شازادە عەزە: ئەوکچەی هۆکاری یەکەم کودەتا بو

هونەر تۆفیق
  2019-08-23     1728
بەرەبەیانی ٢٩ئۆکتۆبەری ١٩٣٦ جەنراڵ بەکر سدقی یەکەم کودەتای لەمێژووی عێراقدا بەسەر حکومەتەکەی یاسین هاشمیدا کرد.

لەپاش مردنی فەیسەڵی یەکەم ١٩٣٣، غازی کوڕی کرایە پادشای عێراق. جگە لەوەی غازی هەرخۆی گەنجێکی هەڵەشەو سەرەرۆ بو، فەیسەڵی باوکی دوو دڵ بوو لەوەی بیکاتە جێنشینی خۆی، لەهەمان کاتدا غازی لەژێر کاریگەری ڕەوتی عەرەبە قەومچیەکانی سوریا و عێراقدابوو. هەر لەسەرەتاوە ناکۆک بوو لەگەڵ هاوڕێکانی باوکیدا کە شانشینەکەیان بۆ دروستکردبون. ئەو ناکۆکیە غازی و قەومچیەکان لەبەرانبەر یاسین هاشمی (سەرۆک حکومەت)و نوری سەعید (وەزیری دەرەوە ) جەعفەر عەسکەری (وەزیری بەرگری) گەیشتبوو بەو ئاستەی پێکەوە لەگەڵ هاوڕێکانی دیکەی شافەیسەڵدا، غازی لە پادشایەتی بخەن، خۆیان ئەنجومەنی وەسایەیەک دروست بکەن بۆ فەیسەڵی دووەمی کوڕی غازی کە هێشتا منداڵ بو، تا گەورەبوونی فەیسەڵی دووەم، ئەو ئەنجومەنە عەرشی پادشایەتی عێراق بەڕێوەببات. 

لەگەرمەی ئەو ناکۆکیانەدابو شازادە عەزەی خوشکی غازی لەئایاری ١٩٣٦ دا لەعێراق هەڵهات و لەیۆنان شوی کرد بەو کوڕە (ئەنستاس) یۆنانیە خزمەتکارەی لەسەفەری پێشوتردا لەگەڵ غازیدا لەو ئوتێلەی ئەنستاس کاری تێدادەکرد دابەزیبون. 
عەزە حەزی لەئەنستاس کردبو، بەبێ پرس و ڕەزامەندی شانشین شوی پێکردو ئاینەکەی خۆشی گۆڕی بۆ مەسیحی، ناوەکەشی لەعەزەوە گۆڕی بۆ ئەنستاسیا.

ئەم هەواڵەی هەڵهاتن و شووکردن و ئایین و ناوگۆڕینەی عەزە تاجی پادشایەتی عێراقی خستبووە لەرزین. بیانوویەکی باشیش بوو بۆ نەیارەکانی غازی کە هێرشی توندبکەنە سەری. لەناو خەڵیکیشدا بنەماڵەی پادشای عێراق بەئابڕووچوو سەیردەکرا. گروپی هاوڕێیانی فەیسەڵ بەفرسەتیان زانی و بەفەرمانی حکومەت زۆرێک لەدەستەڵاتەکانی پادشا غازیان کەمکردەوە. تەنانەت دەستەڵاتی خۆیان ئەوەندە زیادی کرد، شۆفێر و دەستەی پاسەوانی پادشاشیان بە فەرمانی خۆیان گۆڕی، لەشوێنەکەیان خەڵکی لایەنگری خۆیان دانا بەسەر غازیەوە. 

یاسین هاشمی لەو ڕەوتەبوو کە عێراق بکرێت بەکۆماری. لەگەڵ ڕەشید عالی گەیلانی لە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ ی ئۆکتۆبەری ١٩٣٦ دا (سێ ڕۆژ پێش کودەتاکەی بەکرد سدقی) پەیوەندی دەکەن بەسەرۆک عەشیرەتە عەرەب و کوردەکانەوە کە هاوکاریان بکەن بۆ لادانی غازی و بەکۆماری کردنی عێراق. پەیوەندی بەشێخ مەحمودو بەگزادەکانی جافەوە دەکەن. بەنهێنی لەگەڵ بەگزادەکانی عەشرەتی جافدا لەکفری کۆدەبنەوە. ڕەنگ بێت لەبەر ناکۆکی نێوان جافx شێخ مەحمود بووبێت، شێخ مەحمود ناچێتە بەرەکەی یاسین هاشمی و ڕەشید عالی گەیلانیەوە، غازی لەهەوڵی کودەتاکە ئاگادار دەکاتەوە. غازی بەوردی ئاگاداری هەوڵی کودەتاکەی یاسین هاشمی و رەشید عالی گەیلانی دەبێت. یاسین هاشمی چاوەڕوانی گەرانەوەی براکەی جەنراڵ تەها هاشیمی دەکات بۆ ئەنجامدانی کودەتاکەیان. 

غازی لەبەرانبەردا هەوڵەکانی خۆی چڕ دەکاتەوە. لەگەڵ بەکر سدقی‌و حیکمەت سلێمان دا، زوتر دەست پێشخەری دەکەن‌و پێش کودەتاکەی یاسین هاشمی، ئەوان کودەتا بەسەر حکومەتەکەی یاسین هاشیمدا دەکەن. نوری سەعید هەڵدێت بۆ میسر، یاسین هاشمیش بۆ سوریا. بەڕەزامەندی غازی خۆیان یەکەم حکومەتی ئینقلابی دادەمەزرێنن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×