چۆن مامەڵەی دەسەڵاتی نوێی هەرێم بکرێت؟

چیا عەباس
  2019-08-09     336

لە مێژوی شەست ساڵی رابوردودا پارتی هێزێکی گەورە و کاریگەر بوە  لە ئاراستەکردن و یەکلاکردنەوەی پرسەکان لە قۆناغە جیاکانی بزافی کوردایەتی لە باشور. دوای شکستی هەڵمەتی جەلالی لە ئاکامی رێکەوتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠ خوالێخۆشبو مەلا مستەفا و پارتی بە مامەڵکردنی نەرم و سنگفراوان لە گەڵیدا توانیان تا شکستی شۆرشی ئەیلول رابەرایەتی بێ رکابەری کوردایەتی و شۆرشەکەی لە باشور بکەن.


پێگە و دەسەڵاتی پارتی دوای شکستی شۆرشی ئەیلول و کۆچی دوایی مەلا مستەفا لاواز بون، بۆ ساڵانێکی درێژ کونجی قەناعەتیان لە سایەی رژێمی شا و کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەڵبژارد. دروستبونی یەکێتی و بەرپاکردنی شۆرشی هەڵساندنەوە بۆ پارتی هۆکاری گرنگ بون دەست بە جموجۆڵ بکاتەوە، بە تایبەت کەوتە کێشە دروستکردن و تەحەداکردن ورێگریگرتن لێرەو و لەوێ لە هێزەکانی یەکێتی، روداوەکانی هەکاری بەرچاوترین و بەهێزترین نمونەی ئەو قۆناغەن. 


خولەکانی شەری ناوخۆ لە سەردەمی خەباتی شاخ و دوای راپەرینیش سەلماندویانە ویست و هەڵوێستی پارتی لە شەر و رێکەوتن و ئاشتی یەکلاکەرەوە بون، هەرچەندە هێزەکانی تریش فریشتەی ئاشتی نەبون بەڵام کەم یاخود زۆر سیاسەت و هەڵوێستی پارتی ئەوانەی ئەمانیشی دیاری کردوە. زۆربەی دەستپێشخەری و پرۆژەکانی یەکێتی و هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەری ناوخۆ لە بەردەم پارتیدا چەقیان دەبەست، تا لە ژێر فشار و هەرەشەی جدی ئەمریکا رێکەوتنی واشنتۆن بۆ راگرتنی شەر واژۆ کرا. 


دوای راگرتنی شەری ناوخۆ و روخاندنی سەدام زمامی موبادەرە و بریارە یەکلاکەرەوەکان زیاتر کەوتنەوە دەستی پارتی. وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لە لایەن مام جلال و پۆستی سەرۆکی هەرێم لە لایەن مسعود بارزانیەوە و رێکەوتنی ستراتیژی هاوسەنگیەکی روکەشی نێوان ئەو دو هێزەیان لێ بەدیدەکرا، بەڵام ئەو هاوسەنگیە رەنگدانەوەی ئەرزی واقیع نەبو. لە گەڵ ئەوەشدا پارتی زۆر نەرمانە و بە سەبرو تەحەمولێکی درێژخایانی دراسەکراو توانی ئەو دۆخە رابگرێت و بە بەرژەوەندی خۆی دۆخەکە ئاراستە بکات. پارتی لەو پرۆسەیەدا دژایەتی خواست و داواکانی جەمسەرەکانی یەکێتی لە حوکمرانی و دەسکەوت و پلە و پایە نەدەکرد و دڵیشیانی رادەگرت، چەندین جاریش لە سەر ئاستی باڵا رایاندەگەیاند بەدیلی یەکێتی بۆ پارتی هەر یەکێتیە. 


لەو ساڵانەدا هێزێکی ئۆپزسیۆنی کارا و بەهێز لە هەرێم بونی نەبو، دەنگە نارەزا لاوازەکانی ناو یەکێتی و جموجۆڵە پەرتەوازەکانی شەقام رێگر و رادعێکی کاریگەر نەبون بۆ ئەو دەسەڵاتە رەهایەی پارتی. 
پارتی بەهۆی کۆنترۆڵکردنی پرسەکانی نەوت و پەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان و جومگە بنەرەتیەکانی حوکمرانی هەرێم لە حزبێکەوە بوە هێزێکی گەورە کە زیاتر خەسڵەتەکانی نیمچە کیانێکی دەسەڵاتداری سنورداری لە ناو هەرێمێکی پەرتەوازە و ناتەباو و لەتبودا هەبو.  


