ده‌هۆڵی شه‌ڕی ناوخۆ بوه‌ستێنن

د. کامەران مەنتک
  2019-07-22     1144

پێویستە (PKK) و (PDK) دەست بەگفتوگۆبکەن
شەڕێکی نا تەندروست و ترسناکی میدیایی لەنێوان دوو باڵی گەورەی کورد (PKK) و (PDK) لەو قۆناغە دەستیپێکردووە، تەنانەت لە ھەندێک شوێن لە ژێر فشاری تورکیا(PDK) لەو شەڕە تێوەگلاوە، بەڵام ئەوەی ھێڵێکی ھێشتۆتەوە بۆ گەیشتن بە ئاشتی ئەوەیە تاوەکو ئێستا شەڕەکە بە شێوەیەکی راستەوخۆ رووینەداوە. تا ئێستا پانتاییەک ھەیە بۆ دانوستان و گفتوگۆکردن و رێگە نەدان بە دایسانی شەڕ، دەبێت ھەوڵ بدرێت کێشەکان نەگەیەنرێتە ئاستی شەڕ، چونکە ئەوان دەتوانن شەڕ دەست پێبکەن بەڵام ھەرگیز ناتوانن بیوەستێنن. ئەوەی جێگای داخە میدیاکان و تەنانەت میدیاکانی سێبەری ئەو دوو حزبە ‌و حزبەکانی تریش لە ھەستیاری و مەترسیداری دۆخەکە تیناگەن و ناتوانن لە بەرپرسیاریەتی ئەو قۆناغە تێبگەن، دەھۆڵ لێدان بۆ شەڕی ناوخۆ ھەرگیز لەبەرژەوەندی کورد نیە، جگە لە چەند بازرگانێکی شەڕ سوودمەندی یەکەم تورکیاو داگیرکەرانی کوردستان دەبێت.

 

ھەرکەسێکیش ئەو دەھۆڵە دەکوتێت با خۆی یا کوڕی یا براکانی و خێزانەکەی راستەوخۆ بنێرێتە شەڕ، نەک خۆی لەسەر خوانی رازاوەو پارەی دزیاری دانیشتبێت و شوێن و خانووی لە دەرەوە کڕێبێت و کەسە نزیکەکانی خۆی لە دەرەوە بێت، داوا لە منداڵی ھەژاری کورد بکات لە پێناو بەرژەوەندیەکانی ئەودا خۆیان بە کوشت بدەن. ئەوەی حەزی لەشەڕە با خۆی بچێتە بەرەی شەڕ نەک ھانی خەڵکی تر بدات!.

پێویستە خەڵکی کوردستان ئەوە بە باشی بزانێت، کە ئەو شەڕە ئەگەر رووبدات، دوا شەڕی ناوەخۆ دەبێت و ھاوسەنگیە نێودەوڵەتیەکە بە شێوەیەک گۆڕاوە، کە کورد تیایدا بە سفر دەردەچێت. تورکیا لە کاتێکدا خۆی بۆ پەلاماری رۆژئاوای کوردستان ئامادەکات و بە دەیان ھەزار سەربازو چەکدارە توندرەوەکانی بە ناوی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە لەسەر سنوورەکانی رۆژئاوا کۆکردووەتەوە، دەیەوێت لەگەڵ دەستپێکردنی ھێرش لە باشوریش شەڕی ناوخۆ دروست بکات، کە ئەمە لە لایەک لەرویی واتاییەوە زیانی زۆری بۆ رۆژئاوا بۆ ھەموو کورد دەبێت، لە لایەکی تر بە ئاسانی باشور دەدەنەوە دەست حکومەتی عێراق و ھیچ شتیک نامێنێت بە ناوی مەسەلەی کورد لە باشور. رەنگ بێت زۆرکەس بۆ ئەو خوێندنەوە تێبینی ئەوە بکەن، کە رۆلی ئەمریکا پشتگوێخراوە!.

