بەشانازییەوە لەسنە خزمەتی‌ بەعسمان کرد!

رەزا مەنوچەری
  2019-07-30     1293
هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە خزمەتکردنمان بە بەعس و تاوانەکانی‌ بە پاساوی ئەمری واقع، رۆحی سەردەم، دراوسێیەتی‌، بازرگانی، سنوور و پەیوەندی بشارینەوە. خزمەتەکانمان بە بەعس بە ناوی پاراستنی‌ کوردستان، کوردایەتی‌، بەهێزکردنی‌ کوردستان، و ئارامیی‌ کوردستان بە هەموو کەس دەفرۆشینەوە. هەر کەس بیەوێت بەرەنگاری خزمەتکانمان بۆ برا بەعسەکانمان ببێتەوە، بە هەموو هێزی سەربازی، ئاسایش، سیاسی، حیزبی، حکومی، میدیایی‌ و راگەیاندنەوە دەیکەین بە ناخی عەرزا بۆ هەتاهەتایە تۆماری حەیاتی‌ دەسوتێنین.
 بەعس لەوپەڕی هێز و توانای سەربازی، ئابووری، موخابەراتی‌ و سیخوڕی، باڵادەستی‌، راگەیاندن و پەلامارداندایە بۆ سڕینەوەی‌ کورد لە رووی جەستەیی‌ و کولتورییەوە. بەهۆی پێگەی‌ ستراتیژیی‌ عێراق، سەرچاوەکانی‌ وزە، هەڕەشە بەردەوامەکانی لە زۆربەی‌ هەرە زۆری هێز و لایەن و دراوسێکان و کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌، هەموان دەستەونەزەر پشتیوانییان لێدەکرد و ئەوەی‌ نەیتوانیبا پشتیوانی‌ لێکردبا خۆی دەکردە غوڵام و خزمەتکارێکی‌ بە وەفا و بە ئەمەگ بۆی.


سەرباری ئەوانەش بزووتنەوەی‌ کوردستان لە باشوور لە رووی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنی، ئابووری، شۆڕشگێڕی، نەتەوەیی‌ و ستراتیژییەوە پێگەیەکی‌ بەهێزی بوو و ئەو بەعسە زەبلاحەی دەستەوەستان کردبوو. بزووتنەوەی کوردستاندا لە شەڕدا، لە هەڵبژاردنی پەرلەمان، لە شارەوانییەکان دا و لە زۆربەی‌ بوارەکانی‌ تردا هەر هێزی‌ یەکەمی کوردستان بوون. 

ئێمەش ئەو کاتە و دوور لە ئێستا هەموو کات باسی ئازادی، دیموکراسی، عەدالەت، خەباتی‌ نەتەوەیی‌، بەرەنگاریی‌ داگیرکەران و ئازادیی‌ کوردستانمان دەکرد و لە دژی هەموو داگیرکەران تاونەتاوێکیش بەیاننامەیەکمان دەردەکرد و بۆ هەموو کورد و دونیامان سەلماندبوو، کە ئازادیی خۆمان و هەموو کوردێکیشمان دەوێت، بەڵام لە راستیدا لە دۆخێکی‌ خراپ و ناهەمواردا بووین و لە هەموو دەرگایەکمان دەدا بۆ ئەوەی‌ پەنایەک بۆ خۆمان دروست بکەین و ئاوڕێکمان لێ بدەنەوە. خوا کردی رژێمی‌ ئێران پەلاماری حیرەی‌ دا و بە پاساوی کۆنی‌ مێژوویی‌ داگیری کرد. لەبەر ئەوەش هەموو دونیا لێی‌ان دا و بەختی‌ ئێمە کرایەوە. 

