چۆن کەلێنی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاوی کورد بچوکتر دەکرێتەوە؟

د. شوان عەبدوڵا حەمەد ​
  2019-09-02     1803
د. شوان عەبدوڵا حەمەد

مرۆڤ بە سروشتی خۆی خاوەنی دوو جۆر زیرەکیە (ژیری)، یەکێکیان زیرەکی سۆزداریە، کە وا لە مرۆڤ دەکات سۆزەکانی خۆی و دەوروبەر و ئەوانیتریشی پێ بناسێتەوە، وە زانیاری سۆزداری بەکاربهێنێت بۆ بیرکردنەوە لە هەڵسوکەوت و رێکخستن و بەرێوەبردنی هەمو ئەو کارانەی کە پەیوەندیان بە سۆزەوە هەیە. زیرەکی دووەم، زیرەکی شیکاریە، کە وا لە مرۆڤ دەکات شیکاری و هەڵسەنگاندن بۆ بیرۆکەکان بکات و کێشەکان چارەسەربکات و پلان دابنێت و بریارەکان دەربکات. ئاستی بەکارهێنانی ئەم دوو زیرەکیە لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر دەگۆڕێت و بە هەمان شێوەش لە نێوان ژن و پیاویشدا دەگۆڕێت. بە شێوەیەکی گشتی ژن زیرەکی سۆزداری بە بەراورد بە پیاو زیاتر بەکاردەهێنێت، ئەمەش وایکردوە کە ژن جگە لە خۆیان لە رێگەی زیرەکی سۆزداریەوە بیر لە دەوروبەر و ئەوانی تریش زیاتر بکەنەوە. ئەمە چۆن مانای ئەوەنیە کە پیاوان زیاتر زیرەکی شیکاری بەکاردەهێنن، بە هەمەمان شێوەش مانای ئەوەنیە کە پیاوان زیرەکی سۆزداری بەکارناهێنن. بەڵکو ژن و پیاویش هەردوو زیرەکیەکە بەکاردەهێنن، بەڵام ژن لە پیاو زیاتر زیرەکی سۆزداری بەکاردەهێنێت. بۆیە ژن دەتوانێت زیاتر خۆنەویستتر و خۆبەخشتر بێت و دەتوانێت بۆ بەرژەوەندی کەسانی تر کاربکات و بێجگە لە خۆی چاودێری ئەوانیتریش بکات، بە منداڵەکانی خۆشیەوە. بە پێچەوانەوە پیاو زیاتر زیرەکی شیکاری بەکاردەهێنێت یاخود لەبەرئەوەی کەمتر زیرەکی سۆزداری بەکاردەهێنێت وا دەردەکەوێت کە زیرەکی شیکاری زیاتر بەکاربهێنێت. لە سەردەمی نیۆلیتیکدا کە پیاو سەرقاڵی ڕاوشکار بوە و ژنیش خاوەن بەروبومی کشتوکاڵی و بەێوەبەری ناوماڵ بوە، پیاوان زیاتر توانیویانە زیرەکی شیکاری بۆ فرت و فێڵ و نانەوەی تەڵە بۆ ئاژەڵ ڕاوکردن بەکاربهێنن و بە تێپەڕبونی کات ئەم خەسڵەتە لە پیاواندا پەرەیسەندوە و ئیتر پیاوان بون بە خاوەنی زیرەکی شیکاری و ژنانیش بە زیرەکی سۆزداری.

