پەرلەمانتار نوێنەری خەڵکە نەک بەرژەوەندی کۆمپانیاکان

سەرکەوت شەمسەدین
  2019-06-26     790
دوێنێ سێ شەممە (۲٥_٦_۲٠۱۹) پاش ئەوەی پارتی و یەکێتی لە دوو مانگی رابردوو دا لۆبییەکی بەهێزیان کرد بۆ رێگریکردن لە لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمانی عێراق لە گرێبەستە گوماناویەکانی هەردوو کۆمپانیان قەیوان و کار لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کارەبای عێراق و پارێزگاکانی عێراق، بەڵام دواجار سەرکەوتو نەبون و سەرۆکایەتی پەرلەمان بریاری دا کەلیژنەی نەوت و وزە لێکۆڵینەوەکانی دەستپێبکات.
لە کاتی موناقەشەکردنی ئەو برگەیە تایبەت بوو بە کار و قەیوان ژمارەیەک پەرلەمانتاری پارتی سەرسەختانە کەوتنە دژایەتکردنی ئەم برگەیە کە پێشتر هەرگیز نەمبینیون لەسەر موچە و بودجەی کوردستان ئاوا بەو توندییە بەرگری بکەن. ئێمە دەپرسین خەڵکی هەرێم پەرلەمانتاری هەڵبژاردوە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ئەو بکات یان نوێنەرایەتی کۆمپانیاکانی نزیک لە حزب؟

ئەم برگەیە دووجاری پێشوو بە فشاری پارتی و یەکێتی دواخرابوو، بەڵام توانرا ئەمرۆ رەوانەی لیژنەی نەوت و وزە بکرێت و لیژنەکەش بەمزوانە لێکۆڵینەوە دەستپێدەکات.

بەڵام بابەتی ئەم نوسینە ئەوەنیە باس لە بریارەکەی پەرلەمان بکەین، بەڵکو گرنگە خەڵکی کوردستان بزانن کە ئەم دوو کۆمپانیایە کە خاوەندرێتییان رونە سەربەکێیە لە کوردستان، کاریان بە عێراق چییە و بۆچی کشاون بۆ کێڵگە و بازارەکانی عێراق؟!

لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان کە دارێژەری سیاسەتی نەوتی کوردستانە، ئەو سیاسەتەی فەرمانبەران و هاوڵاتیانی رەنج بەخەسار بردوە و گروپێکیش پێیبون بە ملیاردێر، دژی ئەوەیە قەترەیەک نەوتیش لەرێگەی عێراق ەوە بفرۆشرێ و یاسای میزانیەی ۲٠۱۹ پێشێلدەکات و ئەو ۲٥٠ هەزار بەرمیلە کە لەسەریەتی ناینێرێ و بەهۆیەشەوە بودجەی کوردساتن وەک سەدەقە و خێرپێکردن لەلایەن بەغداوە تەنیا بەشی موچەی فەرمانبەرانبەفشار و پارانەوە رەوانە ئەکرێت، جوتیاران پارەی گەنمەکانیان سێ ساڵە راگیراوە، ئێستاش موچەی فەرمانبەران بەردەوام لەبەردەم هەرەشەدایە، بەڵام پارتی بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و بوژاندەوەی کوردستان ئامادەی رادەستکردنی نەوت نیە.

حەجمی گرێبەستەکانی هەردوو کۆمپانیا ملیاران دۆلار کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گرێبەستەکان بە نرخی بەرز و نائاسایی و بێ رەچاوکردنی کێبرکێ ئەنجامدراون. وردەکاری ئەم گرێبەستانە و بوارەکانی پێشتر لە بەدواداچونێکی پەرلەمانتار دکتۆر غالب محمد خراوەتەروو کە لە خوارەوە دوو بارە دایدەرێژینەوە.

هەرچەندە ئێمە پشتیوانی کرانەوەی بازارەکانی عێراق بۆ وەبەرهێن و بازرگان و جوتیاران و خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەکەین تا بتوانن بەرهەمەکانیان لە تەواوی عێراق بفرۆشن و ۆ ئەو مەبەستەش هەوڵی تەواومان دا کە بەربەست و خاڵە گومرگیەکانی نێوان کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق لاببرێن، بەڵام ئێمە دەپرسین کۆمپانیاکانی کار و قەیوان لەسەر حسابی کێ ئەمگرێبەستە ملیاران دۆلارانە دەکەن لەگەڵ عێراق لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان بەهۆی رادەستنەکردنی ۲٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ ئابوری هەرێمی کوردستانی روبەروی ئیفلاس و ماڵوێرانی کردۆتەوە بەڵام دێت لەرێگەی ئەم کۆمپانیایاەوە (کار و قەیوان) ژەهری پاڵاوگەکان دەرژێنن بەسەر کوردستان و بەرهەمەکەی دەفرۆشنە پارێزگاکانی تر؟ بەڵام دێت کارەبا بەرهەم دێنێ و لەرێگەی بورجەکانی کوردستان کە موڵکی خەڵکە دەیفرۆشنە شارەکانی تری عێراق بێ ئەوەی یەک دۆلار بدەن بە کوردستان.

