نامەیەکی بە پەلە بۆ سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا تێریزا مای

د. کەمال میراودەلی
  2018-12-28     2606

[ئەم نامەیە هەروەها بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پەرلەمان نێردراوە وێنەیەکی تایبەتکراوی ئەم نامەیەش بۆ دۆنالد ترامپ و ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسی لە ڕیگای سەفارەتەکانیانەوە لە لەندەن نیردراوە] بەڕیز سەرەک وەزیران […]
 [ئەم نامەیە هەروەها بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و پەرلەمان نێردراوە وێنەیەکی تایبەتکراوی ئەم نامەیەش بۆ دۆنالد ترامپ و ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسی لە ڕیگای سەفارەتەکانیانەوە لە لەندەن نیردراوە]


بەڕیز سەرەک وەزیران تێریزا مای
ژمارە دە شەقامی داونینگ
لەندەن
24- 12- 2018

نامەیەکی بەپەلە – کشانەوەی ئەمریکا لە سوریا و چارەنووسی کورد
هیودارم کریسمسێکی خۆش بە سەر بەرن و سالیکی تازەی پڕ گەشیی و بەختەوەری چاوەڕێتان بکات
من دەمەوێ لەم نامەیەدا نیگەرانیی قووڵی خۆم دەربارەی ڕەوشی رۆژاوای کوردستان و راگەیاندنی شۆکبەخشی سەرۆک ترامپ بە کشانەوەی لە سوریا، بە بێ هیچ ڕاوێژێك لەگەل هاوپەیمانانی لە هەسەدە و لەگەل گرۆی هاوپەیمانانیش لەوانە بەریتانیاش.و هەروەها دژ بە ئامۆژگاری جەنەرالەکانی و نوێنەرە سیاسیەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەند، دەربرم.
بە داخەوە بەریتانیا ئەوەندە سەرقاڵی برێکسیتە کە دەترسم ئەو پرسە گرنگانەی سیاسەتی دەرەوە وەک کشانەوەی ئەمریکا، جەنگ دژی داعش و چارەنووسی کوردە هاوپەیمانەکانتان لە ئەجندای سیاسسیتاندا نەمابێت.

سەرۆک وەزیرانی ئازیز
دەمەوێ سەرنجی شکۆمەندییتان بۆ ئەم پرسانەی خوارەوە رابکیشم.
1- داعش نەبەزێندراوە و تێکنەشکاوە.
A- سیناتۆری ئەمریکی لیندزی گراهام ڕاست دەکات کە دەلێت: راگەیاندنی ترامپ کە داعش کۆتاییهاتووە ‘ ساختە هەوالە.” راستی ئەمە خەتەرترین ساختە هەواڵی ترامپ -ە.
B- داعش لە هەموو شوێنیکە. هێشتا هەڕەشەیەکی گەردوونییە. هەر ئەم حەفتەی رابورد گروپێکی سەر بەداعش لە گوندێکی نزیک مراکش لە مەغریب کچەتوریستیکی نەرویجیی و کچەتوریستیکی دانیمارکیان فراند و سەربڕی. یەک کاری درندەی تیرۆریستانی داعش کە سێ ولاتی خەمبار کردووە. خەلافەتی داعش وەک بەرجەستەیەکی ناوچەنشینیی تەنیا شێوەیەکی بەرچاوی ئایدیۆلۆجیەتیکی بنەڕەتی فاشیستیی و تیرۆر بوو. داعش ماوە لە سوریا، لە عێراق، لە میسر، لە لیبیا، لە مەغریب، لە تونس، لە ولاتانی روسیا، لە ئەفگانستان تەنانەت لە فلیپین و هەڕەشەن بۆ سەر هەموو ئەو دەولەتانە.
C- بەپێی راپۆرتیکی دەیلی مەیل [داعش لە ماوەی ئەم دوو مانگەی دواییدا 700 دیلی لە ڕۆژهەلاتی سوریا لەناوبردووە. ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریی راپۆرتی داوە کە ئەوانە لەو 1350 دیلە مەدەنیی و سەربازییانە بوون کە داعش لە ناوچەیەکی تەنگەبەردا کە لە رۆژهەلاتی فوراتدا لە دەوروبەری شارۆچکەی هەجین بەدەستییەوە ماوە ، لە بەردەستیا مابوون. ئەم راپۆرتەش دوای هەوالی دۆزینەوەی چەندین گۆڕی بەکۆمەل لە ئەلبوکەمال کە دەیان مەدەنییان تێدا بوون ، دێت.dailymail.co.uk

2- حەفتەی رابردوو قسەخوانی هاوپەیمانی ڕێبەرییکراوی ئەمریکا دژ بە داعش کۆلۆنیل شین رایەن ژمارەی ئەو داعشانەی لە ناوچەی هەجین ماون بە 2000 تا 2500 داعش خەمڵاند و شارەزایان لایان وایە 20.000 تا 30.000 داعش لە سوریا و عێراق ماون کە خۆیان شاردۆتەوە.nytimes.com

