رواندا، فێتنام، هه‌رێمی‌ كوردستان

شێرزاد شێخانی‌
  2019-06-11     376
له‌سه‌ده‌ی‌ رابردودا جگه‌ له‌ولاته‌ زلهێزه‌ ئابووریه‌ ناسراوه‌كانی‌ جیهان وه‌كو ئه‌مریكاو روسیا وبه‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو ئه‌لمانیا، هێزی‌ ئابووری‌ تازه‌ش سه‌ریان هه‌ڵدا، كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا توانیان ژێرخانێكی‌ ئابوری‌ زه‌به‌ڵاح بۆ خۆیان دابینبكه‌ن و به‌ربه‌ره‌كانی‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانیش بكه‌ن. هه‌ڵبه‌ت وڵاتی‌ چیین یه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی‌ وه‌كو ئابووریه‌كی‌ به‌هێزو ركابه‌ر بێته‌ مه‌یدان، له‌خوار ئه‌ویش وڵاتانی‌ تریش ئابووریه‌كانیان گه‌شه‌ی‌ سه‌ندو بونه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئابووری‌ جیهانی‌، به‌تایبه‌تیش به‌شێك له‌وڵاتانی‌ ئاسیا وه‌كو مالیزیاو سه‌نگاپووره‌و كۆریای‌ باشور.

ئه‌زمونی‌ به‌رێوه‌‌‌بردنی‌ ئه‌م وڵاتانه‌ ئیلهامبه‌خشبون بۆ زۆربه‌ی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ دواكه‌وتووی‌ جیهان ، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ باسمان كردن له‌ژێرخانێكی‌ سوتماك و رووخاوه‌وه‌ بوون به‌خاوه‌ن جوانترین ئه‌زمونی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوو. له‌هه‌زاره‌ی‌ سێیه‌میشدا ئه‌زمون گه‌لێكی‌ تریش گه‌شانه‌وه‌ ، كه‌ دوو له‌جوانترین نمونه‌یان وڵاتانی‌ روانداو فێتنامه‌ كه‌ ئه‌م دوو وڵاته‌ش‌ به‌سروشت و واقیعی‌ رووداوه‌كانیان زۆر نزیكن له‌وه‌زعی‌ ئێمه‌ی‌ كورد له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

وڵاتی‌ رواندا له‌ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وده‌كاندا دووچاری‌ شه‌ڕێكی‌ خوێناوی‌ زۆر سه‌خت بوو له‌نێوان هه‌ردوو خێڵی‌ هۆ‌توو توتسی‌، له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێكدا نزیكه‌ی‌ ملیۆن ونیوێك خه‌ڵكی‌ ئه‌م وڵاته‌ بوونه‌ قوربانی‌ شه‌ڕه‌كه‌ و، دوو ملیۆن كه‌سیشان ئاواره‌ی‌ وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر بوون. كووچه‌و شه‌قامی‌ شاره‌كانی‌ ئه‌م وڵاته‌ پڕ بوون له‌ لاشه‌ی‌ كوژراوانی‌ هه‌ردو خێڵه‌كه‌. له‌م ئانوساته‌دا كه‌سایه‌تیه‌كی‌ گه‌نجی‌ ئه‌م وڵاته‌ ده‌ركه‌وت كه‌ ناوی‌ بۆل كاغامی‌ بوو . مێژووی‌ ئه‌م وڵاته‌ به‌ئاوی‌ زێر ناوی‌ ئه‌م كه‌ڵه‌ سه‌ركرده‌ قاره‌مانه‌ ئه‌نوسێته‌وه‌ ، كه‌ توانی‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كورتدا ده‌ست به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا بگرێ . له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ ببێت به‌ به‌شێك له‌شه‌ڕه‌ خوێناویه‌كه‌ ، یه‌كه‌م هه‌نگاوی‌ ئاشتكردنه‌وه‌ی‌ ناوخۆیی‌ بوو . به‌بریاری‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ یاسای‌ لێبووردنی‌ گشتی‌ ده‌ركرد، دواتر نزیكه‌ی‌ 120 هه‌زار تاوانباری‌ جه‌نگی‌ راده‌ستی‌ دادگای‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كرد . به‌دوای‌ ئه‌مه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ كه‌وته‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی‌ باری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌وه‌ی‌ ئاسه‌واری‌ جه‌نگه‌ ناوخۆییه‌كه‌ی‌ خسته‌ ناو پرۆگرامی‌ خوێندنه‌وه‌ ، به‌مه‌ش یه‌كه‌م ئامانجی‌ خۆی‌ پێكا له‌به‌رگرتن له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی‌ ناكۆكی‌ خێڵه‌كی‌ له‌وڵاته‌كه‌یدا . دواتر ده‌ستی‌ به‌چاكسازی‌ ئابووری‌ كردو، سه‌ره‌تا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان زه‌وی‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ دابه‌شكردو خه‌ڵكی‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر كاری‌ كشتوكاڵی‌ بۆ دابینكردنی‌ پێداویستیه‌كانی‌ ژیانیان . دواتر كۆمه‌ڵێك له‌ گه‌نجه‌كانی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ ده‌وڵه‌ت نارده‌ وڵاتانی‌ جیهان بۆ تۆژینه‌وه‌ له‌چۆنیه‌تی‌ پێشخستنی‌ ئابووری‌ وڵات .هه‌ر له‌وساوه‌ ده‌رگای‌ وه‌به‌رهێنانیشی‌ كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م وڵاتانی‌ دونیا كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا رژانه‌ سه‌ر پڕۆژه‌ وه‌به‌رهێنانه‌كانیان له‌م وڵاته‌دا . به‌مشێوه‌یه‌ له‌مه‌ودایه‌كی‌ كورتدا ئه‌نجامی‌ چاكسازییه‌كانی‌ له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌و ئابووری‌ به‌ده‌ركه‌وتن ، ئێستا ئه‌م وڵاته‌ بووه‌ به‌ ئه‌زمونێكی‌‌ ئیلهامبه‌خش بۆ وڵاته‌كانی‌ تری‌ كیشوه‌ری‌ ئه‌فه‌ریقا له‌ بواری‌ پێشكه‌وتنی‌ ئابووریدا .

