وه‌زیفه‌ی‌ میدیای‌ كوردی‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خاڵی سفر

ئازاد ئیبراھیم‌
  2019-06-11     148
له‌دوای‌ ڕاپه‌ڕینی به‌هاری‌ ساڵی 1991ه‌وه‌ كورد له‌باشوری‌ كوردستان خه‌ونی به‌بونی میدیایه‌كی نیشتمانی‌ به‌هێزو كاریگه‌ره‌وه‌ ده‌بینی كه‌ بچێته‌ ئاستی میدیا به‌هێزه‌كانی‌ جیهان، یان هیچ نه‌بێت بچێته‌ ئاستی میدیای‌ ناوچه‌كه‌وه‌و به‌تایبه‌تتر میدیای‌ نه‌یارو دوژمنانی‌ كورد تێپه‌ڕێنێت.

دوای‌ زیاتر له‌چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كیش له‌به‌رواری‌ ڕاپه‌ڕین، ئێستا له‌باشوری‌ كوردستان ژماره‌ی‌ میدیا بینراوه‌كان هێنده‌ زۆره‌ كه‌ وه‌ك هه‌ندێك له‌شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری‌ میدیا ده‌ڵێن كوردیش پێویستی به‌قه‌مه‌رێكی ئاسمانی‌ سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌ هه‌موو میدیاكانی‌ خۆیی تێدا كۆبكاته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌دیدی نه‌ته‌وه‌یی له‌م میدیایانه‌ بڕوانرێت هێشتا هیچ یه‌كێك له‌م میدیایانه‌ هه‌ڵگری‌ خه‌ونه‌ گه‌وره‌كه‌ی دوێنێی نه‌ته‌وه‌كه‌مان نییه‌.

ئه‌وه‌ی‌ یارمه‌تی هه‌بوونی ئه‌م هه‌موو میدیایه‌ی له‌ باشوری‌ كوردستاندا، ژینگه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ دوای‌ ڕاپه‌ڕین و دواتر دوای‌ ڕوخانی‌ ڕژێمی به‌عس بوو له‌عێراقدا. ئه‌م دوو به‌رواره‌ جیاوازه‌ كه‌ له‌خه‌ونی خوڵقاندنی فه‌زای‌ دیموكراتی و ئازادیدا هاته‌بون، ده‌رفه‌تی بۆ بۆری و زۆری میدیا ڕه‌خساند و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا وه‌زیفه‌ی‌ میدیای‌ كوردی له‌ناو ئه‌م ژینگه‌ سیاسییه‌ تێكچوو و پڕ كێشه‌یه‌دا نه‌ك نه‌یتوانی‌ خاڵێك بۆسه‌ر پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كه‌ زیاد بكات به‌ڵكو گه‌ڕایه‌وه‌ خاڵی سفرو له‌هه‌ندێك حاڵه‌تدا نه‌بوونیان باشتربووه‌ له‌ بوونیان و ئه‌وه‌نده‌ی‌ وێنه‌ی‌ ناكۆكی ناوخۆیی گواستۆته‌وه‌ بۆ نه‌یاره‌كانی‌ كورد ئه‌وه‌نده‌ نه‌بووه‌ته‌ هێزی ململانێكاری‌ میدیای‌ نه‌یاره‌كانی‌ كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌وه‌نده‌یش خاڵی جوانی‌ ناوخۆیی پیشان نه‌دا.

تاكو ئێستاو به‌ سه‌یركردن له‌ میدیا كاریگه‌ر و پڕ بینه‌ره‌كانی‌ ناوچه‌كه‌، میدیای كوردی له‌ شێوه‌ی كاركردندا میدیایه‌كی ناوخۆییه‌!. واته‌ كاركردنی‌ میدیای كوردی له‌ باشوری‌ كوردستان له‌ناو پێكدادانه‌ ناوخۆییه‌كه‌دا پشكی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌دا ون و بێبینه‌ر و بێكاریگه‌ره‌. به‌ ته‌عبیرێكیتر ڕه‌نگه‌ له‌ناوخۆی‌ كوردستاندا میدیایه‌كمان هه‌بێت له‌ میدیایه‌كیتر باشتر بێت و ململانێی یه‌كتری‌ بكه‌ن، به‌ڵام له‌ئاستی ده‌ره‌وه‌دا میدیای‌ كوردی ناتوانێت ململانێی میدیایه‌كی ناكوردی بكات و میدیایه‌كی پڕ ئه‌جێندای‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی نییه‌ و بێكاریگه‌ره‌ له‌ ڕاكێشانی چاوی بینه‌ری‌ بیانی و ناكورد بۆ خۆی‌ و نه‌یتوانیوه‌ گوتاری‌ نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ ڕێگه‌ی‌ ستراتیژ و به‌رنامه‌كانییه‌وه‌ په‌خش بكات و لانی كه‌م میدیای‌ هاوشانیش نییه‌ به‌ میدیای‌ تورك و عه‌ره‌ب و فارسی دراوسێ و نه‌یاری كورد.

دوای‌ زه‌مه‌نێكی دوورو درێژ له‌ ده‌ركه‌وتنی میدیای بینراو له‌ دنیا و مێژووی‌ باشوری‌ كوردستاندا، كاتێك ده‌بینین میدیای كوردی له‌ خه‌ونی نیشتمانیبوون و نه‌ته‌وه‌ییبوون دووركه‌وتۆته‌وه‌، ئیدی ئه‌م میدیایانه‌ ستراتیژ و ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی گه‌وره‌یان نابێت كه‌ وێنه‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ ناوخۆی‌ كوردستان بباته‌ ئاستی ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مه‌به‌ست و نێتێكه‌ بۆ ناوخۆی كوردستان . بۆیه‌ ئێستا له‌ ناوخۆی كوردستاندا كه‌ سه‌یری ته‌واوی‌ به‌رنامه‌ ته‌له‌ڤیزیۆنیه‌كان ده‌كه‌یت هه‌موویان دووباره‌ و هاوشێوه‌یه‌، چونكه‌ میدیای كوردی ئاراسته‌ی ده‌ره‌كی وه‌رنه‌گرتووه‌ و نه‌بووه‌ته‌ مینبه‌رێك بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وێوه‌ وێنه‌ و ده‌نگی گه‌ڵێك بگاته‌ ده‌ره‌وه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×