3- نێردراوی تایبەتی ترامپ بۆ جەنگی دژ بە داعش برێت مکگورک، حەفتەی رابردوو لە لیدوانێکییدا وتی: جەنگی دژ بە داعش زۆر دوورە لەوەی تەواو بوو بێت. ‘ گەر شتێک لەم سالانەی دوایی فێر بووبین، بۆ هێشتنەوە و زامنکردنی تێکشکانی گرۆیەکی وەک داعش ، تۆ ناتوانی تەنیا لە فەزای شوینی بوونیاندا بیانبەزێنێ و دوایی وازبێنی. تۆ دەبێ هێزی ئاسایشی ناوەوە دابنێیت تا ئەو دەستکەوتانە، دەستکەوتە ئاساییشییەکان، زامنبکەیت و بیانهێڵیتەوە.؛ ئەو قسەکانی نەجوونەوە لە وەسفی ئەوەدا کشانەوەی ئەمریکا چ دەگەیەنێت: کاریکی گەمژانە دەبیت کە تەنیا بڵێین چاکە خەلافەتی خاکدار/فیزیکی تێکشکاوە کەوایە ئێستا دەتوانین بڕۆین. وا بزام هەر کەسێ سەرنجی جەنگێکی وەک ئەمە بکات ئەم رایە قبول دەکات.‌ [نیویۆرکتایمز] nytimes.com

4- لە کاتێکدا شەڕی هەجین و رۆژهەلاتی فوڕات تەواو بووە، بریارەکەی ترامپ وەک هاورایی یەکی تەواوی میدیا هەیە بە دیارییەکی کریسمس بۆ داعش دادەندرێت. [ شەروانانی داعش هیرشێكی بەرامبەری توندیان بە بۆمبای خۆکوژ و سەیارەی بۆمبرێژکار دژی هێزەکانی هەسەدە لەو رۆژانەدا کە ترامپ دەڵی تێکشکاون دەستپیکرد. هەسەدە وتی کە هەوالی کشانەوەی ئەمریکا هانیداون کە هەولی گرتنەوەی هەجین و دێرەزوور تەنیا چەند رۆژێک دوای دەرپەڕاندنیان، بدەن. [تەلەگرافی بەریتانی] telegraph.co.uk

5- داعش تێکنەشکاوە. ئەوان دەتوانن هەر کاتێ بگەڕێنەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر هەر بۆشاییەکی ئەمنی کە خیانەتی ئەمریکییەکان لە کورد دروستی دەکات، پڕ بکەنەوە. لە مەش بەولاوە هەزاران چەکداری تیرۆریستی سەر بە قاعیدە و نوسرە هەن کە تورکیا داڵدەی داون.

