خەمی نەوەکان لە کەرکووک

دلێر محەمەد نوری
  2019-07-25     1008

ئەگەر کوردێکی کەرکوکیی زۆر دوور بە مێژووی شارەکەشیدا ڕۆ نەچێت، بە ئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە باپیری باپیری خۆی چۆن لە سەرەتاکانی سەددەی نۆزدە لەم شارەدا لە داخی باوکی باپیری سەری ناوەتەوە. لە کاتێکدا ئەو تا مردووە لە خەمی پێگەیاندنی باوکی باپیری بووە لە نێو خەڵتان خوێنی شار بە هۆی ململانێی و کێشمەکێشی نێوان بابانێکان و داگیرکەرە عوسمانییەکان. لە ناوەڕاستی سەددەی نۆزدەهەمیش باوکی باپیری چۆن لە داخی باپیری سەری ناوەتەوە ئەوەندەی خەم لێ خواردووە کاتێ عوسمانییەکان کەرکووکیان تورکاندنووە و ڕەنجی سەددەهای وەکو باپیرە گەورەیان داوەتە تورکە هاوردەکان. باپیریشی لە داخی باوکی سەری ناوەتەوە کە چۆن هەمیشە لە خەمی باوکی بووە تیانەچێت لە نێو ئەو هەموو کێشمەکێشەی لە کەرکووکدا ڕوویان داوە جارێ لە نێوان کورد و حەرەس قەومی و جارێ لە گەڵ عەرەبی هاوردەو کۆچکردووی باشور تا دواجار باوکی وەکوو تاشە بەردە سەختەکانی کوردستان هەر پێگەیشتووە و ئەم کوردە گریمانەییەی هێناوەتە دوونیاوە. باوکیک کە گەلێک هیوای بەم هەبووە، هەمیشە بە ئاواتەوە بوو بێوەی بێوەی نەبێتە سووتەمەنی چڕنووکی تیژی بەعس لە کەرکووک یان ئاگری تەعریب و تەرحیل و تەبعیس نەگاتێ وهەر چۆنێک بێت ئەم کوردە کەرکووکییە گریمانەییەش پێگەیشت. دواجار گەر باوکیش لەم هەموو تەڵزمێ مەرگەش رزگاری بووبێت هەر نەبێت عەیامێکە بە ئەمری خوای تیاچووە. ئەمێستا ئەمیش دوای شنەبایەکی خۆشی تەمەن کورتی کوێستانیی ‌۹۱ و شنەبایەکی دیکەی لەو فێنکتر و تەمەندرێژتری ۲۰۰۳و شنەبایەکی کوێستانی هەر زۆر فێنک و بە تاوتری دوای گڕەبا تەمەن کورتەکەی داعشی ۲۰۱٤، لە سەر بەرزاییەکەی تەپپەی مەلا عەبدووڵاوە بە سەر شارا ئەڕوانێت توند دەستی کچ و کوڕەکەی خۆی گرتووەو بە سەر شارا ئەڕوانێ وتەماشا دەکات، نە شنەبای تەمەن کورت ونە تەمەن درێژ و نە هەوای کوێستانی و نەگرمیانی . ئاسمانی ئەم شارە ئەمڕۆ چمکێکی وا بە دەست  گڕەیەکی عەبا کورتی عەمامە بە سەری باشورەوەیەو چمکێکیشی بە دەست گڕەیەکی سووتێنەری عەگال بەسەری ڕۆژئاوا وچمکەکەی دیکەشی وا بە دەست هەوایەکی خوێنساردی عوسمانلییەوەیە و هەرچی ئەکا نازانێ چۆن ئەم نەوەیەی لە ژێر ئەم ئاسمانە شێواوەدا بپارێزێت. کاتێ ڕوو دەکاتە براکانیش هێندەی دیکە لە خەمساردی ولە بێباکییان تێدا ماوە، کە چۆن ناساز لە گەڵ یەک و ساز لەگەڵ ئەوانی دیکە ئەم ئاسمانە شینەی کەرکووکیان بۆ بایەکی وەیشوومەی نادیار داناوە!!.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×