لە دوای‌ لێدانی‌ رژێمی‌ تاران و بە پشتیوانی‌ هێزە نێودەوڵەتییەکان پێگەیەکی‌ بچووکمان لە نزیکەی‌ نیوەی‌ خاکی‌ رۆژهەڵاتدا بۆ خۆمان دروستکرد و ئیتر بووین بە دەسەڵاتدار، خاوەنی حکومەت،  پەرلەمان، هێزی سەربازی و ئاسایش، هێزی ئابووری و بژیویی‌ چەند ملیۆن کەسمان کەوتە دەست و بە دڵی خۆمان تەخشان و پەخشانمان دەکرد.

بەعس بۆ ئەوەی‌ بزووتنەوەی‌ کورد لە رێگەی‌ کوردەوە پاکتاو بکات و بۆ ئەوەی‌ دەستیش بەسەر حکومەتەکەی‌ ئێمەدا بگرێت و هەموو مۆرک و شوناس و دروشم و پەیامەکانمان لێداماڵێت و هەموو ئابووریی‌ وڵاتەکان بە شێنەی‌ بۆ خۆی هەڵلوشێت دەستبەکار بوو. یارمەتیی‌ داین لە تاڵانکردنی‌ کوردستاندا، لە فرۆشتنی‌ نەوتەکەماندا کە پشکی شێری بۆ ئەو بوو، هەزاران کۆمپایانی‌ خزاندە کوردستان و دەستیان بەسەر ئابووری و داهاتی‌ وڵاتەکەماندا گرت. حیزبەکان و حکومەتیان کردە ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی‌ خۆیان. لە دوای‌ ئەوەی‌ کراین بە ماستی‌ مەیو هاتن و چەندین بنکەی‌ سەربازی و سیخوڕییان لە کوردستانە ئازادکراوە خاوەن حکومەت و پەرلەمانەکەماندا دروستکرد و دەستیان کرد بە وەرگرتن و راهێنانی‌ سیخوڕ لە ناو هەموو حیزب و دامودەزگاکانماندا. تەنانەت بەعس دەستیکرد بە کردنەوەی‌ قوتابخانە بۆ مان و یەک دوو زانستی‌ ئاسایی‌ و زمانی‌ عەرەبی و دروستکردنی وەلا و پشتیوانی‌ بۆ بەعس بە رۆڵەکانمانیان دەوتەوە و ئێمەش شانازیمان بە دەرەجەکانیان و شەهادەکانیانەوە دەکرد. دوای‌ ماوەیەک هەزاران کەسی راهێنراومان لەو قوتابخانەوە وەک خزمەتکاری بەعس هەڵتۆقین.

بەعس هاوکات لەگەڵ ئەوەی‌ کوردی ئەنفال دەکرد، کیمیابارانی دەکردن، لەسێدارەی‌ دەدان، گوندەکان و شارەکانی‌ بۆردومان دەکرد، حیزب و رێکخراوەکانی‌ دادەخست، چالاکوانان و تێکۆشەرانی‌ زیندانی‌ دەکرد، میدیاکانی‌ کوردی لە وڵاتەکەی‌ خۆیدا و لە باشوور دادەخست هات ژمارەیەک دەزگای‌ راگەیاندن، ماڵپەڕ و ئاژانس و رۆژنامەی‌ بۆ کردینەوە و بەشێکی زۆرمان چووینە خزمەتیان و بە پارەیەکی‌ باش کارمان بۆ کردن. ئەو دەزگا ئێعلامیانەی‌ بەعس، هەواڵ و راپۆرتەکانیان بوونە سەرچاوەی‌ زانیارییەکانمان و ئێمەش بە تاسوقەوە لە زۆربەی‌ راگەیاندن، میدیا، ماڵپەڕ، رۆژنامە، رادیۆ و تەلەفزیۆنەکانمان دا بڵاومان دەکردنەوە و هەرچی تاوانی‌ سەر ئەم زەوییە بوو دەمانخستە پاڵ بزووتنەوەی‌ کوردستان و هەزاران پاساومان بۆ بەعس و تاوانەکانی‌ دەهێنایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بە حەماسەتەوە لێدوان و کەڕنەڤاڵ و فێستیڤاڵ و کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی‌ سەددام و بەرپرسانی‌ برا بەعسییەکانمان راستەوخۆ دەگواستەوە و دەیان هەواڵی بەپەلەمان لەسەریان دروستدەکرد.