سەرۆکوەزیرانی ئازیز:
من دڵنیام شکۆمەندییتان و حکومەتی بەریتانیا ئاگادارن کە داعش هێز و ئیرادە و توانستی خۆراگریی زۆری لە سوریا دا هەیە. تەنانەت تا ئێستا شەڕی هەجین کۆتایی نەهاتووە. ئەوە هەسەدە بوو کە قارەمانانە جەنگا و سەدان شەهیدی بەخشی تا بە پشتیوانی هیزی ئاسمانی و تۆپخانەی هاوپەیمانان دەراینپەڕێنێت.
2- كێ براوەی جەنگە دژی داعش؟
A- ترامپ بەوە خۆبایی دەکات کە سەرکەوتنی بەسەر داعشدا بەدەستهێناوە و ئیستا کاتی هاتنەوەی کوڕەکانە: لە چریکەیەکی 19 ی دیسەمبەر نووسی: ئێمە جەنگمان دژی داعش بردەوە ، کورەکانمان، پیاوان و ژنانی گەنج، دێنەوە ماڵ، و هەر ئێستا دێنەوە ماڵ.”
لە دوا چریکەشیدا دەنووزێنێ کە ئەو بەدبەختە کە ئەمریکییەکان لە بەرەی جەنگ دێنێتەوە و هێشتا لە لایەن میدیای ساختەوە ئەو سەرۆکە چاکە بە [قارەمانی ئەمریکا] داناندرێ.
B- وەک لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ئیندیپێندت دا هاتووە: ‘ گرتنی هەجین بەردەبازێکی گەورەیە بۆ هیزەکانی سوریای دیمۆکراتیک کە لە ماوەی چوارساڵی ڕابردوودا هاوپەیمانی سەرەکیبوون لە جەنگی دژ بە داعشدا لە سوریا.. بە پاڵپشتی ئەمریکا و بەریتانیا توانی داعش لە ناوچەکانی باکوور و رۆژهەلاتی هەجین دەرپەڕێنێت.” independent.co.uk
C- بە پێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی سووریی بۆ چاودێری مافی مرۆڤ تەنیا لە هەجین ئەو شەڕوانانەی هەسەدە کە لە دەی مانگی ئەیلوولەوە کوژراون بە مەدەنییەکانەوە ژمارەیان گەیشتۆتە 324… کەواتە ئەوە بە خوێن و قوربانی هەسەدەیە کە هەموو گوند و شارۆچکە و شارێک لە داعش سەندراوەتەوە. ژمارەی سەرجەمی شەهیدانی هەسەدە بە سەرووی 10000 دەخەڵمێندرێت. لەوانە چەندین ژنە شەڕوانی ئازا شەهید کراون.
D- نیویۆرک تایمز دەنووسێ:‌ کوردەکان سەلماندیان کاریگەرترین هاوپەیمانی جەنگن. لە ماوەی ساڵێکدا بە پشتبەستن بە هەسەدە لە سوریا و بە شەروانە کوردە عێراقییەکان لە عێراق، ئەمریکا و هاوپەیمانانی داعشیان لە % 99 ی ئەو ناوچانە دەرکرد کە لە سەرناسەری دوو وڵاتدا داگیری کردبوون. nytimes.com
E- ‘هاوپەیمانی [ئەمریکا] لەگەل هێزەکانی سوریای دیمۆکرات کە هاوپەیمانییەکی شەڕوانانی کورد و عەرەبە، قەرزداری ئەوانین کە دەوریکی مەزنیان لە نزیکەی لەناوبردنی داعشدا بینی دوای ئەوەی داعش چوارساڵ لەمەو بەر ناوچەیەکی فراوانی لە سوریا ڕامالی [بی بی سی] bbc.co.uk
F- ‘ئەوان زۆربەی شەڕەکەیان کرد… وەک جەنگان دژی داعش، و زۆر قوربانیان دا . و بە وتەی جەنەرالی ئەمریکی جۆزیف ڤاول ئەوان نموونەیی بوون لە پاراستنی قسەی خۆیان بە کورتی ئەوان شەریکی سەربازیی گرنگ و گەوهەریی بوون. theguardian.com
G- دوایی بەڵگەی قسەکانی سەرۆک ترامپ خۆی. لە وەلامی رۆژنامەنووسێکی کوردا کە بە میستەر کورد ناوی برد، لە مانگی ئەیلوولدا وتی:
”ئێمە هەول دەدەین باش لەگەڵ [کوردەکان بگونجێین]، ڕاستیی باش لەگەڵیان دەگونجێین. ئێمە هەول دەدەین زۆر یاریدەیان بدەین. لە بیرت نەچی خاکەکە هی خۆیانە. لە سەرمانە یارمەتیان بدەین. من دەمەوێ یارمەتیان بدەم. ئەوان لەگەل ئێمە جەنگان. ئەوان لەگەڵ ئێمە مردن. ئێمە دەیان هەزار کوردمان لە کیس چوو.. مردن لە جەنگان دژی داعش . ئەوان بۆ ئێمە مردن و لەگەڵ ئێمە مردن. و بۆ خۆیان. ئەوان بۆ خۆیان مردن. ئەوان گەلیکی مەزنن. ئیمە لە بیرمان نەبردوونەوە. لە بیریان نابەینەوە.” haaretz.com
3- جارێکی تر خیانەت لە کورد کردن و پاداشتدانەوەی رژێمە دەسەلاتخوازەکان
ئێشتا ئەوەی تەنیا سێ ساڵ لەمەوبەر وەک مەحاڵ دەبینرا کورد ئەنجامی دا. کە بریتییە لە ئازادکردنی نزیکەی هەموو سوریا لە داعش.. بە داخەوە قوربانیدان و قارەمانێتیی کورد دلسۆزیی و جوانمەردیی ئەوان بە بێدەنگی یان پیلان بۆ پێشکەشکردنیان بە گورگەکانی ئەردۆگان پێشوازیی دەکرێت:
A- ” گەر وا نییە چۆن ئەو بیدەنگییە لێکدەدەینەوە کە پێشوازیی ئەو راپۆرتانەیان کرد کە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات حەفتەی ڕابورد دوا شارۆچکەی سوریایان لە دەست داعش ئازاد کرد؟ بە هەموو مانایەک دەبوو ئاستیکی گرنگیپێدان لە فەزای گشتیی رۆژاوا داگیر بکات. جەنگی دژ بە داعش ڕۆژانێک سەرهەواڵی خەتی درشت بوون. سیاسییەکان هەر لە باراک ئۆباماوە تا دەیڤید کامیرۆن داعشیان وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ شێوەژیانی ئێمە دادەنا، وەک هێزێک کە دەیەوێت نەخشەی رۆژهەلاتی نێوەند بکێشێتەوە و رووناکایەکی ئیسلامی بۆ ناوچەخراپەکانی سەرناسەری جیهان پێش بکات. کەچی لەو لەحزەدا کە ئەو هەڕەشە وا دیارە تیكشکێندرا بێت، لەو لەحزەدا کە هیزەکانی سوریای دیمۆکرات بە پاڵپشتی زەبری ئاسمانی ئەمریکا، وا دەردەکەوی کە دوا بزماریان لە تابوتی داعش وەشاندبێت، بە گرتنی هەجین لە سەرووی ڕۆژهەڵاتی سوریا- دوا قەلای شاریی گرنگ کە داعش کۆنترۆلی بە سەردا هەبوو، لەم لەحزەدا سیاسییە رۆژاواییەکان نقەیان لێوە نایەت.. تەنانەت نوتقیان لێبڕاوە. ڕەنگە هۆی ئەم متییە ئەوە بیت کە کەس هیجی تر گوێی پێنادات، یان ئیمە زیاد لە پیویست بە کێشەی ناوخۆوە خەریکین. یان ڕەنگە زیاتر لە بەرئەوە بێت کە جەنگێکی ئەهلیی نیونەتەوەیی سوریای وا تێکداوە کە تیکشکاندنی داعش لە لایەن کوردەکانەوە تەنیا پێشەکییەکە بۆ بەربەرەکانییەکی قووڵبۆوە لە سوریا لە نیوان کوردی ئەمریکا-پاڵپشتکردوو و ئەندامی ناتۆی هاوپەیمان تورکیا؟ spiked-online.com
B- ” بۆ ماوەی زیاتر لە سی ساڵ و نیو ، ئەوان سەربازی ئێمە بوون لە مەیدانی جەنگدا و سەرەڕمی گرتنی قەلای سەختی داعش رەققە بوون.. [د فلیپس لە زانکۆی کۆلۆمبیا دەلێت] ئەمە دوا نموونەیەکە کە چۆن ترامپ حەز بە پشتگیرییکردنی دیکتاۆرە دەسەلاتخوازەکانی بییانی دەکات [مەبەست ئەردۆگانە] و گوێ بە ئامۆژگاریی بەرپرسەکانی ئەمریکا نادات؟ هەر کە ئەمریکا چادرەکانی پێچایەوە و چۆلی کرد، تورکیا دەستبەجێ بۆمباردومانی ئاسمانیی دەستپێدەکات دوای ئەوە هیرشی ئاسمانیی لە لایەن سوپای ئازادی سووریی کە ئەنقەرە پاڵپشتیان دەکات، دەستپیدەکات.. هەزاران دەمرن، هەزاران لە رەگوڕیشە هەڵدەکەنرین و لە ناو سوریادا پەنایان نادرێت. لە سنووری تورکیا دەیانگێڕنەوە، ئەمە قسەی دەیڤید فیلیپسە بۆ گاردیان کە بەبرپرسێکی گەورەی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە و دانەری کتێیی:[[ خیانەتی مەزن: چۆن ئەمریکا پشتی کردە کوردەکان و ڕۆژهەڵاتی نێوەندی لە دەست دا..]] یە. theguardian.com
