گرنگی پرۆژە یاسایەک بۆ درووستکردنی میدیای نیشتمانی

لوقمان مصطفی صالح
  2019-08-31     1249
ئەگەر بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی گرنگ بێت بۆ مەبەستی کۆدەنگیی حزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکانی کوردی لە ھەموو پارچەکانی کوردستان بە جیاوازیی ئایدیۆلۆجییەکان، بۆ گەڵاڵەکردنی دەنگی گەلی کورد  لە نێو ئەو دەنگ و ئەجندا جیاوازانەی کە لە سەرووی بزاوتی سیاسی و ڕۆشنبیری سەرجەم نەتەوە و پێکھاتە و توێژەکان دەرکەوتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا. ئەوە دەبێت میدیایەکی نیشتیمانیمان هەبێت بۆ ئەوەی وەک مینبەرێک بێت بۆ کۆدەنگی و یەکدەنگی نەتەوەیی،هەربۆیە لەم بەشەی باشوری کوردستان مادام پەرلەمانێک هەیە وەک یەکەم ئەزموونی سەرکەو تووی کوردی لە سەردەمی نوێدا و لە گۆرەپانی سیاسیدا بە هەموو کەمووکورتیەکیەوە بوونی هەیە.
 کەواتە ئەوە ئەرکی سەرەکی ئەوە کە دەبێت پرۆژەیاسایەک گەڵاڵەبکات یاخود داوا لە پسپۆرانی ئەو بوارەبکات کە پرۆژەیاسایەکی تۆکمە دابڕێژن تابتوانن( پەرلەمانی کوردستان) لە بەرنامەی کاری ڕۆژانەیدا و لە دانیشتنەکانیدا لە هەوڵی ئەوەدابن کە پرۆژەیاساکە لەدوای دەنگدان لەسەری بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە درووستکردنی میدیایەکی نیشتیمانی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا گرنگی خۆی هەیە و پێویستە لەپێش چاوبگیرێت،لەگەڵ ئەوەی پاڵپشتیەکی بەهێزدەبێت بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، لەهەمان کاتیشدا پارێزگاری‌ کردن وگەشەدان بەناسنامەی‌ نەتەوەیی‌ وکلتوری نەتەوەیی کەلەمەترسیدایە و لەبەردەم کەناڵە بازرگانییەکان و تەکنەلۆژیای نوێ دا. 
چونکە ناساندنی واقیعی ڕۆشنبیری و وێژەیی و ھونەری بەشەکانی کوردستان و ڕۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد و گرتنەبەری ڕێگەکان و ئامڕازەکانی ناساندنی کەلتوور و وێژە و ھونەری کوردی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتی.ناساندنی ڕۆڵی ڕاستەقینە و گرنگی کەرتی ڕاگەیاندن و چییەتی کاری زانستانەی ڕاگەیاندن ئەو ڕاگەیاندنەی بە پیشەییانەوە ھەموو تواناکانی دەخاتە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەکەیەوە، لە ئازادی و دیموکراتیدا ھەوڵ بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگە و ڕیزەکانی کورد بدات، نەک خزمەت گەیاندن بە حزبایەتی تەسکی فرە جەمسەر و پەرت و بڵاو، ھەروەھا ناساندنی ڕۆڵی ڕاگەیاندن وەک ھۆکارێکی ئەرێنی و کۆکەرەوەی کەرتە ھەمەچەشن و جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری نەک ببێتە ھۆکارێک بۆ جیاکاری و ھەڵوەشانەوەی ڕیزەکانی کۆمەڵگە. 
دەرەنجام... دەتوانین بڵێین ئەوە تەنها میدیای نیشتیمانیە کە دەتوانێ ببێتە مینبەرێ بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی و لەهەمان کاتدا پاراستنی کلتوری نەتەوایەتیمان و بۆناساندنی واقیعی ڕۆشنبیری و وێژەیی و ھونەری بەشەکانی کوردستان، ڕۆڵی ئەو بەشانە لە پەرەپێدانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کورد و گرتنەبەری ڕێگەکان و ئامرازەکانی ناساندنی کەلتوور و وێژە و ھونەری کوردی لەسەر ھەردوو ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیدا،زەروریەتی ئەم قۆناغەیە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×