کاتێک گۆڕان وەک هێزێکی ئۆپزسیۆن و بە رابەرایەتی سەرکردەیەکی خاوەن کاریزما و مێژویەکی بێگەردی خەبات پێگەی بەهێزی خۆی لە گۆرەپانەکە سەلماند ئیتر سەرجەم هاوکێشەکان شێوان و ریتمە کلاسیکیەکانی سیاسەت وفەرمانرەوایی کاریگەریان لاواز بو، دەسەڵاتداران کەوتنە خۆیان و سەرقاڵی دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی نوێ بون بۆ بەرەنگاربونەوەی دۆخەکە.


کاتێک نەوشیروان مستەفا وازی لە یەكێتی هێنا، دەسەڵاتداران دەیان زانی ئەو هەروا دانانیشێ و سەیرکەر بێت. بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەگەرەکانی ئایندە دەستیان بە هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ دارشتنی رێکەوتنی ستراتیژی کرد، بۆ ئەو بەرەنگاربونەوەش هیچ درێغیەکیان نەکرد.


رێکەوتنی بە ناو ستراتیژی رێکەوتنی سەرکردەی دو حزبی دەسەڵاتدار بو بێ گەرانەوە بۆ بنکەی حزبی، رێکەوتنەکە بەشە گرنگ و هەستیارەکەی دەسەڵاتەکانی هەرێم و پرۆسەی سیاسی و حوکمرانی بە پارتی بەخشی. هەرچەندە ئەو رێکەوتنە چەند سودێکی هەبو، بەڵام کاتێک توێژینەوەیەکی زانستیانە و ورد بۆ ئەو رێکەوتنە بکرێت دەشێت بە یەکێک لە هۆکارە بنەرەتیەکانی تێكچونی هاوسەنگی و ئارامی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سەرهەڵدانی خەستی گەندەڵی و قۆرخکاری و دامرکانەوەی بە دیموکراتیزەکردن و پێشێلکردنی ئازادی لەو قۆناغەی کوردایەتی لە باشور بدرێتە قەڵەم، هەر بۆیە لە دوا مەتافدا بێ قرە و برە دامرکایەوە. لەو باوەرەشدام پارتی پەرۆش نەبو بۆ زیندو راگرتنی، تایبەت کە مام جلال بە هۆی نەخۆشیەوە حزوری سیاسی و فەرمانرەوایی نەمابو.


پارتی بە سود وەرگرتن لە رێکەوتنەکە، بە هۆکاری نەخۆشکەوتنی مام جلال و پەرتەوازەبونی خەستی نێو ماڵی یەکێتی، دواتر لە سایەی شەری داعش و پێویستی نێودەوڵەتی بە رۆڵی پارتی، بە بەشداربونی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمدا، بە شکستی پرۆژەی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، بە دورخستنەوەی گۆڕان لە حوکمرانی و بێدەنگی نێودەوڵەتی و هێزەکانی تر و لە سایەی پشتگیری کاتی تورکیا بۆی، توانی کۆنترۆڵی دۆخەکە و ئاراستەکانی بکات.


کودەتاکەی پارتی بەسەر پەرلەمان و حکومەت، شکستی سەربازی داعش، شکست هێنان بە پرۆسەی ریفراندۆم و کارەساتی ئۆکتۆبەر پارتیان روبەروی چەندین ئاکامی نەخوازیار و  زەرەربەخشیش کردەوە و لە لایەن گەمەکەرە زەبەلاحەکانەوە پەراوێز کرا. بە تەنیشت ئەم روداوە گرنگ و هەستیارانەشدا شکستی بە ناو سەربەخۆیی ئابوری، کێشەی خەستی بودجە و موچە لە گەڵ بەغدا، پاشەکشەی زەقی گوزەرانی و گەشەکردنی ئابوری هەرێم، خەستبونەوەی نارەزایی خەڵک، شکستی حوکمرانی لە بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی دەسەڵاتدارانی پارتیان بە ئاگا هێنایەوە گەر کاری جدی نەکرێت کار لە کار دەترازێت.


