زەنگێک لەقوتابخانەوەو زەنگێکیش لەپزیشکێکەوە

د. ئالاء به‌کر
  2019-09-13     2255
لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابیانی تەمەن ٦ ساڵان سەردانی بنکە تەندروستیەکان دەکەن بەمەبەستی پرکردنەوەی فۆرمی تەندوستی. ئەوەی ئەرکی سەرشانی ئێمەی پزیشکانە، هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی ئەو جگەرگۆشانەیە لەڕووی باری هۆشداری و توانای سەرنجدان و توانای گفتوگۆکردنەوە.

منیش وەکو یەکێک لەم پزیشکانە لە بنکەیەکی تەندروستی شاری سلێمانی ئەم ئەرکەم کەوتۆتە ئەستۆ. لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوو، پشکنینی چەندان جگەرگۆشەم بەجێگەیاند. ئەزمونی تێبینی کردنی ئەم مناڵانە لە کاتی هەڵسەنگاندنیان، هەم سەرنجڕاکێش و هەم جێی داخ بو. 

ئەوەی جێگای سەرنج و لەهەمان کاتدا جێگای داخە ئەو ژمارە بەرچاوە بوو لە مناڵان کە زۆر بە رونی کێشەیان لە سەرنجدان و گفتوگۆکردن هەبو. دەکرێ بوونی یەک کەیس بۆ هەر دیاردەیەک بە شتێکی ئاسایی لە قەڵەم بدرێ، بەڵام ئەوەی من لە بەشێکی باشی ئەم مناڵانەم بینی لە نەخۆشخانە، شتێکە لە پشت ئاساییبونەوە.

بەشێکی باشی ئەم مناڵانەی کە من پشکنینم بۆ کردن، لە توانای سەرنجدان و گفتوگۆکردندا کێشەیان هەبو. ئەوان ئەو مناڵانە بون کە قوربانی بەرکەوتنی شاشەکان (ئایپاد و مۆبایل و TV) بون، ئەوەش دوای وەرگرتنی زانیاری لە دایک و باوکیان. بە گوێرەی دایک و باوکیان بێت، هەر لە بچوکیەوە ئەم مناڵانە  ڕۆژانە لە ٤-٥ کاتژمێر بەرکەوتنیان لەگەڵ شاشە هەبوە.

ئەمە  زەنگێکی مەترسیدارە و دەرەنجامی نەرێنی دەبێت لەسەر توانای فێربون و ئەدای ئاکادیمی ئەو مناڵانە لە قوتابخانە. ئەم بابەتە خەریکە لە حاڵەتەوە دەبێتە دیاردە و تەنانەت لە هەندێک لە قوتابخانەکان پۆلی تایبەتیان بۆ جیاکراونەتەوە .

وەک پزیشکێک بە ئەرکی خۆمی دەزانم کە دایکان و باوکانی لێ ئاگادار بکەمەوە. هۆشیاری لەم باباتەدا بخەمە بەردەمی هەموان. چونکە ئەوەی جێگای داخە بەشێکی کەم لە دایک و باوکان هۆشیاریی بەکارهێنان و کاریگەریەکانی بەکارهێنانی شاشەیان هەیە!

ئەم کێشەیە تەنها لەکوردستاندا بوونی نیە، بەڵکو ژمارەیەکی زۆر لەمناڵانی جیهانی گرتۆتوە. بۆیە وڵاتانی پێشکەوتو رێنمایی تایبەتیان بۆ ئەم بابەتە داناوە. بۆ نمونە لە ووڵاتی ئەمریکا، ئەکادیمیای ئەمریکی پزیشکی مناڵان AAP - رێنمایی تایبەتیان بڵاو کردۆتەوە سەبارەت بە بەرکوتنی مناڵ لەگەڵ هەر جۆرێکی شاشەدا وەکو مۆبایل، ئایپاد، تی ڤی، و یاری ئەلیکترۆنی. 

ڕێنماییەکان بەم شێوەیەن؛
منداڵی خوار تەمەن ٢ ساڵ بە هیچ شێوەیەک نابێت سێری شاشە بکات.

منداڵی ٢_٥ ساڵ رۆژانە نابێت لە ١ کاتژمێر زیاتر سەیری شاشە بکات ئە ویش پێویستە بە چاودێری دایک و باوکی بێت و ناوەڕۆکەکەی تایبەت بە مناڵان بێت.

چەندین لێکۆڵینەوە دەریان خستوە کە کەئەگەر بەکارهێنانی TV  و سۆشیاڵ میدیا کۆنترۆڵ نەکرێت لە رووی ماوەی بەکار هێنان و ناوەرۆکەوە،  ئەوا مناڵ توشی ئەمانەی خوارەوە دەبێت:

تێکچونی خەو و خەونی ناخۆش
- لاوازبونی توانای سەرنجدان و تێکەڵ نەبون لەگەڵ مناڵانی تر
- زیاد بونی کێشی لەش
- قەڵەقی و تەنانەت خەمۆکیش

چەند ڕێگایەک بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە:
١. لابردنی تەلەفیزۆن لەژوری نوستن. هەروەها بەکارنەهێنانی مۆبایل پێش کاتی نوستن چونکە کاریگەری نەرێنی  لەسەر کواڵیتی خەو دەبێت.

٢. پێویستە خێزان چەند کاتێکی دیاری کراوی تایبەت بەخۆی هەبێت کە تیایدا هیچ ئەندامێکی خێزان سۆشیاڵ مێدیا بەکارنەهێنن وەک ؛ کاتی نان خواردن و کاتی کۆبونەوەی تایبەتی خێزان.

٣. گەورەکان نمونەن بۆ مناڵەکان بۆیە پێویستە ئەوان کاتی بەرکەوتنیان لەگەڵ شاشەو سۆشیاڵ میدیا کەم کەنەوە بۆئەوەی مناڵەکانیش چاویان لێبکەن .

٤. یاری دەستیی بۆ منداڵەکانتان پەیدا کەن. مەرج نیە گران بێت تەنها ئەوەندە بەسە مناڵەکە خۆشی لێببینێت و توانای مێشکی خۆی بۆ بەکار بێنێت و بۆ ئەوەی مێشکی بە شێوازێکی تەندروست گەشە بکات . نمونەش بۆ ئەم یاریانە زۆرن؛ تۆپ، میکانۆ، بوکەڵە.

٥. پێویستە دایک و باوک لە نزیکەوە ئاگادار بن ڕۆڵەکانیان سەیری چی ئەکەن و خۆیان بەرنامەی یاری و ڤیدیۆی وایان بۆ دیاری کەن کە دوربێت لە دیمەنی توندوتیژی و نەشیاو. لە ئێستادا هەزاران بەرنامە هەیە تایبەت بە فێربون بۆ منالان. 

سەرەڕای مەترسیداری ئەم دیاردەیە، خۆشحاڵانە هۆکاروچارەسەرەکەی هەر لەناو خێزاندایە. دەکرێت هەمومان رۆڵمان هەبێت لەکەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە تاکو  پێکەوە نەوەیەکی تەندروست پەروەردە بکەین نەک نەوەیەکی گیرۆدەی تەکنەلۆجیا و لە ئەنجامدا بێ بەرهەم و بێ باك.

* د. ئالا‌ء بکر، پزیشکی شارەزای گشتییە

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×