پارتە نوێیەکەی باباجان‌و ئایندەی ئەکەپەو ئۆردوغان

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-07-30     928

ئەگەر سەیری بارودۆخی سیاسی ئێستای تورکیا بکەین، سەرەتایەک دەبینین بۆ گۆڕانکاریەکی نوێ، ئەویش پاش ئەو ناڕەزایی و رەخنانە دێت کە لەناوخۆی پارتی داد و گەشەپێدانەوە سەریان ھەڵداوە، واتە ناڕەزایەکان دژ بە دەسەڵاتی ئەکەپە تەنھا لەنێو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی و شەقامدا نەماوەتەوە، بەڵکو چوەتە ناو خودی پارتی دەسەڵاتدار و لە ئێستاشدا ئەمە بۆتە گەورەترین مەترسی لەسەر دابەشبوونی ئەکەپە.

لە ئێستادا ئەکەپە بەو سیاسەتانەی کە لەناو خۆ و دەرەوە ئەنجامی دەدات تورکیای گەڕاندۆتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠١ کە تیایدا خودی ئەم پارتە دروست بوو، بەڵام ئەمجارەیان بە کۆمەڵێک قەیرانی تر کە جیاوازن لەوەی رابردوو، لەبەرئەوە لەم کاتەدا ھەم لە شەقام و ھەم لە ئاستی ناوخۆی پارتی داد و گەشەپێداندا زەمینەی ئەوە ھەیە کە بزاڤێکی سیاسی نوێ لە تورکیادا دروست ببێت کە بتوانێت جێگەی ئەکەپە بگرێتەوە، جموجوڵەکان بۆ دروستکردنی پارتێکی سیاسی نوێ چەند ساڵێکە دەستی پێکردووە.

بەڵام لەدوای گۆڕینی سیستمی سیاسی لە تورکیادا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی و دابەزینی دەنگەکانی ئەکەپە لە دوایەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و بەستنی ھاوپەیمانی لەگەڵ مەھەپە و پاشانیش دابەزینی دەنگەکان لە ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەمساڵدا و لەدەستدانی پێنج گەورە شاری تورکیا و دوایەمینیان لە دوبارە کردنەوەی ھەڵبژاردنی شارەوانی ئەستەنبوڵ و دۆڕاندنی لە بەرامبەر بەربژێرەکەی جەھەپە، ئەو قەیرانە ئابوریەش کە ئێستا بە ھۆی سیاسەتەکانی ئەکەپەوە روبەروی تورکیا بوەتەوە، ھەموو ئەمانە پاڵنەرێکی خێرابوون کە لە ئێستادا باس لە دروستکردنی پارتێکی سیاسی نوێ بکرێت.

لە ئێستادا ئۆردوغان ھیچ کەسێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدانی لەگەڵدا نەماوە کە ژمارەیان نزیکەی ٤٠ کەس دەبوو، ھەندێک لەو دامەزرێنەرانە بە ئەندازیاری گەشەو بەرەوپێشچوونی ئەکەپە دادەنران، بەتایبەتی کەسایەتیەکانی وەک عەلی باباجان کە ئەو عەقڵە ئابوریە گەورە بوو کە لە سەردەمی ئەکەپەدا توانی تورکیا لە قەیرانە ئابوریە گەورەکان رزگار بکات و بیخاتە سەر سکەی بوژانەوەو گەشەپێدان، ھەروەھا عەبدوڵا گول و داود ئۆغڵۆ کە ھەر یەکەیان کەسایەتی گەورەو ناسراون و رۆڵی گەورەیان لە چاکسازیەکاندا ھەبووەو مێژوویەکی گەشاوەیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە، ئێستا ئەم کەسایەتیانە رێگە نادەن کە ئۆردوغان بەوشێوەیە شکست بە پرۆژەکەیان بھێنێت و دەیانەوێت سەر نوێ و بە عەقڵێکی نوێوە پارتێکی سیاسی نوێ دروست بکەن.

عەلی باباجان لەپێش ھەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا دیدارێکی لەگەڵ ئۆردوغاندا ئەنجام داوە بەمەبەستی چارەسەری کێشەکانیان و نەخشە رێگەیەکیشی پێداوە بۆ چارەسەری قەیرانی ئابوری، بەڵام پاش ئەوەی لەو دیدارەدا نەگەیشتنە ھیچ، راستەوخۆ لەدوای ئەوە عەلی باباجان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەکەپە راگەیاند و بۆ میدیاکانیش باسی لە ئامانجەکانی کرد کە دەیەوێت پارتێکی سیاسی نوێ رابگەیەنێت بەپێی مەزەندەی شرۆڤەکارانی سیاسی دەکەوێتە پایزی داھاتوەوە.

عەبدوڵا گوڵ پشتیوانی لەم ھەنگاوەی عەلی باباجان دەکات و لەئێستاوە لە گفتوگۆدان لەگەڵ چەندان کەسایەتی ناسراوی تورکیادا بۆ سەرخستنی پرۆژەکەیان، عەلی باباجان وادەبینێت کە کێشەکانی تورکیا ئابورین و دەتوانرێت بەھاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ئابوریە نێودەوڵەتیەکان و چەند رێوشوێنێکی نوێی ناوخۆدا کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەم پارتە نوێیە دەیەوێت پارتی ھەموو گەلانی تورکیا بێت و بەکەڵک وەرگرتن لە ھەڵەی پارتە تەقلیدیەکان لەنێویشیاندا ئەکەپە سیاسەت بکات.

بەشێکی زۆر لە پسپۆڕان و شرۆڤەکارانی بواری سیاسی وای دەبینن کە ئەم پارتە نوێیە چانسی گەشەو بەرەوپێشچوونی زۆرە، چونکە کۆمەڵگەی تورکیا پارتە تەقلیدیەکانی بینیوەو ئەگەری ئەوەی نیە مێژوو دوبارە بکەنەوە، چونکە ئێستا جەماوەری تورکیا بە ئەو ھەموو ئەنگاوە ئیجابیانەش کە لە زۆر بواردا ناویەتی لە ئەکەپە نیگەرانە، لەبەرئەوەش کە گۆمەڵگەی تورکیا کۆمەڵگەیەکی چالاکە لەرووی سیاسیەوە، کەواتە زۆرینەیان چاویان لە ئەزموونی نوێیە نەک ئەزموونە کۆنەکان.

لە ئێستادا ٤٠ ئەندامی ئەکەپە و ١٧ ئەندامی مەھەپە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادەییان نیشانداوە کە بچنە ریزی پارتە نوێیەکەی عەلی باباجان، خۆ ئەگەر داود ئۆغڵۆ و عەبدوڵا گول یش سەنگەر بگوازنەوە بۆ ئەم پارتە نوێیە، ئەگەری ئەوە ھەیە ھاوشێوەی ئەکەپە لە ٢٠٠٢ دا لە ھەڵبژاردنێکی پێش وەختدا بتوانن زۆرینەی پەرلەمانی بھێنن و تورکیا لەو قەیرانە ئابوری و سیاسیە رزگار بکەن کە ئێستا بەھۆی سیاسەتەکانی ئۆردوغانەوە تووشی تورکیا ھاتووە، بەمەش ئاسۆیەکی نوێ لە بەردەم چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد دێتەوە ئارا ،کە ئەگەر بەرپرسانی سیاسی کورد لە ھەدەپە بە عەقلێکی کراوەو دور لە تێروانینی ئایدیۆلۆژی مامەڵەی لە گەڵدا بکەن دەتوانن تەوزیفی بکەن بۆھێنانەدی مافەکانی گەلی کوردلە باکوری کوردوستا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×