تێگەیشتن لەئاڵۆزی قەیرانی ئێران‌و ئەمریکا لەناوچەکە

سەردار عەزیز
  2019-06-11     1277

ڕۆژانی ڕابوردوو سەرقاڵی کارکردن بووم لە سەر پرسی ئێران و ئەمریکا و کاریگەری لە سەر ناوچەکە. پرسی سەرەتا ئەوەبوو کە ئایا چۆن لە روداوێکی پڕ لە ئەکتەری جیاواز و ڕیشەی ئاڵۆز و زۆر و دینامیکیەتێکی ئێجگار خێرا تێدەگەین؟ لە ماوەی ڕابوردودا لە میانەی کارەکانمدا بەرەوە گەشەپێدان بەو تێزە دەڕۆم، کە ئەوەی ئەمرۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕودەدات، ناتوانین لە ئاڵۆزیەکەی تێبگەین هەتا بە دوای ڕیشەکەیدا نەگەڕێین لە ڕۆژئاوا. ئەم تێزە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هیچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕونادات، ئەوەی لەوێ دەگوزەرێت تەنها دەرئەنجامی ئەو ڕوداوانایە کە لە هەناو ڕۆژئاوادا، بە تایبەت ئەمریکا و ئەوروپادا لە گەڵ پەیوەندییان لە گەڵ ئەوانیتردا ڕودەدات. 


سەرەتای ئەم تێزە دەگەڕێتەوە بۆ یاساناسی ئەڵمانی نازی کارل شمیت. شمیت لە کتێبی نۆمۆسدا بڕوای وەهایە کە ڕۆژئاواییەکان دونیای دەرەوەی ڕۆژئاوایان لە قاڵبداوە بەمەبەست و لە پێناو حکومداریکردنیدا. وەک دەڵێن ئەوە نەخشەیە کە واقیع دادەڕێژێت نەک بە پێچەوانەوە. 


بەپێی ئەم تێزە کاتێک هەر ڕوداوێک لە ناوچەیەکی ئێجگار هەستیاری وەک کەنداودا ڕودەدات، هەمیشە بە هەڵەدا دەچین ئەگەر تەنها لە جوگرافیای کەنداودا بۆ ڕەگ و ڕیشە و بنەماو و ئەکتەرەکانی بنواڕین. با لە قەیرانی ئێران و ئەمریکا بنواڕین. دەکرێت بۆ بنەماکەی بگەڕیینەوە بۆ سۆزانیەکی ئینگلیزی بە ناوی کریستین کیلەر. چیرۆکی ئەم سۆزانیە کە لە ساڵی ١٩٦٣ لە گەڵ وەزیری شەری بەریتانیدا دۆستایەتی دەکەن و پاشان دەردەکەوێت کە ئەم سۆزانیە لە گەڵ دیلۆماتێک لە قونسوڵخانەی سۆڤیەت هاوسەریی هەبوە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە حکومەت هەرەس بێنێت و ساڵی دواتر پارتی کرێکاران بە سەرۆکایەتی هاڕۆڵد ویلسن بێتە سەر حوکم. بەڵام لە بەر ئەوەی پارتی کرێکاران تەنها چوار کورسی لە پەرلەمان زیاتر بوو لە پارێزەران، دوو ساڵ دوای ئەوە دیسانەوە هەڵبژاردن کرا، پارتی کرێکاران و ویلسن دیسانەوە گەڕانەوە حکومەت بە کورسی زیاترەوە. ویلسن لە بەر کۆمەڵێک هۆکاری تر، وەک شکستی بەریتانیا لە شەڕی سویس لە ساڵی ١٩٥٤، گۆرانی دیموگرافی و ئابوری و کەلتوری لە بەریتانیا، سەرەتای کۆتایی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی، ئامادەکاری بۆ بون بە ئەندامی ئەنجومەنی ئابوری ئەوروپی، پارتی کرێکاران بڕیاری دا لە ڕۆژهەڵاتی کەنداوی سوێس بکشێتەوە.

 

ئەم بریارە هەرچەند وەها بەیانکرا کە لە بەر هۆکاری ئابورییە بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا هۆکاری زۆربوو، چونکە ئەرشیفی بەریتانی دەریدەخەن کە وڵاتانی کەنداو زۆر نیگەران بوون لە کشانەوەی بەریتانیا، بە جۆرێک ئامادەبوو کە تێچونی مانەوەیان بدەن، ئەمە بە ڕاشکاوی لە لایەن بەحرەین و ئیماراتەوە دەردەبڕێت. ئەم کشانەوەیە دەبێتە مایەی نیگەرانی ئەمریکاش، چونکە لە گەرمەی جەنگی سارددا، ئەمریکا کەلە ڤێتنام لە قەیراندا بوو ئاسان نەبو بۆی هەتا بەرپرسیارێتی کەنداو بگرێتە دەست. بەڵام ئەمریکا ئامادەش نەبوو کەنداو بە بۆسایی بەجێبهێڵێت چونکە لە سیاسەتی نیودەوڵەتیدا بۆشایی بە بۆشایی نامێنێتەوە. 


لێرەوە چیرۆکی ئەمریکا لە گەڵ ناوچەکەدا دەستپێدەکات. ئەمریکا کە خۆی نایەوێت ڕاستەوخۆ ڕۆڵی کۆلۆنیال ببینێت، دەبێت بە دوای پۆلیسێکدا بگەڕێت لە ناوچەکە هەتا ئەو ڕۆڵەی بۆ بگێڕێت، ئەویش ئێرانە. لێرەوە چیرۆکی ئەمریکا و سا دەست پێدەکات. سا ئەم پشتیوانیە وەها دەبینێت کە پشتیوانی ئەمریکایە بۆ ئەو بۆیە ئێجگار لە خۆی بایی دەبێت و دەست دەکات بە فیڕۆدانی سامانی ئێران. کڕینی چەکی زۆر، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، گەندەڵیەکی ئێجگار زۆر، پشت بەستن بە ئەمریکا، هەوڵدان بۆ مۆدرێنەکردنی وڵات، کە بو بە هۆی کۆچی لادی بۆ شار، پاشان داشکانی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی قەیران لە شارەکاندا، سەرەتای کۆتایی ئێرانی شا بوو. ئەمریکا دەیویست ئەم پۆلیسەی بهێڵیتەوە. لێرەوە لێکترازانی ئێران و ئەمریکا دەست پێدەکات. 


ئەم میتۆدە زەمینەی ئەوەمان بۆ خۆش دەکات کە چۆن ئەمرۆ لە قەیرانەکە بنواڕین لە چوارچێوەی فراواندا. ئایا چی لە دۆخی ئەمریکادا دەگۆڕێت کە پێویست بە مامەڵەی ئەمریکا بکات لە گەڵ ئێراندا، چ نەرم، چ ڕەق. بەکاربردنی تیورەی سوڕی مەزن، کە ئەمریکا وەک ئیمپراتۆریەتێک ئەمڕۆ لە دۆخێکدایە کە وڵاتانی تر ئالانگاری دەکەن، ئەوا هەوڵدان بۆ لابردنی ئەم ئالانگارییانە ئەمریکا دەیەوێت بەمجۆرە مامەڵە لە گەڵ ئێراندا بکات. بە هیوام بەمزوانە توێژینەوەکەتان بکەوێتە بەردەست.


وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×