ماده‌ی ١٤٠ و نه‌وت

د. یوسف محەمەد سادق
  2019-07-31     472

بڕیاری ژماره‌ ٧١/ ئیتیحادی/ ٢٠١٩ی دادگای باڵای فیدرالی، سه‌باره‌ت به‌به‌رده‌وامی‌و ئیلزامی بونی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوری عێراق، ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ بۆ سه‌رله‌نوێ ژیاندنه‌وه‌ی جێبه‌جێ كردنی ئه‌و مادده‌یه‌و ڕوبه‌ڕو بونه‌وه‌ی هه‌ر ڕێوشوێنێك بۆ سه‌پاندنی ئه‌مری واقیعی نوێ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت كه‌ركوك.

به‌داخه‌وه‌ ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌ر ته‌نها له‌ڕوی ئابورییه‌وه‌ زیانبار نه‌بو, به‌ڵكو بووه‌ هۆی پاشه‌كشه‌ی پرسی خاك‌و خه‌ڵك له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وله‌وییه‌تدان به‌پرسی نه‌وت و دواتریش ئه‌وله‌وییه‌ت وه‌رگرتنی پرسی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم له‌بودجه‌ی فیدرالی. 

ته‌نانه‌ت له‌ساڵی ٢٠١٤ه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نه‌وت‌و گازی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بووه‌ ئه‌وله‌وییه‌تی هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێم, له‌بری هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێ كردنی ماده‌ی ١٤٠ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتیی ئه‌و ناوچانه‌ به‌شێوه‌ی ده‌ستوری و یاسایی, له‌كاتێكدا كورد بۆ یه‌كه‌مجار بو له‌مێژوی لانی كه‌م سه‌د ساڵی ڕابردوی دا كۆنترۆڵی نزیكه‌ی هه‌مو خاكه‌كه‌ی بكات. 

ئه‌و كات له‌بری پێداگریی له‌سه‌ر دیاریكردنی سنور به‌خوێن (ئه‌و سنورانه‌ی به‌شه‌ڕ ره‌نگڕێژ ده‌كرێن, بهشه‌ڕیش ده‌گۆردرێن) ده‌بو پێداگریی له‌سه‌ر ئیلتیزام كردنی حكومه‌تی عێراق بكرێ له‌جێبه‌جێكردنی ده‌ستور و ماده‌ی ١٤٠ نه‌ك له‌شكركێشی بۆ ئه‌م ناوچانه‌. 

ئێستاش سه‌ڕای به‌هه‌ده‌ردانی كاتی زێڕین، هێشتا دره‌نگ نه‌بوه‌و ده‌توانرێ له‌ڕێی گرتنه‌به‌ری ستاتیژێكی نیشتیمانی كه‌ خه‌ڵك‌و خاك له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بكاته‌ ئامانج, هه‌وڵی دژوه‌ستانه‌وه‌ی ته‌عریبی نوێ و سه‌پاندنی ئه‌مری واقیع بدرێ‌و هه‌وڵ بدرێ به‌روئیاو شێوازێكی كاركردنی نوێ‌و به‌دروستكردنی ڕایه‌ڵه‌ی بته‌وی پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ پێكهاته‌ ڕه‌سه‌نه‌كانی تری ئه‌م ناوجانه‌، ئیداره‌یه‌كی مه‌ده‌نیی خزمه‌تگوزاریی جیاواز بنیات بنرێته‌وه‌.

كاتیه‌تی هه‌رێم خۆی قوتار بكات له‌ سیاسه‌تی نه‌وتیی هه‌ڵه‌ی ئێستا كه‌ نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه‌ ئابورییه‌كی به‌هێز بۆ هه‌رێم دروست بكات و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتیانی هه‌رێم ده‌سته‌به‌ر بكات, به‌ڵكو بوه‌ته‌ هۆی لاواز كردنی هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ئیتیحادی و وڵاتانی دراوسێش. 

ساڵی ٢٠٠٨ گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ڕاپۆرتێكیدا, به‌ناوی نه‌وت به‌رامبه‌ر به‌خاك, پێشنیاریكرد كه‌ له‌به‌رامبه‌ر دواخستنی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی ١٤٠ بۆ ماوه‌ی ١٠ ساڵ (ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم) ڕێ به‌هه‌رێمی كوردستان بدرێ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆیی بفرۆشرێ. ئه‌وكات هه‌موان ئه‌م پێشنیاره‌مان به‌خراپزانی. به‌ڵام وا ئێستا هه‌م خاكمان دۆڕاندوه‌و هه‌م بێ دانپایانانی حكومه‌تی ئیتیحادی نه‌وتی هه‌رێم كه‌ موڵكی نه‌وه‌كانی داهاتوشه‌ تاڵانفرۆش كراوه‌.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×