قەیومەکانی دیکتاتۆری

لەتیف فاتیح فەرەج
  2019-08-23     962
لادانی سەرۆک شارەوانیە ھەڵبژێردراوەکانی " ئامەدو وان و مێردین " و لە جێیدا دانانی پیاوەکانی ئەردۆغان ، جگە لەوەی ھەڕەشەیەکی گەورەیە لە دیموکراسی ،سوکایەتیەکی گەورەشە بە ھەموو ئەو پڕوپاگەندەیانەی لە تورکیا لە بارەی ئازادی و ھەڵبژاردنەوە دەکرێن، ئەم ھەنگاوە درێژکراوەی کۆی ھەنگاوە قێزەون و ناشرینەکانی ئەردۆغانە، ئەو پیاوەی لەگەڵ غلۆربوونەوەی خۆیدا تورکیاش بەرەو ھەڵدێر دەبات، ئەم کارە سوکایەتی گەورەیە بە ھەموو حزبەکانی تورکیا، بە ھەموو دەنگدەرانی تورکیا ، ھەڕەشەیەکی ئاشکراشە لەئیمام ئۆغڵوی سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ، ئەو پیاوەی بە ھاوکاری کورد ئاکەپەی بۆڕدا .

دانانی ئەم قەیومانە  شەرمەزاریەکی گەورەن تەنانەت بۆ دنیای بێدەنگی رۆژئاواش کە ھێشتا بڕوایانوایە دەکرێت ئاکەپە دیموکراسی بێت وھێشتا ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی ئەوروپادا بە جۆرێک جێی گرتوە، گەرچی لە یەکێتی ئەوروپادا نیە، ھێشتا لەناتۆدایە و ئەویش دەنگی  بەرزە لە و رێکخراوەدا، تورکیا چەند ساڵێکە بە دەست ئەردۆغانەوە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، پەیوەندیە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی نێو خۆی تورکیا لە ئان و ساتی ھەرەسدایە، خاڵەکانی پێکەوە بوون و لێبوردەیی زۆر لاوازن، کەسێک کە لە ھەمووان زیاتر درکی بەو پرسە کردووە ، ئێستا لە ئیمرالی لە زیندانایە .

نەیارەکانی ئەردۆغان لاواز و بێھەڵوێستن، جگە لە ھەدەپە، تەنانەت ئەوانەشی لێی جیابوونەتەوە جێی ئومێد نین، خۆ ئەگەر ئەوان لاواز نەبونایە ھەرگیز ئەردۆغان زاتی ئەو گشتە سەرکێشی و گەمژەییەی ناکرد ،ئەردۆغان تەواوی  دەوروبەری تورکیای کردوەتە دوژمنی وڵاتەکەی، ئەوانەی  دۆستیشین مامەڵەی باوک و فرزەندیان لە گەڵ دەکات و دەیەوێت لە بن چنگ و فەرمانی ئەودا بن ، وەک مامەڵەکانی لە گەڵ بەشە تورکیەکەی قوبرس ، تورکەکانی بوڵغاریا ، چەتەکانی خۆی لە  لە سوریا ، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان .

لەو بڕوایەدانیم ئاکەپەو ئەردۆغان بتوانن بەم جۆرە درێژە بە حوکمڕانی بدەن ، مەگەر پەرە بە ستەمکاری ونادادی و دیکتاتۆری بدەن  وەک ئێستا ، ھەرچەندە ئەوەش تاسەر درێژە ناکێشێت ، ئاکەپەو ئەردۆغان ، نەک لە گەڵ وڵاتانی دەورو بەر ، تەنانەت لە گەڵ ئەمەریکاو بەشێکی زۆری ئەوروپاش لە کێشەی گەورەدان ، ئاخۆ ئەمە واناکات کە ئیتر ئەمەریکا بە نەیارەکانی ئەردۆغان بڵێت ئیدی ئەو کوڕی لەبەردڵانی ئەمەریکا نیە ، ھەرکاتێکیش ئەوە وترا ، ئێ دیارە  چی ڕوودەدات .

من چاوەڕوانی ھیچ ھەڵوێستێکی ئەرێنی لەھەرێمی کوردستان سەبارەت بەو ستەم و نادادیە ی تورکیا ناکەم ، بەڵام خۆلانی کەم ناکرێت ئەم ھەرێمە بۆ تورکیا ئەوەندە بەندەیەکی گوێڕایەڵ بێت، دەکرا لە سەر لادانی سەرۆک شارەوانییە ھەڵبژێردراوەکان، کە دۆست  و کەس و نزیکی ھەرێمی کوردستانن، لانی کەم یاداشتێک بدرایەتە ئەمەریکاوئەوروپا، لە یاداشتەکەدا جگە لەباسی پەلامارەکانی ئەمدوایە و گرتن و بریندار کردن و زەرەروزیان لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە ، باسی دانانی قەیومەکان و پێشێلکردنی مافی کورد لەباکور بکرایە.

ھەڵبەت ئەگەر ئێستا پیاوێکی وەک نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوایە نەیدەھێشت نەحزبەکەی نەمیدایایەکەی ئەوەندە بێدەنگ و بێھەڵوێست بن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×