جاران مەفرەزەی ئەمن‌و قوات خاصە بۆت دائەنیشتن ئێستا مەفرەزەی پەیج‌و گروپ

هێمن عه‌بدولقادر
  2019-09-27     901
جاران خەڵک دیوار و دەرگای بەرزی دروست ئەکرد تا وجودی خۆی لە وانی تر بشارێتەوە، کەچی ئێستا لەسەر جێگەی نوستن و لە ناوەڕاستی ماڵەکانەوە تەواوی وجودمان نیشانی ئەوانی تر دەدەین.

جاران دزێک بۆ ئەوەی زەفەری لەماڵێک بهێنایە ، دەبوو لانی کەم مانگێک چاودێری بکردایە تا بە تەواوی بۆی ڕوون ئەبویەوە خاوەن ماڵ کەی ئەڕۆن؟
کەی دێنەوە؟
بۆ کوێ ئەچن؟
چەند ئەمێننەوە ؟
وەلێ ئێستا خۆمان بە (چێک ئین) و بۆ خۆ نواندن بە ڕوون و ڕەوانی بە دزەکان دەڵێن وەرن لەماڵ نین .. (ویز جەرگە، ئاند جەوێکی خۆش ، ئین فڵانە ڕێستۆرانت) ، تەنها بۆ ئەوەی مەراق بکات بە دڵی نزیکەکانیا ماڵی خۆی بەتاڵان کردن ئەدا

جاران کە کوڕ و کچێک عاشقی یەک ئەبوون قوربانی گەورەیان بە عیشقەکەیان دەدا لە گۆرانی و ئەدەبی وتراوی ئێمەدا دەیان ووت (تا نامەیەکی داوەتێ پەڕو باڵی دەرکردووە) ، ئێستا نامە بۆ خۆی پەڕو باڵی هەیە بە ماسینجەر و بە سناپ و بە ئێس ئێم ئێس بە یەک کلیک و ئۆکەی نامە لە شەقەی باڵ ئەدات و ئەفڕێ بۆ لای مەعشوقەکەی وەلێ کە زەواجیان کرد ساڵێک ناخایەنێت یان جیا ئەبنەوە ، یان دەست ئەکەن بە ئاژاوە

جاران خەڵک توشی شەڕ ئەبوو ئەگەر مەڕ و ماڵات و گایەلەکەی و بڕۆشتایەتە ناو زەوی و زاری خەڵکی ترەوە، ئێستا تووشی شەڕ ئەبیت ئەگەر بچیتە ناو ریپلەی و ئەکاونت و بیرو باوەڕ و موعتەقەداتی خەڵکی ترەوە

جاران مەفرەزەی ئەمن و قوات خاصە بۆت دا ئەنیشتن ئێستا مەفرەزەی پەیج و گروپ

جاران دەردی شێرکۆ بێکەس دەڵێ لەو گەرمیانە خەڵک لەگەڵ کۆپتەر شەری دەکرد بەرخودان و خەبات لە تەختایی و لە دەشتا بێ ئەوەی پشتت بە شاخەوە بێت ئەکرا ، کەچی ئێستا خەبات و بەرخۆدان تەنھا بۆتە ھاشتاگ و پرۆفایل گۆرین


جاران بە کۆڵانێکدا یەک دووجار بڕۆشتیتایە کۆمەڵێک ڕێگایان پێ ئەگرتیت ، ئێستا یەک دوو جار دەست خۆشیت لێ بکەن، خێرا کۆمەڵێک پەلامارت ئەدەن

جاران لە سەر شیربایی و مارەیی و دوانزە تاک بازنگ و گۆبەرۆک و حێل و مێخەک لوتیان لێئەکردیت و زەمیان ئەکردیت ، ئێستا لە سەر نەکردنی لایک و وەڵام نەدانەوەی نامە و کۆمێنت

جاران مەودای تورەیی و رقی خەڵکی تەنھا چەند کیلۆ مەترێک بوو
خەڵک جاران تەنھا لەگەڵ دراوسێ و خزم و کەسوکار لە کێشەو گرفتا بوو ، ئێستا سەدان و ھەزاران کیلۆ مەتر لە یەک دورین و بێ ئەوەی یەکتری لە نزیکەوە بناسین و ببینین کەچی بە خوێنی یەکتری تینوین

ماڵەکانمان کردووە بە کامێرای چاودێری و کەچی چاوی خەڵکی لە کامێرای مۆبایلەکانمانەوە بەھەموو سوچێکی ماڵەکانماندا دەگەڕێ

تازە گەڕانەوە بۆ دواوە نیە تەنھا ئازار و ڕاھاتن و بەرگەگرتن ھەیە

چەند پڕ ئازارە بێ دەنگی ، ئەوەندەش بە ئازارە کاتێک سە یرکەیت کاری ئێمەی مرۆڤ بە کوێ گەیشت

نوقتە سەری دێڕ ........
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×