کار گەیشتبووە ئەوەی‌ لەسەر داوای‌ بەعس بەربووینە گیانی‌ ئەو کوردانە بۆ ئازادیی‌ وڵاتەکەیان هاتبوونە بەشێکی‌ تری وڵاتەکەی‌ خۆیان، تا توانیمان لێمان تیرۆرکردن، راومان نان، چاوساغیمان کرد بۆ بەعس بو کوشتنی‌ تێکۆشەرانی‌ باشوور، شوێنەکانیمان لە داڵاهۆ، شاهۆ و  داڵانپەڕ و هەموو ناوچەکانی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان بەشێوەیەکی‌ موخلیسانە بۆ بەعس ئاشکرا دەکرد. جی پی ئێسمان لە شوێنەکانیان دادەنا و داوامان لە بەعس دەکرد بۆردومانیان بکات و بیانکوژێت و لە بەرامبەر خوێنەکەیاندا چەردەیەک پارەمان بداتێ.

جاری وا هەبوو خۆمان زۆرمان بۆ بەعس دەهێنا و گللەیمان لێدەکرد، کە چیی‌ دەوێت، ئەوەتا لە شەڕ لە دژی بزووتنەوەی‌ کوردستان دا چەند هەزار پێشمەرگەی‌ خۆمان بە کوشت داوە. لە راگەیاندنەکانیشمانەوە هەڵمەتی‌ ئێعلامیمان لە دژی تێکۆشەرانی‌ باشوور دروست دەکرد و هەموو نەهامەتی‌ و کارەسات و قەیرانی‌ وڵاتەکەمان دەخستە ئەستۆی ئەو تێکۆشەرانە کە بەو شاخانەوە بوون و دەیانخواست مافێک بۆ میللەتەکەیان بەدەست بهێنن. تاوانەکانی‌ ئەنفال، کیمیابارانکردن، بۆردومانکردی‌ شارەکان و گوندەکان، ئاوارەکردنی‌ هەزاران کەس و شەهیدکردنی‌ هاووڵاتییەکانمان بۆ بوونی بزووتنەوەی‌ کوردستان لە باشوور دەگەڕاندەوە. ئینجا دەستمان دەکرد بە هاندانی‌ خەڵک لێیان و دەمانخواست شانبەشانی‌ بەعس لەناویان ببەین و ئەو بستە خاکەی‌ وڵاتەکەی‌ خۆیان لەو شاخە رەق وتەقانەدا پێ رەوا نەدەبینی. بە پێچەوانەی‌ پێشوومانەوە خێرا خێرا راگەیاندراومان بۆ ئیدانەکردنی‌ بزووتنەوەی‌ کوردستان و پاساو هێنانەوە بۆ تاوانەکانی‌ بەعس دەردەکرد. هەموو کات بە بزووتنەوەی‌ باشووری کوردستانمان دەوت بڕۆن و ئێرە شوێنی‌ ئێوە نییە. پێمان دەوتن، ئێوە داگیرکەرن، ئێوە خزمەت بە داگیرکەران دەکەن، ئێوە زیان لە بەرژەوەندییە باڵاکانی‌ گەلی کوردستان دەدەن و ئارامییمان تێکدەدەن. سەرباری ئەوانە گوشاری بێ پایانمان دەخستە لە ئەندامەکانیان، بنەماڵەکانیان، کامپەکانیان، لایەنگرەکانیان و ژیانمان لێیان هەراسانکردبوو. یەک لەسەر یەک بیانومان پێدەگرتن وەک کەسانی‌ خائین و گول سەیرمان دەکردن. رێگامان نەدەدا چالاکییەکی‌ ئاسایی‌ مەدەنی رێکبخەن و خێرا هەڵماندەکوتایە سەریان. دەرگای‌ هەموو هۆڵەکان و شەقامەکانمان بەسەردا داخستبوون. دەمانخواست بیانکەینە ئەندامی حیزبەکانی‌ خۆمان و لەو رێگەیەوە کۆنترۆڵیان بکەین و لە بزووتنەوەی‌ کوردستانیان دابڕین. کارمان دابڕاندن و تەریکخستن و پەرتەوازەکردنیان بوو. 

