چۆن کڵاو کرایه‌ سەرمان؟!

حاکم صباح داودی
  2019-07-26     333

بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی‌و یاسای بنەما دادگەرییە سزایەکانی ئێراقی هەر کەسێک کەسێکی تر بکوژێ ئەوە کەسوکاری کوژراوەکە جگە لەداوای سزایی بۆیان هەیە داوای مافی نەدەنیش بکەن کە پێ دەووترێت (تعویچ)، بەدرێژایی ئەم 28 ساڵەی ڕابردو کورد لەهەموو بۆنەو ساڵ‌و ساتدا یادی ئەنفالکراوەکان دەکەن بەڵام تاکو ئێستا نەیانتوانیوە میکانیزمێک بدۆزنەوە بۆ چۆنێتی تۆمارکردنی داوای سزایی‌و مەدەنی لەسەر حکومەتی ئێراق بۆ ئەوەی لانیکەم لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی بکرێت لەو ڕوداوانە تەنانەت گەر وەکو تاوانی کوشتنی ئاساییش تەماشای هەر ڕوداوێک لەو ڕوداوانەی کە تاوانی (انفال) لەیەکناودا کۆیاندەکاتەوە.

ئەوەی دادگای تاوانەکانی مەرکەزی ئەنجامی دا لەو بارەیەوە دادگاییکردن یان دادبینی نەبوو لە هەموو ڕووداوەکاندا بگەر ئەو بایەخەی ئەو دادگایە بەخشی بە تاوانەکانی دووجەیل کە بریتین لە ئێعدام کردنی تەنها سەدوو پەنجا کەسی پیاو ڕەنگە سەد ئەوەنەی دادبینییەکانی تایبەت بە ڕووداوەکانی ئەنفال بایەخی پێ درابێت !

دادگای جینایاتی مەرکەزی لە بەغدا تەنها حوکمی لە سێدارەدانی بۆ تەنها بیست کەسی تاوانبار دەرکرد ونزیکەی سێ سەد فەرمانی گرتنی بۆ سێ سەد تومەتباری تر دەرکرد کە هیچ ئەهەمییەتێکیان نەبو.

کەسانی پسپۆر لە بواری یاسادا هەر لە سەرەتاوە بە چاوی گومانەوە تەماشای ئاراستە و بڕیارەکانی  ئەو دادگایەیان دەکرد بە پێچەوانەی کەسانی تر کە نقووم ببوون لە هەستی شاهیوەکەمی دەرحەق بە چەند تاوانبارێکی خوێنڕێژ کە وەکو شەخسیی ئەو تاوانانەیان ئەنجام نەدابوو بەڵکو وەکو ناونیشان و سیفەتی ڕەسمی حکومەتی.
 
بە ئیعدامکردنی چەند سەرێک لەوان توانرا جۆرێک لە ئارامبەخشین لە رووی نەفسیەوە ببەخشن بە کورد بەڵام ئەو بڕیارانە هیچ ئاماژەیەکییان تیادا نەبوو بۆ قەرەبووکردنەوەی ڕووحی ئەو شەهیدانەی لە کارەساتی یان لە تاوانی انفال دا تیاچوون !!،،لە کاتێکیشدا ئەو دادبینییانە بە جۆرێک برانەڕێوە کە بینەر لێ تێک بچێ ونەزانێت ئایە ئەمە دادگاییکردنی کەسانێکە بە سیفەتی شەخسی یان بە سیفەتە ڕەسمییەکانیان ؟!

ببینە ، کەسێکی تاوانباری خوێنڕێژ وەکو (علی کیمیاوی) وەکو وەزیری بەرگری یان بەرپرسێکی بەعسی ئەوسا دادگایی کرا بەڵام کاتێک حوکمی لەسێدارەدانیان بۆی بڕیەوە تەنها ناوی هێنرا لە حوکمەکەدا وەکو (کەس)و هیچ ئاماژەیەک لە بڕیاری تەجریم کردنەکەو لەسێدارەدانەکە نەکرا بۆ وەزیفەکەی یان سیفەتە ڕەسمییەکەی لە دەوڵەتی ئێراق دا!! جا کڵاوەکە لێرەدایە.

لە کاتێکدا بینرا کەسوکاری قوربانیانی دووجەیل قەرەبوو کرانەوە بە پارە لە خەزینەی دەوڵەتی ئێراقی بەو پێ یەی ئەوە تاوانێک بووە حکومەتێکی پێشووتر ئەنجامی داوە دژی هاوڵاتیانی خۆی ودادگا حکومەتی ئێستای بەغای پابەندکرد بە پێدانی ئەو قەرەبوویە بۆیان بەو پێیەی حکومەتی ئێستا واریسی حکومەتی پێشووترە کە ئەنجامدەری ئەو تاوانانە بووە (جگە لە سزاکانی ئیعدامکردنی چەند تاوانبارێک ) ، جا بە گوێرەی ئەوەی دەووترێ قەرەبووی دیاری کراو لە لایەن دادگاوە بۆ یەک تەنیاکەسێک لەو قوربانییانە لە پەنجا هەزار دۆلار کەمتر نەبووە!

وەرە حیسابی کە، گەر بۆ کەس وکاری هەر یەکێک لەو قوربانییانەی ئەنفالدا تەنها دە هەزار دۆلاریش دیاری بکرایە ،دەبووایە لانی کەم حکومەتی بەغدا پابەند بکرایە بە پێدانی چەندێک پارە بۆ کەس وکاری ئەو قوربانییانە ؟!، ئەمە لە کاتێکدا قەرەبووی تەنها یەک کووژراوێک لە تاوانێکی کووشتنی ئاساییدا  بەپێ یاسا سزاییەکاندا لە دوو دەفتەرو سێ دەفتەر کەمتر نییە.

چەندی دەکرد ؟!
چەند ملێار دۆلار ؟!
چەند هەزار دێیان پێ ئاوەدان دەکرانەوە ؟!
جا بەرپرسە ئێراقییەکان لە ڕابردووی دوای ٢٠٠٣ ولە ئێستایشدا خۆیان لەو مافەخووراوەی کوردی ستەملێکراو دەدزنەوە بە بیانووی ئەوەی ئەو دادگایە دادگایەکی تایبەت بووە و درۆش دەکەن چونکە ئەو دادگایە هەموو بڕیارەکانی لە ڕۆشنایی یاساکانی سزادان وبنەما دادگەرییە سزایەکانی ئێراق دەرکردووە کە لە هەفتاکان وشەستەکانەوە تاکوو ئێستا ئیشییان پێ دەکرێ؟

ئەو کڵاوەی کرا بە سەری کوردەوە لە ڕێگای ئەو دادبینییانەوە جۆرێک بوون لە جێ بە چی کردن ودرێژەدان بە  زنجیرە تاوانی نەگیرساوەو ساڕێژ نەبووی (انفال).
زۆر بە داخەوە ،، گریان وفیغان و دڵسووتان وهاوسۆزی دەرخستن بۆ کەس وکاری ئەنفال ، ڕاستە ،حەقە لە سەری هەموومان بەڵام دەبوایە ئەم هاوسۆزیانەمان هاوکات بووایەن لە گەل وەرگرتنی مافە یاساییەکان بۆیان.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×