بۆیە گرنگە هاوڵاتیانی کوردستان بزانن کە بۆ بەرژەوەندی کۆمپانیاکانیان چۆن مەلەفی نەوت و موچەی کوردستان خراوەتە مەزادی گرێبەست و رێکەوتنی ژێر بەژێر بە ناوی سەربەخۆیی ئابوری. ئێمە بەڵێنمان بەخەڵک داوە کە لەکۆڵئەم
مەلەفە نابینەوە، لە داداگا، لە پەرلەمان، لە میدیا و لەئاستی نێودەوڵەتی کە ماوەیەکی تر هەوڵەکانمان دەستپێئەکات.

ئەمەی خوارەوە هەوڵێکی پێشتری دکتۆر غالب ە لەسەر هەمان پرس کە زانیاری و بەڵگەکانی لە وەزارەتی کارەبای عێراق وەرگرتوە.

پرسیار بۆ وەزارەتی کارەبا:
1- چەندە توانای بەرهەمێنانی كارەبا لە كۆمپانیای قەیوان و كار كەدەدرێتە حكومەتی عیراق ؟
2- چی جۆرە سوتەمەنیەك بەكار دەهێنن و لە چی پاڵاوگەیەك؟
3- بەچی تۆڕێك ئەو كارەبا دەگەینێتە عیراق بە تۆڕێ كارەبای هەرێم؟
4- چەند پارە دەدەن بە ئەم دوو كۆمپانیا بەرامبەر بە ١ مێگا وات سەعاتێك؟
5- لە كەیەوە گرێبەست كراوە لە گەڵ ئەم دوو كۆمپانیا؟

وەڵامی وەزارەتی كارەبا:

1- كۆمپانیای كار 200 مێگاوات ،كۆمپانیا قەیوان 125 مێگا وات، دەبێت بەرهەم هێنانەكەیشی زیاد بكرێت.
2- جۆری ئەوگازەی بەكاردەهێنن كۆمپانیای كار دەستی دەكەوێت لە پاڵاوگەی كەڵەك ، كۆمپانیا قەیوان سوتەمەنی لە پاڵاوگەی بازیان دەست دەكەوێت.
3- بە تۆری هەرێمی كوردستان دەگەیەنرێتە ئەو شارانە.
4- بەرامبەر بە بەرهەم هێنانی یەك مێگاوات زیاتر لە 3,20 سەنت دەدەن.
5- ماوەی گرێبەستەكەیان پێنچ ساڵە و لە مانگی حەوتی 2017 دەستی پێكردوە .

هاوڵاتی هەرێمی كوردستان چۆن زەرەرمەند دەبێت لەم رێكکەوتنە ؟

1- ئەو وێزگانە دروست كراون بۆ پارێزگاكانی هەریم كارەبا بەرهەم بێنێت، بەڵام بۆ شوێنی تر بەهەمی دەهێنێت و پارێزگای سلێمانیش لە 24 سەعات 10 سەعات كارەبای نیشتیمانی نیە .
2- هەردووپاڵاوگەی بازیان و كار بۆ ئەوە دروست كراوە كە سوتەمەنی ((بەنزین، گاز، نەوتی سپی )بەرهەم بێنێت بۆ پارێزگاكانی هەرێم بەڵام هاوڵاتی هەرێم سوتەمەنی بە گران دەكڕن و ئەمانیش بەكاری دەهێنن بۆ شوێنی تر. 
3- کاتێک داوای سوتەمەنی لە عیراق دەكەیت دەڵێت ئێمە لای ئێوە دەستمان دەكەوێت و لە پاڵاوگەكانی ئێوە نەوتی خاو دەپاڵێوین كە چی داوا لە ئێمە دەكەن، ئەوان نازانن كە ئەم دوو پاڵاوگە بۆ یەكێتی و پارتی كار دەكات نەك بۆ هاوڵاتیانی هەرێم .
4- كۆمپانیای ئەهلی تۆری كارەبای هەرێم بە كار دەهێنێت و هاولاتیانی پارێزگای سلێمانی و هەولێر سەرە محولەی هەیە بە شەوان !

ئێمە کە پێشتر لە رێگەی دادگا قە دەستمان کردوە بە هەنگاونان بۆ فشار خستنە سەر بەرپرسانی هەرێم بۆ رادەستکردنی نەوت، لە پەرلەمانیشەوە پشتیوانی تەواوی ئەم هەوڵانە دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی و تاڵانی نەوت لە کوردستان چونکە ئێە نوێنەری خەڵکین نەک کۆمپانیاکان.

غالب محمد
سەرکەوت شەمسەدین
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×