خەڵک مردن قبوڵ دەکات؟!

عەبدوڵای مەلا نوری
  2019-07-09     823
کاتێک دکتۆر نەخۆشێک بەنج دەکات پێش ئەوەی تیغی نەشتەرەکە بخاتە سەر جەستەی چەند جارێک جەستەی دەبزوێنێ، بە ئامانجی ئەوەی بزانێت تا چەندە بەنجەکە کاریگەری تەواوی داناوە. پاش دڵنیابون لە سڕبونی ئیدی بە ئارامی تیغەکەی دەخاتە سەر گۆشتەکەو دەیبڕێ و کارەکانی تری تەواو دەکات.

بێ دەنگی لە ئاست درێژکردنەوەی ویلایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک لە لایەن پەرلەمانەوە، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە ناو خەڵکدا هیچ رەدفعلێکی کاریگەر نەماوە تا حیزبەکان و دەسەڵات سڵی لێ بکەنەوە.

بە مانایەکی تر حیزبەکان وەک جەستەیەکی سڕو بێ گیان لە خەڵکی کوردستان دەڕوانن و بە ئارەزوی خۆیان بێ بەزەییانە چەقۆی دەسەڵاتخوازی و خۆسەپێنی لە وردە دەمارەکانی دیموکراسی و ئازادی و ئیرادەی ناو خەڵک دەدەن و نایانەوێت جارێکی تر ئەم جەستە شەکەتە ببزوێت و بکەوێتەوە سەر پێ.

سەرنج بدەن؛ گەیشتوین بە دۆخێک زۆرینەی هێزەکان لە یەک دەچن، هێندە فریودەرانەو بە خوێن ساردیەوە قسە لە سەر پرسەکان دەکەن هەست دەکەی یەکن. هەست دەکەی دەسەڵات زیاد لە دەمێکی بۆ درۆکردن و زیاد لە ناو و رەنگێکی بۆ چاوبەستکردنی خەڵک هەیە.

هەست دەکەی ئێستا روە راستەقینەکەی دەسەڵات لە پشودایەوە روە ساختەو بەردەستەکانی کارەکانی ئەو هەڵدەسوڕێنن.

دەسەڵات لەوەدا سەرکەوت هێزەکانی تریش بکات بە خۆی، خەڵکیش بکات بە بارمتەی نانی رۆژ، ئێستا خەمی سەرەکی زۆرینەی خەڵک پەیداکردنی نانە.

خەمی قوت و بێ کاری وای لە خەڵک کردوە لە خەمی دیموکراسی و ئازادیدا نەبێ، لە خەمی داگیرکاری و شکاندنی کەرامەتدا نەبێ، چیتر سیستمێکی حکومڕانی دادپەروەر لە ئەولەوێتی ئەودا نەبێ.

ئەمە بەو مانایە نیە خەڵک حەزیان لە حکومڕانیەکی باش نەبێ، وەلێ حەز شتێکەو ئیرادە شتێکی تر، کاتێک ئیرادە بەرجەستە دەبێ کە تێکۆشانی راستەقینەو چالاکی و بەرەنگاری هەبێ. 

دونیا نە بە دانیشتن و نە بە دوعاو نە بە هەوڵێک و دوان ناگۆڕێ.

ئینسان بە قەدەر خەونەکانی پێویستی بە هەوڵ و سەرکێشی و یاخی بون و تاقیکردنەوە و قوربانیدان هەیە.

دەسەڵات دۆخێکی وەها فریودەرانەی دروست کردوە تێکۆشان وەک کارێکی بێ هودە ببینرێت.

ئێستا دەسەڵات بە چاوی منداڵێکی برسی و لاوازەوە لە خەڵک دەڕوانێ، کە چاوەڕێی تیکەیەک نانە.

دەیەوێت ئەم منداڵە برسیە بە جۆرێک پەروەردە بکاتەوە جارێکی تر بیر لە سەرکێشی نەکاتەوە. 

دەیەوێت ئەو قەناعەتە لە ناخی خەڵکدا بچەسپێت یان دەبێ قبوڵی ئەم دەسەڵاتە بکەن یان برسێتی و مردنێک کە لە سێ ساڵی رابردودا پیشانمان دراو هێشتا لە بەرچاومانە.

ئەوەی ئێستا رودەدات ویستی گروپێکی سەردەستە، دۆخێکی دروستکراوی بە زۆر سەپێنراوە.

مێژوی ئەو گەلانەی لە ئێستادا لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدان پڕە لە ئەزمونی تاڵی حکومڕانی، بەڵام پڕیشە لە داستانی بەرگری و تێکۆشان.

دەردی کوشندە بێ ئیرادەیی و پاساوهێنانەوەیە بۆ تەسلیم بون بە ئەمری واقع یان پێت وابێ ئەرکی سەرشانی خۆت جێبەجێکردوە.

گفتوگۆی هەمە لایەنەی ئەم دۆخە پێویستەو، دەرگای چارەسەرمان بە رودا دەکاتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×