چەند سەرنجی مێژویی باسنەکراو چەپکێک بۆ سەر خەرمانەی (گەنجینەی نەتەوەیی کورد)

کامەران قازی
  2019-10-08     251

بەشی یەکەم
ڕوخاندنی دوو پاشایەتیی‌و باروودۆخی کورد
ڕوخاندنی ڕژێمی پاشایەتی لەعێراقدا
ساڵی ١٩٥٨ ڕژێمی پاشایەتی لەعێراقدا ڕوخاو عێراق بووە وڵاتێکی کۆماریی، هەر لەسەرەتای دروستبوونی کۆماری عێراقەوە، ڕاگەێندرا کە ئەم وڵاتە لەدوگەلی کوردو عەرەب بەهاوبەشی دروستبووە. بەمجۆرە کورد وەک هاوبەشێکی کاریگەر لە عێراقی دوای پاشایەتیدا رۆڵی پێشەنگی بینی، ئەڵبەتە لەڕوی سیاسییەوە زۆر لاوازو پڕ لەهەڵە  پێچەڵپێچیی و لەدەستدانی دەرفەتەکان‌و لاواز لەشیکاری دروست بۆ ڕوداوەکان‌و سەرگەرم بەناکۆکی ناو لایەنەکانی خۆیەوە کە کۆتاییان نەهات‌و نەهات.

پێشەنگیی کورد لە بوارە فەرهەنگییەکەیدا بوو، بەتایبەت زمان و ئەدەب و تا ڕادەیەکی زۆریش لە بورای شانۆیدا، ئەدیبان و نووسەرانی ئەو وەختە، نزیکەی بە تێکڕایی دڵسۆزانە و خۆ بەخشانە و زۆر جاران تا ڕادەی هەموو جاران لەسەر شەونخونیی و گیرفان و ماندووبوونی خۆیان بەرهەمەکانیان دەگەیاندە ئەم بەشە لەنەتەوەی کورد لە باشووردا و تاڕادەیەکی باشیش بە هەموو نەتەوەکە لە پارچەکانی، ڕۆژهەڵات و باکور و ڕۆژئاوایدا.

کۆڕی زانیاری کورد بەتایبەتی لەو سەردەمەدا کە مامۆستا و بیریاری گەورەمان ( مەسعوود محەمەد) سەرپەرشتی دەکرد، زمان و لێکۆڵینە نەتەوەییەکانی گەیاندە لوتکەی خۆیان و تەنانەت، زمانی کوردی ئەوسەردەمەی هەفتەنامە و گۆڤارەکانی ژێر چاودێری ڕژێمیش، بە بەراورد لەگەڵ ئەو زمانەی کە ئەمڕۆ ڕۆژنامە و کتێب و گۆڤارەکانی پێدەنووسرێت و لە کەناڵی تەلەڤزیۆنەکانەوە دێتە بڵاوکردنەوە، جیاوازییەکەی گەورەیان هەیە، هەرگیز پاشاگەردانیی ئاوای بە خۆوە نەدی و ئاوا وێران و پارچەپارچە و بێ خاوەن نەبوو. 
ڕووخاندنی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراندا.


