مەترسییەکانی سیستەمی مەرکەزیی

ئارام قادر حەمەسور
  2018-12-26     438


ئارام قادر حەمەسور
بێگومان سیستەمی مەرکەزیی دەکرێت بۆ حکومەتێکی دادپەروەر گونجاوبێت، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان سیستەمی مەرکەزیی مایەی زیانی زۆرە بۆ هاونیشتیمانییان. لەسیستەمی مەرکەزییدا گشت داهات و بڕیارەکان دەچنەوە پایتەخت، ئەمەش ڕۆتینات و نادادپەروەری لەدابەشکردنی داهاتەکاندا دروست دەکات. بەنمونە داهاتی مانگانەی پارێزگای سلێمانی زیاترە لە خەرجییەکەی لە چاو پارێزگای هەولێر، بەڵام کاتێک تەواوی داهات دەچێتەوە پایتەخت و دواتر دابەش دەکرێت نادادپەروەری دەبینین. دەبینین پڕۆژە و خەرجییەکان لە پارێزگای هەولێر زیاترە لەپارێزگای سلێمانی، لەکاتێکدا داهاتی پارێزگای سلێمانی زیاترە.


لەڕووی سیاسییەوە لەهەرێمی کوردستاندا سیستەمی مەرکەزیی مایەی قۆرخکاری و کۆنتڕۆڵکردنی داهاتەکان بووە، ئەمەش وایکردووە بەشێکی زانیاری ورد لەسەر داهات و خەرجییەکان ناڕوون بێت. ئەمەش دەریدەخات حیزبەکانی دەسەڵات ناشەفافن لە ئاشکراکردنی داهات و خەرجییەکان.
لەڕووی ئیدارییەوە سیستەمی لامەرکەزیی دەتوانێت ڕکابەری لەنێوان پارێزگاکاندا دروست بکات لە خزمەتکردنی هاونیشتیمانییاندا. چونکە هەر پارێزگایە و دەیەوێت گونجانێک لەنێوان داهات و خەرجییەکاندا دروستبکات. 



سیستەمی مەرکەزیی لەڕووی ئیدارییەوە گرفتی زۆر بۆ هاونیشتیمانییان دروستدەکات، چونکە هاونیشتیمانییان بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان دەبێت چەندین پڕۆسەی ڕۆتینی ببڕن، دەبێت بۆ بڕیاردانی کۆتایی بچنەوە پایتەخت و ناوەندی وەزارەتەکان، ئەمەش ئەرکی هاونیشتیمانییان گران دەکات لەڕووی ماددیی و مەعنەوییەوە.



لامەرکەزیی دەسەڵات شۆڕدەکاتەوە بۆ پارێزگا و قەزاکان، ئەمەش سوودی زۆری دەبێت بۆ خێراکرنی مامەڵەی هاونیشتیمانییان و کەمکردنەوەی ڕۆتینات. لەهەرێمی کوردستاندا نەک ئیدارە سەربەخۆکانی وەک ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیان، بەڵکو ناوەندی پارێزگاکانیش خاوەنی داهات  و دەسەڵاتی تەواونین لەڕووی ئابووری و ئیدارییەوە. ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین کەمترین بەڕێوبەرایەتی گشتییان تێدایە. 


سستەمی لامەرکەزیی بۆ قارانجی هاونیشتیمانییانە و سیستەمی مەرکەزییش بۆ خۆسەپاندنی زیاتری حیزبەکانی دەسەڵاتە، چونکە تا ئێستاش داهات و خەرجییەکان جێگەی گومانن.
کۆکردنەوەی تەواوی داهات و بڕیارەکان لە یەک شوێن، سیفەتی سیستەمە تۆتالیتارەکانە، لەسیستەمی تۆتالیتارییدا ڕێگە بەهیچ شتێک نادرێت بەشبکرێت، بەڵکو هەموو شتەکان دەخرێنە یەک قالبەوە، ڕێگەنەدان بەدابەشکردنی داهات و دەسەڵاتەکان لەڕووی سیاسیی و ئابوریی و ئیدارییەوە لەعەقڵییەتێکی خۆسەپێنەوە سەرچاوە دەگرێت.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×