به‌غدادو هه‌ولێر ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتر نه‌ك دژو ناحه‌ز

نەوزادی موهەندیس
  2019-09-24     223
له‌م ڕۆژانه‌دا دوو ساڵی‌ ته‌واو تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر پڕۆسه‌ی‌ ڕیفراندۆمه‌كه‌ی‌ 25 ئه‌یلولی‌ ساڵی‌ 2017دا،كه‌ به‌داخه‌وه‌ نه‌توانرا مه‌به‌ست و ئامانجه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی‌ ئه‌و پڕۆسه‌ پیرۆزه‌ وه‌دیبهێنرێت، له‌لایه‌ك به‌هۆی‌ هۆكاری‌ خودی‌ ناوخۆیی‌ و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ به‌هۆی‌ هۆكاره‌ بابه‌تیه‌ ده‌ره‌كیه‌كان له‌ناوچه‌كه‌ و دونیاشدا.

لێره‌دا هیچ مه‌به‌ستمان نیه‌ كه‌ برینی‌ ئه‌و پڕۆسه‌ شكستخواردوه‌ بوكلێنینه‌وه‌ یان تۆمه‌ت بخه‌یه‌نه‌ پاڵ هیچ سه‌ركرده‌ و حیزبێكی‌ سیاسی‌، هێنده‌ی‌ مه‌به‌ستمانه‌ كه‌ له‌م یاده‌دا بیری‌ هه‌موان بهێنینه‌وه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ په‌ندێكی‌ قوڵمان له‌و ڕۆژانه‌ وه‌رگرتبێت و به‌سه‌ر كار و كرده‌وه‌ و گوتارو هه‌ڵه‌ و سۆزه‌كانماندا بچینه‌وه‌ و پێ به‌ هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕیه‌كانی‌ خۆمان بنێین و هه‌وڵی‌ ڕاستكردنه‌وه‌شیان بده‌ین،نه‌ك هه‌ر سووربین له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كانمان له‌ تێڕاونینی‌ بابه‌ته‌كه‌ و خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هاوكێشه‌ی‌ هێزه‌كان و هاوسه‌نگی‌ دونیا و ناوچه‌كه‌ش له‌نێوان زلهێزه‌ دونیایی‌ و هه‌رێمیه‌كاندا و به‌هه‌مان شێوه‌ش  هه‌ڵسه‌نگاندنێكی‌ ڕاست و دروستیش بكه‌ین بۆ دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ناوخۆی‌ نێوماڵی‌ كورد خۆشمان.

مه‌سه‌له‌ و پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ و دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ پڕۆسه‌ و ئامانجێكه‌ كه‌ هیچ تاكێكی‌ كورد له‌ بیری‌ ناكات و هه‌میشه‌ خه‌ونێكی‌ زیندووه‌ له‌ بیر و هزر و كرده‌وه‌ و گوتاری‌ ته‌واوی‌ كورد زمانه‌كاندا، بۆیه‌ هیچ كات ترسی‌ له‌بیركردنی‌ ئه‌و پرسه‌ گرنگه‌ ناكرێت ،هه‌ربۆیه‌ش په‌له‌كردن و ده‌ستبردن بۆی‌ جارێكی‌ دی‌ به‌بێ‌ ئاماده‌سازی‌ ته‌واوه‌تی‌ هیچ پێوست نیه‌ و ده‌كرێت خه‌باتی‌ ڕاستوڕه‌وان و پشوودرێژی‌ شۆڕشگێڕانه‌ی‌ كوردایه‌تی‌ درێژه‌ و به‌رده‌وامی‌ پێبده‌ین بۆ وه‌ده‌ستهێنانی‌ ئه‌و ئامانجه‌ زۆر پیرۆزه‌مان له‌ دۆخێكی‌ گونجاو و له‌بارتردا كه‌ هه‌موو هۆكاره‌ ناوخۆیی‌ و ده‌ره‌كیه‌كان پشتیوان بن نه‌ك دژ.

