تێڕامانێك له‌سه‌ر ریفراندۆم

ئاراس فەتاح
  2019-09-25     551

• شه‌فافییه‌ت و ڕاستگۆیی له‌ سیاسه‌تدا وه‌كو سێبه‌ر وایه‌ و پێویستیی به‌ رووناكییه‌ بۆئه‌وه‌ی ده‌ركه‌وێت. سیاسه‌تمه‌داره‌كانی ئێمه‌ش له‌دوای ریفراندۆمه‌كه‌یانه‌وه‌ بۆیان بكرابایه‌ ڕووناكییان نه‌ده‌هێشت، بۆئه‌وه‌ی نه‌ك هه‌ر خۆیان، به‌ڵكو سێبه‌ره‌كه‌شیان نه‌بینرێت.

• له‌ زانستی جه‌نگدا هه‌ندێك جار فێڵكردن و درۆكردن له‌گه‌ڵ دوژمن ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی بردنه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌، به‌ڵام هیچ جه‌نگێك به‌ فێڵكردن و درۆكردن له‌گه‌ڵ گه‌لی خۆتدا نابرێته‌وه‌، چونكه‌ هاونیشتیمانیانی هه‌موو وڵاتێك پێویستیان به‌ حیزب و سه‌ركرده‌ی ڕاستگۆیه‌، بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ پێناوی ئه‌و به‌هایانه‌دا بكه‌ن كه‌ مه‌ترسیی له‌ده‌ستدانیان هه‌یه‌ یان ئه‌گه‌ری بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌.

• له‌هه‌موو شوێنكاتێكدا ترس، وه‌كو دۆخێكی سایكۆلۆژیی بۆ ئینسانی مه‌ده‌نیی، بێشه‌رمیی نییه‌. مرۆڤی ئاسایی به‌ ئاشكرا ژیانی خۆش ده‌وێت، هه‌ركاتێك مه‌ترسیی گه‌وره‌ ببنێت، یان هه‌ڵدێت یان ته‌سلیمده‌بێت بۆئه‌وه‌ی له‌ژیاندا بمێنێته‌وه‌. ئه‌زموونی تاڵی ریفراندۆم سه‌لماندی كه‌ سیاسییه‌كانی كورد ترسنۆك نین به‌ڵكو بێشه‌رمن، چونكه‌ هه‌م له‌ پێش خه‌ڵكی مه‌ده‌نییه‌وه‌ هه‌ڵهاتن و هه‌م ژیانی خۆیان له‌ ژیانی گه‌له‌كه‌یان لابه‌نرختر بوو.

• په‌یمانی ئاشتیی له‌گه‌ڵ دۆستدا نابه‌سترێت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ دوژمن. گه‌ر ته‌ماشای مێژووی ململانێی حیزبه‌ كوردییه‌كان بكه‌ین ده‌بینین هێنده‌ی په‌یمانی ئاشتییان له‌گه‌ڵ یه‌ك به‌ستووه‌، هێنده‌ په‌یمانی ئاشتییان له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیان نه‌به‌ستووه‌. ریفراندۆمیش دواڕووداوی سیاسیی نابێت كه‌ نیشانمانبدات چۆن هه‌ر حیزبه‌ به‌ ئاشكرا، یان به‌ نهێنیی په‌یمانی ئاشتی له‌گه‌ڵ نه‌یارانی دوێنێی خۆی ده‌به‌ستێت و دۆسته‌كه‌ی خۆی ده‌كات به‌ دوژمن و دوژمنه‌كه‌شی به‌ دۆست.

• سوڵتانه‌كان له‌ مێژوودا به‌وه‌ به‌ناوبانگن كه‌ تكا ناكه‌ن، به‌ڵكو فه‌رمان ده‌رده‌كه‌ن، سوڵتانه‌كانی ئێمه‌ش فه‌رمانێكیان بۆ گه‌له‌كه‌ی خۆیان و دژ به‌ نه‌یاره‌كه‌یان ده‌ركرد، به‌ڵام دواتر تكاو رجای دونیایان كرد بۆئه‌وه‌ی له‌خۆیان خۆش بن و گه‌له‌كه‌شیان به‌ته‌نها باجه‌كه‌ی بدات.

• هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵات بڕیاری ڕه‌های به‌ده‌ست بێت، حه‌قیقه‌ت و درۆش له‌سه‌ر وێنای خۆی به‌رهه‌مده‌هێنێت. پارتی و شوێنكه‌وتوانی گوتاره‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ به‌تاڵه‌كه‌ی، گوتارێكیان به‌رهه‌مهێنابوو كه‌ گوایه‌ گه‌لی كورد له‌ناو درۆیه‌كی مێژووییدا ده‌ژی، ئه‌ویش ده‌وڵه‌تی عێراقه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگای ریفراندۆمه‌وه‌ حه‌قیقه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی نوێی دوای سایكس پیكۆ بۆ گه‌له‌كه‌یان دروستبكه‌ن. پروپاگه‌نده‌ی ماشێنه‌ میدیاییه‌كه‌شیان ئه‌و وه‌همه‌ی بۆ هاونیشتیمانیان دروستكردبوو، كه‌ دۆستی زۆر و گه‌وره‌مان هه‌یه‌ و هه‌موو ده‌وڵه‌تانی دونیا گه‌ر پشگیریشی لێنه‌كه‌ن، دژایه‌تی ناكه‌ن! به‌رهه‌مهێنانی حه‌قیقه‌ت و درۆ له‌ سیاسه‌تدا دوو دیوی مه‌دالیایه‌كن، چونكه‌ هه‌ركاتێك هێزێك به‌ته‌نها بانگه‌شه‌ی مۆنۆپۆلكردنی حه‌قیقه‌ت بكات به‌ درۆیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌ كۆتایی دێت.

• هه‌میشه‌ بڕیاری ناعه‌قلانیی كه‌ ده‌سه‌ڵاتپه‌رستیی و نێرجسییه‌تی فووتێكراوی پاتۆلۆژیی سه‌ركرده‌یه‌ك سه‌رچاوه‌كه‌ی بێت، به‌ كاره‌ساتی نیشتیمانیی كۆتایی دێت، چونكه‌ ناعه‌قلانییه‌ت له‌ سیاسه‌تدا به‌دوای نه‌خۆشێكدا ده‌گه‌ڕێت بۆئه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتیی بكات.

• بڕیاری سیاسیی چاره‌نووسساز پێویستی به‌ عه‌قڵ و مۆڕاڵی به‌رپرسیارێتیی گه‌وره‌یه‌‌ به‌رامبه‌ر كۆمه‌ڵگا و ئینسانه‌كان، سیاسه‌تی كوردییش له‌ هه‌ردووكیان بێبه‌رییه‌.

• مێژووی سیاسیی دیكتاتۆر و سه‌ركرده‌ خۆبه‌پیرۆزكراوه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ زۆرینه‌ی وڵاتاندا ئه‌و راستییه‌ تاڵه‌یان بۆ سه‌لماندووین، ئه‌وه‌ی خۆی به‌ سێنته‌ری گه‌ل و مێژوو ببینێت و زۆرترین ده‌سه‌ڵات له‌ ده‌ستی خۆی و خێزان و حیزبه‌كه‌یدا گرمۆڵه‌بكات، كه‌مترین حیشمه‌تی هه‌یه‌.

• مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی خاوه‌ن به‌هایه‌، هیچ هێزێك مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ گه‌مه‌ به‌ كه‌رامه‌تیه‌وه‌ بكات و هیوای درۆزنانه‌ی بۆ دروستبكات و ژیانی بخاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌زموونی حوكمڕانێتی كوردیی هیچ نه‌ما ده‌ستی بۆ نه‌به‌ن و وێرانی نه‌كه‌ن و بێبه‌های نه‌كه‌ن. ته‌نها هیواو و مافی ده‌وڵه‌تبوون مابوو كه‌ وه‌كو قوتووه‌كه‌ی پاندۆرای لێهاتبوو و نه‌ده‌بایه‌ هیچ كه‌س و هێزێك موجازه‌فه‌ی كردنه‌وه‌ی بكات، چونكه‌ هیوای تێدا بوو و به‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و هیوایه‌ش له‌ده‌ستده‌چوو. به‌ ریفراندۆمه‌كه‌یان قوماریان به‌ دواهیوای سیاسیی گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌شیان كرد كه‌ وه‌ك هیوا و مافێكی ڕه‌مزیی و تیۆریی مابووه‌وه‌، ئه‌وه‌شیان بێبه‌ها و وێرانكرد.

• ریفراندۆم برینێكی قووڵی له‌ جه‌سته‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا دروستكرد كه‌ له‌داهاتوودا پێویستی به‌ تێپه‌ڕاندنی عه‌قلانییانه‌ی ئه‌و گوتار و مۆدێله‌ سوڵتانیی و وه‌همسازییانه‌یه‌ كه‌ تاوه‌كو ئه‌مڕۆ كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ ده‌رگیری بووه‌ و چ له‌ناوه‌وه‌ و چ له‌ ده‌ره‌وه‌ جه‌سته‌ی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئێمه‌یان شه‌ته‌ك و پارچه‌پارچه‌ كردووه‌. پڕۆژه‌ی داهاتووی ئه‌م هێزه‌ شكستخواردوانه‌ له‌ قۆناغی دوای ریفراندۆمیشدا دانانی ده‌ستوورێكی سوڵتانیی ده‌بێت بۆ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ بۆچوونی من مه‌ترسییه‌كانی بۆ داهاتووی نه‌وه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ له‌ مه‌ترسیی ریفراندۆم كه‌متر نییه‌.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×