هه‌ڵه‌بجه‌، پیاچونه‌وه‌یك به‌ ڕابردو

بەیار عومەر
  2019-06-10     208


زۆربه‌مان هاوڕاین له‌سه‌ر خراپی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای كورد، به‌ڵام ئه‌مه‌ بیانو نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆزگه‌ به‌ ڕژێمی سه‌دام بخوازین. بەداخەوە ئێستا خەلکانێک ھەن خراپی دەسەڵاتی کوردیان کردوە بە بیانو بۆ ئەوەی بە شان و باڵی سەدام و دارودەستەکەیدا ھەڵبدەن، بێئاگا لەوەی ئازاری دڵی ھەزارەھا قوربانی ئەنفال و کیمیاباران ئەدەن، و برینی كه‌سوكاری شه‌هیدان ئه‌كولێننه‌وه‌. 

ھەروەھا بێئاگا لەوەی کە سەدام ئابوری ئەم وڵاتەی داتەپاند و زۆرینەی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی لە چەند جه‌نگێكی بێئەنجام و دۆڕاودا بەھەدەردا، تەنھا لە پێناوی خۆپەرستی و بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بە سەرۆکی نەتەوەی عەرەب بناسرێت، بە مەرجێک خۆی و بنەماڵەكەی نە بەشداری ڕاستەقینەی جەنگیانکرد و نە قوربانیاندا. ھەروەھا ئەخلاقی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی عێراقیان تێکدا، و وایانکرد برا جاسوسی بەسەر براوە بکات، لە پێناوی بڕێک پارەدا. 

به‌شێكی زۆری هاوڵاتیان پێیانوایه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می سه‌دامدا ئابوری عێراق زۆر باش بوه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌مه‌ بۆ چه‌ند ساڵێكی سه‌ره‌تای گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام ڕاسته‌، چونكه‌ سه‌دام ده‌یویست ڕه‌زامه‌ندی هاوڵاتیان به‌ده‌ستبێنێت و جێپێی خۆی قایمبكات. به‌ڵام هه‌ر كه‌ زانی ده‌سه‌ڵات له‌ده‌ستیدا چڕبۆته‌وه‌، بێدودڵی ده‌ستیدایه‌ جه‌نگه‌ یه‌كله‌دواییه‌كه‌كانی كه‌ نزیكه‌ی ملیۆنێك هاوڵاتی عێراقی تیایدا تیاچون و به‌ ملیاره‌ها دۆلاری ئه‌م وڵاته‌ به‌فیڕۆ چو. له‌ ساڵانی كۆتایی حوكمی سه‌دامدا‌، موچه‌ی مامۆستایه‌ك به‌شی ته‌به‌قێك هێلكه‌ی نه‌ده‌كرد و به‌ڕاده‌یه‌ك برسێتی بڵاوبوبۆوه‌، كه‌ زۆر كه‌س له‌ سلكی سه‌ربازی و مه‌ده‌نیدا ناچاربون چه‌ندین ئیشی نه‌گونجاوبكه‌ن له‌پاڵ كاره‌كه‌ی خۆیاندا بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ژیانیان دابینبكه‌ن. 

له‌كاتێكدا هاوڵاتیانی عێراق به‌ گشتی باری ئابوریان زۆر خراپ بو، سه‌دام پاره‌ و نه‌وتی بۆ زۆربه‌ی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان ده‌نارد، كه‌ باری ئابوری هاوڵاتیانیان زۆر له‌ هی عێراق باشتربو، بۆ نمونه‌ ئوردن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وه‌ی به‌لای سه‌دام و ڕژێمه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌مترین بایخ و گرنگی هه‌بوه‌، بژێوی و ڕه‌زامه‌ندی خه‌لكی عێراق بوه‌. ئه‌وه‌شی كه‌ به‌ڕاستی جێی بایه‌خ و گرنگی سه‌دام بوه‌، ئه‌وه‌ بوه‌ كه‌ خۆی وه‌ك قایدی ئومه‌ی عه‌ره‌بی بناسرێت. سه‌ره‌نجام سه‌روه‌ت و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی و توانا مرۆییه‌كانی عێراقیشی خسته‌ خزمه‌ت غه‌ریزه‌ شه‌خسیه‌كانیه‌وه‌.

ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه ئه‌مڕۆ‌ ئه‌یبینین هه‌ر له خۆبه‌خاوه‌نزانینی سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی وڵات و ته‌خشانكردنی بۆ به‌ده‌ستهێنانی وه‌لائی سیاسی و ده‌ستدانه‌‌ گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی وڵات و خۆجیاكردنه‌وه‌ی به‌رپرسه‌كان له‌ خه‌لك و خۆبه‌گه‌وره‌ زانین و خه‌لك به‌كه‌مزانین، هه‌مو ئه‌مانه‌ درێژكراوه‌ی كه‌لتوری ڕژێمی سه‌دامه‌. به‌ كورتیه‌كه‌ی سه‌دام ئه‌م ئاوه‌ی ڕشت و ئه‌مانه‌ی ئه‌مڕۆش به‌ شێوه‌ی جیاجیا پێیتێده‌خه‌ن. بۆیه‌ ئه‌بێت پێش به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی ئه‌مڕۆ، نه‌فره‌ت له‌ ڕژێمی سه‌دام بكه‌ین، كه‌ ئه‌م كه‌لتوره‌ نابه‌جێیه‌ی له‌ عێراقدا داهێنا، كه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌كانی پێئه‌چێت چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی تری بوێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×