بنەماڵە سیاسیەکانی عێراق

هونەر تۆفیق
  2019-07-05     371

بەشی دووەم : سەیدو شەریف
لەبەر ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی عێراقی ، پێکهاتەیەکی قەبەلی یە ، ڕەچەڵەک ڕۆڵێکی گەورەی لەناو ئەو پێکهاتانەدا هەیە . باشترین و پاکترین ڕەچەڵەکیش ئەو ڕەچەڵەکانەن کە دەچنەوە سەر بنەماڵەی محەمەد پێغەمبەر و هۆزی بەنوهاشم لەناو قورەیشدا .

گەڕاندنەوەی ڕەچەڵەک و ئەسڵوفەسڵی سیاسیەکانی عێراق و زۆرینەی جیهانی ئیسلام بۆئەو بنەماڵەیە ئایا بە تەزویربێت یان پارە و بەرتیلدان ( لەساڵی ٢٠٠٣ دا سیستانی فەتوایەکی دا بە حەرامکردنی فرۆشتنی ڕەچەڵەکی سەید لەنێوان سیاسیەکاندا . چونکە بەو ڕەچەڵەکە پۆست و پلەی سیاسی کڕیارەکە لە حکومەتدا بەرزدەکرایەوە ) بۆ ئەوەی ناویان لە شەجەرەی بنەماڵەی هاشمیەکاندا تۆماربکرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی عەباسیەکان کە نەوەکانی پێغەمبەر ( لە حەسەن و حوسەینەوە ) لەخەڵکی تر جیابکرێنەوە . پلەی سادات و ئەشرافیان پێدرا لە کۆمەڵگەدا . لە ئێستادا بە نەوەکانی حەسەن دەڵێن ئەشراف کە زیاتر لە دنیای سونەدا ئەو پێگە کۆمەڵایەتی و سیاسیە باوە . سەیدەکانیش لە دنیای شیعەدان وەک نەوەی حسەین خۆیان دەناسێنن .

لە ساڵی ١٩٨٦ دا، عێراق بە گوێرەی لیژنەیەکی تایبەتمەندی مێژووی ڕەچەڵەک هەوڵی پاککردنەوەی ڕەچەڵەکی ئەو شەریف و ساداتانەی دا کە لە هۆزەکانەوە بۆناو دەزگا ئاینی و سیاسیەکانی وڵات پەرەیان سەندبوو . چەندین هۆزی عەرەب و کورد ڕەچەڵەکی خۆیان بردەوە سەر سادات و ئەشرافی نەوەی پێغەمبەر . لە هۆزە عارەبیەکان ئال ئەبوناسری هۆزەکەی سەدام حوسەینیش خۆیان گەیاندەوە بە ئەشراف و ڕەچەڵەکی سەدامیان بەستەوە بە حەسەنی کوڕی عەلی ئەبی تاڵیبی مێردی فاتیمەی کچی پێغەمبەر . وەکو زۆرینەی پادشا و سەرۆکە عارەبیەکانی تر ، سەدامیش خۆی کردە نەوەی پێغەمبەر . لە کوردیشدا بنەماڵەکانی بریفکانی و بەرزنجی و نەقشبەندی وجەباری و بەدری و بێخاڵی و داودی و تاڵەبانی و هتد ڕەچەڵەکی خۆیان بردۆتەوە سەر بەنی هاشم وەک لە کتێبی (القبائل والبیوتات الهاشمیه‌ فی العراق) یونس الشیخ ابراهیم السامرائی ١٩٨٦ دا تۆمارکراوە . 

لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانیەکاندا بنەماڵەی سادات و ئەشراف لە ویلایەتەکانی بەسرە و بەغدا و موسڵدا بەخشرابوون لەهەموو باج و سەرانەیەکی دەوڵەت . هەروەها سەڵتەنەتی عوسمانی کەسێکی ئەو بنەماڵانەی نەدەکرد بە سەربازی عوسمانی لە خزمەتی سەربازیش بەخشرابوون . جگە لەوە ئیمتیازاتی تایبەتی تریشی بۆ بڕیبوونەوە لەبەر ئەوەی لەنەوەی پاکی پێغەمبەرن .دەستکراوەی کردبوون بەسەر زەوی و زارەکانی سەڵتەنەتدا . بۆ نمونە ساداتی بەرزنجە بەڕەزامەندی باب عالی لە ویلایەتی موسڵدا دەستکراوەبوون لەهەر زەویەک بیانویستایە بەکاری بهێنن . بنەماڵەی نەقیب لە بەغدا و بەعقوبە، هێندە زەوی دەوڵەتیان بەکارهێنا ، والی بەغدا - نەجیب پاشا ، پەنای بۆ بابعالی برد لە ئەستنەبوڵ سنوورێکیان بۆ دابنێ ، بەڵام سوڵتان هیچ لێپرسینەوەیەکی نەکرد و والی بێهودە گەڕایەوە بەغدا . 

سوڵتان بایەخی زیاتری بە ئەشرافەکان ئەدا کە نەقابەی ئەشرافیان بۆ ڕەچەڵەکی خۆیان دامەزراندبو. بنەماڵەی نەقیبەکانیان لەناو سونەکاندا لێ دروست بوو لەبەرانبەر سەیدەکانی شیعەدا. نەقیبە شەریفەکان لە سەردەمی دەستەڵاتی ئیتحاد و تەرەقیدا ١٩٠٨ کە سوڵتان عەبدولحەمیدیان لە سەڵتەنەت خست، ڕووبەڕووی دەستەڵاتی عوسمانیەکان بوونەوە . چونکە ئیتحاد و تەرەقی بریاری ریفۆرمی لە زەویەکانی دەوڵەت و یەکە ئیداریەکاندا دابوو . دەستەڵاتی کۆمەڵایەتی و ئیمتیازەکانی ئەشرافەکانی کەمکردەوە. 

ئەشرافەکان و نەقیبەکان لەدژی ئیتحاد و تەرەقی پەیوەندیان لەگەڵ ئینگلیزەکان بەست (١٩١٤) و چونە بەرەی بەریتانیەکانەوە دژ بە سەڵتەنەت. بەریتانیەکان بەڵێنیان بە تاڵیب نەقیب ئەمیری بەسرە و محەمەرە و عەبدولڕەحمان نەقیب، نەقیبی ئەشرافەکانی بەغدا و شەریف حسەینی مەکە ، باوکی مەلیک فەیسەڵی پادشای داهاتووی عێراق و مەلیک عەبدوڵای پادشای داهاتووی ئوردن دا کە هەمان ئەو دەستەڵات و ئیمتیازاتانەیان بەزیادە بدەنەوە کە لەلایەن عوسمانیەکانەوە هەیانبوو . ئەوانیش پشتیوان و هاوبەشی بەریتانیەکان بوون لە شەڕی دژ بە عوسمانیەکاندا . لەپاش کەوتن و دۆڕاندنی عوسمانیەکان ( ١٩١٨) ئەشرافەکان لە عێراق و شامدا دەستەڵاتیان بە شێواز و رۆڵی جیاواز گرتە دەست .
ماویەتی ...
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×