بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە

شۆڕش حاجی
  2019-09-10     917
ئەڵقەی پێنجەم: ململانێی نێوان گۆڕانخوازو بەرژەوەندیخوازەکان
بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم دەرکەوتنیدا وەک جوڵانەوەیەکی سیاسی لە کوردستانی عیراق چەند جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ حیزبەکانی ناو دەسەڵات هەبو. یەکێک لەو جیاوازییە گەورانەی بزوتنەوەی گۆڕانی بە کردەوە لەوان جیا دەکردەوە ئەوەبو کە بەرهەمی هەوڵەکانی بۆ چاکسازی‌ لە جومگەکانی دەسەڵات‌و گۆڕانکاری لە شێوازی حوکمڕانی بۆ خۆی نەبو، بەڵکو بۆ خەڵک بو. هەڵبژاردنی خەباتی مەدەنی وەک شاڕێی گۆڕانکاری‌و دروستکردنی مینبەرێکی بەهێزی ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009 باشترین بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەو راستیەن. خەمی کاک نەوشیروان‌و دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕان باشکردنی ژیان‌و گوزەرانی هاوڵاتیان‌و بەهێزکردن‌و جێگیرکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان بو، نەک دەسکەوت‌و بەرژەوەندی شەخسی‌و حیزبی‌.

بزوتنەوەی گۆڕان لەیەکەم بەشداریکردنیدا لە کایەی سیاسی لە کوردستانی عیراق نەچوە دەسەڵات‌و بەشداری لە حکومەتدا نەکرد. بەڵکو لەرێگای رەخنەگرتن لە ئەدای دەسەڵاتداران‌و پەردە لادان لەسەر کەموکوڕییەکان‌و شیکردنەوەی هۆکارەکانی ئەو بارودۆخە، هاوڵاتیانی کوردستانی هوشیار کردەوە. ئینجا لەرێی پێشکەشکردنی پرۆژەی چاکسازی بۆ هەمو بوارەکانی حوکمڕانی‌ هەوڵی چاکسازی‌و‌ گۆڕانکاری‌ دا. ئەگەرچی گۆڕان بیستوپێنج کورسی لە پەرلەمانی کوردستان هەبو، بەڵام هەوڵی نەدا بەشی خۆی لە کێکی دەسەڵات وەرگرێ. هەر کاتێکیش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەژێر فشاری جەماوەرو لە ئەنجامی کارو چالاکییەکانی گۆڕان‌و هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆندا کارێکی باشیان بکردبا کە لە بەرژەوەندی خەڵك بوایە، بزوتنەوەی گۆڕان بە دەسکەوتی خۆی دەزانی‌و پێی وابو سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە‌. لەهەمان کاتدا خۆی لەبەردەم هەمو هەڕەشەو ئیجرائاتێکی  توندی دەسەڵات راگرت‌و ئازایانەو سەربەرزانە ئەو قۆناغەی تێپەڕاند.

بزوتنەوەی گۆڕان لە یەکەم ئەزمونی روبەڕوبونەوەی دەسەڵاتدا وەک هێزێکی مەدەنی روبەڕوی هەڕەشەو پەلاماری زۆر بوەوە. هەزاران دەنگدەرو هەڵسوڕاوی گۆڕان سزای سیاسی دران‌؛ موچەیان بڕا؛ دورخرانەوە یان لە پۆستەکانیان دەرکران؛ هەندێکیان گیران‌و ئەشکەنجە دران‌‌؛ هەندێ هەڵسوڕاو لە روداوی جیاجیادا بریندار کران‌و چەند هەڵسوڕاوێکیش گیانیان لەدەستدا. چەند جارێکیش مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەندێ شار سوتێنران‌. سەرەڕای هەمو ئەوانە، لەدوای خۆپیشاندانەکانی 17ی شوبات هێزی سەربازی لە دژی گۆڕان کۆکرایەوەو هەڕەشەی پەلاماردانی ‌مەکۆی سەرەکی‌و سوتاندنی تەلەفزیۆنی کەی ئێن ئێن لە گۆڕان کرا. بەڵام هیچکام لەو هەنگاوانە نەیانتوانی چۆک بە بزوتنەوەی گۆڕان دابدەن‌و ئیرادەی بشکێنن. بەپێچەوانەوە بزوتنەوەی گۆڕان درێژەی بە ئاراستەی گۆڕانخوازانەی خۆی دا‌و لە کارو چالاکییە مەدەنییەکانی بەردەوام بو، بێ ئەوەی بیر لە دروستکردنی هێزی چەکدار بکاتەوە بۆ خۆپاراستن لەو هەڕەشەو پەلامارانە.