C- ” ئێستا کوردەکان جارێکی تر پشتیان تێدەکرێ.. کشانەوەیەکی خێرای ئەمریکا بەرامبەر تورکەکان لاوازیان دەکات هەروەها دەبێتە هۆی لێکهەڵوەشانی هێزی ئەو عەرەبە شەروانانەی لەگەڵیانن لە شەری داعشدا..ئێستا ئەسەد خەریکە ئەوان بەلای خۆیدا ڕاکێشێت.. ئەمانە هەموو هەوالی خۆشن بۆ میلیشیاکانی ئێران و تاران.. بەلام گەورەترین خەلات بۆ داعشە. لە کاتێکدا ترامپ خۆبایی دەکات کە لە سوریا کۆتاییان هاتووە، شاگەشکەیی کورتبینیی ئەو هێشتا کالە و پێنەگەیشتووە. هیشتا هەزاران شەروانی داعش هەن، ناوچەیەکی کەمیان لە سوریا بەدەستەوەیە بەلام توانای زیرەکانەی راکێشانی شەروانی نوێیان بەردەوامە. بەلای کەمەوە داعش راگەیاندنەکەی ترامپ بۆ نیساندانی بەهیزیی خۆیان و ڕاکێشانی شەروانی نوێ بە کاردێنێت.” www.theguardian.com
D- ڕۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی دەنووسێت: ” بە بێ بوونی سەربازانی ئەمریکی وەک دیوار، کوردەکان ئێستا بۆ حاڵی خۆیان بە جیهێڵراون دژ بە دووەم گەورەترین سوپای ناتۆ، سوپایەک کە سوێندی خواردووە کە لە ناویانبەرێت بەر لەوەی خاکەکەیان بداتەوە دەست ئەسەد کە بۆ دەیان سالە ئۆتۆنۆمی و شوناسی نەتەوەیی لێسەندوون، نزیکەی 15000 یاخی سووریی لەوانەی سوپای سوریا ی ئازادیش، ئامادەن کە بچنە پاڵ هێرشی سەربازیی تورکییەوە دژی هیزە کوردییەکانی پشتگییرییکراو لەلایەن ئەمریکاوە .
لە رۆژی پێنجشەممەدا وەزیری بەرگری تورکیی خولوسی ئاکار وتی: یەپەگە دەتوانن خەندەق یان تونێل لێبدەن کە حەز بکەن، دەتوانن کە بخوازن بچنە ژێر زەمین، کاتێ کات و شوینی خۆی دێت، ئەوان لە ناو چالەکانیاندا دەنێژرێن.. نابێ کەس گومانی لەمە هەبێت.] haaretz.com
E- لە کاتێکدا ڕەوشی کورد خراپ دەبێت. کەمێتییەکانی تریش زۆر زەرەرمەند دەبن. مەسیحییەکان کە ببوونە نیشانەی کوشتن و دەرکردن لە لایەن داعشەوە و گوندەکانیان تەخت کران، خەریک بوو پرۆسەی هێواشی گەرانەوە بۆ مالەکانیان و دروستکردنەوەی ژیانیان دەستپیبکەن. ئێستا تووشی ترسان لە گروپە ئیسلامییە رادیکالەکانی تر و میلیشیای ئێرانی بوون.theguardian.com
F- ” دوا هەوالەکان بە تایبەتی شۆکهێنەر بوون. ئێمە تەنیا هەڕەشەی هێرشی تورکیامان لە سەر نییە بەلکو سەرباری ئەوەش ئەمریکا بریار دا بڕوات بە بێ ئەوەی هێزیکی تر جێی بگرێتەوە.. ئەمە قسەی نوور ئۆسۆ ، مرۆڤیکی 38 ساڵەی خەلکی گردە سپی یە. ئەو شارەی کە یەپەگە لە ساڵی 2015 دا ڕزگاری کرد زیاتر بە میدڵئیست-ئای وت.. ” ئەوە لای من و هەموو کەس لێرە دراوسێ و هاورێ ئاشکرایە کە [ئەم کشانەوەیە] بەشێکە لە پلانێکی گەورەتر کە ئامادەکراوە.. ئەوە جێی باوەڕ نییە چۆن ئیدارەی ترامپ ئاوا دەکات، ڕێگە دەدات کە تورکیا و ڕوسیا لە سوریا زاڵ بن و هاوپەیمانانیان بە گورگخواردوو بدەن.” middleeasteye.net
G- ” هەموو کەس شلەژاوە و دەترسێ.. ئەوە مانای وایە کە تورکیا دەشێ هێرشمان بکاتە سەر.. ئیمە تووشی شۆک بووین چونکە ئێمە باوەڕمان وا بوو کە دوای لە ناوبردنی داعش ئەمریکا یارمەتیمان دەدات ئاشتی بەرقەرار کەین. ئێمە قەت بیرمان نەدەکردەوە کە ئەوان یارمەتیمان دەدەن تێرۆریستەکان لەناوببەین ئەوسا بە تەنیا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی تێرۆری هێزەکانی تورکی و گروپە توندڕەوەکان ئێمە بەجێ بێڵن. ئەمە قسەی مەزڵوم کوردی بوو کە باوکیکی تەمەن 33 ساڵەیە و مامۆستایە لە کۆبانێ.. ” ئێستا خەلک دیسان بیر لەوە دەکەنەوە دیسان دەربەدەر ببنەوە. بەلام کەس نازانی کوێ سەلامەتە بۆی بچن…بەلای مەزلوم کوردی یەوە ئەوە گەورەترین خیانەتی ئەمریکایە بەرامبەریان. دەڵێ: خەڵک دەگرین، دەتوانن لە ئێستاوە تامی ئەو ئاوارەییە بکەن کە ڕوویان تێدەکات. دەزانن زستانێکی سارد دەبێت و یەکەم زستانیانە دوای داعش.. بۆ ئەو کەسانەش کە بۆ ئەمریکا کاریان دەکرد شوێنێک نییە ڕووی تێبکەن چونکە لە چوار لاوە دوژمنایەتی دەکرێن. لەلایەن تورکەوە چونکە لەگەل هەسەدە کاریان دەکرد، لەگەڵ رژێم چونکە تەنیا دەیەوێ بیانکات بە سەربازی خۆی، لە لایەن سوپای ئازادەوە و لەوانەیە لەلایەن حکومەتی کوردی عێراقیشەوە چونکە لەگەڵ هەسەدە بوون. ئێمە نازانین چمان بەسەر دێت” foxnews.com
4- دەرهاویشتەی خەتەرناک بۆ کورد و ڕۆژهەلاتی نیوەند و جیهان
A- جاریکی تر ئەمریکا و رۆژاوا جێگای متمانە نابن و ناتوانن هاوپەیمانی لۆکالی دڵسۆز پەیدا بکەن کاتێ تۆ پشت دەکەیتە هاوپەیمانانی هەرە دلسۆز وفیداکاری خۆت و بە گورگانخواردوویان دەدەیت.
B- ڕێکخراوی سووریی بۆ چاودێری مافی مرۆڤ دەلێت : هەسەدە هەزاران دیل و زیندانیی داعشی هەیە ناچار دەبن بەریان بدەن. ئەوان 3200 دیلی بێگانە و ناوخۆییان هەیە کە حکومەتەکانی خۆیان نایانەوێت وەریان بگرنەوە.
C- ئەوان ناجار دەبن لە بەرەکانی دێرەزوور بکشێنەوە تا بتوانن بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن، هەسەدە 2080 ژن و منال و 1100 شەروانی داعشی لایە. لە 31 دەولەتی جیاوە. هەسەدە وتی دەشێت ناچار بێت دیلەکان لە ناو سوریادا بەرەلا بکات. ئەم کارە دەشێت داعش بژێنێتەوە کە لە دوا قۆناغی لەناوچوونی دایە.
D- لە ئێستاوە حکومەتی عێراق نیگەرانە، شالاوی تورک بۆ سەر ڕۆژاوا دەبێتە هۆی دروستکردنی دەیان هەزار دەربەدەر و پەنابەر کە دەشی روو لە کوردستانی عێراق بکەن و رەوشێک دروست بێتەوە کە تێرۆریستەکان تێکەل بە پەنابەران بن و عێراق دووبارە ناجێگیر یێت و داعش بتوانێ شەروانی تازە ڕاکێشێت و تێرۆریزمی ناو شارەکان لە ناو عێراق دەستپێبکاتەوە.
E- تورکیا و ئێران و روسیا براوەی گەورە دەبن لەم خیانەتەی ئەمریکا لە سەر حیسابی خوێنی کورد و چوار سال جەنگ و خەباتی هاوپەیمانان بۆ لەناو بردنی داعش و جێگیرکرد ن و ئاوەدانکردنەوەی عێراق و سوریا.

