تورکیای ئەردۆگان: ناسیۆنالیزم بەپشتیوانیی خوا

نزار سابیر
  2019-07-08     220

لەوەتەی ئەردۆگان و پارتە مەحافیزکارە مەیلەوئیسلامی‌یەکەی چارەنووسی تورکییان گرتۆتە دەست، وڵاتەکە هەم بۆ ناوەوە و هەم بۆ دەرەوە لە خۆئاراستەکردنەوە و خۆناساندنەوەدایە. ئاشکرایە ئاراستەی ئەمان جیاوازە لە هی کەمالی‌یەکان و ئێستاش گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن بەرانبەر ئەکەپە و ئەردۆگان جەهەپە کەمالیستەکەیە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەردۆگان، سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتی تەواوی گرتۆتە دەست و وێنە گەورەکانی خۆی بە هەموو تورکیادا بڵاوکردۆتەوە، هێشتا نەک هیچ وێنەیەک لە وێنە سەرانسەرپۆشەکانی ئەتاتورک دانەگیراون، بەڵکو لە کاغەزی لیرەی نوێشدا، کە ٢٠١٣ شەش سفرەکەی لێ لابرا، شاوێنە هەر ئەوانەی ئەتاتورکن. ئەردۆگانیزم چی لە تورکیای کەمالیزمدا دەگۆرێ؟


لەشێکی شەرقی بە سەرێکی غەربی‌یەوە
بە درێژایی تەمەنی کۆماری نوێی تورکیا قەیرانی پێناس بەرۆکی وڵاتەکەی بەرنەداوە. بە لەشێکی گەورە و گرانەوە لە ئاسیا و کوڵکێکی بچووکەوە لەوبەر بۆسپۆرەوە لە ئەوروپا؛ بە زۆرینەیەکی گەورە و گرانی موسوڵمانی مەحافیزکارەوە و کەمینەیەکی ئەوروپی‌یانە ڕێکردووەوە لە بەری ڕۆژئاوای ئەستەنبووڵ و ئەزمیر و هەندێک ناوچەی دیکە، تورکیا، جگە لەوەی ئەندامی ناتۆیە، کە (ڕێکخراوی یەکێتی‌ی باکووری ئەتلانتیک)ی سەر بە غەربە، کاندیدی دانوستکاریشە بۆ وەرگیران لە یەکێتی‌ی ئەوروپا و تیپی فوتبۆڵێنەکەیشی بۆ جامی ئەوروپا یاری دەکا نەک ئاسیا. سامووێل هەنینگتن لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (پێکدادانی شارستانێتی‌یەکان)، تورکیا وەک دیارترین نموونە بۆ "وڵاتی لێکدڕاو"، "torn country" دەستنیشان دەکا، کە لەنێوان دوو کولتووردا گیری خواردووە.