 

لە راستیدا ئەگەر تورکیا بەکارێکی وا ھەڵسێت ئەوەی پەیوەستە بەرۆڵی ئەمریکا لە دوو ئەگەر زیاتر بە خۆوە ناگرێت، یاخود لە پیناو گەڕاندنەوەی تورکیا بۆ باوەشی رۆژئاوا ئەمریکا مەسەلەی کورد دەکاتە قوربانی و باجی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ تورکیا بە کورد دەدات، ئەمەش واتای جێبەجێکردنی نەخشەرێگای مەنبەجە، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵەوە لەگەڵ تورکیا لەسەری رێک کەوتووە، یاخود تورکیا ئالنگاری ئەمریکا دەکات، وەک ئەوەی ئێران دەیکات و مەسەلەی ماوەی ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکی ئەمریکا وەک دەرفەتیک دەقۆزێتەوە، بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات!.

 لە ھەموو حاڵەتەکاندا ئێستا ئەمریکا وەک گورگێکی بریندار دێتە بەرچاو، لە ھەموو لایەکەوە پەلاماری دەدرێت، بۆ ئەوەی رایبکێشنە ناوڤێتنامێکی ترەوە!. تا ئێستا ئەمریکا دانی بەخۆیدا گرتووە، ئەو دان بەخۆداگرتنەش دەرئەنجامی سیاسەتی گەڕانەوە دواوە و لاتەریککردنی ئەمریکایە، کە (دۆناڵد ترامپ) پەیڕەوی دەکات و ئەمریکا لە ئەرکە جیھانییەکانی دووردەخاتەوە. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا ئەمریکا ئامادەیە لە پیناو کورد سەرەڕۆیی بکات و خۆی بخاتە جەنگێکی جیھانیەوە!؟. لە ھەموو دۆخیکدا نابێت گرەو لەسەر ئەمریکا بکرێت. بۆیە کورد نابێت لەو دۆخە ھەستیارەدا بەو ئاڕاستەیە کاربکات و پێویستە تاکی کوردو حزبەکانی کوردی لەو مەترسیە گەورەیە تێبگەن!.


راستیەک ھەیە پێویستە ئاماژەی بۆ بکەین، پارتی ئێستا کەوتووەتە ژێر رەحمەتی تورکیا و دەستی لە خنخنۆکە نراوە، ئامادەیە ھەموو کارێک بکات لە پێناو مانەوە، بۆیە پێویستە دەروازەی رزگاربوون لای تورکەکان نەدۆزێتەوە، بەڵکو پێویستە کورد خۆی ئەو دەرگایەی بۆ بکاتەوە و دەست بە دانوستاندن بکرێت، ئەگەرچی دەرفەتەکە زۆر کەم ماوەو رۆژ بە رۆژیش بچووکتر دەبێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەو دەرفەتە تا ئێستاش ماوە، لە جیاتی تۆمەتبارکردنی پەکەکە بە تیرۆریست و لێدانەوەی قەوانی تورکەکان، پێویستە ھێزەکانی تری کوردی رۆڵی ناوەندگیر بگێڕن. ئەگینا ھەر شتیک رووبدات، بەر لەیەکێتی پارتی ئەوان دەکەونە بەر سزای گەل.

 

ئەم شەڕە ئەگەر رووبدات وەک شەڕەکانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو نابێت، ئەم شەڕە وەک شەڕەکانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو دەبێت، چونکە سیستەمی جیھانی تاک جەمسەری نەماوەو پێگەی جیۆپۆلەتیکی کوردستان بە شێوەیەک گۆڕاوە، کە لە دۆخی قۆناغی شەری سارد دەچێت و خەریکە دەبێتەوە ناوچەیەکی تامپۆنی، بۆیە ئەو گۆڕانکاریانەی دێن، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات، ئەوا دۆخی کورد بە شێوەیەک نابێت ئێرەیی پێ ببردرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×