عەورەتیی سیاسییتان دەرکەوت

ئارام قادر حەمەسور
  2019-07-12     533

لێرەدا عەورەتیی سیاسی میتافۆرێکە بۆ کۆی ئە خلاقیی سیاسی هەر حیزبێک، هەموو هێزێکی سیاسی و حیزبێک خاوەنی ئەخلاقیی سیاسی خۆیەتی و بانگەشەی بۆ دەکات و دەیبەستێتەوە بە چەند پڕانسیپێک. حیزب کۆمەڵێ پڕانسیپی هەیە کە جیای دەکاتەوە لە حیزبەکانی تر و بانگەشەی جیاوازبوونی پێ دەکات. گرنگی حیزبایەتیش لەم پلۆراڵبوونەی حیزبەکان دایە. 

کاتێک هەمووان بانگەشەی یەکڕێزیی و یەکهەڵوێستیان کرد ئەوکات حیزبەکان عەورەتی سیاسییان دەردەکەوێت و گشتیان ئەو ئەخلاقە سیاسییە لەدەست دەدەن کە شانازی پێوە دەکەن. کاتێ هەمووان یەکسان دەبن و هەمووان ڕێک دەکەون ئەوکاتە سیاسەت و حیزبایەتی دەمرێت و هەمووان دەبنە یەک مەعدەن. وەک هانا ئاڕێنت گوتی سیاسەت مانای جیاوازییە، لەکوێ جیاوازی هەبوو لەوێش سیاسەت هەیە.
گرنگی ئەم هەموو حیزبە لەچیدایە گەر جیاواز نەبن؟

پارتیی دیموکراتیی کوردستان توانی ئەم جیاوازییانە ببڕێت و هەمووان بخاتە قالبی خۆی، پارتی توانی بە دڵداری سیاسیی  جیاوازییەکان بکوژێت و هەمووان بخاتە ژێر هەژموونی خۆی. گەورەبوونی پارتیی دیموکرات لە زیرەکی خۆیەوە نییە بەگشتی، بەڵکو لە تەمبەڵی هێزەکانی ترەوەیە، کە نەیانتوانیوە بەرەیەکی کاریگەر درووست بکەن. یەکێتیی نیشتمانی لە زۆنی خۆی نەیتوانییوە مامەڵەیەکی گوونجاو لەگەڵ هێزەکانی تر بکات و بەرەیەکیان لێ درووست بکات، بۆیە پارتی زیرەکانە ئەم مامەڵەیەیی کردووە، بە نموونە مامەڵەی پارتی لەگەڵ گۆڕان و یەکگرتوو و سۆسیالیست و تورکمان و مەسیحییەکان ئیجابییە. 
ئێستا هەمووان دۆڕاون لە ئاستی پارتییدا و ئەو پۆستانەی وەریانگرتووە بۆ ئیمتیازە، دەسەڵاتی حەقیقی و کاریگەر لەدەست پارتییدایە. بە هەمووان نەیانتوانی پارتی بگۆڕن، بەڵکو پارتی بە ستایلیی خۆی کۆپی کردن.

هەموو ئەو بانگەشه تووندانەی دژی پارتی دەکران، جگە لە سەرابێک شتێکی تر نەبوون. هەموو ڕەخنەکانی لەپارتی دەگیران لە ڕابوردوو، ئێستا لەخۆیان دەگیرێت و قورسایی ڕەخنەیان لەسەر پارتی کەمکردووە.
ترسناکترین کاریگەری نیگەتیڤ لەم جۆرە بادانەوەیەدا، بێئومێد بوونی خەڵکە لە درووست بوونی هێزی تر. گەڕانەوەی هێزە تازەکان بۆ یەکستایلی واتای دەرکەوتنی عەورەتی سیاسییانە و ئەخلاقی سیاسییان دەخاتە ژێر پرسیار. هەموو گوتارە دەرویشانییەکانی ڕابوردووتان جگە لە دیماگۆجییەت شتێکی تر نەبوو، عەیبەی سیاسیی ئەوەیە گوتارەکەت بۆ گەرمکردنی خەڵک بێت و ڕاگەیاندنەکەت خەریکی پیشەسازیی درۆکردن بێت، بەڵام خۆت لەباوەشی دڵدارەکەتدا سەما بکەی. تەسلیم بوون عەیبە نییە، دوو ڕووییەکەت عەیبەیە و عەورەتی سیاسییت دەردەخات. ئێستا زۆرمان وەک منداڵەکەی هانز ئەندرسن هۆشیارین و ئێوە و پڕەنسیپەکانتان دەبینین بەڕووتی.
نووسەری دانیمارکی (هانز کریستیان ئاندرسن) لەساڵی 1837چیرۆکی (بەرگە تازەکەی پادشا)ی نووسی.
 لەم چیرۆکەدا پادشایەک زۆر حەزی لە جل و بەرگە، بەردەوام داوای بەرگی تازە دەکات، بەردەوام وەزیر و دارودەستەکەی ستایشی دەکەن.
تاڕۆژێک دوو پیاوی فێڵباز دێنە کۆشک و بڕیاردەدەن بەرگێکی ناوازە و سحراوی بۆ پادشا درووست بکەن. پادشاش پارە و زێڕی زۆریان  پێ دەدا.
ئەم دوو پیاوە لەژورێکدا خەریکی بەرگەکەی پادشان، بەڵام هەرکەسێ دەچێت بۆلای دوو پیاوەکە، هیچ بەرگێک نابینێ، بەڵام هەمووان دەڵێن زۆر جووانە، بەپادشاشەوە.
بەرگە خەیاڵییەکە تەواو دەبێت و دەیکەنە بەری پادشا، بەڵام پادشا تەنیا جلی ژێرەوەی لەبەردایە.
پادشا بەناو خەڵکەکەدا دەڕوات و هەمووان ستایشی پادشا دەکەن. هەمووان وەک مێگەل پادشا بە بەرگەوە دەبینن، لەکاتێکدا پادشا ڕووتە. تەنیا منداڵێک نەبێت کە هێشتا نازانێت پەروەدەی مێگەلیزم چییە، هاوار دەکات؛ پادشا ڕووتە، پادشا بەرگی لەبەر نییە، پادشا بەرگی ژێرەوەی لەبەرە.
ئەمەش هەمووان هۆشیار دەکاتەوە و دەڵێن پادشا ڕووتە.

ئێستا زانییمان ئێوە چیین و زانییمان پڕەنسیپەکانتان جگە لە دیوارێکی لم هیچی تر نەبوو، خۆشتان پادشایەکن لە لم و بایەکی ئارام ڕووتتان دەکاتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×