شۆڕش لەسەرەوە بۆ خوارەوە
کەمالی‌یەکان، کە دەمارگیرانە سەرسامی مۆدێلی مەدەنییەتی ئەوروپا بوون، بۆ گەیشتن بە "موعاسیر مەدەنییەتی"، کاتێک لە ١٩٢٣دا کۆماری تورکیایان لەسەر داروپەردووی خەلافەتی عوسمانی دامەزراند، مشووری ئەوەیان خوارد کۆمارە نوێیەکە ئەوەندەی دەکرێ فڕی بە ئیسلام و عەرەب و شەرقەوە نەمێنێ: خەلافەتیان هەڵوەشاندەوە و کۆماریان ڕاگەیاند؛ حەرفی عەرەبی‌یان لابرد و لاتینی‌یان هێنا؛ حوجرە و خوێندنگە ئیسلامی‌یەکانیان هەموو داخستن و بانگی مزگەوتیان کرد بە تورکی؛ فێز و تەربووش و سەرپۆشیان بە خەڵک فڕێ دا و کاسکێت و چاکەت و پانتۆڵ و تەنوورەیان بەسەردا سەپاندن؛ شەریعەتی ئیسلامی‌یان هەڵگرت و قانوونی سویسری‌یان لەخۆگرت؛ نێر و مێیان لەبەردەم قانوودا یەکسان کرد و، تەنانەت پێش فەرەنسا، مافی دەنگدانیان بۆ ئافرەت دەستەبەر کرد؛ موزیکی مەولەوی و دیوەخانی‌یە عوسمانی‌یەکانیان قەدەغەکرد و هانی موزیکی کلاسیکی غەربی و ئۆپێرایان دا. 
لەسەر ئاستی جیوپۆلیتیکیش بوونە سەرەڕمی بلۆکی لیبراڵی‌ی غەربی بەرانبەر بە بلۆکی شەرقی سۆشیالیست و دواتریش بەرانبەر بە تەهوژمی ئیسلامی‌ بە گشتی و کۆماری ئیسلامی‌ی ئێران؛ دانیان بە ئیسرائیلدا نا و پەیمانیان لەگەڵ بەست و وەک ئەندامی ناتۆش بنکەی سەربازی‌یان لەسەر خاکی خۆیان خستە بەر دەست ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپی‌یەوە. سوپاش، کە فەرمانڕەوای فیعلی بوون، ئەرکی ئەوەیان لە ئەستۆ گرت چاودێر بن لەسەر لانەدان لەو ڕێچکانە، کە بە بنچینە کەمالی‌یەکانی دەوڵەت دەناسرێن.


کاردانەوەی هێزە ئیسلامییەکان   
 
ئیسلامی‌یەکان هەمیشە لە گۆڕەپانە سیاسی‌یەکەدا ئامادە بوون؛ ئیدی هەر جارەو بە شێوەیەک و بە ڕێگەیەک. یەکەم بەگژداچوونەوەی ئیسلامی بەرانبەر کەمالیزم لە کوردستانەوە سەری هەڵدا. ڕاپەڕینەکەی شێخ سەعیدی پیران لە ساڵی ١٩٢٥دا چەند بەگژداچوونەوەی سیاسەتی تواندنەوەی کورد بوو، ئەوەندە و پتریش بەگژداچوونەوەی سیستەمی عەلمانی‌ی کۆمارە نوێیەکە بوو. داوایەکی ئەساسی‌ی ڕاپەڕێنەکە گێڕانەوەی شەریعەتی ئیسلام بوو.
 بەرهەڵستی‌یەکی دیکەی ئیسلامی بزووتنەوەی نوورچی‌یەکان بوو. ئەمەیان، کە ڕێبەرەکەی شێخ سەعیدی نورسی (کوردی) بوو، هەرچەندە نەرم و بێدەنگتر بوو، بەڵام لە ڕووی فیکری و کۆمەڵایەتی‌یەوە قووڵتر و کاریگەرتر بوو. ئەمیش لە سەرەتادا لە کوردستانەوە چەکەرەی کرد و دواتر زۆربەی تورکیای گرتەوە تا ئەوەی بزووتنەوەی گوڵەنی‌یەکانی لێ کەوتەوە. ڕێبەرەکەیان، فوتحوڵا گوڵەن، ئێستا لە ئەمەریکا پەنابەرە و بە تۆمەتی وەستان لەپشت کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ەوە داواکراوی یەکەمە لەلایەن حکوومەتەکەی ئەردۆگانەوە. 
لە چوارچێوەی سیستەمە کەمالی‌یەکەشدا هەمیشە پارتانی ئیسلامی یان مەیلەوئیسلامی لە پەنجاکانەوە خەباتی سیاسی‌ی پەرلەمانی‌یان کردووە. پارتی دیموکرات بە سەرۆکایەتی‌ی عەدنان مەندەرس تا کودەتاکەی ١٩٦٠. پارتی عەدالەت تا کودەتاکەی ١٩٨٠. پارتی نیزامی نیشتیمانی تا کودەتاکەی ١٩٧١. پارتی سەلامەتی میللی تا کودەتاکەی ١٩٨٠. پارتی ڕەفاه تا کودەتا سپی‌یەکەی ١٩٩٧. پارتی فەزیلەت تا قەدەغەکردنی لە ساڵی ٢٠٠١دا. ئەم چوار پارتەی دوایی بە زۆری لەلایەن نەجمەدین ئەربەکانەوە، کە لە ساڵی ١٩٩٦دا بۆ ماوەی ساڵێک سەرەک وەزیران بوو، دادەمەزرێنرانەوە و سەرۆکایەتی دەکران؛ تا لەدوایی‌دا، بە دووکەرتبوونی فەزیڵەت بۆ داد و گەشەپێدان لە لایەک و سەعادەت لە لایەکی دیکەوە، ژیانی سیاسی‌ی ئەربەکان کۆتایی هات و ئاڵاکە کەوتە دەست ڕەجەب تەییب ئەردۆگان.


