خولانه‌وه‌ بەدەوری حوكمی‌ بنه‌ماڵه‌یدا

ڕێباز حەسەن
  2019-07-11     352
حوكمی به‌بنه‌ماڵه‌یی‌ و ململانێ و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی‌ ئه‌م جۆره‌ له‌ حوكمڕانییه،‌ مێژوویه‌كی‌ دوور و دڕێژی‌ هه‌یه‌ له‌ دونیادا، به‌تایبه‌ت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، كه‌ پڕیه‌تی‌ له چه‌ندان خێڵ و عه‌شیره‌ت و بنه‌ماڵه‌ی خاوەن دەسەڵات لە شێوه‌ و فۆڕمی جیاوازدا.

له‌ خۆرهەڵاتێک، تا ئێستاش حوکمی خێڵ تێیدا زاڵە كه‌ بریتیه‌ له‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ته‌واوی‌ جیاوازیه‌كان له‌ چوارچێویه‌كی‌ بچوكی‌ پێودانگه‌كانی‌ خێڵدا.

ئه‌وه‌ی‌ تایبه‌ته‌ به‌ كوردستان وه‌ك ڕوون و ئاشكرایه‌، ئه‌م جۆره‌ له‌ حوکمڕانیی و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كۆمه‌ڵگەیە له‌لایان بنه‌ماڵه‌وه‌ شتێكی‌ نامۆ نییه، مێژووی‌ ئێمه‌ پڕیه‌تی‌ له‌ چه‌ندان بنه‌ماڵه‌، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌جۆرێك و له‌ قۆناغێكدا حوكمی‌ ناوچه‌یه‌كی‌ جیۆگرافییان كردووه‌، له‌و كاته‌شدا به‌ده‌گمه‌ن هه‌بووه‌ یان زیادڕه‌وی‌ نییه‌ گه‌ڕ بڵێین هه‌ر نه‌بووه‌ له‌ مێژوودا ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ شه‌ڕیان نه‌كردبیت، به‌رده‌وام جه‌نگ و په‌لاماردان و یه‌كتر قڕكردن و ملشكاندن له‌نێوانییاندا بوونی‌ هه‌بووه‌ تا ده‌گاته‌ ناو خودی‌ یه‌ك بنه‌ماڵه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌واش، مێژووی‌ دوور و نزیكی‌ ئێمه‌ پڕیه‌تی‌ له‌سه‌دان نمونه‌ی‌ له‌م جۆره‌، بەنموونە میڕانی بابان.

 تاكه‌ هەوڵی ڕاسته‌قینه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌م نەمه‌ته‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن و حووكمە بنه‌ماڵەییه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ دیار و ئاشكرایه‌بێت كه‌ له‌شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ ڕابوردوودا ڕوویدا، کە بریتیی‌ بوو له‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ باڵی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ له‌ پارتیی‌ دیموكراتیی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌ بگرن له‌وه‌ی‌ ته‌نیا بنه‌ماڵه‌یه‌ك حووكمی پارتی‌ و دواجار باشوریی‌ كوردستان بكات، به‌ڵام ڕابه‌رانی‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌ دژه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ له‌دوای‌ خۆیان نه‌ك نه‌یانتوانی‌ ئه‌م قۆناغه‌ تێ په‌ڕێنن، به‌ڵكو ڕێگه‌یان خۆشكرد بۆ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی‌ چه‌ندین بنه‌ماڵه‌ی‌ تر له‌ فۆڕم و شێوه‌ی‌ جیاوازدا، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێوه‌یه‌ك  وه‌ك گانگرین  به‌ناخی‌ داموده‌زگاكانی‌ كوردستاندا ڕۆچوون و حوكمی بنه‌ماڵه‌ییشیان كرد به‌ وه‌ره‌مێك له‌ سیسته‌می‌ سیاسیی‌ كوردستاندا.

 چاره‌سه‌ری‌ ئەم ستایلەی بەبنەماڵەیی بوونی دەسەڵات زەحمەتە، چونكه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ هه‌ر بزاڤ و حیزبێك دواجار هه‌ر دەچێته‌وه‌ سه‌ر پلێته‌كه‌ به‌ ده‌ستی‌ دوو، ئه‌وانه‌ی‌ دژایه‌تی‌ مه‌لا مسته‌فایان كرد ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و مام جه‌لال بوون، كه‌ خه‌بات و تێكۆشانیان بووه‌ هۆی‌ درووستبوونی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان، كه‌ ئێستا منداڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ چه‌ند بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تر میراتگری‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ ئه‌و حیزبه‌ن، واتا پلورالیزم به‌ دوو بنه‌ماڵه‌یی‌ خۆسەپێن تێگه‌یشتوون له‌ به‌رێوه‌بردندا نه‌ک به‌ ڕه‌خساندنی‌ هه‌لی‌ یه‌كسان بۆ به‌شداری‌ هه‌مووان بێ جیاوازی‌ ناوچه‌گه‌رییه‌تی‌ و بنه‌ماڵه‌یی.
 
حیزبی‌ سیۆسیالسیتیی دیموكراتیی‌ كوردستان كه‌ چه‌ندین سه‌ركرده‌ی‌ ڕۆشنبیر و دیار ڕابه‌رایه‌تی‌ ئه‌كرد، بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ قۆناغی ئه‌و كاتەی كه‌ تێیدا دامه‌زرا، به‌ڵام دواجار كاكه‌ حەمه‌ و براكه‌ی‌ بوون به‌ میراتگری‌ ئه‌و حیزبه‌ و تامردن تاپۆی‌ ڕه‌شی به‌ خۆیانه‌ و نایده‌ن به‌كه‌س.

بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌هۆی‌ به‌كارهێنانی‌ ڕه‌هه‌نده‌ دینییه‌كه‌وه‌ ویستیان ئه‌و مۆدیله‌ ته‌قدیس بكه‌ن و دووباره‌یبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام عەلی‌ باپیر به‌ درووستكردنی‌ حزبێكی‌ تازه‌ به‌ناوی‌ كۆمه‌ڵیی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ئه‌م حیزبه‌ی‌ خسته‌وه‌ سه‌ر پلێته‌كه‌ی‌ خۆی‌، دواتر خۆشی‌ هه‌مان ڕێگه‌ و ڕێبازی‌ دووباره‌ كرده‌وه‌ و خۆی‌ و زاواكه‌ی‌ ئێستا سه‌رۆكی‌ بێ ڕكابه‌رن لە ناو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستاندا .

بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری بوو، به‌كه‌سێكی‌ دژه‌ حوكمی بنه‌ماڵه‌یی‌ و ته‌وریسی سیاسی‌ بۆ حوكمڕانی‌ ناسراوه‌، به‌ڵام دواجار ئه‌وه‌ی‌ بیر بکاتەوە دەزانێت دوایین بڕیاری‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ ئیستادا لای‌ كوڕه‌كانییه‌تی‌.

به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ چه‌پ و  نه‌تەوه‌ییه‌كان و به‌ناو سه‌ربه‌خۆ و ئه‌كادیمیست و ڕانتخۆره‌كانی‌ ژێر سێبه‌ری‌ په‌رچه‌می‌ كوردایه‌تیی‌، به‌ هه‌موو فێرژنه‌كانیه‌وه‌، به‌ ئۆرجیناڵ و موزه‌یه‌فه‌وه‌، له‌ ئێستادا بە هۆی‌ تێڕژانی‌ داهاتی‌ نه‌وت و دۆلا، ڕێك بوون به‌ خزمه‌تكار و ستایشكاری‌ ڕاسته‌وخۆی حووكمی‌ بنه‌ماڵه‌یی
دوایین نه‌یاری‌ ئه‌م تایپه‌ له‌ حوكمڕانی‌، جوڵانەوەکەی شاسوار عه‌بدولواحید بوو، به‌ڵام ڕه‌نگه‌ خێراترین سواربێت كه‌ لە مەیدانەکەدا ھێندە زوو گلابێت، بەوەی کە زوو ڕووی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خۆی‌ ده‌رخست.

له‌ ئێستادا تێكڕای‌ ئه‌م نه‌یارانه‌ی‌ حووكمی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌، له‌یه‌ككاتدا دووجار ده‌خولێنه‌وه‌ به‌ده‌وری‌ حوكمی‌ بنه‌ماڵەییدا، جارێك به‌ده‌وری‌ خۆیاندا له‌ناوخۆی‌ حیزب، جارێکیش به‌ده‌وری‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ یه‌كه‌م، لەکاتێکدا زیاتر له‌ په‌نجا ساڵه‌ بەناوی دیموکراسیی و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و ناسیۆنالیزم و سه‌ربه‌خۆی‌ی، كوڕی‌ ئه‌م کۆمەڵگەیە دەکەنە قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی و حه‌زه‌ بچووكه‌كانیان، ته‌نیا بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی‌ جومگه‌كانی‌ حیزب و  به‌شداری‌ پێكردن له‌ مۆنۆپۆڵكردنی‌ داهات و نه‌وت و پله‌ و پۆست، به‌بێ بوونی‌ هیچ ڕووئیایه‌كی‌ سیاسی‌ و ستراتیژی‌ بۆ ئاینده‌یه‌كی‌ دوور مه‌ودا دژ به‌م مۆدیله‌ . 
جیاوازی‌ هه‌ر هه‌موویان له پارتی دیموکڕات كوردستان ئه‌وه‌یه‌، پارتی‌ به‌ ئاشكراو به‌ڕاشكاوی بونیادیی درووستبوون و هەیکەلی حیزبەکەی به‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ خۆی‌ ناساندووه‌ و ئه‌وانیش قبوڵیان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وانی‌ تر شتێكی‌ تریان گوتووه‌، ئێستاش سه‌رسامن به‌ و جۆره‌ حوكمڕانییه‌ كه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ و پێشتر بوونیه‌ی‌ درووستبوون و  گه‌شه‌كردن و مانه‌وه‌یان په‌یوه‌ستبووه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی‌ حوكمی‌ بنه‌ماڵه‌یی‌ ، سه‌رله‌به‌ری‌ ئه‌م شانۆ سیاسییە، هه‌موو  كۆمه‌ڵگەی‌ ته‌نیووه‌ و بوه‌ به‌ وه‌ره‌مێك له‌ هه‌مووكایه‌كاندا، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ ئاینده‌ی‌ ئه‌م وڵاته‌  به‌ره‌ و ئاسۆیەکی تاریکتر ده‌بات ئه‌وه‌نده‌ ئاسۆی‌ ڕوونی‌ لئ چاوه‌ڕوان ناكرێت.

تاکە هێزێک ئەم ستایلەی تێپەڕاندبێت پەکەکەیە، بۆیە بۆتە هێزی ڕکابەری سەرەکی پارتیی دیموکرات.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×