جگە لەوەش هەموو کات هەڵەداوانمان بوو بەعس بانگهێشتمان بکات و بە خێرایی‌ بچینە بەغدا و تاجە گوڵینەیان پێشکەش بکەین و وەفای خۆمانیان بۆ دووبارە بکەینەوە. لە بەغدا لە پاڵ جەلاد و فاشیەکانی‌ بەعس دا دەستمان دەکرد بەهێرشکردنە سەر ئازادیخوازانی‌ باشوور و داوامان لێدەکردن ئاشبەتاڵ بکەن و بە ملشۆڕی خۆیان بدەنە دەست عەدالەتی‌ بەعس. بەعسمان بە مافدار دەزانی‌ کە ئاسایشی وڵاتەکی‌ خۆی دابین بکات، بەعسمان لەسەر هەق دەزانی‌ کە هەموو رۆژ وڵاتەکەمان بۆردومان بکات و بەرگری لە خۆی بکات. ئیتر مەلا خەتی‌ حەدی نەبوو بە تۆزمان بگاتەوە. بەعس تەنها بە کوشتنی‌ تێکۆشەرانی‌ باشوورەوە نەدەوەستا، بەڵکو هاووڵاتییانی‌ خۆشمانی دەکوشت، لادێکان، باخ، رەز و دارستانەکانی‌ بۆردومان دەکرد و لەوەشدا هەر بەعسمان بە هەق دەزانی.

ئەو ژمارە کەسە کەمە و ئەو چەند میدیایەش کە مابوونەوە و نەچووبوونە ژێر رکێفی بەعس هەر کات باسی ئازادیی‌ کوردستانیان بکردایە نەک دەمکوت، بەڵکو سەرکوتیشمان دەکردن و بە هەزاران بەڵتەجی و بندیوارەوە دەستمان بە پەلاماردان و تەخوینیان دەکرد.

چیرۆکەکەمان هەر ئەوە نییە، تاوەکو دەچوو برا بەعسەکانمان زیاتر دەچوون بە دڵماندا و رێک وەک ئەوانمان لێهاتبوو، بەڵام ئەوان قبوڵیان نەدەکردین و هەر بمانویستایە شتێک بکەین کە تۆزێک سوودی بۆ نەتەوەکەمان هەبوایە، هەزاران سیخوڕ و جاشی خۆیان لە ناو خۆمان دەجوڵاند و باسی داخستنی سنوور و لەبرسا مردنمان و لەدەستچوونی‌ ئارامی‌ و بازرگانییان لێدەکردین. ئێمەش خێرا لە بەر پارەکانمان لە بانکەکانی‌ بەعس دا دەچووینەوە بە قاپوڕەکەی‌ خۆماندا و وەک منداڵێکی‌ ترساوی بێ ئاگا لە دونیا قوڕو قەپمان دەکرد و بە خێرایی  دەچووین بۆ بەغدا بۆ پاساوهێنانەوە و هەر خێرا ئەوانیشمان بانگھێشت دەکرد بۆ بارەگای‌ حکومەت و سەرۆکایەتی‌ وڵاتەکەمان و لەوێیەوە دەستمان دەکردەوە بە پەلاماردانی‌ خەباتی‌ بزووتنەوەی‌ کوردستان.