ڕیفۆرم لەسەر ئاگرێکی کز
ئەردۆگان و ئەکەپە، هەرچەندە وەک ئەوانەی پێش خۆیان بەر گرتن و پێداخستن کەوتن، بەڵام دەرسیان لە تەجروبەی ئەربەکان و هەموو ئیسلامی‌یەکانی پێش خۆیان وەرگرت. نەرم و پراگماتیکانە خۆیان لە وەیی کەمالی‌یەکان و سوپا پاراست. پەلەکردووانە وەک ئەربەکان باسی شەریعەتیان نەکرد و خۆیان پابەندی بەها عەلمانی‌یەکانی کەمالیزم و مافەکانی مرۆڤ کرد؛ لەبری ڕووکردنە وڵاتە ئیسلامی‌یەکان (وەک دامەزراندنی کۆمەڵەی هەشت وڵاتە ئیسلامی‌یەکە لەلایەن ئەربەکانەوە)، توندتر بەرەو ئەوروپا ڕۆیشتن و پرۆسەی بەئەندامبوونیان لە یەکێتی‌ی ئەوروپا بردە پێش؛ خۆیان لە باڵە بە توندڕەو ناسراوەکەی ئەربەکان دوورخستەوە و کەوتنە دژایەتی‌ی بزووتنەوەی ئیسلامی‌ی میللی گیورش. 
هەرچەندە پارتەکە بە زۆری وەک ئیسلامی یان ئیسلامڕەو ناودەبرێ، بەڵام خۆیان ئەوەیان ڕەتدەکردەوە. حوسێن چەلیک، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەکەپە و وەزیری پەروەردە تا ٢٠٠٩، هەروەها ئەردۆگان خۆیشی لە چەندان موناسەبەتدا ناونانی ئیسلامی‌یان ڕەتکردۆتەوە و خۆیان وەک دیموکراتی موحافیزکار ناودەبەن. کاتێک ئیسماییل قارەمانی سەر بە ئەکەپە و سەرۆکی پەرلەمان لە کۆنگرەیەکی عەرەبی-تورکی‌دا لە ئەستنەبووڵ لە ساڵێ ٢٠١٦دا گوتی، "تورکیا وڵاتێکی موسوڵمانە، پێویستمان بە دەستوورێکی دینی‌یە"، داود ئوغڵو و ئەردۆگان بەرپەرچیان دایەوە و ئەردۆگان گوتی هەموو ڕای ئەو دەزانن لەسەر پابەند بوون بە سیستەمی عەلمانی‌یەوە.

