هێرش بۆ سەر رێکخەری گشتی لەپێناو چیدا

د.ئاسۆ محمود
  2019-09-13     766
لەماوەی دوساڵی تەمەنی کاک عمر وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بۆ یەک ڕۆژیش ڕەخنە، تەشهیر، تۆمەت بەئاڕاستەی ئەو زاتە نەوەستاون.

هەر ئەو ڕۆژەی بوە رێکخەر ،ناوزڕاندن وتۆمەت دەستی پێکرد، پاشان لەژێر ناوی ڕەخنەدا درێژەیاندا بەو هەڵمەتە لەسەر بنەمای ئەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان جیاوازە لەحیزبەکانی ترو نابێت دەرگای ڕەخنە داخرێت.

بەڵام هەر زو ئەو ماسکە کەوت کە ئامانجەکە خستن و شکاندنی گۆڕانە نەپێشخستنی، بەسەلمێنەری ئەو ڕاستیە کە ئەو کەسانە بنەو بارگەیان لەگۆڕانەوە گواستەوە بۆ سەنگەری دژ بە گۆڕان.

ئەوانەی هەتا دوێنێ لەهەناوی بزوتنەوەکەدا مەقامیان هەبو، دەستیانکردە دەرکردنی بەیاننامە، دروستکردنی بەرە  دروستکردنی حیزب لە نا حیزب، ساردکردنەوەی خەڵک لە بەشداری و دەنگدان بەگۆڕان، ناشرینکردنی گۆڕان تا ئاستی جوانکردنی ڕوی دزێوی دەسەڵات.

بە کورتی گۆڕانیان ڕوتکردەوە لەبەرچاوی دۆست و دوژمن، بەشێوەیەک گۆڕان ناشرین کرا کە خەڵک یەکێتی و پارتی بیرچۆوە، هاوڵاتی ساردکرایەوە لە به‌شداری سیاسی، بایکۆتی هەڵبژاردن ٥٥٪ ی تێپەڕاند کە زۆرینەی دەنگدەری گۆران بوو.

ئاخر کە حیزب ڕوتکرایەوە لە نهێنی،کرا بە بوکە سەماکەرە لەبەر چاوی خەڵک، ئیتر حەزی پاڵپشتی خەڵک لە دەست دەدات و دەبێتە گاڵتەجار.
ئەوان ئەوەیان دەویست، دەستیان نەپارست و کردیان.
ئەوانەی کە گۆڕانیان ڕوتکردەوە و گەر بێت و گۆڕان و هەمان شت بەرامبەریان بکات، سیاج و ژوری ماڵەکانیان بڕمێنن، ناو ماڵەکانیان ببینن، ئەوکات دەزانن ڕوتکردنەوە یانی چی، دەبێت سەری خۆیان هەڵگرن تا خە ڵک نەیانبینێت.

باشترین پنت بۆ لێدانی حیزبی سیاسی لێدانە لە کەسی یەکەم، لێرەوە هێرشەکان بۆ سەر گۆڕان لە عمری سەید علی یەوە دەستپێدەکات.
ئێستا ئەمانە گۆڕانیان بە جێ هێشتوە و بەئاشکرا دەڵێن کە گۆڕان نین، بەڵام چونکە ئامانجەکەیان شکاندنی گۆڕانە، نەوەستاون و بەردەوامن لە تۆمەت و ناوزڕاندن.
ئیتر لێرەوە تێدەگەین ئەوەی ئەوانەخەریکن دڵسۆزی و خەمخۆری نی یە بۆ گۆڕان بەڵکو ڕقێکی شەخسیە.

هیچ کەسێک بێ کەمو کورتی نی یە، هیچ کەسێکیش بێ هەڵە نی یە، هەموشمان ئەوە ئەنجام دەدەین کە بڕوامان پێیەتی.