له‌ئێستادا و دوای‌ 2 ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و نسكۆ كاتیه‌دا،هه‌ق وایه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسی‌ كورد و ته‌واوی‌ حیزبه‌ سیاسیه‌كان و داموده‌زگا و ئۆرگانه‌ شه‌رعیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم و په‌ڕله‌مان و حكومه‌تی‌ كابینه‌ی‌ نوێ‌،هه‌وڵی‌ جدی‌ بده‌ن بۆ چێكردنی‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ ئاشته‌وایی‌ ناوخۆیی‌ له‌كوردستان و یه‌كخستنی‌ هه‌وڵ و گوتار و كرداره‌كان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دۆخه‌ نوێیه‌ی‌ كه‌ له‌پێشماندایه‌، له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌ عێراقدا له‌ 1 نیسانی‌ 2020 و چێكردنی‌ پڕۆسه‌ی‌ سه‌رژمێری‌ گشتی‌ له‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ ئاینده‌دا،كه‌ بۆ كورد هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ گه‌لێك گرنگ و ژیارین و ناكرێت پشتگویێ‌ بخرێن و به‌خه‌مساردیه‌وه‌ لێیان بڕوانرێت به‌هۆی‌ هه‌ندێك كێشه‌ و ململانێی‌ ناڕه‌وای‌ سیاسیه‌وه‌  وناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی‌ كوردستان و ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستور بكرێنه‌ قۆچی‌ قوربانی‌ حه‌ز و ویسته‌ حیزبیه‌ ته‌سك و بچوكه‌كان.

دواتریش هه‌قه‌ ئه‌م هێز و توانا یه‌ك و یه‌كگرتوه‌ی‌ كورد و هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ ئاڕاسته‌ی‌ به‌غداد هه‌نگاو بنێت و به‌هێزه‌وه‌ بچێته‌ سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆكان و ڕاست و دروستی‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و ئه‌منی‌ و جوگرافی‌ و ..هتد،له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لاَتدارانی‌ ناوه‌ند له‌ به‌غداد گه‌نگه‌شه‌ بكات بۆ گه‌یشتن به‌ڕێكه‌وتنێكی‌ كۆنكرێتی‌ له‌ پێناو وه‌ده‌ستخستنی‌ مافه‌ ڕه‌واكانی‌ گه‌له‌كه‌ماندا.چونكه‌ ناكرێت میله‌ته‌كه‌مان هه‌میشه‌ له‌ دڵه‌ڕاوكێ‌ و ترس و تۆقاندندا بژێت و هه‌ست به‌ ئارامی‌ و خۆشگوزه‌رانی‌ نه‌كات و ولاَتیش هێواش هێواش به‌ره‌و دواوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ به‌هۆی‌ عینادی‌ و غروری‌ سیاسی‌ سه‌ركرده‌كانه‌وه‌،میله‌تكه‌مان ناتوانێت تاسه‌ر به‌رگه‌ی‌ برسێتی‌ و نه‌بونی‌ مووچه‌و وێران و كاولبوونی‌ زیاتری‌ ولاَت بگرێت،بۆیه‌ ڕاستترین سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ و پلان له‌م قۆناغه‌دا گه‌یشتنه‌ به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدادا و گه‌یشتنه‌ به‌ڕێكه‌وتن له‌سه‌رهه‌موو مه‌سه‌له‌كانی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ و بودجه‌ و ناردنی‌ مووچه‌ و مه‌له‌فی‌ نه‌وت و ئه‌منی‌ و  ئه‌وانی‌ تریش.

پێویست ده‌كات به‌غداد و هه‌ولێر ببنه‌ ته‌واوكه‌ری‌ یه‌كتری‌ نه‌ك دژو ناحه‌ز،چونكه‌ به‌ ته‌بایی‌ و لێكتێگه‌یشتن ده‌توانرێت زۆر ئامانج و خواست و مافه‌كان وه‌ده‌ستبێنین نه‌ك به‌ جه‌نگ و توندوتیژی‌ ، به‌تایبه‌تیش كه‌ له‌م قۆناغه‌دا ناوچه‌كه‌  به‌عێراق و كوردستانیشه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ململانێ و ئاڵنگاری‌ زۆر مه‌ترسیدار ده‌بنه‌وه‌ له‌نێوان ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌مریكا له‌لایه‌ك دژ به‌ ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانی‌له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌،كه‌ به‌داخه‌وه‌ عێراق و كوردستانیش بیانه‌وێت یان نا بونه‌ته‌ به‌شێك یان ڕاستتر بونه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ململانێیانه‌، بۆیه‌ ته‌نها به‌ یه‌ك و یه‌كگرتوویی‌ هه‌ولێر و به‌غداد ده‌توانرێت هه‌ڵوێستێكی‌ هاوسه‌نگانه‌ بگیرێته‌ به‌ر و هه‌موان له‌شه‌ڕ و ماڵوێرانی‌ و پڕیشكی‌ ئه‌و ئاگره‌ی‌ كه‌له‌به‌رده‌م قاپی‌ عێراق و كوردستاندایه‌ بپارێزێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×