دروست دوای ٢١ ساڵ ڕژێمی پاشایەتی لە ئێرانیشدا ڕوخێنرا و کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ بەرهەم هات، بە پێچەوانەی عێراقەوە، هەر لەسەرەتاوە دەرکەوت کە میللەتانی ئێران لە ناویاندا میللەتی کورد شوێن و جێگایەکی نەبوو، نە بایەخێک بۆ فەرهەنگەکەی ( کلتورەکەی) قایل بوون و نە بایەخێک بە خەبات و داواکارییەکانی درا، هەرچەندە بیرمەندی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاک ئەحمەدی موفتی زادە، هەوڵی زۆری دا و بەرنامەی حکومەتێکی دادپەروەرانە و ئینسانیی بەرزی پێشکەش بە سەرانی وڵات کرد، کە سەرچاوەیەک بوو، بۆ خێر و ئێرانی دەکردە وڵاتێکی فرە مۆدێرن و نموونەیەکی تاقانە لە جیهاندا، بەڵام پێیان وت کە باسی مافی میللەتان لە قورئاندا نەهاتووە، کەسیش نازانێ باسی کام قورئانەیان دەکرد؟! چونکە بەرنامەکەی کاک ئەحمەد بەتەواوی باسی لەو مافانە دەکرد، کە خوای گەورە لەسەر ئینسانی فەرزکردووە، کە بەرامبەر بە هاوڕەگەزەکانی خۆی واتە ئینسانەکانی تر، جێبەجێی بکات و خوای گەورە ئینسانی بۆوە ناردووە کە ئەم ئەرکە بەجێبێنێ، هەموو فەرزەکانی تری یەزدانیی لە پاش ئەم ئەرکەوە دێن و چاکە دەرهەق بە بەرامبەرەکەت کە لە تۆ ناچێت و وەک تۆ بیرناکاتەوە، بناغەی پەیامی یەزدانە و سەکۆی هەموو ئەرکەکانی تر، ئێمەیش دەزانین هەر ڕەفتارێک بناغەی نەبێت، ئەوا پوچە و دەچێتە قاڵبی خورافات و ئەفسانەوە.
ئەگەر بەراوردێکی سادە بکەین لە نێوان ئەو دوو ڕووخاندنەدا، جیاوازییەکی گەورە دەبینین:


 یەکەمیان: بە ڕەسمی و لە دەستوردا کوردە دەکاتە هاوبەشی وڵاتەکە و 
دووەمیان: بە ڕەسمی و لە دەستوردا ئەو بەشە لە نەتەوەکەمان ڕەتدەکاتەوە و هیچ هاوبەشییەکی بۆ قایل نابێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە:
لە وڵاتی یەکەمدا، لێک چوون و هاوبەشییەکی کلتوری لە نێوان ئەو دوو گەلەدا نەبوون و زمانەکەیان هەر یەک خاوەنی ڕێزمانی خۆیان بوون و بە دوو ڕیباز و شێوەی جودا گەشەیان کرد بوو. 
لە وڵاتی یەکەمدا و پاش ڕووخاندی چەند حکومەتێکی دوای پاشایەتی، هەلێکیان بۆ کورد ڕەخسان کە خۆی حکومی خۆی بکات و تەنانەت حکومی عێراقیش بکات، بەڵام نەزانی و دڵسۆز نەبوون بۆ نەتەوەکە و لەهەموویان خراپتر سەرگەرم بوون بە خۆوە و بە حیزبی خۆوە و بەردەوام بوون لەسەر ناکۆکییەکان، ئەو فرسەتەی لێ سەندنەوە و ئەو بەشە لە نەتەوەکەیان گەیاندۆتە لێواری کەوتن و سەرگەردانییەکی تر، زمان و فەرهەنگەکەیان پوچکردۆتەوە و خەڵکەکەیان گومڕاکردووە.
لە کاتێکدا کە لە وڵاتی دووەمدا:


زمانەکەیان لە یەک کەش و هەوای فەرهەنگی و لەسەر یەک ڕێڕەوی گەشەی زمانیی، گەشەی کردووە و لێکچوونە فەرهەنگی و دەستوورە زمانەییەکەیان تا ئەو ڕادەیە لەیەک نزیکە کە بیرمەندی گەورەمان ( مامۆستا مەسعوود ) دەڵێت: " زمانی فارسی لەهجە ڕەسمییەکەی زمانی کوردییە".


نووسەران و هونەرمەندانی کورد لە ڕۆژهەڵات پێشڕەوی داهێنانە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەو وڵاتەن و ئەوەندەی سەرگەرمی داهێنانی ئەدەبی بوون بەو لەهجەیە، نیو ئەوەندە و تاڕادەی بێدەربەستی ئاوڕیان لە زمانی دایکیی خۆیان نەداوەتەوە.


