نیقاب‌و بەوەھابیکردنی دینداریی

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-06-28     351
(دوا بەش)
وەک لەبەشی پێشوودا وتم لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا نیقابپۆشی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی بەھێزی بە بڵاوبوونەوەی فیکری وەھابییەوە ھەبووە. بڵاوبوونەوەی ئەم فۆرمە لە سەلەفیەتی دینیی، کە دۆلاری نەوتی سعودیی و خەلیجیی و ململانێ سیاسییەکانی سەردەمی جەنگی سارد بە جیھاندا بڵاویکردەوە، بوو بە دیاردەیەکی جیھانیی. 

ئەم وادەکات خانمێک لە پاریس و یەکێک لە کۆپنھاگن و یەکێک لە کەنەدان و یەکێکیش لە کەلار ھەمان نیقاب لەسەربکەن و بە ھەمان شێوازی وەھابییانە خۆیان بپۆشن. وەھابیزم یەکێکە لە داخراوترین و کۆنەپارێزترین فۆرمەکانی سەلەفیەتی دینییە کە ئیشکردنی لەناو ژیانی ڕۆژانەدا لەناو ئەزموونی تاڵەبان و داعش و ئەلقاعیدە و ھاوشێوەکانیدا بینی. 

وەک ووتم لەم ئەزموونەدا نیقابپۆشی تەنھا ھێما بۆ دیندارییەکی سادە ناکات، بەڵکو ھەم رەمزە بۆ گروپێکی دینیی تایبەت و ھەم بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی دینیی، ھەم جۆرێکیشە لە ئەکتیڤیزمی سیاسیی. لە دۆخی گەیشتن بە دەسەڵاتدا ئەو تێگەیشتنەی ئەم گروپە بۆ دنینیان ھەیە بەسەر ھەموواندا دەسەپێنن، زۆرجاریش لەڕێگای پەنابردنێکی گەورە و بەردەوامەوە بۆ توندوتیژیی. 

لە دۆخەکانی دیکەدا خەریکی بە وەھابیی و بەسەلەفییکردنی فۆرمە جیاوازەکانی ئیسلامیی میلیی و ئیسلامی خەڵکن. کێشەی ژمارە یەکی ئەم پرۆسەی بەوەھابیکردنەی دینیی میلیی لەوەدایە کە ئەو ئاینە میلییە دەگۆڕن بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی دینیی تەواو داخراو و نەفیکەر بۆ ھەموو ئەو دیندارانەی لەخۆیان ناچن. وەھابیزم دینیی ڕۆژانەی خەڵک و دینیی میلی لە فۆرمی دینێکی تەواو توندڕەو و داخراودا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. بەمەش فۆرمە جیاوازەکانی ئەو دینە میلییە داخراوتر دەکەن، بێناوەرۆکتری دەکەن، تەواو ناڕۆحانیی دەکەن، پڕ لە ترس و بیمێکی گەورەی دەکەن، لەباتی ئامرازێک بۆ پەیوەندییکردن و پێکەوەبوون و ھاریکا ریی کۆمەڵایەتیی، دەیگۆڕن بۆ پرۆژەیەکی گەورەی ناکۆکیی دروستکردن و بەرھەمھێنانی ڕقیی دینیی بەرامبەر بە ھەر کەسێک لەخۆیان نەچێت. 

ئەمە جگە لە نەفیکردنێکی ھەمەلایەن و سەرتاسەریی ھەموو فۆرمەکانی نادین، تا ڕادەی تەکفیرکردن و لە مرۆڤخستنی ھەڵگەرەکانیان. لەم ڕووەوە خوێنەر دەتوانێت سەیری ئەو دەستەواژانە بکات کە عەبدولەتیفی سەلەفی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا بەکاریاندەھێنێت کە لینکەکەی لە کۆتایی ئەم نووسیەندا دانراوە. عەبدولەتیف وەک ئەم سەلەفییەکی وەھابی ئافرەتی نیقاب بەسەر وەک ئافرەتێکی ”شکۆمەند“ و ”بەئەخلاق“ و ”بەڕەوشت“ ”کە خوا خۆشی ئەوێت و ڕێزی ئەگەرێت“ نمایشدەکات و ئەوانەیتر کە نیقاب بەسەر نین وەک سافیرە، بەرەڵا، بەدڕەوشت ناودەبات. پیاوانی ناسەلەفیی و ناوەھابیش وەک موجریم و کافر و مونافیق، وەک مرۆڤی بچووک و کەم، ناودەبات. ئەوەی ڕێگرە لە تەرجەمەکردنی ئەم بڕە گەورە و ھەمەلایەنە لە ”توندوتیژییە رەمزیی“ ناو ئەم زمانە سەلەفییە بۆ واقیع، بڕ و ڕادەی دەسەڵاتی ئەم گروپەیە.

نیقاب و کێشەی پەیوەندیی
پەیوەندیکردن لەگەڵ دونیای دەرەوەدا و لەناو ئەو ژینگەیەدا کە مرۆڤی تێدادەژی تەنھا لە ڕێگای ووشەوە نییە، زمان تەنھا یەکێک لە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و تەعبیرکردنە. ڕوخساری مرۆڤ ئامرازێکی گرنگیی تەعبیرکردنی مرۆڤە لەوەی لە ناخیدایە، لەوەی کە دەیەوێت بیڵێت و زمان ناتوانێت یارمەتیدەری بێت لە وتنیدا. 