بڕیاری بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت لە ساڵی 2014 لە بنەڕەتدا بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەشێک لە بەرنامەی چاکسازی بو. بەڵام دەبێ بگوترێ کە هەندێ کەس لەناو گۆڕان بە چاوی وەرگرتنی بەشە کێکی دەسەڵات دەیانڕوانیە ئەو بڕیارەی گۆڕان. بەڵام ئەو کاتە بڕیاری سیاسی لەناو گۆڕاندا بەپلەی یەکەم لەلایەن کاک نەوشیروانەوە ئاراستە دەکرا. بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان بەهەمان نەفەسی چاکسازی‌و هەوڵی گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی سەنگەری خەباتی مەدەنی لە ئۆپۆزیسیۆنەوە گواستەوە ناو دەسەڵات. هەر ئەو سوربونەی گۆڕان بو لەسەر پەیام‌و بەڵێنەکانی، کە روداوەکانی 12ی ئۆکتۆبەرو داخستنی پەرلەمانی کوردستان‌و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕانی لێکەوتەوە.

بزوتنەوەی گۆڕان ئەم جارە، لەدوای هەڵبژاردنەکانی 30/9/2018 ، بە بڕیاری زۆرینەی جڤاتی نیشتیمانی، دەستیکرد بە گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان‌و بڕیاریدا بەشداری لە حکومەتی هەرێم بکا. بەڵام ئایا ئەم هەنگاوە بەهەمان نەفەسی گۆڕانکاری‌و سوربونە لەسەر بەڵێن‌و پەیامەکانی گۆڕان لەپێناوی چاکسازی‌و گۆڕانکاری، یاخود تەنیا بۆ وەرگرتنی بەشە کێکی دەسەڵاتە؟
دیارە لە هەمو کۆمەڵگایەکدا، بە کۆمەڵگای ئێمەشەوە، بەرەیەکی بەرژەوەندیخواز هەیە کە هەوڵ‌و هەنگاوەکانی لەپێناوی دەسکەوت‌و بەرژەوەندی شەخسی‌و تایبەتییە. لەبەرامبەردا کەسانێکیش هەن کە بۆ بەرژەوەندی گشتی‌و بیروباوەڕو سەرخستنی پەیامێکی پیرۆز کار دەکەن. کاتێک کە ئەمە لەناو کۆمەڵگادا هەبێ بێگومان لەناو هەر حیزب‌و گروپێکیشدا رەنگ دەداتەوە‌. بۆیە ئێستا گۆڕان لەبەردەم دوڕیانێکی چارەنوسسازدایە، کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان راستگۆیانە لەناو کابینەی نۆ، بەهاوکاری حیزبەکانی تر لە حکومەت، هەوڵی چاکسازی‌و جێبەجێکردنی بەشێک لە پەیام‌و بەرنامەکانی خۆی دەدا کە بەڵێنی بەهاوڵاتیان داوە، یاخود هەرچی لەم حکومەتەدا بکرێ‌و چی بگوزەرێ قبوڵی دەکاو لەپێناوی بەشە کێکی دەسەڵات بێدەنگ دەبێ؟ بەواتایەکی تر ئایا لەم پرۆسەو ململانێیەدا تای تەرازوی گۆڕانخوازی قورستر دەبێ یاخود تای بەرژەوەندیخوازی؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لای رێکخەری گشتی‌و خانەی راپەڕاندنی ئایندەو جڤاتی نیشتیمانی‌یە. ئەوەی رونە ئەوەیە، کە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان بەباشی هەنگاوی ناوەو لەسەر رێچکەی هەوڵی چاکسازی لاینەداوە، بەڵام کاروانی گەیشتن بە مەنزڵ هەورازو نشێو وێستگەی زۆری تری لەبەردەم ماوە. هەر بۆیە ئەندامانی ئەم جڤاتی نیشتیمانییەی ئێستا ئەرکێکی زۆر گرنگ‌و مێژوییان لەئەستۆدایە، ئەویش ئەوەیە کە ئایا ئەم جوڵانەوە جەماوەرییە گەورەیەو پەیامە گۆڕانخوازانەکەی تەسلیمی کێ دەکەن بۆ ئەوەی بەئەمانەتەوە بیگەیەنێتە مەنزڵ؟ چونکە تواناو لێهاتویی‌و بوێری سەرکردایەتی هەر حیزبێک کاریگەری لەسەر  ئاراستەو هەڵوێستی حیزبەکەو رەفتارو گوتاری تاک بەتاکی ئەندامەکانی هەیە، بەوانەی کە لەناو حیزبدا کار دەکەن‌و ئەوانەش کە ئەرکی کارکردنیان لەناو حکومەت یان هەر شوێنێکی تر پێ دەسپێردرێ.