ڕوسیا و ئەمریکا هەردووکیان کورد دەکەنە قوربانی لە پێناوی هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیادا
1- هاربوونی تورکیا دژی کوردی رۆژاوا و رازیبوونی روسیا کە رێگا بە تورکیا بدات بە تەیارە و تۆپ هێرش بکاتە سەر عەفرین و دڕندانە داگیری بکات، لە ئەنجامی ئەوە وە هات کە ئەمریکا لە دیسەمبەری 2017 دا رایگەیاند کە یارمەتی هەسەدە دەدات ‘هێزێکی سنوور؛ لە 30000 سەرباز پێکبێنێت. روسیا و تورکیا ئەمەیان بە هەنگاویکی جددی دوایی بۆ درستبوونی دەولەتیکی کوردیی سەربەخۆ بە پاڵپستی ئەمریکا دانا.
2- لەگەڵ ئەمەشدا بەداخەوە نە ئەمریکا نە بەریتانیا هیچ هەنگاوێک و هەولێکیان نەدا بۆ وەستاندنی هێرشی دڕندانەی تورکیا بە پاڵپشتی روسیا بۆ سەر عەفرین و داگیردنی و دەربەدەرکردنی خەلکەکەی و تەسلیمکردنی بە ئیسلامییەکانی سەر بە تورکیا کە شالاوێکی وەحشییانەی کوشتنو گرتن و فڕاندن و دەستدرێژیی سێکسیی و گۆرینی دیمۆگرافی عەفرین یان دەستپێکر کە لە هەموو ماوەی جەنگی سوریادا یەکیک بوو لە هێمنترین شارەکانی سوریا و دەیان هەزار پەنابەری داڵدە دابوو.
3- لەوەتی داگیرکردنیەوە تورکیا بەردەوامە لە گۆڕینی دیمۆگرافی و ڕێگەگرتن لە گەرانەوەی خەلکی وکردی ئاوارەی شارەکە و دەستدریژیی و پێشیلکردنی مافی مرۆڤ بەردەوامە بێ ئەوەی هیچ ولاتێک بە دەنگ بێت.
4- بەر لە راگەیاندنی ترامپ کە لە سوریا دەکشێتەوە، روسیا بۆ ماوەی چەند مانگێک شالاویکی میدیایی و سیاسیی گەورەی لە دژی بوونی ئەمریکا لە سوریا و بەتایبەتی دژی کوردی رۆژاوا کە خەریکی دروتکردنی دەولەتێکی سەربەخۆی نایاسایین بە پاڵپستی ئەمریکا، دەستپیکرد و هانی تورکیای دەدا هیڕش بکاتە سەر رۆژهەلاتی فورات . ئەم کارەی ترامپ سەرکەوتنی هەولەکانی روسیا بوو. لە کاتێکدا روسیا خۆی بە نایاسایی کرایمیا ی داگیر کرد و پاڵپشتیی سەربەخۆیی هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسک لە ئۆکرانیا دەکات.

