ئیسلاميیەکان لەدوای پێکھاتنی کابینەی نوێی حکومەت

عومەر عەلی‌ محەمەد
  2019-08-06     714

ئیسلامیەکانی ھەرێمی کوردستان ھەتا ئێستا بەدەم وەڵامی ئەو پرسیارەوە نەچوون کە ئایا بۆچی خرانە دەرەوەی پێکھاتەی حکومەتی نوێ؟ ئایا ھۆکارەکە بەھۆی دابەزینی کێرڤی جەماوەری و نزم بوونەوەی ئاستی دەنگەکانیانە؟ یان بەھۆی بێ پلانی خۆیانە بۆ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵات؟ یان ھۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فشاری ئەمریکیەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە نابێت مامەڵە لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا بکرێت و دەبێت پەراوێز بخرێن؟


ھەرسێ پارتە ئیسلامیەکەی کوردستان شێوازی دید و تێڕوانینیان بۆ کاری سیاسی لە یەکترەوە نزیکن، ھەرسێکیان لە ئێستادا لە چوارچێوەی فرەیی سیاسی دا کار دەکەن و وەک بنەمایەکی دیموکراسیش بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن بۆ گەیشتن یان بەشداریکردن لە دەسەڵاتدا، ھەرسێ پارتە سیاسیەکە لەکاری سیاسیاندا زیاتر پشت بە کاری بانگخوازی دەبەستن و بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتیان کردۆتە پاشکۆی کاری بانگخوازی و ھەر لەم رێگەیەشەوەیە دەیانەوێت جەماوەر بۆ پارتەکانیان زیاد بکەن و بۆ سەلماندنی ئەم راستیەش ئەوەیە لە ھەڵبژاردنەکانی رابردوودا ژمارەیەک لە بانگخواز و مامۆستای ئاینی کراونە بەربژێر و توانیویانە دەنگی باشیشیان بۆ کۆ بکەنەوە، بەڵام دواجار بە گەیشتنیان بە پەرلەمان و پۆستە حکومیەکان نەیانتوانیوە وەک پیاوی دەوڵەت سەرکەوتنێکی پیشەیی بەدەست بھێنن.


ئەم شێوازە لە کاری سیاسیدا زۆرتر ھاوشێوەی پارتە ئیخوانیەکانە کە لە رۆژھەڵاتی  ووڵاتانی عەرەبیدا کاردەکەن، وەک میسر و ئەردەن و کوەیت و یەمەن و ھەندێ لە وڵاتانی تر کە بەھۆی ئەم شێوازەوە تووشی چەقبەستویی و قەیرانی جۆراوجۆر بوونەوە، ئەم پارتە ئیسلامیانە ئێستاش نەیانتوانیوە رزگاریان ببێت لە گوتاری چارەکی کۆتایی سەدەی رابردوو، کە ئەویش جەخت کردنەوەیە لەسەر پاراستنی شوناسی ئیسلامی بوونی کۆمەڵگەی کوردی، لەکاتێکدا کە ئەمە ئەرکی رێکخراوە بانگخوازیەکانە نەک پارتی سیاسی.


کارکردنی پارتە ئیسلامیەکانی کوردستان بەو فۆڕمە تەقلیدیە، بوەتە ھۆی ئەوەی نەتوانن وەک پارتێکی سیاسی گەشەکردووی مۆدێرن کاربکەن و بتوانن نوێنەرایەتی ھەموو چین و توێژەکان بکەن، بەڵکو ئێٍستا ئەوان نوێنەری کەمینەیەکی ئایدیۆلۆژی ئیسلامین، نەک ھەموو کۆمەڵگەی کوردی کە دابەشبوونی جۆراوجۆری ھەیە لەڕوی فیکری و ئاینی و نەتەوەییەوە.


ئەم پارتە ئیسلامیانە لە ناوخۆی پارتەکانیشیاندا ئاستی گۆڕان و گەشەیان زۆر لاوازە و نەیانتوانیوە فۆڕم و شێوازی کارکردنیان بگۆڕن یان زەمینەیەک ساز بکەن بۆ گۆڕانی سەرۆک و بەرپرسەکانیان، لە ھەرسی پارتەکەدا بە درێژایی ٢٨ ساڵی رابردوو تەنھا نوخبەیەک رابەرایەتی پارتەکانیان دەکەن و لەم روەوە ھیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ پارتە عەلمانیەکاندا نیە، ئەمەش لەلایەک نیگەرانی و بێ ھیوایی لەلای گەنجان و ئەکادیمی و کەسانی رۆشنبیر دروست کردووە و بۆتە ھۆی ئەوەی کە ئەم سێ پارتە خاڵی ببنەوە لە میدیاکاری بەھێز و نووسەر و رۆشنبیر و ئەکادیمیەکان، چونکە ئەو نوخبە باڵادەستە توانای لەخۆگرتنی ئەو توێژانەیان نیە و زۆرجاریش بەدورکەوتنەوەیان دڵخۆش دەبن.