لە چوارچێوەی کارکردن لەناو حیزب‌و لە پرۆسەی نەخشە دانان‌ بۆ ئایندە هەمیشە ململانێ لەنێوان بەرەی خۆنەویست‌و بەرەی بەرژەوەندیخواز دەمێنێ؛ جیاوازیش لە نێوان ئەوانەی شێلگیرانە بەرگری لە پەیام‌و ئامانجەکانی بزوتنەوەکە دەکەن لەگەڵ ئەوانەی بیر لە بەرژەوەندییە باڵاکانی بزوتنەوەکە ناکەنەوەو کەمتەرخەمن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەردەوام دەبێ. بەدڵنیاییەوە، راستگۆیی‌و کارکردنی جیدی بۆ سەرخستنی ئەو پەیامە گۆڕانخوازانەی، کە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان‌و قەوارە سیاسییەکەماندایە سەنگی مەحەکە - لە ئێستاو لە ئایندە - بۆ بەدەسهێنان‌و پتەوکردنی متمانەی هاوڵاتیان بە بزوتنەوەی گۆڕان. بەپێچەوانەوە، کارکردن لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی‌و پشتکردنە جەماوەر‌و فەرامۆشکردنی ئەو بەڵینانەی بزوتنەوەی گۆڕان بەخەڵکی داوە نەک تەنیا دەبێتە مایەی تێکشکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڵکو، زەنگی مەرگی ئومێدی خەڵک دەبێ بە چەمکی گۆڕانخوازی لە کوردستانی عیراق بۆ ماوەیەکی دورودرێژ.

تێبینی نوسەر: لە ئەڵقەی چوارەمی ئەم زنجیرە وتارەداو لە باسی ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، وشەی توێژینەوە بە هەڵەی نوسین پەڕیوە. بەمەش ژوری توێژینەوەی سیاسی لەتەک ژورەکانی تردا ناوی دەرنەکەوتوە. بۆیە داوای لێبوردن لە هەمو ئەو هاوڕێیانە دەکەم کە لە رابردو ئێستادا لەو ژورە کار دەکەن. ژوری توێژینەوەی سیاسی یەکێکە لە ژورە گرنگەکانی بزوتنەوەی گۆڕان‌و خاوەنی چەندین پرۆژەو لێکۆڵینەوەو کتێبە، کە کاریگەری لەسەر پەیام‌و دیدی بزوتنەوەی گۆڕان جێهێشتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×