بۆچی نابێت گوێ له‌غه‌ڵبه‌ غه‌ڵبی حزبی كوردی بگرین؟

لوقمان غه‌فور
  2019-09-20     471

دیڤد برۆكس ستوونووسی زه‌ نیویۆرك تایمز، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ك به‌ گۆشه‌سیه‌ك ئاشنامده‌كات به‌ بیرۆكه‌یه‌كی نوێ. پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر له‌ نووسینێكدا كه‌ زۆر سه‌رنجی راكێشام باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ نابێت هه‌موو خۆمان سه‌رقاڵكه‌ین به‌ سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌. چونكه‌ ئه‌گه‌ر وامانكرد ئه‌وا به‌دڵنیایی خوێنه‌ری نێو گۆڤار و رۆژنامه‌ و بینه‌ری تیڤییه‌كانمان جێده‌مێنن له‌دنیای مه‌عریفی. پێشیوابوو ئه‌گه‌ر به‌ وتارێك له‌ نیویۆرك تایمز قسه‌ له‌سه‌ر سه‌رۆك بكه‌ین ئه‌بێت سه‌دان وتارمان هه‌بێت بۆ ده‌ره‌وه‌ی دنیای تره‌مپ.


هه‌مان دیدی دیڤد برۆكس بۆ دنیای ئه‌حزابی كوردی له‌ باشوور راسته‌. چونكه‌ پڕكردنی میدیا و دنیای رۆشنبیری ئێمه‌ به‌ كێشه‌كانی ئه‌حزابی كوردی ده‌مانخاته‌ ناو چوارچێوه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ هه‌موو وه‌ك یه‌ك بیربكه‌ینه‌وه‌. ئه‌گه‌ر وردتر له‌سه‌ر ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ هه‌ڵوێسته‌ بكه‌م به‌ نموونه‌یه‌كی زۆر ساده‌ باسی دواهه‌مین رووداوی سیاسی بكه‌م كه‌ رویدا ئه‌ویش رێگری له‌ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بوو له‌و بازگه‌یه‌ی كه‌ ناوچه‌كانی ژێر چنگی یه‌كێتی نیشتمانی ئه‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ناوچه‌كانی تری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌. به‌كورتی ئه‌و كه‌سه‌ی 1993 له‌ناو یه‌كێتی و پارتی چۆن بیری كردۆته‌وه‌، ئێستاش به‌هه‌مان ریتم و بۆچوون بیرده‌كاته‌وه‌.


ئه‌م رووداوه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، رووداوێكی فشه‌ڵه‌. له‌بنه‌چه‌دا قسه‌كردنی زۆر له‌سه‌ری له‌ میدیادا بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوورمانخه‌نه‌وه‌ له‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی كۆمه‌ڵكه‌. من دوورده‌خاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی هه‌میشه‌ له‌ خۆمی ده‌كه‌م و ده‌ڵێم، "كوا قسه‌كردن له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت؟"‌ خۆ ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌ین یه‌كێتییه‌كان پارتی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌ حزبێكی داگیركار و هه‌ژموونی خۆی سه‌پاندووه‌ به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌یه‌ك، كه‌ كه‌س بۆی نییه‌ چالاكی سیاسی تێدا ئه‌نجامبدات. به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ پارتییه‌كان بدوێنه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئاشووب و ئاژاوه‌ روونه‌كاته‌ ناوچه‌ زه‌رده‌كه‌ی پارتی، جار جار ئه‌م ئه‌ركه‌ ئه‌ركێكی نیشتمانی و حزبییه‌ و پێویسته‌ كاره‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حزب جێبه‌جێی بكه‌ن. له‌نێو ئه‌م دوو بۆچوونه‌دا بۆچونێكی ترسناك هه‌یه‌، ئه‌ویش بێده‌نگییه‌. له‌كاتێكدا ئه‌م رووداوانه‌ دووباره‌ و سێ باره‌ن. رووداوه‌ دووباره‌ و سێ باره‌كان ئه‌بن به‌دیارده‌یه‌ و پێویسته‌ رای گشتی هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكات، كه‌چی بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێردرێت. ئه‌مه‌یه‌ نه‌گبه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی!