زۆر جار مرۆڤ ھەست و نیاز و خواستەکانی لەڕێگای دەموچاویەوە نیشانئەدات، لەڕێگای جوڵەی دەست و جوڵەی چاو و تەعبیری ڕوخسارییەوە دەردەکەوێت توڕەیە یان ھێمنە، خۆشحاڵە یان بەدحاڵە، شەرم دەکات یان بێشەرمە، ھتد... داپۆشینی ڕوخسار بێبەشکردنی مرۆڤە لە بەشێکی زۆر گرنگیی تواناکانی پەیوەندیکردن. بەکورتی، نیقاب ڕێگرێکە لەبەردەم تەعبیرکردنی مرۆڤ لەوەی لە ناخیدا ئامادەیە و دەیەوێت بیڵێت. نیقاب پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەشێونێت و ڕێ دەگرێت لەوەی بزانرێت ئەو کەسەی قسەدەکات چ جۆر ھەست و نەستێک، چ جۆرە مەبەست و نیاز و خواستێک لەپاڵ قسەکانیدا ئامادەیە. داپۆشینی ڕوخسار مرۆڤ کورتدەکاتەوە بۆ دیاردەیەکی دەنگیی، بۆ کۆمەڵێک دەنگ بەتەنھا.

دیاردەیەکی لاوەکیی
خۆشبەختانە تا ئەم ساتە نیقاب لە کۆمەڵگای ئێمەدا دیاردەیەکی لاوەکیی و پەراوێزییە، بەڵام ئەگەر و تواناکانی گەشەکردنی ئاشکرا نین. بەبۆچوونی من مامەڵەکردنێکی عەقڵانیی و مافپەروەرانە لەگەڵیدا بەوە نابێت بە تەواوی یاساغ بکرێت، بەڵام بەوەش نابێت وەک ئازادییەکی شەخسیی سادە و وەک خۆپۆشینێکی بێگوناھ ببینرێت. 

ئەوەی دەکرێت ڕووبدات ستراتیژێکی دوو جەمسەرەیە. یەکەمیان”یاساخکردنێکی سنووردار“ە. دووھەم ڕەخنەکردنیەتی وەک فۆرمێکی زۆر خراپ و ناڕاستی دەرکەوتنی تاکەکەس لەناو ژیانی گشتیدا. لە یەکەمیاندا پێموایە کارێکی باش و پێویستە نیقاب لەناو پۆلەکانی خوێندندا، بە ھۆڵی زانکۆکانەوە، لە ناو نەخۆشخانە و ئۆفیسە گشتییەکاننی دەوڵەتدا، یاساخبکرێت. بەڵام لەناو فەزای گشتیی نارەسمیدا ئازادبێت و کەس بۆی نەبێت داوا لە خانمە نیقابپۆشەکان بکات کە نیقابەکانیان لاببەن. ڕووبەری گشتیی ڕووبەری ھەمووانە و مرۆڤ دەبێت ئەو لانیکەمەی ئازادیی تیاھەبێت کە ھەمووان ھەیانە. 
لە ستراتیژیەتی دووھەمدا ڕەخنەکردن و نیشاندانی ژێرخانە دینیی و سیاسیی و ڕەمزییەکانی ئەم جۆرە خۆپۆشینە ڕوونبکرێتەوە و ئەو مەترسیانە نیشانبدرێت کە لەپشتی ئەو عەقڵیەتە دینییەوە ئامادەیە کە نیقاب وەک بەشێک لە شوناسی دینیی خۆی نیشانئەدات. باسکردنی ئەو ستراتیژەی دەسەڵات و ئەو پەیوەندییانەی ھێز کە لەپشتی ئەم بە ڕەمزکردنەی نیقابەوە کاردەکات. ھەروەھا نیشتەجێکردنی ئەم دیاردەیە لەناو ئەو کایە سیاسیی و دینییەدا کە لە کۆمەڵگای ئێمە و بڕێک لە کۆمەڵگاکانی ناوچەکەدا، ئامادەیە. ئەم ستراتیژە ڕەخنەییە مانای ئەوە نییە قسەی ناشیرن بەو خانمانە بگوترێت و ھێرشبکرێتە سەر ئینسانبوونیان، ڕەخنەی لەو بابتە، کە لای ئێمە باڵادەستە، دەلالەت لە وێرانی ئەو ھۆشیاریی و ئەو ئەخلاقە دەکات کە لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا دەرگیرە. 

ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئەوەمان لەبیرنەچێت نیقاب کورتناکرێتەوە تەنھا بۆ جۆرێک جل و بەرگ، بۆ داپۆشینێکی سادەی جەستە، بۆ پارچەپەڕۆیەک وەک شەبقە، یان کڵاو یان ھەرشتێکی تری لەو بابەتە. نیقاب ئەو جۆرەیە لە ”جل“ کە پڕە لە ھێما و دەلالەتی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، ھێما بۆ تێگەیشتنێکی زۆر داخراو و تا ڕادەیەکی زۆریش توندوتیژ دەکات.

بۆ قسەکانی عەبدولەتیفی سەلەفیی کلینکی ئێرە بکە:
https://www.youtube.com/watch…
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×