وەڕگێڕەکانی کورد، نزیکەی هەموو ئەدەبیاتی ئەوروپایی و ڕووسیان وەرگێراوەتە سەر ئەو لەهجەیە و بە سەدان هەزار وشەیان بۆ پاراساتوون و وەک خۆیان دەڵێن: کاسە داغتر از اش ، بوون و شەڕیان لەسەر خزمەتکردن بەو لەهەجەیە کردووە و جوانترین میلۆدییە کوردی و ئاوازە ڕەسەنەکانیان بەو لەهجەیە و بە قوڕگی کوردی وتۆتەوە و کردوویانەتە موڵکی ئەوان و سەرکەوتووترین فیلمیان بەو لەهجەیە بەرهەمهێناوە، بەڵام ئەمانە هیچیان نەبوونە هۆی ئەوەی کە ئێلیتی ئەو میللەتە سەردەستانە هوشیار بکاتەوە و بەئەرکی ئینسان بوونی خۆیان هەڵسن، کە بەرگرییە لە حەق و حەقیقەت.


بوغرایی سەردەست بوون و زەین کوێریی ناسیونالیستانە تاڕادەی فاشیزمی، وای لە ئێلیتی ئەو نەتەوە سەردەستانە کردووە، ئەو زەریا گەورەیەی زمانی کوردی نەبینن و چۆڕاوگەی لەهەجەیەک بەسەروەر بزانن و بەمەش هانی دەسەڵاتدارەکانیان داوە کە بێڕێزی بە زمانی کوردی بکەن و زمانێکی دەوڵەمەندی وەک زمانی کوردی بە زمانی بومی ( ناوچەیی) وەسف بکەن و وەک خێر بە کورد بکەن بڵێن : ئەشکالێک لەوەدا نییە کە بە زمانی بوومی خۆتان قسە بکەن!!!


ئەمە دوو ڕووداوم بیردەخاتەوە پەیوەندیان بە زمانەوە هەیە، یەکێکیان ڕۆژانە لە تورکیا ڕوودات لەژێر دەسەڵاتی پارتی ( گەشە و عەدالەت !!!) دا و دووەمیان لە وڵاتی سوید لەناو میللەتێکی ڕاقی کە ئێلیتی ڕاقی و ئینسانی بەرهەمهێناوە.


 فەرموون، بە کڵۆڵی ئێلیتێک، خەفەت بخۆن و بە بیری ئازاد و کراوە و بەرزی ئێلیتێکیش خۆشحاڵ بن، چونکە هەرچەندە هاوسێ هەزار ساڵەکەت، دەتخوات و دەتڕمێنێ و بچوکت دەکاتەوە، ئەوا ئینسانێک لەو دووری دوورەوە ڕێز لە جیاوازییەکەت دەگرێت و هەستت پێدەکات و یاساکەی وا گونجاندووە کە بتوانێت باشترین خزمەتت پێ بکات:


دەڵێن کە منداڵێکی کوردی پۆلی یەک بەرەبەیان لە گوندێکی باکوری کوردستان، لە سەرمای زستاندا و بەسکی برسی و لەبەرگی هەتیواندا، بچوک و لاواز دەچێتە قوتابخانە، مامۆستا جەندرمەکەی کە پڕ پڕە لە ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بەو منداڵە کوردە کڵۆڵەی لە سەرمادا هەڵ لەرزیوو شوڵکی لێ بەرزدەکاتەوە و بە تورکی پێێ دەڵێت: 
"زمانت دەربێنە، بزانم لە ماڵەوە بە تورکی قسەت کردووە یا بە کوردی"؟!!!


