کاتێک وشەکان دەسوتێن!

ئارام سدیق
  2019-07-26     904
چەند سەرنجێکی کورت سەبارەت بەسوتاندنی کتێب
هەفتەی پێشو ئاوات ئەحمەد سوڵتان لەکۆڕێکدا لەناوەندی ڕەهەند باسی لەدیاردەی کتێب سووتاندن کرد. لەوێدا لەمێژوی سوتاندنی کتێبەوە دەستی بەباسەکەی کردو دواتریش گەیشتە سەر سوتاندنی کتێب لەلایەن نازییەکانەوە، کە کتێبگەلی نوسەری گەورەو بیرمەندی مەزنیان سووتاند. 

هەر لەوێشەوە پەڕییەوە بۆ حاڵەتی سووتاندنی کتێب لەکوردستان‌و ئەوەی لەچەند ساڵی ڕابردوودا لە چەند جێگەیەکدا چەند حاڵەتێک ڕوویدا. دوا حاڵەتیش سووتاندنی کتێبەکانی ماڵی وەفایی بوو لەلایەن نووسەرێکەوە، ئەم کردارە ڕەنگە بۆ زۆرێک لەخوێنەران شۆک‌و جێگەی پرسیار بێت، بەڵام لای من لەڕیزی ئەو کردە (ئاساییانەدایە) [لێرەدا ئاساییان لەکەوانەدا بەکاردێنم چونکە خودی کردەی کتێبسووتاندن ئاسایی نییە، بەڵام بۆ ئەم فیگۆرە کە ئەگەر ئەوە هەیە شتی خراپتر بکات تاڕادەیەک ئاسایی دەردەکەوێت] کە ئەم (فیگۆرە نووسەرە) لەچەند ساڵی ڕابردودا کردوویەتی و ئەم جۆرە کردانە ئەگەری دووبارەبوونەوە و سێبارەبوونەوەیان هەیە ئەگەر ڕێگە بەم فیگۆرە نەگیرێت‌و بەشێوەیەک چارەسەر نەکرێت. 

بێگومان کردەی سووتاندنی کتێبەکان لەلایەن نووسەرانی کوردەوە حاڵەتێکی تازە نییە و پێشتریش دوو حاڵەتی جیا جیا هەبوون، بۆیە ئەوە زاکیرەی خوێنەرانی ئێمەیە، کە ناتوانن بگەڕێنەوە لانی کەم بۆ دە ساڵ لەمەوبەر و لەو مێژووە ڕابمێنن. 

بێگومان من کارم بەو حاڵەتی سووتاندن و کردەکە و بکەرەکانەوە نییە و من باس لە سووتاندنی وشەکان دەکەم. لەنێو ئەم کردانەدا کەس نەیپرسی کاتێک وشەکان دەسووتێن چی ڕوودەدات؟ سووتاندنی کتێب لە واتا گشتییەکەیدا تەنها کردەیەکی ڕەمزی ئاسایی نییە، بەڵکو کردەیەکە کە هەڵگری پرسیار و پەیامە. هەر لەو کۆڕەی هەفتەی پێشوودا باس لە سووتاندنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە کرا لەسەردەستی سوپاس موسڵمانان. لەوێدا سوتاندنی کتێب، واتایەک بوو بۆ سڕینەوەی شارستانیەتێک، یان بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لە شارستانیەت و ئایینێکی نوێ. بەڵام ئایا هەمیشە سووتاندنی کتێب هەمان واتای هەیە؟

بێگومان لە هەر سەردەمێکدا کتێب سووتا هێمایەکە بۆ ئەوەی قۆناغێک کۆتایی دێت و قۆناغێکی دیکە دەست پێ دەکات. سووتاندنی کتێب نیشانەیە بۆ بەسەرچوونی مۆدێلێک، یان شێوەیەک لە ژیان و بیرکردنەوە و دەرهێنانی مرۆڤگەلێک لە خەوێکی غەفڵەت و بەئاگاهاتنەوەیان لە سەردەمێکی نوێدا. کاتێک وشەکان دەسووتێک، واتە شارستانییەتێک، فیکرێک، قۆناغێک دەبێت بڕوات، یان دەڕوات و ئەگەری سەرهەڵدانی قۆناغێکی دیکەیە. کە وشەکان گڕ دەگرن، ئەمانە ڕۆحلەبەرن و پەیامی شارستانییەتێکیان پێیە و وشە هەمیشە زیندووە، بەڵام کاتێک دەسوتێک ئیدی زیندوو نامێنێت. ئەوەی شەرعییەت بە سووتانی وشەکان دەدات وەکو هاینیش هاینە دەڵێت لای ئاساییە شەرعییەت بە سووتانی مرۆڤەکانیش بدات. واتە لە هەر شوێنێک زەمینەی سووتاندنی کتێب هەبوو (ڕەخسا) ئاسان زەمینە سووتاندنی مرۆڤیش دەڕەخسێت. 

ئەگەر مێژووی مرۆڤ کتێب سووتاندنی تێدا نەبوایە، ئێستا مرۆڤایەتی لە جێگەیەکی دیکە دەبوو، چونکە کتێبەکان لە هەناویاندا ئەزموون و بیر و ئەندیشەی مرۆڤە بیرکەرەوەکان و دیرۆکی شارشتانییەتەکانیان لە هەناویاندا هەڵگرتووە، کە بە درێژایی مێژوو بە هەزارانیان لێ سووتێنراوە و فەوتاون و نەگەیشتوون بە ئێمە. بۆیە کاتێک کتیبەکان دەسووتێن. واتە هزری مرۆڤە بیرکەرەوەکان لەناو دەچن، یان وەک لە کۆڕەکەدا وترا "دەرگای گفتوگۆ دادەخرێت"، واتە هەر کاتێک کتێب سووتێنرا، ئەوکات دەرگای گفتوگۆ داخراوە. لە کەیسی سووتاندنی ماڵی وەفایشدا ئەوە ئەو چرکەساتەیە کە دەرگای گفتوگۆ داخراوە، بۆیە تا گفتوگۆ هەبێت کتێب ناسووتێنرێت. 

من نامەوێ کتێب وەکو بوویەکی موقەدەست بناسێنم، کە نابێت بسووتێنرێت، بەڵام ئەوەم بەتەواوی لەلاڕوونە کە هەرکاتێک کتێب سووتا بێت کەواتە دەرگای گفتوگۆ داخراوە. بۆیە گرنگە هەرگیز بیر لە داخستنی دەرگای گفتوگۆ نەکەینەوە تا کاردانەوەی لەم شێوەیەی لی نەکەوێتەوە و وشەکان نەبنە قوربانی داخستنی دەرگای گفتوگۆیی نێوان مرۆڤەکان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×