وەکو باس دەکرێت سەرچاوەی پلەداری و چینایەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەم خاڵەوە دەستی پێکردوە، کاتێک کە پیاوان گەیشتنە ئاستێکی باڵا لە بەکارهێنانی زیرەکی شیکاری و هاوتەریب لەگەڵ بەکارهێنانی فرت و فێڵ و هێزی بازوو کە بۆ ڕاوشکار بەکاریدەهێنا، ئیتر بەم خەسڵەتە ئاستبەرزە لە زیرەکی شیکاری و فێڵ و هێزی بازوو، رووی کردە ژنان و پێگەکەیان لە کۆمەڵگەدا. لە دوای ئەو رۆژەوە پیاوان لە کۆمەڵگەدا بون بە نمرە یەکەم و ژنان بە نمرە دوو، هەر لەوێشەوە پلەداری داهێنراو و کۆمەڵگە کرا بە دوو چینی سەردەست (پیاوان) و چینی ژێردەست (ژنان). بەم تێگەیشتنە بێت کەواتە ژنان یەکەمین قوربانی دەستی کۆمەڵگەی پلەداری و چینایەتین، بە دوای ئەواندا ژینگە و دەوروبەر دێت. هەندێک دەتوانن بڵێن نەخێر بەو پێیە بێت پیاوان سەرەتا ژینگەیان ڕام کردوە پاشان ڕوەو ژنان هەنگاویان هەڵهێناوە. پێم وایە هەردو ئارگیومێنتەکە راستیەکی خۆیان تێدایە، وە رەنگە لە هەمان کاتدا ژنیش و ژینگەش کەوتبنە بەر شاڵاوی داگیرکاری و خۆسەپاندنی پیاوی بەهێز. بە هەر بارێکدا بێت، ئێمە دەزانین کە ژنان پشکی شێریان لەم ژێردەستەیی بونە و زوڵمە بەردەکەوێت و هەتا رۆژی ئەمرۆشمان هاتوە.

مەبەستم لەو پێشەکیەی سەرەوە ئەوەبو کە سەرەتا کورتەیەک لە سەرهەڵدانی پلەداری و چینایەتی ناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بزانین، پاشان تەماشایەکی پیاوی سەردەم بکەین. پیاو بە مانا زایەندیەکەی و بە مانا کۆمەڵایەتیەکەشی هەر ئەوەی سەرەوەیە کە ئاماژەمان پێدا. واتا پیاو بە سروشتی خۆی زیرەکیە سۆزداریەکەی کپ دەکات و زیرەکیە شیکاریەکەی هاوتەریب لەگەڵ هێزی بازوویی و خەسڵەتە فێڵاویەکەی کە لە ڕاوشکارەوە وەریگرت، بەکاردەهێنێت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و رۆژانە پێش هەر شتێک دەیخاتە خزمەت خۆشگوزەرانی خۆی. بۆ سەلماندنی ئەم بۆچونەشم تەنها نمونەی هەردوو شەڕە گەورە جیهانیەکە دەهێنمەوە کە پیاوان بەو خەسڵەتانەیەوە بۆ بەرژەوەندی و خۆشی خۆیان بەرپایان کرد. هەزارەها نمونەی تری بەرچاو هەیە کە بۆ سەلماندنی ئەم راستیە باسی بکەین، بەڵام لێرەدا دەوەستین و بابەتێکی تری پەیوەستدار باس دەکەین.
لەگەڵ هەمو ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا کە کەم کەس هەیە نکوڵیان لێ بکات، بەڵام ئەمرۆ سەردەمی پیاوی بەهێز و دەسەڵاتدار و خۆسەپێن و ئازا لە ڕاوشکاردا خەریکە بەسەر دەچێت و پیاوی سەردەم هەرچەندە هەمو ئەو سیفەتانەی سەرەوەی تێدایە بەڵام سەرقاڵی خۆگۆڕینە. هەر بە بەکارهێنانی زیرەکی شیکاری ئەمرۆ پیاوان (پیاوی سەردەم) دەیەوێت خۆی بهێنێتە ئاستی مرۆڤی سەردەم و ژنان. چونکە ئێمە دەزانین ژنان هەمیشە هەرئەوەی ئێستا بون و پێویستیان بە گۆڕانێکی ئەوتۆ نەبوە. پیاوان بە بەکارهێنانی زیرەکی شیکاری هەستیان بەو لاوازیە کردوە کە کەمتر زیرەکی سۆزداریان بەکاردەهێنن و ئەمەش بوەتە خالی لاوازیان لە ناو کۆمەڵگەدا، بۆیە ئەگەر تەماشا بکەین پیاوان بەتایبەتی لە کۆمەڵگە پێشکەوتوەکاندا زیاتر لە هەوڵی ئەوەدان کە زیرەکی سۆزداریان بەکاربهێنن و لە هەست و نەستەکانی خۆیان زیاتر نزیک ببنەوە و بەوپێیەش کەلێنی کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاو بچوکتر دەکەنەوە و لێک نزیک بونەوە دروست دەبێت.

