گۆڕان بێ‌ كۆمه‌ڵ

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-07-09     343
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بێ‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌چێته‌ حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ تا ئه‌وشوێنه‌ ئاساییه‌، ئه‌گه‌ر دوای شه‌ش مانگ جێده‌ستی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ به‌ گۆڕانكاری و خۆیان واته‌نی چاكسایه‌كانه‌وه‌ دیار بێت ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان نه‌توانێت هیچێكی ئه‌و تۆ بكات، جێی خۆیه‌تی ئێمه‌و مانان هه‌ڵوێسته‌كانی  كۆمه‌ڵی ئیسلامی بیر بخه‌ینه‌وه‌ ، له‌ پارله‌مان و حكومه‌ت و نێو كایه‌ی سیاسیشدا ، بیر خستنه‌وه‌ به‌ومانایه‌ی  هێزو لایه‌نه‌ هاوهه‌ڵوێسته‌كان له‌ رابردوودا پێكه‌وه‌ توانیتیان له‌ شوێنێكدا به‌سته‌مو نادادی بڵێن بوه‌سته‌.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئێستا به‌ ئومێدی چاكسازیه‌وه‌ ده‌چێته‌ حكومه‌ته‌وه‌، له‌ كاتێكا هه‌م دروشمه‌كه‌ی كه‌ گۆڕینی دیوه‌ دزێوه‌كانی حوكمڕانی كوردیه‌ گۆڕیوه‌ بۆ چاكسازی، هه‌م مێژویه‌كی تاڵی له‌ ته‌ك ئه‌و حزبه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئێستا ئه‌م هاوپه‌یمانێتی له‌ دروستكردنی حكومه‌تا ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ریشی نه‌خات، به‌ڵام زۆر به‌ نیگه‌رانیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا ده‌كات و دڵنیا نیه‌ له‌وه‌ی ئاینده‌ چۆن ده‌بێت ،له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ حوكمی چوونه‌وه‌ ناو حكومه‌ته‌وه‌ ناچار ده‌بێت شێوازی مامه‌ڵه‌ كردنی له‌ گه‌ڵ  كۆمه‌ڵ بگۆڕێت ،  له‌به‌ر هه‌ندێ‌ ئیدی كۆمه‌ڵ ئۆپۆزسیۆنه‌و گۆڕانیش له‌ حكومه‌تا.

هه‌ڵبه‌ت هه‌ڵگرتنی دروشمی چاكسازی جگه‌ له‌وه‌ی تا راده‌یه‌كپاشه‌ كشه‌یه‌ له‌ دروشمی گۆڕانكاری ، بۆ خۆیشی ڕه‌وڕه‌وه‌ی باشكردن  خاو ده‌كاته‌وه‌، گه‌رچی هه‌ندێك سێكته‌ری نێو هه‌رێمی كوردستان به‌ چاكسازی چاره‌سه‌ر ناكرێت و پێویستی به‌ گۆڕینی بنه‌ڕه‌تیه‌، بۆ نمونه‌ ده‌ستوه‌ردانی حزب له‌ بازاڕ، رێكنه‌خستنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌و دروستنه‌كردنی سوپای نیشتمانی، نادادی له‌ موچه‌و ئیمتیازاتا، پرسی نه‌وت و غازی هه‌رێم ، كه‌ هه‌میشه‌ وه‌ك مه‌ترسی ده‌مێنێته‌وه‌، ئایه‌ گۆڕان له‌ نێو ئه‌م بارو دۆخه‌دا چی ده‌كات، هه‌روه‌سا چۆن له‌ گه‌ڵ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتوو ئه‌وانی تردا رێ و شوێنی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه‌ داده‌نێت، راستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ گۆڕان له‌ دۆخی ئاوادا خۆی له‌ كوێدا ده‌بینێته‌وه‌، من بڕوام وایه‌ هێشتا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ناتوانێ‌ وه‌ڵامی دروستی ئه‌و دۆخه‌ نوێیه‌ بداته‌وه‌.

هه‌ڵبه‌ت دۆخی له‌و جۆره‌ له‌ ناوخودی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشدا ناجۆری و جیاوازی زۆر دروست ده‌كات، ره‌نگه‌ له‌ داهاتودا پێویست بكات زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ قسه‌ بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×