لەزاری ئەردۆغان خۆیەوە: دوای رۆژاوا نۆرەی باشورە

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2019-10-13     2745

ئەمڕۆ لە وتارێکی میدیاییدا، ئەردۆغان بە دوورو درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی رۆژاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە هی شەوو رۆژێک نیەو ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. پێشتریش لە میدیاکاندا بینیمان تەنانەت نەخشەی ئەو شارو شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە رۆژاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە قسەو رەخنەکانی دەوڵەتان‌و رایگشتی جیهانیان بەلاوە گرنگ نیەو سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی ٣٠-٣٥ کیلۆمەتر خاکی رۆژاوا داگیر دەکات.

وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەهێشت‌و راستەوخۆ قسەی دەکرد.

ئەوەی لە وتەکانی "سوڵتانی چنگ بەخوێن"دا تەنانەت بۆ هەندێ میدیای تورکیش جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ "عێراق". ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: "ئەگەر سووریا لە هەقیان بهاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە.... با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا هەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، رووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند رۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم... کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە... ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین.... کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن."(جێگەی سەرنج بوو، کاتێک ئەردۆغان ناوی عێراقی هێنا، ئاکاری وەزیری بەرگری کە لەتەنیشتییەوە دانیشتبوو لەسەر پارچە کاغەزێک تێبینییەکی خستە بەردەستی، پاش خوێندنەوەی تێبینییەکە ئەردۆغان وتی: نەمدەویست ناو بێنم!)

رستەی "لەعێراقیشدا هەمان شتە"!، هیچ تەفسیرو شیکردنەوەیەکی پێویست نیە. زۆر بە روونی ئەردۆغان دەیەوێ بە هەموو جیهان بڵێ پاش داگیرکردنی رۆژاوا، نۆرەی باشوورە.

چونکە وەک چۆن دەڵێت پەیەدە لەسەرسنوورمان هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکا، بەڵام "بەداخەوە!" سووریا ناتوانێ هیجیان بەرامبەر بکا، ناچار خۆمان دەستبەکار بووین، پێشر چەندین جار هەمان قسەی بۆ باشووریش کردووە.

بە کورتی، ئەگەر لەشکری تورک داگیرکردنی رۆژاوای بۆ بچێتەسەر، هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنها لە رووی مەعنەوی‌و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، گەورەترین هەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی "بەسوڵتانبوونی" ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×