لەلایەکی ترەوە ئەم فۆڕمە لە ئیسلامی سیاسی رۆژ بەرۆژ لەناوخۆو دەرەوەدا دەکەوێتە پەراوێز و چیتر وەک ھێزێکی سیاسی کاریگەر مامەڵەی لەگەڵدا ناکرێت، بەتایبەتی ئەمریکا و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان، چونکە لەدوای بەھاری عەرەبیەوە ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ ئیسلامی سیاسی دا دەکرێت روبەڕوبوونەوەو لێدان و پەراوێزخستنە. لەبەرئەوە ئەم پارتە ئیسلامیانەی کوردستان ئەگەر خوێندنەوەیەکی واقیع بینانەیان ھەبوایە بۆ گۆڕانکاریەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبوایە شێوازی کار و گوتاری سیاسیان بگۆڕیایە ھەتا ھاوتەریب بە گۆڕانکاریەکان ئەوانیش بیانتوانیایە گەشە بکەن و پەیوەندیەکی نوێ لەگەڵ ھێزە کاریگەرەکاندا دروست بکەن، نەک روبەڕوبوونەوەو ململانێ، پێم وایە ئەگەر بەم شێوەیە کاریان بکردایە لەناوخۆی کوردستان و لەگەڵ ھێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانیشدا دەیانتوانی باشتر مامەڵەیان بکردایە و لێکتێگەیشتنی زیاتریان ھەبوایە لەگەڵیاندا.


دابڕانی ئەم پارتە ئیسلامیانە لە یەکتر و تەنھا خولانەوەیان لە دەوری بەرژەوەندیە تایبەتیەکان وای لێکردوون کە نەتوانن ببنە خاوەنی پرۆژەیەکی سیاسی گەورە و کاریگەر کە پارتە حوکمڕانەکان ناچار بکەن مامەڵەیەکی ئیجابیان لەگەڵدا بکەن، بۆ نموونە لە خولی پێِشووی حکومەتدا کۆمەڵی ئیسلامی ئەوەندەی لە بزوتنەوەی گۆڕان نزیکبوو ھیواکانی لەسەر ھەڵچنی بوو ئەوەندە بڕوای بە ھێزە ئیسلامیەکانی تر نەبوو، ئەوەندەش کە یەکگرتوو لە پارتی نزیک بوبوەوە ئەوەندە لە کۆمەڵ و بزوتنەوە نزیک نەدەبویەوە، کەواتە ئەم پارتە ئیسلامیانە توانای ئەوەیان نیە کە پێشنیاری پرۆژەی گەورە بکەن و جیاوازیەکانیان تێبپەڕێنن و بتوانن لە چوارچێوەیەکی سیاسی نوێدا درێژە بە کار و چالاکیەکانیان بدەن.


لە ئێستادا ئیسلامیەکانی کوردستان یەکەم ھەنگاو کە پێویستە بینێن ئەوەیە کە بازنەی ئیسلامی سیاسی جێبھێڵن و بگەڕێنەوە بۆ بازنەی نیشتمانی و کوردستانی بوون و کوردبوون، واتە پێویستە لە ئایدیۆلۆژیای ئیسلامی سیاسیەوە بگەڕێنەوە بۆ بازنەی مسوڵمانی کوردستانی دیموکراسیخواز، ئەمەش بەوە دەبێت کە چوارچێوەی ئەم پارتە سیاسیانەی ئێستایان تێپەڕێنن بۆ پرۆژەیەکی سیاسی نیشتمانی، ئەم قۆناغە ئەوەشی تێپەڕاندووە، کە بەرەی ئیسلامی دروست بکەن یان بچنە ناو پارتێکی ئیسلامی ترەوە، بەڵکو پێویستە ھەرسێ پارتە ئیسلامیەکە لە جیاتی خزمەت بە ئەجیندای ئیسلامی سیاسی و بەرژەوەندی سەرکردە و بەرپرسەکانیان بیر لە پرۆژەیەکی گەورەی نیشتمانی بکەنەوە، کە ئەمەش ببێتە چوارچێوەیەک بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان و بەدەمەوەچوونی چارەسەری قەیرانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ھەموو چین و توێژەکانیەوە، ئەمەش پێویستی بە عەقڵی نوێ و کەسایەتی نوێ و فۆڕمێکی تازە ھەیە، بەڵام ئایا ئەم پارتە ئیسلامیانە ئامادەن ئەم ھەنگاوە بنێن؟ زۆر جێگەی گومانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×