ئەردۆگان: سوڵتانێکی عوسمانی یان پاشایەکی ئیتتیحادی
زۆرجار ئەردۆگان وەک سوڵتان و بەرنامەی سیاسی‌ی ئەکەپەیش وەک پرۆژەیەکی عوسمانی‌ی نوێ دەنوێنرێ. ئەم تەسەوورە لە ڕواڵەتدا بێ بنچینە نییە. ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان و پارتەکەی، بە پێچەوانەی کەمالی‌یەکانەوە، ڕووی لە دنیای ئیسلامە و دەیەوێ ڕۆڵی ڕێبەرایەتی‌ی ئەو دنیایە بۆ تورکیا بگێڕیتەوە. ئەحمەد داودئوغڵو، کە دیارترین تێووری‌داڕێژی ئەکەپە و وەزیریی دەرەوە و سەرەکوەزیرانی حکوومەتەکەی ئەردۆگان بوو، ساڵی ٢٠١١ تانەی لە شەرعییەتی سایکس پیکۆ دەدا و داوای داڕشتنەوەی سنوورەکانی دەکردەوە؛ هەڵبەت بە قازانجی گەورەترکردنی تورکیا. شەخسییەتی دەسەڵاتدارانە و بەکاریزمای ئەردۆگان خۆیشی، کە چاوی لەسەر ئەوەیە، وەک سوڵتانێک، هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی خۆی‌دا کۆبکاتەوە، خاڵێکی دیکەیە هانی تەسەوورە عوسمانی‌یەکە دەدا. بەڵام لە گەوهەردا بەرنامەی ئەردۆگان و ئەکەپە لە هی تورکە لاوەکانی ئیتتیحاد و تەرەققی‌یەوە نزیکترە، کە دەسەڵاتیان لە بنەماڵەی  عوسمان سەندەوە.
ئەردۆگان و ئەکەپە درێژکراوەی ئەو پارتە ئیسلامی‌یانەن لە پەنجاکانی سەدەی ڕابوردووەوە لەژێر باڵی سیستەمە کەمالی‌یەکەدا سیاسەت دەکەن. زۆربەی ئەو پارتانەش باڵی سیاسی‌ی ڕەسمی‌ی بزوتنەوەی "میللی گیورش" بوون، کە هاوکات ناوی کتێبە ئایدیۆلۆژی‌یەکەی ئەربەکانە و دەکاتە(دیدی نەتەوەیی). دیدی ئیسلامی‌یانەی ئەربەکان و هەموو پارتە ئیسلامی‌یە ڕەسمی‌یەکانی تورکیا زۆر لەو دیدەوە دوور نییە، کە باڵی مەحافیزکارە تورکەکانی ناو ئیتیحاد و تەرەققی بەر لە کەوتنی خەلافەت پێش سەد ساڵ نوێنەرایەتی‌یان دەکرد؛ ئەویش جووت‌تێزەی تورکایەتی-ئیسلامایەتی‌یە؛ کە لە سیاسەتی کردەکی‌دا دەکاتە پان-ئیسلامیزم بە ڕێبەرایەتی‌ی تورک. دەستەی ڕۆشنبیران بە گشتی و ئەفسەرەکان لە دەورانی پێش کەوتنی خەلافەتدا بە تایبەتی بە ئەزموونی ژاپۆن سەرسام بوون، کە توانیبوویان زانست و تەکنەلۆژیا لە غەرب وەربگرن و لەهەمان کاتدا نەریت و بەها کولتووتی‌یەکانی خۆیان (لەوانە کولتووری جەنگاوەری‌ی بۆشیدۆ) پەرەپێبدەن. زیا گۆکئالپ (١٨٧٥ – ١٩٢٤)، کە بە باوکی ئایدیۆلۆژیای تورکایەتی و تورانیزم دادەنرێ، لەپاڵ تورکایەتی و مۆدێرنایەتی‌دا داوای ئیسلامایەتی‌ی دەکرد. 

 