وڵاتی‌ فێتنام له‌سه‌ده‌ی‌ رابردوودا كه‌وته‌ به‌ر ململانێیه‌كی‌ تووندی‌ هه‌ردوو جه‌مسه‌ری‌ ئه‌مریكاو روسیا ، به‌مه‌ش بۆ ماوه‌ی‌ ده‌یان ساڵ دووچاری‌ جه‌نگێكی‌ وێرانكه‌ر بوو كه‌ بووه‌ هۆی‌ له‌تبونی‌ وڵاته‌كه‌ بۆ دوو پارچه‌ی‌ جیا . گه‌لی‌ فێتنام هیچی‌ نه‌ما و هاته‌ سه‌ر سفر ، دوای‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م گه‌له‌وكۆتاییهاتنی‌ جه‌نگه‌كه‌ش ، فێتنام له‌سفره‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد. هه‌رچه‌نده‌ حزبی شیوعی‌ ئابووریه‌كی‌ مه‌ركه‌زی‌ چڕی‌ به‌سه‌ر ولاته‌كه‌دا سه‌پاندبوو ، به‌مه‌ش وڵاته‌كه‌ له‌رێزبه‌ندی‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ هه‌ژاره‌كاندا مایه‌وه‌و له‌په‌لوپۆ كه‌وت . ئا لێره‌شدا سه‌ركرده‌یه‌كی‌ شیوعی‌ به‌ده‌ر كه‌وت كه‌ ناوی‌ نیجوین فان لین بوو ، ئه‌و‌یش هاوشێوه‌ی‌ پاڵه‌وانه‌ ئابووریه‌كانیتر ،قوڵی‌ هه‌ڵماڵی‌ و كه‌وته‌ بنیاتنانی‌ ئابووری‌ وڵاته‌كه‌ی‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی‌ دڵسۆزی‌ شیوعیه‌ت بوو، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێگر نه‌بو له‌وه‌ی‌ فان لین ده‌ست به‌چاكسازی‌ بكات ، ئه‌ویش به‌ چاكسازی‌ كشتوكاڵیه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكرد ، دواتر ورده‌و ورده‌ په‌رژایه‌ سه‌ر چاكسازی‌ له‌بواری‌ په‌روه‌رده‌و پیشه‌سازی‌ وئابووری‌، له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا فێتنامیش هاته‌ ریزی‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتوه‌كانی‌ ئابووری‌ جیهان .

نمونه‌ی‌ تریش زۆرن له‌م باره‌یه‌وه‌، هه‌ر له‌ ئه‌سیوبیاوه‌ بۆ مالیزیا و، له‌ ئیماراته‌وه‌ بۆ هیندستان ، هه‌ڵبه‌ت باسی‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپاش ناكه‌ین ، چونكه‌ ئه‌مانه‌  ده‌مێكه‌ پێشكه‌وتون ، باسمان له‌م وڵاتانه‌یه‌ كه‌ له‌هیچه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردو، له‌ناو داروپه‌ردووی‌ جه‌نگه‌ درێژخایه‌نه‌كانیانه‌وه‌ سه‌ریان به‌رز كرده‌وه‌و گه‌یشتنه‌ ترۆپكی‌ ئاسمانه‌وه‌ .