ئەگەر بڕیاربێت کەسێک هەڵەی گەورەی کردبێت، ئەوە خۆتانن،
ئەوە ئێوەبون سیاسەتان لە مامەڵەیەکی پراگماتیکی یەوە کردە شەڕە قسە و خۆ گیڤکردنەوە
ئەوە ئێوەبون بەتەمای (expectation ) خەڵکتان بە چەشنێک بەرزکردەوە، کە هاوڵاتی سادە بڕوای کردبو گۆڕان شمشێرەکەی علی هەڵدەکێشێت و لە چاو تروکانێکدا دەتوانێت ئەم وڵاتە لە ژێردەستی ئێران و تورکیا دەردەهێنێت و هەمو شتێک بە چەند مانگێک چارە دەکرێت، بێ خەبەر لەوەی نەوشیروان مستەفا هەمو جارێک فەرمویەتی (پرۆسەی گۆڕانکاری پرۆسەیەکی هێمن و لەسەرخۆیەو پێویستە لە هەمو بوارەکاندا ئەنجام بدرێت).
ئەوە ئێوەبون واتانکرد خەڵکی دەمەوەر جێی سیاسی هێمن و بە بەرنامە بگرێتەوە، دۆخێک لە کوردستان دروستکرا کە کێ جنێو فرۆش و قسەی بێ گومرگ بکات ، ببێتە وەحشی شاشە و ببێتە دەم ڕاستی سەرجەم حیزبەکان.
هەر ئەوانەی ئێستا کە هێرش دەکەن، سەردەمی کاک نەوشیروان وەک ئێستا هێرشیان دەکردە سەر رێکخەر.

لە کۆمەڵگاییەکی کۆنزیرڤاتیڤی وەک ئێرە ،ئێوە دەتانەوێت بڵێن داوێنپاکی گرنگ نی یە، بێئاگا لەوەی بیل کلینتن لە وڵاتێکی لیبرالی وەک ئامریکا لەسەر بونی پەیوەندیەکی ناشەرعی ڕسوا دەکرێت،
ئێوە دەتانەوێت بڵێن سادەی و هەژار ژیانی سەرکردە نەزانی یە، بێ ئاگا لەوەی تەنها شتێک کە سەرۆکی ئۆرۆگوا خۆسێ مۆخیکا بە هەمو دنیا ناسان و بۆتە سەربەرزی بۆ وڵاتەکەی سادەی و ژیانکردنیەتی وەک هاوڵاتی ئاسای.
ئێوە دەتانەوێت قوربانیدان شۆڕشگێری بێ ئەرزشبکەن، بێئاگا لەوەی تۆ لەسایەی قوربانی و گیانفیدای هەزارانی وەک سەید عمر ژیان دەکەن ،
ئێوە ئەوەندە خوێن ساردن کە دۆخی جەستەی سەید عمر بە بێ توانای باسدەکەن، بێ ئینسافی لەوەی ئەو سەرکردەیە بۆ تێکۆشان لە پێناو میللەتەکەی بەشێکی جەستەی لەدەست داوە.
ئێوە دەتانەوێت سەید دەستبەرداری بیری نەتەوەی بێت، نازانن چونکە نەتانناسیوە ، ئەو ئێستاش بەدەم ئازاری جەستەی زمداری بۆ کوردایەتی، گۆڕان بەڕێوە دەبات .

ئێستا ئەگەر تاک تاکە سیاسی لە بابەتی سەید عمر بونی هەبێت دەتانەوێت ئەوەش بشکێنن.

سەید عمر
سەرکردەیەک
دەست و داوێن پاک
شۆڕشگێر و خۆفیداکەر
ئەمین و سەنگین
سەر ڕاست و ڕاوەستاو
نەزیهو بێ فیز
خەمخۆر و خۆ نەویست
لەسەرخۆ و هێمن
لەگەڵ خۆشی، دژ بە ناخۆشی
ژیان دۆست و پارێزەر

هەرکەس دەگەڕێت بە شوێن جنسی خۆیدا
ئێمە لەم چەشنەمان دەوێت، ئێوەش بچن بە شوێنی جنسی خۆتاندا، یەکێ وەک خۆتان بۆ خۆتان پەیدا بکەن، بۆ ئێمە نا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×