سەرەکوەزیرانی ئازیز
کورد زۆر جار لە لایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە ، خیانەتیان بەرامبەر کراوە و ئەنجامەکان هەمیشە ئەوپەڕیی تراژیدیی بوون. ئەمە دەبوو پەلەیەکی شەمەزاریی ئەبەدیی بێت بە ناوچەوانی دیمۆکراسییەکانی ڕۆژاوا و مرۆڤایەتییەوە بە گشتی. بەلام گەر ئەم خیانەتەی ترامپ بەرامبەر هەسەدە ڕێگا بدرێت سەر بگرێت. ئەوە بە تەواویی هەموو مانایەکی مرۆڤایەتیی و ئەخلاق و متمانە و هەق و ڕاستگۆیی لە بوارەکانی سیاسەت و جەنگ و پیوەندییە سیاسییەکانی رۆژاوا دەسڕێتەوە. بە شێوەیەکی ڕەها، موتڵەق، کاریكی نائەخلاقیی و نامۆرالیی دەبێت. ئەنجامی سیاسیی و ئاسایشیی خەتەرناکی بۆ کورد و رۆژهەلاتی نیوەند و ئەوروپا دەبێت.
گەر ڕێگا بدرێت ئەردۆگان هێرشی کۆمەلکوژی کورد بکات، کە هاوپەیمانی هەرە دڵسۆز و ئازا و جوانمەردیی رۆژاوا بوون و بە قوربانی و خوینی خۆیان داعشیان بۆ خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی تێکشکاند، و ناوچەی زیاتر لە سوریا داگیربکات و بیانداتە دەست زیاتر لە سەد هەزار تێرۆریستی ئیسلامیی کە ئێوە بە میانڕۆ ناویان دەبەن، ئەوا دڵنیا بن کە ئێوە ئەژدیهایەک لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دروست دەکەن کە دوایی بۆتان دابین ناکرێت. ئەردۆگان بە ئاشکرا پروپاگەندە بۆ ئایدیۆلۆجیەتی ئێکستریمی ئیسلامیی دەکات و پاڵپشت و سپۆنسەری تیرۆریزمی ئیسلامیی دەکات بە پشتگیری بزوتنەوەی ئیخوانی جیهانیی و پارەی قەتەر.

