کێ ماسکەکان لابدات؟

ئارام قادر حەمەسور
  2019-08-02     1416
لەکۆمەڵگەی ئێمەدا کەسانی نوسەرو ڕۆژنامەنوس دەخرێنە قاڵبی ڕۆشنبیرەوە. بەڵام ئایا ڕۆشنبیر کێیە؟ لای هیگڵ ڕۆشنبیر کەسێکە لە روحی سەردەم تێ دەگات، لای ئیدوارد سەعید ڕۆشنبیر کەسێکە ڕەخنەی دەسەڵات دەکات، لای ئۆج ئالان ڕۆشنبیر کەسێکە بێدەنگ نابێت. 

بەگشتی ڕۆشنبیر چەمکێکی ئاڵۆزە و زۆرکات بیرمەندان بەپێی ژینگە و ئایدۆلوژیاکانیان خوێندنەوەیان بۆ کردووە و پێنسەیان کردووە. ڕۆشنبیر کەسێکە ئاستی مەعریفی بەرزەو توانای خوێندنەوەی ڕوداوو دیاردەکانی هەیە، ڕەچەشکێنی سیفەتێکی گرنگی ڕۆشنبیرە لەگشت ڕووەکانەوە، واتا ڕۆشنبیر لەپاڵ توانا ئەپستمۆلۆجییەکەیەو دەبێت بوێریشیی هەبێت. بوێریی و مەعریفە دوو ڕووی یەک شتن کە ڕۆشنبیرە.

کۆمەڵگە پڕە لە ماسک، ئەو ماسکانەی کەسایەتی جیاواز دەبەخشن و کەسایەتی ساختە دەنوێنن، لەگشت بوارەکاندا مرۆڤی ماسکاوی هەیە، لە مەلا و مزگەوتەوە تا سیاسیی و سیاسەت. مرۆڤی بە ماسک کەسایەتیی شیزۆفرینایی هەیە و بەردەوام کەسایەتی دەگۆڕێت، واتا ناتوانین بڵێین ئەو کەسە چۆنە، چونکە بەردەوام بەشێوەی جیاواز دەردەکەوێت و خۆی دەگونجێنێت.

دەپرسین کاری کێیە ماسکەکان لابدات؟ و بەکۆمەڵگە بڵێت ئەمانە کەسایەتی درۆیینەن؟ 
بێگومان ئەرکێکی گەورەی ڕۆشنبیران ئەم بوێرییەیە، چونکە هەر رۆشنبیرێک بوێریی نەبوو لە ڕۆشنبیر بوون دەکەوێت. ڕۆشنبیران پێش هەموو کەس ئەم ماسکە فێڵاوییانە دەبینن، دەبێت جۆر و شێواز و هۆکاری ئەم ماسکانە بۆ کۆمەڵگە دەربخەن.

کاری ڕۆشنبیرە وەک سکانداڵێک ڕەخنەی پیاوانی ئایینیی بکات، کاتێک دەبینێ چەندین ماسک دەبەستن بەناوی دینەوە، کاری ڕۆشبیرە کە عەورەتی ئەو سیاسییە دەربخات کە ڕۆژانە لە میدیاوە زمانێکی فێڵاوی هەیە و بەکرداریش شەیتانێکی سیاسییە. ئەم ستایلە ڕۆشنیرە دەبێت لە ناو گشت بوارەکاندا بوونی هەبێت، بەتایبەتی سیاسەت. 
هۆکارێکی سەرەکی فەشەلی حیزبایەتی لە هەرێمی کوردستان نەبوونی یان کەمی ئەم جۆرە ڕۆشنبیرەیە، دەبێت زمانی ڕەخنە بوونی هەبێت تا حیزب بۆگەن نەکات، چونکە ڕەخنە ڤاکسینی حیزبە.
لێرە کاتێک ڕەخنەی حیزب دەکرێت ڕاستەوخۆ بەو پەڕی فاشییانەوە دژایەتی ڕەخنەچییەکە دەکرێت، پێش هەمووان حیزبەکەی خۆی. 

زمانیی ڕەخنە بۆ هەڵدانەوەی سکانداڵ و ماسکەکان گەورەترین کاری ڕۆشنبیرانە، بەتایبەتی بۆ کۆمەڵگەی ئێمە کە پڕە لە کەسایەتی ماسکاویی و مرۆڤی خۆشباوەڕ.
 دەبینین بەناوی بەرگریکردن لە ناسیۆنالیزم چ هەرایەک ساز دەکەن، بەڵام هەر خۆیان خەریکی نیشتمانفرۆشی و بەقەزەمکردنی مرۆڤن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×