ئیسلامی سیاسی‌ی تورکی
لەپاڵ ئەوەدا ئیسلامی سیاسی‌ی تورکی، بە پێچەوانەی ئیخوان موسلیمینی میسری-عەرەبی‌یەوە، هەرگیز ئوسووڵی نەبووە و هەرگیز پەنای بۆ توندوتیژی‌ی نەبردووە بۆ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە تورکیادا. ڕەنگە ئەمە بێ پەیوەندی نەبێ لەگەڵ بنەمایەکی مەزهەبی حەنەفی‌دا، کە مەزهەبی زۆربەی تورکی سوننەیە. ئیمامی ئەبی حەنیفە دەیگوت ئیمامەتی حاکمی فاسق و ناهەق شەرعی نییە و باوەڕداران مەجبوور نین بەگوێی بکەن. بەڵام "نوێژکردن، ئیدی لەپشت موئمینی چاکەوە بێ یان داوێنپیس، جائیزە". ئیسلامی سیاسی‌ی تورکی، چ باڵی میللی گیورش و ئەربەکان بێ، چ باڵی نورچێتی‌ی فوتحوڵا گوڵەن بێ، وەک ئەبی حەنیفە، حیساب بۆ تەرازووی هێزەکان دەکا و لەگەڵ تێکدانی "ماڵی ئیسلام"دا نییە. وەختێکیش باسی پێڕەوکردنی شەریعەت دەکەن، وەک حەسەن بەننا و سەید قوتب داوای گەڕانەوە ناکەن بۆ ئیسلامی زەمانی پێغەمبەر، بەڵکو شەریعەت بەگوێرەی زەمان و مەکان لێکدەدەنەوە. ڕیش بەرنادەنەوە و کوڵەپانتۆڵ لەبەرناکەن؛ گوڵەن تەنانەت ئامۆژگاری‌ی شوێنکەوتووانی دەکرد، مۆدێرن خۆیان بگۆڕن و لە خوێندنگە مۆدێرنەکاندا خۆیان پێ بگەیەنن. خەبات لەناو دامەزراوەکانەوە دەکەن نەک لە ژێرزەمینەکانەوە؛ ڕیفۆرمگێڕن نەک شۆڕشگێڕ و بە گشتی‌ی چاویان لەسەر دەسەڵات و نیزام و گەشەسەندنە نەک دۆگما دینی‌یەکە. ئەمە، جگە لە تەرکیزە ئابووری‌یەکەیان، لەناوی پارتە سیاسی‌یەکانیشیاندا دەخوێنیتەوە: نوور، عەدالەت، نیزام، ڕەفاه، فەزیلەت، سەعادەت، گەشەپێدان.
 ئەم دیدە لە ڕووە سیاسی‌یە تەتبیقی‌یەکەی‌دا زۆر جیاواز نییە لە دیدی ناسیۆنالیستەکانی ناو ئیتیحاد و تەررەقی و تورکە لاوەکان. ئەو کاتەش ئیسلامڕەوە مەحافیزکارەکانی ناو ئیتتیحاد، هەروەک عەلمانی‌یەکانیان، لەگەڵ مەشرووتییەت و سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی سوڵتاندا بوون. تەنانەت ئیسلامی‌یەکی توندی وەک سەعید نورسی، کە کورد بوو و لە ئیتتیحادیشدا نەبوو،‌ بەرانبەر بە مەلاکانی دژ بە مەشرووتییەت دەوەستایەوە. بە هەمان شێوە هیچ عەلمانی‌یەکیشیان بیری لە هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت نەدەکردەوە. ئەنوەر پاشا، کە ئەندازیاری گەلەکوژی‌ی ئەرمەنە، کاتێک ١٩٠٨ سوڵتان حەمیدی لە تەخت داگرت، مەحەمەد ڕەشادی برای خستە جێگەی؛ کاتێکیش وەک تورانی‌یەک دەیویست گەلە تورکئاخێوەکانی ڕووسیا بخاتە سەر دەوڵەتی عوسمانی "سوپای ئیسلام"ی دادەمەزراند و دوای دۆڕانی جەنگەکەش کاتێک لە تورکمانستانەوە دەیویست دەوڵەتی تورانی گەورە دابمەزرێنێ، "جیهاد"ی ڕادەگەیاند. 
بە پێچەوانەی حەسەن بەننا و ئیخوان موسلیمینی میسرەوە، کە دروشمی "مردن بۆ خوا بەرزترین ئاواتمانە"یان هەڵدەکرد و چەمکی جیهاد و کولتووری مردندۆستی زاڵە بەسەر ئەدەبییاتیاندا، ئەربەکان و گوڵەن و ئەردۆگان و ئیسلامی‌یە تورکەکان بە گشتی ژیاندۆست و پراگماتین؛ ئیسلام وەک ڕێگەیەک بۆ ژیان، وەک چەترێکی ڕۆحی و ڕێکخەرێکی کۆمەڵایەتی دەگرن، نەک وەک شەڕێکی عەقیدەیی و ڕێگەیەک بۆ شەهادەت. زیا گۆکئالپیش، کە لەپاڵ تورکچێتی‌دا داوای ئیسلامچێتی‌ی دەکرد، پتر چاوی لەسەر وەزیفە کۆمەڵایەتی‌یەکەی دین بوو، نەک لایەنە تیۆلۆژی‌یەکەی.