جا ئەو بەعسە شارەزا بوو لە فریودان و خشتەبردندا، چونکە کاتێک بەعس اللـه اکبری لە ئاڵاکەیدا نووسی ئیتر زۆربەی‌ هەرە زۆری حیزب و لایەنەکان دەستیان کرد بەلاواندنەوەی‌ بەعس و برای مسوڵمان و خواپەرستیی‌ سەدام و کار گەیشتە ئەوەی‌ سەدامیان بە عومەری خەتاب و زیندووکەرەوەی‌ خەلافەتی‌ عەباسی و زۆر شتی تری بێمانا دەشوبهاند. ئیتر بەعس لە برەودا بوو و ئێمە لە کزیدا، بەڵام بێعار بووین بە رووی خۆماندا نەدەهێنا.

لە خوامان بوو لە دوای‌ شەڕێکی‌ بزووتنەوەی‌ کوردستان ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسەکانمان لەلایەن قیادەی‌ قوتریی‌ بەعس، یان حکومەتەکەی‌ بەغداوە، یان بەرپرسانی‌ شیمال حەبیبەوە بانگهێشت بکرێین و خێرا بچین ئەو رووماڵەیان بۆ بکەین کە ئەوان دەیانەوێت و باسی ئەوە بکەین کە بەعس چەند ئازایانە بە فڕۆکەکانی‌ بەرگری لە خۆی دەکات و موخەریبەکان دەکوژێت. هاوکات گوێش لە ئامۆژگارییەکانیان بگرین و ناوی ژمارەیەک کەسمان پێدەدەن کە بیانبەینە سەر تەلەفزیۆنەکان و بۆ رەوایدان بە سیاسەتەکانی‌ بەعس مایکیان بۆ بکەینەوە و هەر چییەک حەز دەکەن لە دژی بزووتنەوەی‌ کوردستان بیڵێن. ئەگەر بهاتایە و جاروبار هەڵەیەکمان بکردایە هەواڵێکمان بڵاوبکردایەتەوە کە دڵی بەعسییەکانی پێ ناڕەحەت بوایە، ئەوا خێرا بەعسییەکان لە کۆنسوڵخانەکانیانەوە لە سنە و کرماشانەوە دەهاتنە سەر خەت و بە تەلەفونێک هەواڵەکەیان پێ دەسڕینەوە. خۆ ئیتر خوا شاهیدە بە سەری هەموومانەوە ئێمە ناتوانین لە قسەی‌ بەعس و پیاوەکانیان دەرچین و هەمو خۆشی و خێر و بێری خۆمان بخەینە مەترسییەوە و ئارامیی‌ کوردستان تێکبدەین و گەشتی گۆڕەپانی‌ فیردەوس لە بەغدای دێرین لە خۆمان قەدەغە بکەین.

جگە لەوەش ئامانجێکی‌ ترمان هەبوو، لە راستیدا هەر کات بەعس دەرووی لێدەکردینەوە و بانگهێشتی‌ دەکردین ئیتر دەمانزانی‌ لە پاکەتی‌ ئامەدەکراودا پارەمان پێدەدرێت، دەبرێن بۆ ئوتێلەکانی‌ کەرخ، گۆشەیەک لە قەسری کۆماریمان پیشان دەدەن، سەماکاریشمان بۆ دێنن و دڵفراوانیی‌ خۆیانمان پیشان دەدەن، ئیتر ماسیی برژاوی کەناری دیجلە و بیرەی فەریدە و بەرماڵ و عەبای بەعس و عەرەبی هەر بووەتە چیرۆکی‌ نیوەی‌ نەوسنەکانمان، رێکخستنی‌ شەوە ئەرخوانییەکانیش بووەتە خەونی‌ زۆرێکمان و هەر تامەزرۆی‌ ئەوەین بەو دڵفراوانییەی بەعس شاد بین. 

