عێراق و هەرێم دوو بازاڕی گەرمی بڕوانامەی ساختەن

لوقمان مصطفی صالح
  2019-08-20     1346
بروانامەی ساختە دیاردەیەکە هەموو جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، بێگوومان عێراق و هەرێمی کوردستانیش نەک هەر بێبەری نین لەو دیاردەیە بەڵکو تجاوزی دیاردەکەشیان کردووە،هۆکارەکەشی دەگەرێتەوە بۆ خراپی و نالەباری بارودۆخی جەنگ یان پشێوی نغرۆی گەندەلی و بێ یاسایی تیایە بەرقەرارە. 
سەرەتا... بەپێی بەدواداچوونی میدیا عێراقییەکان، بازاڕی ساختەکاری  و گرنگەکانی کاری ساختەکاری دادەنرێ، لەو بازاڕەدا هەموو مامەڵە فەرمییەکانی وەک پاسپۆرت و ناسنامەی کەسی و مۆر و نووسراوی فەرمانگەکان و بڕوانامەی زانکۆکان، نەک تەنیا زانکۆکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵکوو بڕوانامەی زانکۆکانی لوبنان و ئێران و تورکیا و یۆنان و میسڕ و تونس و زۆر وڵاتی تری تێدا ساختە دەکرێ، هەموو ئەمانەیش لە ڕێی ئامێر و کەلوپەلی دەزگەی هەواڵگریی پێشووی عێراق و دەستەی پیشەسازیی سەربازیی عێراق لە سەردەمی سەدام حوسێن، دێنە دروستکردن، چونکە لە کاتی شەڕی ڕووخاندنی بەعس، خەڵک چوونە ناو بارەگای ئەو دوو دەزگەیەیەوە و ئەو ئامێرانەیان تێدا بردووە و ئێستەیش بەنهێنی کاری ساختەکاریی پێ دەکەن، هەندێک لەو ئامێرانەیش لەلایەن گرووپە مافیایییەکانەوە بە هەزاران دۆلارئەو ئامێرانەیان  کڕیویانەتەوە و کاری ساختەکاری پێ ئەنجام دەدەن.
عێراق... بەپێی زانیاری و داتاکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، کە دەست (میدیا)کان کەوتوون، لە دامودەزگاکانی عێراق بە هەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا کراون،تەنیا لە 8 مانگی ساڵی 2018دا، لیژنە تایبەتەکانی وەزارەتی پەروەردە لە دامودەزگاکانی حکوومەت، هه‌زار بڕوانامەی ساختەیان ئاشکرا کردبوو.پێشووتر بڕیار بوو پێداچوونەوە بە هەموو ئەو بڕوانامانەدا بکرێتەوە، کە لەدوای ساڵی 2003 بەدەست هاتوون، بەڵام بەهۆی رێگرییەکان ئەو کارە نەکراوە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق، دوای لێکۆڵینەوە لە ساڵی 2015دا، 3 هەزار و 142 بڕوانامەی ساختەی ئاشکرا کردووە، لە ساڵی 2016دا 2 هەزار و 500 بڕوانامەی ساختەی تری ئاشکرا کردووە.پەرلەمانی عێراقیش لێژنەیەکی تایبەتیان سەبارەت بەو کاری ساختەکاریە پێکهێنا و راو بۆ چونی خۆیان خستەروو.