سەرۆکوەزیرانی ئازیز
من زۆر هیوادارم کە بەریتانیا و فەڕەنسا خۆڕاگر و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز دەمیننەوە لە پشتیوانیکردنی بەردەوامی هەسەدە دا. فەرەنسا رایگەیاند کە ئەوان هێزەکانیان لە باکووری سوریا دەهێڵنەوە. دیارە وەزیری ئەوروپای فەرەنسا قسەیەکی دروستی بۆ تەلەفزیۆنی سی، نیوزی فەرەنسا کرد کە ئەو بریارە تاکڕە وو بێڕێزەی ترامپ بە كشانەوە لە سوریا ”ئەوە نیشان دەدات کە ئێمە پێشکاریی جیامان هەن و ئێمە [واتە فەرەنساو ئەوروپا] دەبێ یەکەمجار پشت بە خۆمان ببەستین.”
سەروتاری ئەمڕۆی تایمز [24-12-2018] دیمەنەکەی ئاوا کورت کردۆتەوە: هەرەسهێنانی هیزی نێونەتەوەیی [بۆ جەنگی دژ بە داعش] کە بە پلەی یەکەم ئەمریکییەکان پێکی دەهێنن، وا دەکات ئەمریکا سوریا بە ئەسەد و هاوپشتەکانی بدۆڕێنێت. وا دەکات ڕۆژاوا قسە و کاریگەریی لە بریاردانی دوا چارەسەریی بۆ کێشەی سوریا نەمێنیت، و بەهیچ جۆرێک نەتوانێت تەئسیری ئێران لە سوریا کەم بکاتەوە. گروپە بەزێندراوەکان وا لێدەکات غیرەتیان بێتەوە بەر و خۆیان کۆکەنەوە. و ج لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستییەوە یان کاری گەریلایی، نەخشەی کۆمەلکوژی تازە دژی دوژمنەکانیان داڕێژن. بەلام ئەوەی زیاتر جێگەی دلەراوکی و قەلەقە، ئەوەیە کوردەکان ، کە خەبات و قوربانیدانی مەیدانی جەنگ دژی داعش ئەوان بوون، بۆ میستەر ئەردۆگان بە جێبهێڵرێن تا هەموو ئەوانە لە ناو بەرێت کە واگۆی ئەوە دەکات پێوەندییان بە جیابوونەوەخوازانی پەکەکە لە ناوچەکانی سەرسنووری تورکییەوە هەیە.]