کارێکمان کردبوو، کە تەنانەت بەشێک لە شوان و گاوانەکانیشمان لە شاخەکاندا دەستیان کردبوو بە دانانی‌ جی پی ئێس بۆ دیاریکردنی شوێنی‌ نهێنینی‌ تێکۆشەرانی‌ ئازادیی‌ کوردستان. ئیتر کاسبی بووبوو بەوە، کە شوێنێک دیاری بکە، کەسێک بدە بە کوشت و پارەیەک وەربگرە. لەوەشدا زۆر دڵسۆزانە بە دەم بەعسەوە دەچووین و خواستەکانیانمان جێبەجێ دەکرد. خوا عەلیمە نەماندەهێشت بۆمبێکی‌ نازداری بەعس بە فیڕۆ بچێت و هەر دەبوایە ئەو بۆمبە نازدارەی‌ کەرخ و رەسافە و فیردەوس رێک لەو شوێنە بدات کە سەرانی‌ بەعس دەیانویست.

سەرباری هەموو ئەوانە بزووتنەوەی‌ کوردستان بە هەموو هێزی خۆیەوە لە بەرەنگاری و خۆپاراستن دا بوو. لە سەرتاسەری باشوور پشت و پەنایەکی‌ بەهێزی هەبوو، لەلای ئێمەش هەر پشت و پەنای هەبوو، بەڵام دۆخەکە وای لێهاتبوو ئەو پشت و پەنایەمان دەشاردەوە. کاتێکیش بزووتنەوەی‌ ئازادی چالاکییەکی لە دژی بەعسی داگیرکەر و فاشی ئەنجام بدایە خێرا سەرەخۆشیمان لە بەعس دەکرد و پاکانەمان بۆ دەهێنایەوە و بە تێکۆشەرانی‌ باشوورمان دەوت باوی شەڕی چەکداری نەماوە و لە رۆحی زەمانە و چاکەی‌ بەعس تێبگەن. ئەگەر لە بەغدا، سلێمانی‌، کەرکوک، هەولێر و دهۆک چالاکییان لە دژی بەعس بکردایە ئەمان وت ئەوانە موخەریب و تیرۆریستن و لە دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی‌ گەلی کوردستانن و ئەمدویوادیوی سنوور دەکەن. ئەگەریش سیخوڕێک و تاوانبارێکی موخابەراتی عێراقیان سزا بدایە خێرا دەمانوت ئارامی و ئاسایشی کوردستان دەشێونن. یەک لەسەر یەک بەیاننامەی‌ پرسە و سەرەخۆشی و دڵگرانیمان بۆ بەعس دەردەکرد. هەڵمەتێکی‌ رەشبگیریشمان دەستپێدەکرد و دەستمان بە راوانان و سەرکوتی‌ ئەو کەسانە دەکرد، کە لەگەڵ ئازادی دا بوون.

ئیتر بزووتنەوەی‌ ئازادی هەر چییەکی‌ بکردایە ئێمە هەر ئەوەمان لەسەر بوو لە دژیان بوەستین، بەڵام خوا هەڵناگرێت لە یەک کاردا لە دژیان نەدەوەستیان و زۆریش هانمان دەدان ئەو کارە بکەن، ئەویش ئەوە بوو، کە خۆیان تەسلیمی بەعس بکەن و بە داواکانی‌ بەعس رازی‌ ببن و بڕۆنەوە بەشکو دڵە فراوانەکەی‌ بەعس لێیان ببورێت و بە یەک دوو پۆست رازی ببن و سەری کز بگرن، پێمان دەوتن چیتان دەوێت لە بەعس باشترتان دەست ناکەوێت، ئێوە سیاسەت نازانن و ئیتر هەر هەوڵمان ئەوە بوو بیانخەینەوە ژێر رکێفی بەعس.
ئێمە ئاوا خزمەتی‌ بەعسمان کرد!.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×