+ڕای لێژنە...سەفا غانم، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕوانامەی ساختە لە عێراق بەربڵاوە، گوتی: "ساڵانە بە هەزاران بڕوانامەی ساختە ئاشکرا دەکرێت، تەنانەت بڕوانامەی ماستەر و دکتۆراش ساختە کراون".جەختی کردەوە، دامودەزگاکان وەکوو پێویست رێکاریان بەرامبەر ئەو کەسانە نەگرتووەتە بەر کە بڕوانامەی ساختەیان لێ ئاشکرا بووە، گوتیشی: "زۆربەی بڕوانامە ساختەکان بە پارەی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوە کڕدراون و لە هەندێک شوێن خەڵکی باڵا لەپشتییانەوە". هەروەها گوتی: "لەدوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا دەستەی دەستپاکی لە عێراق، بەدواداچوونی کرد بۆ ئەو دۆسێیە و توانرا نزیکەی شەش هەزار هاووڵاتی دیار بکرێن، کە بڕوانامەی ساختەیان دروست کردووە و 250 کەس لەوانە بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاوازەکاندا دامەزرابوون"
+بەدوادا چوون...بەپێی زانیارییەکان، لە بەدواداچوونێکی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و دیوانی چاودێریی دارایی ئەوە ئاشکرا بوو کە زیاتر لە هەزار بڕوانامەی ساختە لە بەڕێوەبەرایەتییەکی وەزارەتی پەروەردەدا هەبوو، دواتر بڕیاری دەستبەسەرکردن بۆ 3 هەزار و 329 کەس لەوانە دەرچوو، بەڵام نەتواندرا وەک پێویست لێپرسینەوە یاساییەکان توند بکرێنەوە و هەموو ئەوانەی ئەو کارانەیان ئەنجام داوە رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
+سزای یاسایی... بەپێی ماددە 291ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو 5 ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەهۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە..
هەرچەندە لە خولی پێشووی پەرلەمان، ئەوانەی تۆمەتبار بوون بە هەبوونی بڕوانامەی ساختە، 46 ئەندامی پەرلەمان بوون، لەگەڵ ئەوەی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دابوو بەدواداچوون بۆ بڕوانامەکانیان بکات و دوای دەرکەوتنی راستیی بابەتەکە، پارێزبەندیی پەرلەمانتارییان لێ بسەندرێتەوە، بەڵام نەتوانرا هیچ شتێک لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت".بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی ناوخۆی عێراق لێژنەیەکی پشکێنەری پێکهێناو کاری جدی لەسەر کرد.
+کاری پشکێنەرەکان...لە 7ی 11ی 2018دا پشکێنەری وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند، لە ساڵی 2011ـەوە تا 2018، فەرمانگەی پشکنینی وەزارەت وردبینیی بۆ بڕوانامەی 127 هەزار و 317 ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتەکە کردووە. هەروەک ئەو فەرمانگەیە رای گەیاندووە، لەو ژمارەی تا ئێستا وردبینیی بۆ کراوە، بڕوانامەی ساختەی حەوت هەزار و 200 ئەفسەر، کارمەندی ئەمنی و فەرمانبەر ئاشکرا بووە.لێکۆڵینەوەش لە بڕوانامەی 103 ھەزار کارمەند و ئەفسەری تریش دەکرێت، سەرجەم ئەو کەسانەش کە بڕوانامەی ساختەیان بەکار ھێناوە، رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.
+هەرێمی کوردستان... لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا زیاتر لە 240 بڕوانامەی ساختەی ئاشكرا كردووە، لەو چوارچێوەیەدا و، دوای ئەنجامدانی ڕاست و دروستی (صحە صدور) بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەو بڕوانامانەی پێشکەش بە وەزارەت و زانکۆکان کرابوون،  دەرکەوت ژمارەیەک لە بڕوانامەکان ساختەو (تەزویر)ن. هەندێك لەوانەشی بڕوانامەیان ساختە كردووە، مامۆستای زانكۆن و فەسڵ كراون، خاوەن بڕوانامە ساختەكانیش لەڕێگەی لیژنەیەكەوە دەدرێنە دادگا.
+گوتە بێژی خوێندنی باڵا...بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، زۆربەی ئەو بڕوانامە ساختانەی ئاشكرابوون لە زانكۆ ئەهلییەكان بوون. د.جەمال كەمال، سەرپەرشتیاری گشتی زانكۆ و پەیمانگا تایبەتەكان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا له‌لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: “ئێمە بەدواداچوون بۆ بڕوانامەی ئامادەیی خوێندكارەكە دەكەین، دوای دەرچوونیش دووبارە بەدواداچوونیان بۆ دەكەین. من كە چوار ساڵە سەرپەرشتیاری زانكۆ و پەیمانگە ئەهلییەكانم، تا ئێستا 130 بڕوانامەی ساختەمان ئاشكرا كردووە كە زۆربەیان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە”.