کۆچی دوایی خوالێخۆشبوان نەوشیروان مستەفا و دواتر مام جلال دو روداوی گرنگی تر بون کە پارتیان بە ئاگا هێنایەوە کە غیابی مەرجەعێکی بەهێز لە زۆنەکانی دەرەوەی دەسەڵاتیان  باشوری کوردستان بەرەو دۆخێکی زۆر ئاڵۆز و ناجێگیر دەبات. پارتی دەرکی بەوە کرد دەبێت  دەرئەنجامە نەرێنەکانی حوکمرانی و سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و پەیوەندیەکانی دو سێ ساڵی رابوردو بە مەنتقی هێزی نەرم کۆنترۆڵ بکرێن و بە هەمان مەنتیق مامەڵە لە گەڵ روداوەکان و ئەگەرەکان و هێزەکان بکەن، دەسەلاتە گرنگەکانی هەرێم بە روکەشیش بێت دابرێژرێنەوە و شەراکەتێکی هاوسەنگی پێوە دیاربێت بەرجەستە بکرێت، مامەڵەی بێلایەنی لە گەڵ زلهێزە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بکرێت و گرنگتریش رو لە بەغدا بکرێت بۆ دابینکردنی داهاتێکی چەسپاو بۆ هەرێم و دامرکاندنەوەی نارەزایی خەڵک.


بەشیکی زۆری ئەم هەڵسەنگاندن و ئاراستە نوێیانەی پارتی لە دروستکردنی کابینەی نۆ و دارشتنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمدا بەدی دەکرێن. ئامادەیی پەلەی دەسەڵاتدارانی گۆران بۆ بە دەنگەوەچونی ئەو سیاسەت و ئاراستە نوێیانەی پارتی فرە لایەن بو، بۆ خۆ قورتارکردن لە چەمکی ئۆپزسیۆن و لە هزری گۆرانکاری و چاکسازی کە پێیان ناکرێت، بۆ دەرپەراندنی بەرەی نارەزای ناو بزوتنەوەکە کە گومانیان لە رێکەوتنی حوکمرانی هەبو و بۆ دابینکردنی سەرچاوەیەکی دارایی بۆ گۆڕان و مولحەقەکانی. ئەم کارەی گۆڕان دەرفەتێکی باشی بۆ یەکێتی رەخساند گەمەکەیان درێژخایانتر و توندتر بکەن، پارتی گوێی لە پێداگری دەستەجەمعی یەکێتییەکان لە چەند داواکاریەک گرت و زۆربەشیانی پەسند کرد و یەکێتی بە چەوری لێی دەرچو.


هەرچۆنێک بێت کابینەی نۆ لەو کەش و هەوا و جەڕحەبلەدا دروستبوە، هێشتا زوە حوکمێک لە ئەدای کابینەکە بدرێت، بەڵام بەرەی نارەزای میللەت دەبێت بە چاوێکی ئۆپزسیۆنبون سەیری ئەداکەی بکات و هەڵسەنگاندنی دروستی بۆ بکات. واقیعی و دروستترە گۆرانخواز و هەڵسوراوە نارەزاکانی گۆڕان بە هەمان نەفەس چاودێری حوکمرانی بکەن، چیتر زیاتر یەخەی گۆڕان و سەرکردایەتیەکەی بۆ چاکسازی و گۆرانکاری ناو گۆڕان نەگرن و وەک بەشێک لە دەسەڵات سەیری بکەن و لەو روانگایەوە حوکمی بەسەردا بدەن، توانا و وزەکانیان بخەنە گەر بۆ ئۆپزسیۆنێکی چالاکی دەرەوەی پەرلەمان، بۆ ئەو مەبەستەش لە گەڵ سەرجەم بەرەی نارەزای میللەت بکەونە گفتوگۆ و هەماهەنگی و خۆ ئامادەکردن بۆ دارشتنی چوارچێوەیەکی جەماوەری فەرمی و کارنامەیەکی نیشتمانی و نەتەوەیی واقیعی لە گەڵ ئامادەسازی بۆ ئەگەرەکانی ئایندە.


                


 
  

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×