ئه‌زمونی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ، سه‌رباری‌ ته‌مه‌نی‌ بیستو هه‌ی‌شت ساڵه‌یدا تاكو ئه‌مڕۆش له‌شوێنی‌ خۆی‌ موراوه‌حه‌ ئه‌كات، یه‌ك هه‌نگاو له‌رووی‌ ئابووریه‌وه‌ نه‌چۆته‌ پێشه‌‌وه‌ . ململانێی‌ حزبی‌ و ده‌ستبه‌ردار بوون له‌مه‌بادیئه‌كانی‌ شۆڕش و گه‌نده‌ڵی‌ و به‌رژه‌وه‌ندخوازی‌ حزبی‌ وكه‌سی‌ هه‌رێمه‌كه‌مانی‌ گه‌یاندۆته‌ خاڵی‌ سفره‌وه‌، ئێستا ئه‌گه‌ر پاره‌ له‌به‌غداوه‌ نه‌یه‌ت حكومه‌ته‌كه‌مان ناتوانێ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانیشی‌ بدات ، ئه‌مه‌ش له‌كاتێدایه‌ كه‌وا هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ریایه‌ك نه‌وته‌وه‌یه‌.

ساڵی‌ په‌نجاو شه‌سته‌كان هه‌رێمی‌‌ كوردستان نانی‌ هه‌مو وڵاتی‌ عیراقی‌ ئه‌دا ، ته‌نها ده‌شتی‌ هه‌ولێر و كه‌ندێناوه‌ گه‌نمو جۆی‌ وڵاتی‌ دابین ئه‌كرد ، له‌سه‌دا حه‌فتای‌ دانیشتوانی‌ هه‌رێم خه‌ریكی‌ فه‌لاحه‌تی‌ بوون له‌ده‌شته‌كانی‌ نه‌ینه‌واو كه‌ركوكه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گو‌نده‌كانی‌ سه‌ر سنور . مێوه‌و سه‌وزه‌ی‌‌ خۆماڵی‌ به‌شی‌ هه‌مو دانیشتوانی‌ ئه‌كردو هه‌نارده‌ش ده‌كرانه شاره‌كانی‌ تری‌ عیراق . به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی‌ حوكمڕانی‌‌ كورده‌وه‌ ، كه‌ره‌وزو ته‌ماته‌و خه‌یاریشمان له‌وڵاتانی‌ ده‌وروبه‌ر هاورده‌ ده‌كرێ ، به‌مه‌ش ملیاران دۆلاری‌ ئه‌م وڵاته‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌چێته‌ گیرفانی‌ بێگانه‌وه‌ . سامانی‌ نه‌وتمان راده‌ستی‌ دوژمنانمان كردوه‌ ، ته‌نانه‌ت چه‌ته‌كانی‌ داعشیش خێر له‌ سامانه‌كانی‌ ئێمه‌دا‌ ئه‌بینن .

ئه‌م ئه‌زمونه‌ شكستخواردوه‌ی‌ ئابووری‌ هه‌رێم پێویستی‌ به‌ فریادڕه‌سێكی‌ وه‌كو فان لین وبۆل كاغامی‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر نه‌شتوانین ژێرخانی‌ ده‌وڵه‌تێكی‌ سه‌ربه‌خۆمان بۆ دابینبكه‌ن ، لانیكه‌م هاوڵاتیانمان ژیانێكیان بۆ زامن بكه‌ین كه‌ كه‌رامه‌تی‌ ئینسانیان پارێزراو بێت ..

هه‌ڵسانه‌وه‌ی‌ هه‌رێم لێره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات كه‌ هه‌ردوو حزبی‌ پارتی‌ ویه‌كێتی‌ ، هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ وتاڵه‌بانی‌ ، هه‌ردوو زۆنی‌ سه‌وزو زه‌رد ، پرۆسه‌یه‌كی‌ ئاشته‌وایی‌ سه‌رتاسه‌ری‌ رابگه‌یه‌نن ، چاكسازی‌‌ راسته‌قینه‌ ده‌ست پێبكه‌ن له‌گشت بواره‌كانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ وئابووری‌ وپه‌روه‌ده‌وه‌ ، ئێمه‌ش وه‌كو وڵاتانی‌ تری‌ ئه‌م دونیایه‌ ئه‌زمونی‌ سه‌ركه‌وتوی‌ خۆمان هه‌بێت ، ئه‌مه‌ش ته‌نهاو ته‌نها به‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ ته‌جریم وته‌حریمی‌ گه‌نده‌ڵی‌ به‌ پله‌ یه‌ك ، كۆتاییهێنان به‌ ناكۆكی‌ وململانێی‌ حزبی‌ به‌ پله‌ی‌ دوو، سه‌روه‌ری‌ یاساو عه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تیش به‌دوایانه‌وه‌ ، به‌مه‌ش ئه‌توانین ئه‌زمونێكی‌ تازه‌ بێنینه‌  كایه‌وه‌ كه‌ وای‌ لێبێت میلله‌ته‌كه‌مان به‌سه‌ربه‌رزییه‌وه‌ بژی‌ ومێژووش به‌ شانازییه‌وه‌ باسی‌ میلله‌ته‌كه‌‌مان بكات ..
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×