کێ لە دکتۆرەکان دەپرسێتەوە؟

سەڵاح رەشید
  2019-07-26     1118

سەڵاح رەشید


کەناڵی تەلەفزیۆنی روداو لە ٢٤/٧ ی ئەمساڵدا راپۆرتێکی دەربارەی پزیشکەکانی شاری سلێمانی نمایش کرد، بە تایبەتیش دەربارەی نوسینی (رەچەتە) ی دکتۆربۆ نەخۆس، کە زوربەی هەرە زۆریان بە دەست وخەت ئەینوسن.

لەو بارەیەوە، سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی کوردستان، دکتۆر تەها مەحوی، وتی کە ماوەی سێ مانگ دەبێت هەمو پزیشکەکانیان ئاگادارکردۆتەوە کە پێویستە لەمەودوا، رەچەتە بۆ نەخۆش بە کۆمپیوتەر بنوسن، بەڵام تاکو ئێستا هیچ دکتۆرێک ئەم بڕیارەی جێبەجێ نەکردوە.

لەو راپۆرتەدا، دەردەکەوێت، کاتێ تیمی تەلەفزیۆنەکە دەچن بۆ چەند دەرمانخانەیەک و سەیری رەچەتەی ئەو رۆژە دەکەن، زۆر زۆر کەم رەچەتە دەبینرێت کە بە کۆمپیوتەر نوسرابێت!
زۆر کەم دکتۆر هەیە کە کۆمپیوتەری لە ژورەکەی خۆیدا هەبێت و بۆ کاری رۆژانەی نەخۆش و رەچەتە بەکاری بهێنێت، کێشەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، کە هەندێ لە دکتۆرەکان:

1. رەچەتەکە بۆ دەرمانخانەیەک یان تاقیگەیەکی تایبەت بە خۆیان دەنوسن کە (کۆمیشن) وەردەگرن، لەبەر ئەوە، کابرای دەرمانخانەکە باش لە دەستوخەتی دکتۆرەکەی خۆی تێدەگات، یەکێ لە دەرمانفرۆشەکان وتی: "هیچ مەرج نیە رەچەتەی ئەم دکتۆرانە لە دەرمانخانەکانی تر بتوانن بیخوێننەوە و تێی بگەن". هەندێ جار هەندێ دکتۆر هەندێ رەمز دەنوسێت کە تایەبەتە بە دەرمانخانەکەی خۆی.. هەندێ دکتۆر ئەوەندەی سود لە دەرمانەکان دەبینێت، ئەوەندە سود لە بلیتی چونە ژورەوە نابینێت! زۆرمان ئەوەمان بەسەر هاتوە کە سەردانی دکتۆرێکمان کردوە و دەرمانی دکتۆرێکی ترمان بۆ هەمان نەخۆشی نیشان داوە، ئەو راستەوخۆ وتویەتی ئەم دەرمانانە بەکار مەهێنە و فرێیان بدە، ئەویش هاتوە کۆمەڵێک دەرمانی نوێی نوسیوە، زۆر کەم ئەوەمان بینیوە کە دکتۆرەکە دەستخۆشی لە هاورێکەی کردبێت و وتبێتی، من هیچت بۆ نانوسم، ئەوەی فڵانە دکتۆر نوسیوێتی هەمو باشن و کاریگەرن!. 

2. زۆر لەو دکتۆرانە، جگە لە کاری نۆرینگەکانیان، بەیانیان تا نیوەرۆ لە نەخۆشخانە حکومیەکانن و هەندێکیان لە زانکۆکان وانە دەڵێنەوە و دوای ئەوە راستەوخۆ بۆ نورینگە و هەندێکیان دوی نورینگە نەشتەرگریان لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان و شەو درەنگانێک دەگەرێنە ماڵەوە. هەندێ دکتۆر، جگە لەوەی کە چەند نەخۆشێک بەیەکەوە لە یەک ژوردا دەبینێ، هەیانە تا درەنگانێکی شەو لە نورینگەکەی نەخۆش دەبینێ! ئەپرسین ئایە دکتۆرێک دوای چەندەها سەعات هیلاکی، چۆن ئەتوانێت بە درەنگانێک تشخیسی ورد و تەواوی نەخۆش بکات؟

3. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەو دکتۆرانەی بەم شێوەیە کار دەکەن، چەند ئەتوانن خۆیان زیاتر پێبگەیەنن لە بواری پسپۆریەکەی خۆیاندا، چەند توێژینەوەیان نوسیوە دەربارەی نەخۆشی و چارەسەری نوێ؟ ئایە کاتیان هەبوە بۆ ئاگاداربون لە نوێترین توێژینەوەی پزیشکی لە بواری پسپۆریەکەی خۆیدا، ئەمە جگە لە پشوی تایبەتی خۆیان و گرنگی دان بە ماڵ و منداڵ و بۆنە کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسیەکان.

4. رەنگە هەندێ دکتۆر، ئەوەندی مەبەست بێت کە ئیوارە چەندی دەست دەکەوێت، ئەوەندی بوارە مرۆیی و زانستی و چارەسەری نەخۆشەکەی بەلاوە مەبەست نەبێت..بەڵام ئەرکی دەزگا حکومی و سەندیکاکانە کە لێپرسینەویان لەگەڵدا بکەن، لێپرسینەوەیەک کە ناچاریان بکات، کە رەچاوی ئەو سوێندە بکەن کە وەک پزیشک خواردویانە.

5. ئەرکی گرنگ و پێویستی کابینەی نوێێ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری نوێێ تەندروستی، ئەوەیە کە بەسەر سیستەمی تەندروستیدا بچێتەوە و ئەو باسەی کە چەند ساڵێکە دەکرێت بۆ جیاکردنەوەی کەرت تایبەت و گشتی، یان ئەو دکتۆرانەی کە لە نەخۆشخانەکان کار دەکەن، پێویستە وەک هەمو فەرمانبەرێکی تر کاری ئاسایی خۆیان بکەن و موچەیەکی گونجاوی باشیان پێبدرێت، بەڵان نابێت لە دەرەوە نورینگەی تایبەتی خۆیان هەبێت و نەخۆشخانە حکومیەکان بکەن بە رێگایەک بۆ بەدەستهێنانی نەخۆش بۆ خۆیان. 

6. بێگومان، نابێت هەڵسوکەوتی هەندێ پزیشکی پارە پەیداکەر، ببێتە پەڵە بە مێژوی پزیشکانی کوردستانەوە، پزیشک رۆڵی گرنگ و دیار و ئاشکرای هەبوە لە مێژوی خەباتی گەلەکەماندا و ژمارەیەکی زۆری شەهید و پێشمەرگە و گیانفیداکاری پزیشکمان هەیە..تا ئێستاش ژمارەیەک لە پزیشک هەن، کە بێ بەرامبەر چاویان بە نەخۆش دەکەوێت، یان بێ بەرامبەر کەس وکاری شەهیدان و کەم دەرامەت و پێشمەرگە دەبینن..یان زۆریان هەیە کە توانی ئەوەیان هەیە نورینگەی تایبەتی بە خۆیان بکەنەوە، بەڵام لە نورینگە گشتیە فراوانەکان یان لە نەخۆشخانە ئەهلیە تایبەتەکان نەخۆش بە نزخێکی زۆر کەم دەبینن..

لەبەر ئەوە گرنگە کە دکتۆرە بەهەڵوێست و خەمخۆرەکان، رێگا لە دکتۆرە (بازرگان)ەکان بگرن، هەر هیچ نەبێت، بۆ ئەوەی ناوی دکتۆر پەڵەدار نەکەن..
هەقە سەندیکاش کەمێ بکەوێتە جوڵە و بە ئەرکی سەر شانی خۆی باشترهەڵسێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×