گورگێک ئەڵاهوئەکبەر دەلوورێنێ
ئەردۆگان، کاتێک وەک نوێنەری پارتی ڕەفاه ساڵی ١٩٩٧ لە شارۆچکەی سێرتی باکووری کوردستان شیعرێکی گوتەوە و دواتر لەسەری لێپێچینەوەی لەگەڵدا کرا، شیعرەکە نە هی خۆی بوو و نە هی هیچ ئیسلامی‌یەک بوو، بەڵکو شیعرە بەناوبانگەکەی زیا گۆکئالپی تورانی بوو:
منارەکان ڕممانن، گومەزەکانیش مێزەر
موئمینین عەسکەرمانن و مزگەوتەکانیش سەنگەر
ئەم سوپا ئیلاهی‌یە چاوی لەسەر دینمانە
ئەڵاهو ئەکبەر، ئەڵاهو ئەکبەر
هەر ئەردۆگان ساڵی ٢٠١٨ وەک سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان لە ئەزمیر بە نیشانەی دەست و گورگەکە سڵاوی لە جەماوەرەکەی کرد. پێشتریش بینالی یەڵدرم لە دانیشتنی پەرلەماندا لە ساڵێ ٢٠١٧دا بە هەمان شێوە بەم دەستنیشانەیەی تورکە تورانی‌یەکان سڵاوی کرد. ئەم سەری گورگە، کە بە بارێکی دیاریکراوی پێنجپەنجەی دەست دەنوێنرێ، لە ئەفسانەی ناسیۆنالیستانەی تورکدا، کە دیسانەوە زیا گۆکئالپ دەستی لە داڕشتنەوە و ناساندنەوەیدا کەم نییە، ماکی سەرهەڵدانی ڕەگەزی تورکە ئوغوزەکانە، کە تورکەکان بە ڕەچەڵەکی خۆیانیان دادەنێن. لە جوابی پرسیاری ئەوەی ئەم نیشانەیە چی دەنوێنێ، ئالپئەرسەلان تیورکش (١٩١٧ – ١٩٩٧)، ژەنەراڵی کودەتاکەی ١٩٦٠ و دامەزرێنەری فاشیست و ئەوپەڕڕاستڕەوی پارتی مەهەپە، گوتبووی:
 "پەنجەتووتەکە تورکە، پەنجەی شایەتمانەکە ئیسلامە. ئەو ئەڵقەیەی بەهۆی نیشانەکەوە دروستدەبێ نیشانەیە بۆ جیهان. ئەو پنتەی پێکگەیشتنی سەری هەر سێ پەنجە باقی‌یەکە پێکی‌دەهێنن مۆرە. واتە ئێمە بە مۆرکی ‌تورکی-ئیسلامی جیهان مۆر دەکەین".
هێزەکانی دەوڵەتی تورکیای ئوردۆگان ساڵی ٢٠١٨ بە ئەڵاهوئەکبەرەوە چوونە ناو عەفرینەوە. بەڵام وەک عوسمانی‌یەکان و داعش ناوی خوا و ئاڵای ئیسلامیان بڵاونەکردەوە، بەڵکو ئاڵای تورکیا و زمانی تورکی و حەرفی لاتینی؛ ڕەگەزپەرستانەش شارۆچکە موسوڵمانە کوردنشینەکەیان لە کورد پاککردەوە و تورکاندیان.

 

سەرنج: ئەم نووسینە بەشێکە لە زنجیرەگوتارێک لەسەر تورکیا


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×