سەرۆکوەزیرانی ئازیز
من باوەڕم وایە کە ئێستا بەریتانیا پێویستە:
1- ئەم بریارە هەڵە و هەڵەشەیەی سەرۆک ترامپ وەک هەل و دەرفەتیک وەربگرێت تا دەورێکی زیاتر باوەربەخۆیانە و کاریگەرتری بەریتانیا و فەرەنسا بسەلمێنن نەک تەنیا لە جەنگان دژی داعشدا لە سوریا و عێراق، بەلکو بۆ زامنکردنی جێگیریی و ئاسایش و گەشەسەندنی ئاشتییانەی درێژخایەن لە هەردوو ولاتەکەدا.
2- پاراستنی کورد لە داعشی زیندوبۆوە و لە دەستدرێژیی تورکیا و پاڵپشتی سەرکەوتنە مەزنەکانی هەسەدە لە سوریا، قۆناغیکی گەورە دەبیت بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
3- بەریتانیا و فەرەنسا پێویستە داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتۆکان بکەن بۆ گەیشتن بە بریارێکی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی کورد و ناوچەکانی هەسەدە دوای کشانەوەی ئەمریکا. و وەک هەنگاویکی کاتیی ئەم ناوجانە بکرێنە ناوچەی دژەفڕینی ئاسمانیی تا لە هێرشی ئاسمانی چ تورک چ رژێمی ئەسەد بپارێزرێن.
4- شکۆمەندییتان ئاگادارن کە سەرکەوتنەکانی هەسەدە تەنیا جەنگی سەرکوتوویان دژی داعش نییە. کوردی ڕۆژاوا سەرکەوتوون لە دامەزراندنی سیستمیكی سەرەتا-دیمۆکراتی بەڕێوەبردنی خۆیی کە لە سەر بنەمای فیدرالی جوگرافی/ ناوچەیی نا نەتەوەیی و نا دینیی دامەزراوە و هەموو کۆمەلگاکانی دانیشتووان و هاونیشتمان تێیدا بەشدارن و ژنیش دەورێکی رێبەری یەکسان و کاریگەری تێدا هەیە. واتە جەنگان و بنیاتنان هاوڕیی یەک بوون لە پرۆسەی جەنگی دژ بە داعش و پیکهێنانی کۆمەلگایەکی دژ بە بیری داعشدا. گرفتەکانی سەرنەکەوتنی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق و ئەفغانستان ئەوە بوو کە قەت پلانێکی دامەزراندن و خۆبەرێوبردنی نامەرکەزیی و ناوچەییان نەبوو تا خەلک خۆی بەرپرسی ژیان و بنیاتنان بێت.
دیارە تەنیا کورد بەدیهێنەری ئەم سەرکەوتنە نەبوو، هەموو پێکهێنەرانی کۆمەلگای سووریی، پئازایی و لەخۆبوردویی و سارەزایی سەربازانیی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنساو ئەلمانیا و هاوپەیمانی نیونەتەوەیی دژ بە داعش بە گشتیی و بەشداری سەدان خۆبەخشی نیونەتەوەیی لە ئەوروپا و لاتانی تری جیهانەوە لە جەنگی مرۆڤایەتی دژ بە داعشدا کە نەداخەوە زۆر لەو خۆبەخشانە قوربانی دواییان دا و گیانیان بە کوردستانێکی ئازاد و دیمۆکرات بەخشی.
ئەوە ئەوپەڕی شەرمەزاریی و گەورەترین تاوان دەبیت گەر هەموو ئەمە بە خۆڕایی وەک خەڵاتێکی ناشایستە پێشکەش بە دکتاتۆرێکی خوێنمژی وەک ئەردۆگان بکرێت کە خەیاڵی فاشیستانەی سولتانییانەی عوسمانییانەی هەیە و هەمیشە، بە هۆ یان بی هۆ ، تینووە بە خوێنی کورد.
5- دیارە دەبێ ئەمریکییەکان ئاخری لە سوریا بکشێنەوە، بەلام ئەوە دەبێ دوای ئەوە بیت کە سوریایەکی ئاشتیی و ئاسایشدار و ئاوەدان و دیمۆکرات لە دوای خۆیان بە جیدێڵن کە مەرگ و وێرانیی و چەوساندنەوەی تێدا بنبر کرا بێت، نەک وەک کشانەوەکەی ئۆباما لە عێراق. ئەمریکا تەنیا دوو هەزار نەفەری سەربازیی لە سوریا هەیە، کەواتە ئەمە ئەو بارگرانییە نییە کە ترامپ باسی دەکات و بۆ یەکەمین جار لە ئەزموونی رۆژاوا و ناتۆ، رۆژاوا توانیوێتی لە کوردا هێزێکی سەربازیی سەرخاکیی لۆکالی دروست بکات کە پێویستی بە هێزی سەربازیی خۆی نەبێت. هەروەها بە پێچەوانەی پاکانەی دارایی و ئابووریی ترامپ. ناوچەکانی هەسەدە لە دەولەمەندترین ناوچەی نەوتیی و ئاویی و كشتوکالی سوریان، بۆیە بڕیاری کشانەوەی لە ناکاوی ترامپ کە پێچەوانەی ئەو بەلێنانەشە کە هەر لە ئەیلوول بە کوردی دا، تەواو جێگای سەرسامیی و باوەڕنەکردنە، تەنانەت رووسەکانیش لەگەڵ پێخۆشبوونی زۆریان بەم بریارە کە سەرکەوتنە بۆ ئەوان، هێشتا بەراست باوەڕ ناکەن. ئەمریکییەکان دەتوانن هێزەکانیان بهێلنەوە تا ئەم دوا بەشەی پرۆسەی ئاشتیی وچارەسەری سیاسیی بە پیی پرۆسەی جنیڤ و بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتۆکان تەواو دەبێت.

سەرۆکوەزیرانی ئازیز
جێگەی سوپاس و دڵنییایی یە کە بەریتانیا ئاخری توانی شەروەستاندن و پراکتیککردنی راستی پرۆسەی ئاشتبوونەوە و ئاشتیی لە یەمەندا بە بڕیار و لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتۆکاندا دەستپێبکات.
هیوام زۆرە بەریتانیا بە هاوکاری فەرەنسا و هاوپەیمانانی تر هەمان پرۆسە بۆ ئاشیتی و پاراستنی کورد بخاتە کار. هیوادارم خۆراگر و ویژدانیار بن لە بەردەوامیی پشتگیریی نەگۆڕتان بۆ هەسەدە. هیوادارم رێگا نەدەن سەدەی بیستویەکەمیش خیانەتیکی تری تراژیدی رۆژاوا بەرامبەر کورد بە خوێنی هەزاران لە شەهیدانمان تۆمار بکات.


زۆر بە ڕێزەوە دڵسۆزتان
دکتۆر کەمال میراودەلی
نووسەر و ئەکادیمی کورد، کاندیدی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، تەمووزی 2009.

 
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×