 هەروەها دەڵێت: “لە بڕوانامەی سێ مامۆستای زانكۆمان لە زانكۆیەكی ئەهلی لە هەولێر كۆڵیوەتەوە، دەركەوت ساختەن. یەكێكیان نەك هەر وانەی گوتووەتەوە، بەڵكو بەڕێوەبەری دڵنیایی جۆری زانكۆكەش بووە و بەرپرس بووە لە دڵنیابوون لە راست و دروستیی بڕوانامەی مامۆستاكان و هەڵسەنگاندنیشی بۆ وانەگوتنەوەی مامۆستاكان كردووە”. 
+ئامارەکان...ئامارەکان ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتەكە بڕوانامە ساختەكان بریتییە لە 106 بڕوانامەی توانستی زمانی ئینگلیزی كە لە زانكۆی سەڵاحەددین/هەولێر 26 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سلێمانی 48 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆ هەڵەبجە 12 بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی گەرمیان پێنج بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی دهۆك چوار بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی زاخۆ سێ‌ بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی هەولێری پزیشكی دوو بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی دهۆك دوو بڕوانامەی ساختە.هەروەك ئاشكرا كراوە كە لە زانكۆی كۆیە یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی سۆران یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر یەك بڕوانامەی ساختە و لە زانكۆی ڕاپەڕینیش یەك بڕوانامە هەیە.
لە كۆتایشدا هاتووە، ئێستە فەرمانی زانكۆیی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا/ ماستەر و دكتۆرا و وەرگرتنی نازناوی زانستی ئەو بڕوانامانە هەڵوەشاوەتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی و كارگێڕی بەرانبەریان گیراوەتەبەر. هەر كەسێك بڕوانامەی ساختەی لێ ئاشكرا ببێ‌، چەند ئیجرائاتێكی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
+ڕێوشوێنی یاسایی.... بەپێی ماددە 291ی یاسای سزای عێراقی، ساختەکردنی بڕوانامە تاوانە و خاوەنەکەی دەبێ تاوەکوو 5 ساڵ بگیرێت و ئەگەر فەرمانبەر بێت دەبێ لە پۆستەکەی لابدرێت و ئەو پارانەی لێ وەربگیرێتەوە کە بەهۆی ئەو بڕوانامەیە بەدەستی خستووە، لێسەندنەوەی بڕوانامەكەی و دوورخستنەوەی لە كارەكەی، پاشان لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ‌ و دەدرێتە دادگا، ئەگەر ئاشكرا بوو بڕوانامەكەی ساختەیە، سزا دەدرێ‌ وەک ئاماژەمان پێکرد كە رەنگە سزاكەی هەتا پێنج ساڵ بەندكردن بڕوات. دوای ئاشكرابوونی بڕوانامە ساختەكانیان داوا لە زانكۆكانیان دەكرێت  بڕیاری فەسڵكردنیان بدەن.
 +لێپرسینەوەی ئیداری...بەشێك لەوانەی ماستەر و دكتۆرایان لە زانكۆ حكومیەكان خوێندووە، بڕوانامەكانیان ساختە بووە، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی توێژینەوە و پەرەپێدان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: “زیاتر لە 100 حاڵەتی ساختەكردنی بڕوانامەمان لە ماستەر و دكتۆرا هەیە. دوای ئاشكرابوونیان فەسڵ كراون، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی دەستپێكردنی خوێندن ئەوەیە كە بڕوانامەی هەبێت، بەڵام ئەوان بڕوانامەی ساختەیان هێناوە. دوای فەسڵكردنیشیان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیان لە زانكۆ لەسەر پێكهێنراوە كە لەلایەن زانكۆكان و داواكاری گشتییەوە بەداواداچوون بۆ دۆسیەكانیان دەكرێت”.
لە کۆتایی دا....لەگەڵ راو بۆ چوونەکەی بەڕێز دکتۆر سالار باسیرەدام کە بۆ ڕێگرتن لەو دیاردەیە و بەرگریکردن لەمافی گشتی هەرچی زووە دەبیێت داواکاری گشتی بێتە سەرخەت بۆ ئەوەی ئەمان رێکارە یاساییەکە بگرنەبەر و کۆتایی بەم دیاردە قێزەوونە بهێنرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×