ئەوا لەم  وڵاتی سەرتا سەر بەفرەدا ئاوا باس لە زمانی دایک دەکەن و ئاوا سەرزەنشتی ئەو دایک و باوکانە دەکەن کە ڕێز لە زمانی دایک ناگرن: ئەمان بۆ هاندان و لە بیرکردنەوەیاندا بۆ زمانی دایک و گرنگیی زمانی دایکی لە دروستکردنی کەسایەتی منداڵانی بێگانەدا لە ناویاندا منداڵی کورد ئاوا باوانیان ئاگادار دەکەنەوە: 
" زمانی دایک یارمەتی قوتابی دەدات بۆ گەشەکردنی زانیاری لە زمانی دایکییدا و گەشەکردنی ناسنامەی کەسێتیشی.
ئەوە ئەفسانەیە ئەگەر پێمان وابێ کە بەتەنیا بایەخدان بە زمانی سویدی، باشترین شێوەیە بۆ فیربوونی زمان.


لێکۆڵینەوەکان بەو ئەنجامە گەیشتوون، ئەگەر زمانی دایکیی باش گەشە بکات، ئەوا فێربوونی زمانی سویدی و زمانەکانی تریش باشتر دەبێت و توانای فێربوونی بابەتە دەرسییەکانی تریش باشتر دەکات، وتنەوەی وانەکان ئاسانتر دەبێت، ئەگەر قوتابییەکە لە ماڵەوە پشتیوانی لێکرا و ئاخافتنی لە "ماڵەوە" بەو زمانە بوو".


لای ئێلیتی عاقڵی سویدی زمانی سویدی کە بەهەزاران داهێنانی زانستی و پێشەسازیی و هونەریی پێکراوە، دەچێتە قاڵبی ئەفسانەوە، ئەگەر کەسانێک هەبن بیر لەوە بکەنەوە، کە منداڵی بێگانە دەبێت تەنیا تەرکیز بکاتە سەر زمانی سویدی.


ئێلیتی سویدی ڕێز لە منداڵی سەر ڕەشی موسڵمانی ڕۆژهەڵاتی دەگرن و هانی باوانیان دەدەن بۆ گەشەکردنی کەسایەتی و توانای فێر بوونی منداڵەکانیان لە ماڵەوە پشتیوانیان بن و بەزمانی دایکیان قسەیان لەگەل بکەن، چوونکە ئەوە دەبێتە هۆی گەشەیەکی دروستی کەسایەتی و ناسنامەی خۆیان ون ناکەن و توانای فێربوونیان باشتر دەکات.


لەتورکیا و ئێران زمانی کوردی قەدەغەیە و تاوان، زمانی کوردی مەسەلەیەکی سیاسی گەورەیە و لە قاڵبی بڤەکاندایە و تا بتوانرێت بچوک دەکرێتەوە و وەک ئەو جەندەرمە تورکە کە لەپێستی مامۆستادایە، ترس لە ڕۆحی منداڵی کورددا دەچێنرێت و کەسایەتی منداڵی کوردهەر لەو قۆناغە سەرەتاییانەوە ورد دەکرێت و لە قسەکردن بە زمانی دایکی دەسڵەمێتەوە و هێدی هێدی لێشی نامۆ دەبێت. ئەو قسەیەی سویدییەکان ئێستا بۆ باشووری کوردستان، ئێلیتی کوردی، باوان، مامۆستا، زانکۆکان و تەنانەت حکومەتی هەرێمیش دەرسێکی فرە بەرزە و سەرزەنشتەکە ئەوانیش دەگرێتەوە و بەرانبەر بەزمانی کوردی لێپرسراو دەبن.
بەشی دووەم: وەستانی مێژوو لە نیشتمانی مندا. 
 










ززززززززززززززززززززززز


له‌باره‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌

"نوخبەی سیاسیی‌و دەستڕۆیشتوی ئەمڕۆی عێراق، لەفاشیلترین‌و گەندەڵترین‌ سیاسییەکانی جیهانی عەرەبین‌، ڕوئیایەکی دەوڵەتدارییان نییە‌"


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×