ئێستا با بازێك بده‌ین به‌سه‌ر ئه‌م رووداوه‌دا كه‌ بكه‌ره‌كانی كوڕی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ن كه‌ تێكڕا هه‌ر یه‌كێكیان بیر و ئایدیایه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌، جا هه‌ندێك ئه‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی تۆخكردۆته‌وه‌ و شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌ندێكیش به‌ كاڵی و دوو له‌ ده‌مارگیری گرتوویه‌تی، به‌ڵام هه‌ردوو لایان كوڕی هه‌مان بیر و فه‌لسه‌فه‌ی حزبین. وردتر بیر بكه‌ره‌وه‌ و بڕوانه‌ له‌ یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و ....هتد، ئه‌مانه‌ كێن و له‌ كێ پێكهاتوون. له‌ كوڕی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك پێكهاتوون كه‌ به‌شه‌ زۆره‌كه‌ی رق و كینه‌یان به‌رامبه‌ر به‌یه‌ك هه‌یه‌. هه‌ندێكجار ملشكاندن و ئه‌تككردن نه‌ك ده‌چێته‌ ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كان، به‌ڵكو له‌ناو حزبه‌كانیشدا خول ده‌خوات. هه‌ربۆیه‌ دیقه‌ت بده‌ كاره‌كته‌ره‌كانی حزبی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی خه‌ریكی ده‌ره‌وه‌ی خۆیانن، ئه‌ونده‌ش له‌ناو خۆیاندا یه‌كتر ئه‌خنكێنن، زۆرجار به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن ئه‌وانه‌ی كارێكی جوانیشیان پێشكه‌ش ده‌كات، هه‌ر زوو ته‌فروتونای ئه‌كه‌ن.


پێتان سه‌یر نه‌بێت ئه‌م كلتوری ملشكاندنه‌ی كاره‌كته‌ری حزبی هێنده‌ خراپ بووه‌. خه‌ڵكه‌ هیچ له‌بارانه‌بووه‌كان جومگه‌كان ئه‌گرنه‌ده‌ست تا رێگه‌ نه‌ده‌ن كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان ده‌ره‌وه‌ی حزبه‌كان په‌لبهاون بۆ ناو هه‌ناوی حزب، رێگه‌ راست و جوانه‌كان له‌ ناو حزبه‌كه‌یاندا جێگیر بكات، هه‌ر بۆیه‌ حزبی كوردی نه‌ گه‌شه‌ ده‌كات، نه‌ سوود له‌ خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت. ئیتر لومه‌كردنی دژه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حزب و قسه‌كردن له‌سه‌ری جگه‌ له‌گاڵته‌جاری هیچی تر نییه‌. ناكرێت من به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ نووسینه‌كانم ته‌رخانكه‌م بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر یه‌كێتی و پارتی و گۆڕان و یه‌كگرتووه‌، له‌كاتێكدا ئه‌م حزبانه‌ ماكینه‌یه‌كی ئیعلامیان بۆ گیانی یه‌كتر جۆشداوه‌ و هه‌رچی من له‌رووی مه‌نتیق و له‌رووی تێكستی راستی سیاسییه‌وه‌ ئه‌یڵێم ئه‌وان به‌ یه‌ك چركه‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی پوچه‌ڵئه‌كه‌نه‌وه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌خه‌نه‌وه‌ سه‌ر پلێتی ئه‌سڵی خۆی و شه‌ڕی كۆنه‌قینی 1964 ئه‌هێننه‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆی ئه‌مڕۆ.


دوا قسه‌م له‌سه‌ر ئه‌حزابی كوردی به‌ سور و زه‌رد و شین و مۆر و قاوه‌یی و سپی و پرته‌قاڵییه‌وه‌ له‌ باشوری كوردستان به‌ستراوه‌ به‌و ئه‌ندام و لایه‌نگرانه‌ی كه‌ حزبه‌كان هه‌یانه‌.

هه‌ریه‌كه‌یان بارگاوین به‌ سه‌دان ره‌فتاری پۆخڵ كه‌چی سه‌رزه‌نشتی یه‌كتر ده‌كه‌ن. كام حزب له‌ كوردستان بێده‌سه‌ڵاته‌. ئه‌ندامه‌كانی بۆیان بكرێت لێشاوێك له‌ هه‌مه‌جییه‌ت به‌رامبه‌ر ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامده‌دات. كاره‌كته‌ره‌كانی حزبی كوردی له‌به‌رئه‌وه‌ی گیانی خۆپه‌رستی و ئیره‌یی و ته‌مبه‌ڵی له‌ناویاندا چێنراوه‌ هه‌رگیز به‌په‌سه‌ندی نازانێت له‌خۆیان باشتر ده‌ركه‌ون. بۆیه‌ هه‌میشه‌ له‌دۆخی ترس و دڵه‌راوكێدا ده‌ژی. دواجار ئه‌وه‌ی رووده‌دات ئه‌و رووداوانه‌ن كه‌ دووباره‌ و سێ باره‌ ده‌بنه‌وه‌. كه‌واته‌ ناكرێت به‌شێكی گه‌وره‌ی دنیای قسه‌كردن و نوسینمان ته‌رخانكه‌ین بۆ كێشه‌كانی ئه‌حزابی كوردی، كه‌ ئه‌مه‌ش وه‌ڵامێكه‌ بۆ ئه‌و هاورێیانه‌ی به‌ نامه‌ ئاگاداریانكردمه‌وه‌ كه‌ بۆچی قسه‌م نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و ئاكارانه‌ی پارتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×