لێرەدا ئەوەی کێشەی کۆمەڵگەی کوردەواریە دوو شتە: یەکەم پیاوەکانمان دەگمەن زیرەکی شیکاری بەکاردەهێنن بۆ هەستکردن بەوەی کە زۆر کەمتر زیرەکی سۆزداریان بەکاردەهێنن لە ژیاندا، تەنانەت بەکارهێنانی زیرەکی سۆزداری لای پیاوی کورد مۆرکێکی شەرمنانە و ژنانەی پێوەیە. لە هەمان کاتیشدا ژنانمان زیاد لە ئاستی خۆی زیرەکی سۆزداری و زۆر کەمتر زیرەکی شیکاری بەکاردەهێنن. ئەم راستیانەی سەرەوە وایکردوە کە ژن و پیاوی کورد بە هەمیشەیی لە یەکتریەوە دوربن و هەتا دێت کەلێنە کۆمەڵایەتیەکەی نێوانیشیان لە زیادبوندایە. بە پێچەوانەوە ژن و پیاوی کۆمەڵگە پێشکەوتوەکان رۆژ بە رۆژ کەلێنەکەی نێوانیان کەمتر و کەمتر دەکەنەوە و خەریکە وایان لێ دێت جیاوازی لە نێوانی ژن و پیاودا ناهێڵن، هەڵبەت مەبەستم لە جیاوازی کۆمەڵایەتیە نەک جیاوازی بایۆلۆجی. بەم شێوەیەش دەوترێت لەو کۆمەڵگانەدا ژن و پیاو یەکسانن یان خەریکن یەکسان دەبن. هەمو یەکسانیەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی زیاتری زیرەکی، لای پیاو سۆزداریەکەی و لای ژنیش شیکاریەکەی.

خۆلاسەی کەلام بۆ کۆمەڵگەی ئێمە و ژن و پیاوەکانمان، پێویستە جەخت لەسەر بەکارهێنانی زیرەکی بۆ یەکسانکردنیان بکرێتەوە. ژنمان پێویستە شانبەشانی زیرەکیە سۆزداریەکەی یەک دوو گێڕ زیرەکیە شیکاریەکەشی بەرزبکاتەوە و پیاویشمان هەوڵی خۆی بدات بۆ ئەوەی هاوتا لەگەڵ پەرەدان بە زیرەکیە شیکاریەکەی، زیرەکیە سۆزداریەکەشی بەخێوبکات و بەکاریبهێنێت لە بەخێوکردنی خۆی و دەوروبەر و ئەوانی تریشدا. ئەوسا نە ژنی کورد ئەوەندە گرینۆک و نە پیاویشمان ئەوەندە دڵرەق دەردەکەون، هەرچەندە هەتا ژن و پیاو هەبێت، ژن هەر خەریکی پاکڕاگرتنی ژوری میوانەکەی دەبێت و پیاویش شتنی سەیارەکەی لە هەمو شت لا گرنگترە. زۆر ئاساییە ئەم جیاوازیە لە سروشتی بنەڕەتی خۆیانەوە هاتوە و دەتوانرێت نەکرێت بە هۆکاری لێک دورکەوتنەوەیان.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×