامەیان بە ئیمزای خۆیان ئاراستەی مام جەلال دەكرد، تیایدا دەڵێن (تەمەنت چوەتە سەرو 70 ساڵ ‌و ئیتر كاتی ئەوەیە بچیتە ماڵەوە), لە كاتێكدا مام جەلال، سەرۆكی كۆماری عێراق بو، خاوەنی دو لیوای 20 هەزار پێشمەرگەو حیمایەی شەخسی‌و بەرپرسی راستەوخۆی خەرجی موڵك‌و ماڵی زۆرو زەوەندی یەكێتی بو، ئێستا خۆیان بەولات بازییەوە دوای خۆپیسكردن، تەمەنیان نیوەی یەكەمی سەرو 70 ساڵیشیان تێپەڕاندوەو لە هەوڵی درێژكردنەوەی دو ساڵی تریشدان، دەردەكەوێت كە ئەوسا ئیمزاكەیان جگە لە بوغز‌و كینەو كاردانەوەی كۆستی پەكی پارەو پۆست هیچی تر نەبووە. هەیەو نیانە وەك خولە چەخماخساز ( كەمال و مارف)ێكیان لەگەڵدایە, دەنگی بزوتنەوەكەشیان كردوە بە چارەك, لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، قەرەج‌و سواڵكەری هاوردەی ئەم شارەیان بەرداوەتە گیانی تێكۆشەرەكان‌و ناشرینترین شێوازی سوكایەتی  بەرامبەر هاورێكانی دوێنییان بەكاردەهێنن،  دەشیەوێت كەس نەڵێت سەید بسیمیلا بكەو دەستهەڵبگرەو تەمەنت چوەتە سەرو 70 ساڵ. ئەی دو پێوانەیی لە هەڵوێست‌و رەفتاری سیاسیدا چیە؟!
وردتر قسە بكەین، خڕو خێوی ئەم بزوتنەوەیەی ئێستا فڕو فەهمی بە نەوشیروان مستەفاوە نیە، كەسێك هەیە نەزانێ، دەستەواژەو چەمكەكانی ئەنجومەنی باڵاو سەركردایەتی سیاسی‌و كۆبونەوەی لوتكەی حزبەكان، بەناوو كارو كردار، هێندەی ئەرزو ئاسمان لە پرەنسیپی بەدامەزراوەكردن‌و بە نیشتمانیكردنی حوكمڕانی هەرێم و فكری نەوشیروان مستەفاوە دورە، ئەی ئەم دەروێش تامەزرۆییە، بۆ كۆبونەوەی لوتكەو بەیعەتدانەوە بە شێخی دیوەخان، لادان نەبێت چیە؟
دواجار لە سایەی سێبەری نوسراو و لێدوانە رەسمییەكانی كاك نەوشیروانەوە، كەسێك هەیە لەم كوردستانەدا نەزانێ گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی‌و چاكسازی لەم گەندە كاولەیەی هەرێمدا، بە گۆڕینی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و بەدوایدا بە گۆڕینی یاساگەلێكە كە پەیوەست‌و پەیوەندیداری ئەو دەسەڵاتەی سەرۆكدا، جێبەجێدەكرێ. پێچەوانەش هیچ چاكسازییەك ناكرێ؟! بۆچی ئەم گروپەی خڕ وەكو لە كۆبونەوەكاندا دەیانوت و ( مەحزەرەكانی ماوە) كە فاكتەری سەرەكی بۆچونە حكومەت پارەو بێ پارەییە، بەڵام لای خەڵك‌و گۆڕانخوازان، كردویانە بە ئامانجی چاكسازی، گەر ئەمە چەواشەكردنی خەڵك و دەنگدەرەكانی بزوتنەوەكە نیە، چ ناوێكی تری هەی؟!
ماویەتی....

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×